شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

سەرقەڵای پریس

کەوتووەتە ‌ناوەندی گوندی (پریسی سەروو)، لە بەرزیی (٩١٠م) لە ئاستی ڕووی دەریا. بە تاکە گردی دەستکرد دادەنرێت لە گوندەکەدا. هەرچەندە مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەڵام بەداخەوه،‌ تا ئێستا مێژوونوسەکان ڕێگەیان نەبردووەتە سەری، بۆیە هیچ مێژوویەکی نوسراوی لەسەر دیارنییە. بەهۆی فراوانیی ڕوبەری سەر گردەکه،‌ کە زیاتر لە (٦٠٠٠م٢)یە، لەکۆندا زیاتر لە ١٠ ماڵی تێدا نیشتەجێبووە.

سەى سوجاح: شجاع

زنجيرەيەکى کەوانەييه. کەوتووەتە باکورى خۆرهەڵاتى گوندى (نێرگسەجاڕ) و لە (گەچوەڕەک‌)ـەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە(سەى سوجاح). بەرزترين خاڵى ئـەم زنـجيرە چيـايـە، کـە گـەچوەڕەکەيە (٧٩٤م) بـەرزە لە ئاستى ڕووى دەرياوە.

سەی عەلی

کەوتووەتە تەنیشت شاخی مەڕسیاو لە خۆرهەڵاتی گوندی چنارەی زێڕوونە. بەرز و سەختە. بەفرێکی زۆری لێدەبارێت و زاڵە بەسەر ناوچەکان و دێهاتەکانی بەردەمیدا.

سەی عەلی

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گورگەچیا)ەو. بە نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک لە سەنتەری گوندەکەوە دوورە. بەرزییەکەی نزیکەی شەش مەترە. لە کۆندا گوندێک لە نزیکیدا هەبووە پێیوتراوە گوندی بی منە. وەک لە نەخشەیەکی دەوڵەتی عوسمانیدا لە نزیکەی ٤٥٠ ساڵ پێش ئێستا ئاماژەی پێکراوە، ڕووبەرەکەی نزیکەی دۆنمێکە. لە کۆندا ئاوی چەمی ئاوبڵاو بە تەنیشتیدا ڕۆشتووە. پاشتر ئاڕاستەی ئاوەکەی گۆڕاوە بۆ نزیکەی (١٠٠م) ئەولاتر. ساڵی ١٩٨٨ لە شەڕی ئێران و عێراقدا، ساترێکی سەربازی بە تەنیشتیدا لێدراوە. جگە لە شێواندنی بەشێکی گردەکە، لە دەرەنجامدا گۆزەیەک بەقەبارەی دوو بەرمیل، دەرکەوتووە. چەند پارچە زومڕوت و گڵێنەی نەخشداری بەدەوردا بوو. کەوتووەتە زەویی پیاوێکەوە بە ناوی سەی عەلی، کە لە نەوەی مەولەوییە و کەسایەتییەکی گوندەکەیە.

سپى تل

کەوتووەتە زنجيرە چياى (شنروێ) لە هاوینەهەواری (وەزگێڵ) و بەرانبە قەدپاڵى (چاڵە شەخەڵين). چوار کیلۆمەتر لە باکورى خۆرئاواى گوندى (هاوار)ەوە دووره. لە بەرد و خاکێکى زۆر کراوەى نيمچە سپى پێکهاتووە و هەر بەو هۆیەشەوەیە پێیدەڵێن (ملەى سپى تل). ناوەکەی بۆ بوونی تاوێرە بەردی سپی، کە لەو شوێنەدا هەن، دەگەڕێتەوە.

سماقه (خەرەند)

کەوتووەتە چیای هەورامان، لە بەشی باکوری خۆرهەڵاتی گوندی یاڵانپێوە بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا درێژدەبێتەوە. درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک. دووریی لە شارۆچکەی خورماڵەوه،‌ هەشت کیلۆمەتر و نیوە. یەکێکە لە ناوچە سەرنجڕاکێشەکانی پارێزگای هەڵەبجە.

سووتنەجەڕ

کەوتووەتە باکوری گوندی (یاڵانپێ). (١٧٥٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەرزییەکی زۆری هەیە و دەڕوانێتە سەر ناوچەکانی چواردەوری. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی، ئاژەڵ و باڵندەی کێوی تێدا دەژین.

سوورە

کەوتووەتە ناوشاری هەڵەبجە بەرانبەر بانی تەقتەقان و زانکۆ هەڵەبجە. خاکەکەی سوورە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. بەهۆی بوونی تاشە بەردی زۆرەوە، بۆ کشتوکاڵ دەستنادات و تەنها ئاژەڵی تێدا مۆڵدراوە.

سوورەبان

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (دەرەشیشی خواروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی ١٠ دۆنم دەبێت، بەشێکی زۆری زەوییەکانی ئەم بانە بەمەبەستی کشتوکاڵی دەکێڵرێن و بەشێکی وەکو لەوەڕگا بەکاردەهێنرێت.

سوورەهەراڵەکە

لە‌ سنوری گوندی (دەرەتفێ و پاڵانیان) هەڵکەوتووە و هەردوو سنوری گوندەکە لەیەک جیادەکەنەوە. ڕێگەی تەوێڵە و دەرەتفێی پێدا تێپەڕدەبێت. لە کۆندا ڕێگەی بازاڕکردنی گوندەکە بووە بۆ تەوێڵە. ناوچەیەکی سەخت و شاخاویە. بەفری زۆری لێ باریوە و ڕێگەکەی گرتووە.

سوورەوان

کەوتووەتە سنوری گوندی (جەلیلە) لە نزیک خەرمانەقوڵ. کراوەتە کشتوکاڵ. بە ئاوی کانییەکانی گوند بەراو بووە. لە ئێستادا بووەتە بەشێک لە سنوری شارەوانیی هەڵەبجە. لە تەنیشتیدا زەویەک هەیە، کە بەشێوەی تەڵانە و پێیدەوترێت (تەڵانان) و بە ئاوی کانیی سەرحەوز بەراوکراوە و کراوەتە توتن و لۆکە و بەروبومی هاوینە. هەردووکیان دوو شوێنی بەناوبانگی گوندەکەن.

سووسێ

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی (٠,٦٤کم٢) و(١٢٠٠ بۆ ١٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لەڕووی ڕامیارییەوە لە کۆندا گرنگیی زۆری هەبووە، ئەمەیش لەبەر شوێنەکەیەتی، کە ڕوانیوویەتی بەسەر ناوچەیەکی فراوان و هەمیشە شوێنێکی ستراتیجی بووە بۆ بەرگریکردن. جگەلەوەی دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و گژوگیای سروشتیی جۆراوجۆر و بووەتە سەرچاوەی بژێوی بۆ چەندین کەس. لەڕووی گەشتیارییەوە گرنگیی خۆی هەیە و سەیرانکەران بە تایبەتی لە وەرزی بەهاردا بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانیدەکەن.

سۆڵەسیان

کۆمەڵێک گردن و کەوتوونەتە نێوان تریفە و باوەکۆچەک و چاوگ. ژمارەیەک دۆڵ بەنێویاندا دەڕوات. لەنێودۆڵەکاندا باخ و باخاتێکی زۆر هەیە. دۆڵەکان لەنزیک پردی ڕێگای نەورۆڵیی هەڵەبجە یەکدەگرن و ئاوی سەرچاوگ بە چەمی سۆڵەسیاندا دێت و دەگاتەوە بە چەمی کەنی زەرد لەبەردەم گۆڕستانی حەمەی فەرەج.

سیپەو سەعەی

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی دەگاشێخان و خۆرهەڵاتی شارۆچکەی (بیارە)، لە نێو چیای سەخت و باخو خولی. (١٦٨٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر دۆڵی وەزەنێ و دۆڵی وێڕگا. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و باڵندە و ئاژەڵی کێوی و ساڵانە بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاوی کانیاوەکانی وەزەنێ و تەنها (٥٩٠م) لە ڕێگای سەرەکیی وەزەنێ بەڵخەوە دوورە.

سینەو سەحابی

دەڕوانێت بەسەر چەمی (دەرە سەحاب) و (دەرە و باخچەی) و (باخچەی نوریجان)، کە سێ چەمی پڕ لە ئاوی کانی و کارێزن. لە (باخچەی مام سمایل) لەودیو (دەرە و باخچە)ەوە ڕێگەیەک هەیە دەڕواتەوە (باخچەی نەسە). لێرەوە سەردەکەویت بۆ بەرزاییەک و ملەی وەزەنێ. تەختاییەکی تێدایە. قەبرێکی درێژی هەیە و دەڵێن هی (ئەسحابە)یەک بووە.

سینەو کەوڵێ

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ). (١٤٤٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە خوارووی چیای سوتنەجەڕ. بەرزییەکی زۆری هەیە و دەڕوانێتە سەر ناوچەکانی چواردەوری لە گوندی زەڵم و وشکەناو و ئەحمەدئاوا و یاڵانپێ و هانەی قوڵ و بانیشار و بناری چیای سورێن و دەشتی شارەزوور، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

زیاتر بزانە
لوتکە چیا

سینگە ساف

دەڕوانێت بەسەر شاخی بەڕەزادا و گوندی بانیبنۆک لە قەدپاڵەکەیدا هەڵکەوتووە. لە دوورەوە شێوەکەی وەک سنگی مرۆڤ وایە. سێ بەردی گەورەی لێیە، کە پێیاندەوترێت بەردە قوچکە و شێوەی شێریان پێکهێناوە.

زیاتر بزانە
لوتکە چیا

سێتەپان

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای بانی بەرمەڕان و خۆرئاوای گوندی (گوڵپ). ڕووبەرەکەی (١,٥٦کم٢) و(٧٠٠ بۆ ٩٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەم بانە شوێنێکی گرنگ بووە بۆ لایەنی بەرگریی سیاسی لە ناوچەکەدا.

سێتەپانى بچوک

گردێکی سروشتیی لاکێشەیی گەورەیە. کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی (٥٠٠٠م) دەبێت. (٥٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە نێوان گوندەکانی (گوڵەخانە، شیرەمەڕ، گردەگڕێ، عامورە، گوڵەخانە، گێڵەک)دایە. ناولێنانەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوه، ‌کە شێوەی وەک سێ گردی بەیەکەوەیی دەردەکەوێت. لەوەڕگایەکی بەپیتە.

سێتەپانى گەورە

کەوتووەتە سنوری شارۆچکەی (خورماڵ). لە نێوان گوندەکانی (گوڵەخانە، شیرەمەڕ، گردەگڕێ، بانیشار، عامورە، میری سوور و ڕیشێن)ـدایە‌. ڕووبەرەکەی نزیکەی (١٠٠٠٠م) و نزیکەی (٥٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناولێنانەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوه، ‌کە لە شێوە سروشتییەکەی وەک سێ گردی بەیەکەوەیی دەردەکەوێت. لەوەڕگایەکی بەپیتە.

پێشتر 1
...
10 11 12
...
61 دواتر