شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

284 بابەت

بەڵخە

کەوتووەتە بەشی باشور و خۆرهەڵاتی ناوچەی هەورامان و هاوینەهەواری وەزەنێ. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا لە نێوان چیا نزم و بەرزەکاندا درێژ دەبێتەوە. چەند دۆڵێکی لاوەکی تێدایە وەکو(سۆڵێ، دێگە، خوێڕسگە، هانە وەهارە، لاسەوزیتێ، ولێ). زیاتر لە ٣٠ کانی بەناویدا تێپەڕدەبن. نزمترین خاڵی ١٤٠٩ و بەرزترین خاڵی (١٨٣٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە و تێکڕای بەرزیی دەگاتە (١٦٢١،٥م)ە. ڕووبەرەکەی (٠,١٥کم٢)یە و درێژیی (١,٥٦کم) و پانییەکەی (٢٦٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی وەزەنێ و دۆڵی وێڕگا و پاشانیش دەچێتەوە سەر دۆڵی بیارە و تێپەڕدەبێت تاوەکو لە بەشی خۆرئاوی شاری بیارە لەگەڵ دۆڵی دەرە قەیسەر یەکدەگرێت. دواتر دەچێتە هانەنەوتێ و لەگەڵ دۆڵی هانەنەوتێ یەک دەگرێت و پاشان دۆڵی زەردەهاڵ و خارگێڵانیشی تێکەڵ دەبێت و بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەودەکات. جگە له ‌بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی دارستانی و گژوگیای سروشتی.

بەهار دۆڵ

کەوتووەتە دامێنی دۆڵی کشرێ لە سنوری گوندی (ڕێشاو)، بەڵام سەر بە گوندی (کۆساوا)یە. ناوەکەی لە گەرمەسێریی ناوچەکەوە هاتووە. بەهاری زوو هاتووە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. باخ و باخاتی گوندی کۆساوای لێیە و هەوارگەی پایزانی گوندەکە بووە.

بلە

کەوتووەتە سنوری گوندی (سۆسەکان)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکورەوە بەرەو باشور لە نێوان چیا نزمەکاندا درێژ دەبێتەوە. نزمترین خاڵی (١٤٧٠) و بەرزترین خاڵی (١٥٥٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە و تێکڕای بەرزیی دەگاتە (١٥١٢م)ە. ڕووبەرەکەی (٠,٠٨کم٢)یە و درێژیی (٠,٥٢کم) و پانییەکەی (٤٦٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی سۆسەکان و دۆڵی جاور و پاڵانیا و دۆڵبیان و لەگەڵ دۆڵی وەزەکۆر لەوپەڕی خۆرئاوای تەوێڵە و لە باکوری هاوار یەکدەگرن و چەمی گەورە دروستدەبێت و پاشان بە گوندی هاوار و هاوارەکۆندا تێپەڕدەبێت و دەڕژێتە چەمی گریانە و پاشان ڕوباری سیروانەوە. جگە له ‌بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی دارستانی و گژوگیای سروشتی.

بنەوگڵوەی

کەوتووەتە بەشی باکوری خۆرهەڵاتی هەورامان و لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. لە باکورەوە بەرەو باشور درێژ دەبێتەوە. بەم ڕواڵەتە سروشتیانە دەورەدراوە: چیای کەرەسی و لوتکەی وەزەرا و پەچەو تاشی و لوتکەی بەخشە و لوتکەی وەزەرەی و دۆڵێ ڕیقنە چەرمێ و گڵوەو وەزەرێ و لوتکەی کەرەسی، دەکەونە خۆرهەڵاتیەوە. دۆڵی وەنەناو و ئەشکەوتی گەردەنا و پەچەو سێ قادری، دەکەونە باشوری. دۆڵی ملەکەوچێ و بەرزانە دۆڵ و دۆڵی گۆڕیچێ دەکەونە بەشی خۆرئاوایەوە، نزمترین خاڵی، (١٦٩٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی (٠,١٦کم٢). درێژیی (١,١٧کم) و پانییەکەی (٢١٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی وەنەناو و دۆڵی پەچەو سێ قادری و دۆڵی دەرەیمەڕ و سەرگەت و دۆڵی دارچەقالە. ئاوی باراناو و تواوەی بەفری چیاکانی کەمانجەڕ و هەسوون و دەوروبەری و دەرەیمەڕ لێرەدا کۆدەبێتەوە و تێکەڵی دۆڵی دارچەقالە دەبێتەوە. بە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی دەوڵەمەندە، کە هەمەجۆرییەکی ژینگەیی دروستکردووە. چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بوونەتە پەناگە بۆ پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانی ئەم ناوچەیە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و دارستانی سروشتی وەکو داری بەڕوو و هەرمێ کێویلە و هەنجیرە کێوی و تایلە. چەندین جۆری گژوگیای سروشتی تێدایە، وەکو تاڵیشک و پسڵ و ڕوسقە و بنەسوورە و گیلاغە و کنگر و تۆڵەکە.. هتد. بووەتە لەوەڕگایەکی سروشتی کاری ئاژەڵداری لە سنوری گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و هانەیدن.

بنجەودڕەی

کەوتووەتە سنوری گوندی (بنجەودڕە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا لە نێوان گرد و گردۆڵکەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠،٢٥کم٢) و درێژیی (١،٨کم) و پانییەکەی (٢٨٠م)ە. دەچێتەوە سەر دۆڵی دەرەیاو لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی زەردەهاڵ و دواتر بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەودەکات و تێکەڵی چەمی خڕی بیارە دەبێتەوە. دەوڵەمەندە بە گژوگیای سروشتی.

بیارە

کەوتووەتە سەنتەری ناحیەی (بیارە). درێژی (٢,٧٩کم) و پانی(٦٠٩م) دەبێت، لەسەر سنوری نێوان وڵاتی ئێران و عێراق. بەرەو خۆرئاوا درێژدەبێتەوە، تاوەکو دەگاتە دۆڵی دەرەقەیسەر. چەندین کانیاوی تێدایە وەکو(باخی سان، عیوەز -کانی خانەقای بیارە، مەیدان، سەربەڵخ -پرۆژەی ئاوی شاری بیارە)، جگە لەم کانیانە، چەمی بیارەی بەنێودا تێپەڕدەبێت، کە لە گوندەکانی کێمنە و بێرواسی هەورامانی دیوی ئێرانەوە سەرچاوەدەگرێت و بەنێویدا تێپەڕدەبێت. چەند شوێنەوارێکی تێدایە وەکو(تەختی بەڵقیس، ئەشکەوتی مامەند، شوێنەواری قەسر)، هەروەها مەرقەد و خانەقای بیارە کەوتووەتە ناوی، کە ساڵانە گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی سەردانیدەکەن و لە چەندین وڵات شوێنکەوتوویان هەیە. جگەلەمانەش(گۆڕ و مەزار و کتێبخانەی د. محەممەد ئەمین هەورامانی) تێدایە، کە گەشتیاران و ڕۆشنبیران سەردانیدەکەن، سەرانسەر باخ و باخاتێکی جوانە و لە هەر چوار وەرزەکەدا گەشتیاران سەردانیدەکەن.

بیجی برایل

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (تریفە). لە هەڵەبجە و چەمی گوڵانەوە بە ئاڕاستە‌ى گوندى تريفە دەبێت بە دوو دۆڵ، دۆڵی دەستی چەپ پێیدەوترێت: (بیجی- برایل) و دۆڵی دەستە ڕاستیش (دۆڵی باخی مراو)ە. درێژییەکەی نزيکەى (٥٠٠م)ـە.

بێزەل

کەوتووەتە سنوری شارۆچکەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا لە نێوان گرد و گردۆڵکەکاندا درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٠,٥کم٢) و درێژیی (٠,٩٨کم) و پانییەکەی (٢٨٠م)ە. دەچێتەوە سەر دۆڵی بیارە و پاشان دۆڵی دەرەقەیسەر و زەردەهاڵ و دۆڵی دەرەیاو لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی زەردەهاڵ و دواتر بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەودەکات و تێکەڵی چەمی خڕی بیارە دەبێتەوە. جگە لە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە گژوگیای سروشتی.

بێکەسە

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بێلەنگە) لە سنوری نێوان گوندی بێلەنگە و هانەسوورە. لەوەڕگایەکی گونجاو و بەسوودە بۆ مەڕوماڵاتی دانیشتوانی گوند. چۆڵەوانى بووه،‌ تەنها جارجارە گاوان و شوانەکان تێيدا بينراون، بۆیە ئەم ناوەیان لێناوە.

پەچەزەرد

کەوتووەتە سنوری گوندی (کۆساوا). لەسەرووی شاخی وەچەلان و قەدپاڵی هەرمێلەوە دەستپێدەکات و تابەرە و چەمی گەچ بێتەوە، نزمتر دەبێت. وشک و بێ ئاوە. بە داربەڕوو و قەزوان دەوڵەمەندە. ساڵانە دار قەزوانەکانی کۆچەڵەی بنێشتی پێوە کراوە و کراونەتە بنێشتی کوردی.

پەچە لاران

کەوتووەتە نێوان مەگڕ و شاخی سەربەرد لە سنوری گوندی (چنار)ی کۆکۆیی. یەکەم پەلی دۆڵی چنارە. شوێنی مۆڵدانی ئاژەڵ بووە و شوێنێکی تەنگ و مەترسی ئاژەڵی دڕەندەی لەسەر نەبووە، بۆیە بەو ناوەوە ناونراوە.

پەچەوتاشی

کەوتووەتە بەشی باکوری خۆرهەڵاتی هەورامان و لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. لە باکورەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە. بەم ڕواڵەتە سروشتیانە دەورەدراوە: گڵوەو وەزەرێ و لوتکەی کەرەسی و وڵەهەش، چیای کەرەسی و لوتکەی وەزەرا و لوتکەی بەخشە و لوتکەی وەزەرەی دەکەونە بەشی باکوریەوە. دۆڵی گیواوبڕ دەکەوێتە خۆرهەڵاتیەوە، دۆڵی وەنەناو دەکەوێتە باشوری، دۆڵی بنەوگەڵوەی دەکەوێتە بەشی خۆرئاوایەوە. نزمترین خاڵی(١٦٨٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی (٠,٢٣کم٢)یە، درێژیی (١,١٩کم) و پانییەکەی (٢٧٠م) دەبێت، دەچێتەوە سەر دۆڵی وەنەناو و دۆڵی پەچەو سێ قادری و دۆڵی دەرەیمەڕ و سەرگەت و دۆڵی دارچەقالە. ئاوی باراناو و تواوەی بەفری چیاکانی کەمانجەڕ و هەسوون و دەوروبەری و دەرەیمەڕ، لێرەدا کۆدەبێتەوە و تێکەڵی دۆڵی دارچەقالە دەبێتەوە. چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بوونەتە پەناگە بۆ پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانی ئەم ناوچەیە، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و دارستانی سروشتی وەکو داری بەڕوو و هەرمێ کێویلە و هەنجیرە کێوی و تایلە. چەندین جۆری گژوگیای سروشتی تێدایە وەکو تاڵیشک و پسڵ و ڕوسقە و بنە سوورە و گیلاغە و کنگر و تۆڵەکە... ئەمەش وایکردووە بووەتە لەوەڕگایەکی سروشتی بۆ کاری ئاژەڵداری لە سنوری گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و هانەیدن.

پەچەی بارام

کەوتووەتە باشوری گوندی (بامۆک) بەدووری (١٤٠٠م)، لەم شوێنەدا پەچەی بەخێوکردنی ئاژەڵ هەبووە.

پەلی دەواران

کەوتووەتە سنوری گوندی (چاوگی کۆکۆیی) بەرانبەر دۆڵی دار بەلوجە هەڵکەوتووە. لە کۆندا دەوار یان ڕەشماڵی لێ هەڵدراوە. بەهۆی ئەوەی نزیکی شاری هەڵەبجە بووە و سەرچاوەی ئاوی باشی هەبووە و تاڕادەیەک فێنک بووە، ئاژەڵدارانی تێدا ماوەتەوە.

پەلی کڵاشیان

کەوتووەتە پشتی گوندی (چناری کۆکۆیی) لە پاش دۆڵی پەچەلاران، دووەمین دۆڵە، کە دێتەوە سەر چەمی چنار، لەوێ کڵاشکەر ماونەتەوە و کڵاشیان تێدا دروستکردووە و بەو ناوە ناونراوە.

پردە گەچینە

کەوتووەتە گوندی (دوانزە ئیمام). بە دووری (٥٠٠م) لە خوارووی چەمی گوندەکەوە دەستپێدەکات. دۆڵ و شیوێکە ئاوی چەمی دوانزە ئیمامی پێدا تێپەڕدەبێت و تاکو دەریاچەی دەربەندیخان درێژدەبێتەوە. لە هەندێک شوێن داری تێدایە، بەتایبەت لە نێو گوندەکەدا داری چڕی زۆرە، بەڵام دواتر ڕووتەن دەبێت. بە هاویندا وشکە. ئاوەکەی تەنها بە بەهار و زستاندا هەیە. بەهۆی هەڵکەندنی بیری ئیرتیوازیەوە لە هاویندا ئاوەکەی کەمدەکات.

پشته

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی ناحیە‌ی (بەمۆ) و گوندی (پشتە). له ‌بەرزی ٦٨٨م لە ئاستی ڕووی دەریا دەستپێدەکات. ئاڕاستە‌ی درێژبوونەوەی باکوری خۆرئاوا بۆ باشوری خۆرهەڵاته.‌ درێژییەکەی(٤,٢کم) دەبێت.

پشیلەڕەش

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (دەرەشیش). لە قەد پاڵی (قەڵاڕێزان)ە. بە ئاڕاستەی چەمی (دەرەشیش) لێژدەبێتەوە. ناوەکەی بۆ بوونی پشیلەیەک دەگەڕێتەوە، کە لە نێوان (١٢٦٠- ١٢٧٠)کاندا، سەری بە هەر ماڵێکدا کردبێت، مناڵێکی لێ مردووە. ئەو چەمە بەناوی ئەو پشیلەوە ناونراوە.

پلا

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی هەورامان و لە سنوری گوندی (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ـە. دۆڵێکی باریک و درێژە و لەنێوان دۆڵە سور و دۆڵی سەختە و چیای مایە سیاو و دۆڵی کەڕەجاڵ لە باشور و کانی کەڕيجاڵ و تکەکە و ئەشکەوتی مەڕەبەرزە و پلەکێ مەلا مسەفای و هانە کەکەوان لە خۆرئاوا، درێژ بووەتەوە. دامێنی چیای داڵانی و مڵەخورد و باکوری خۆرهەڵاتی گوندی زەڵم و خۆرهەڵاتی گوندی یاڵانپێ و هانەی قوڵ و باکوری گوندی ئەحمەدئاوا و ناوباخان و شارۆچکەی خورماڵ و باکوری گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و هانەیدن. لە باکورەوە بەرەو باشور درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە دۆڵی کەڕەجاڵ و دۆڵی زەڵم. لە بەشی باشورەوە تەسکە و تاوەکو بەرەو بەشی باکور بڕوات فراوانتر دەبێت؛ بە شێوەیەک لە باشوریدا پانییەکەی (٨٠م) دەبێت، بەڵام لە بەشی باکوریدا لە هەندێک شوێنی دەگاتە (٨٠٠م). کانی کەڕەجاڵ و ئەشکەوتی مەڕە بەرزە دەکەونە بەشی خۆرئاوایەوە. نزمترین خاڵی (١٢٠٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی (٠,٣٥کم٢)یە، درێژیی (١,٥٩کم) و پانییەکەی (٨٠٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی کەڕەجاڵ و دۆڵی زەڵم و ئاوی باراناو و تواوەی بەفرەکەی دەبێتە سەرچاوەی ئاو_پێدەری دۆڵی زەڵم و بوژاندنەوەی کانیاوە سروشتیەکانی دۆڵەکە. ڕێگای مەرزی نا_فەرمیی مڵەخوردی پێدا تێپەڕدەبێت، کە ڕێگایەکی خۆڵیی زۆر سەختە و هەموو جۆرە ئۆتۆمبێڵێک ناتوانێت ئەم ڕێگایە بەکاربهێنێت، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و یەک پارچە دارستانی سروشتییە و چەندین جۆری درەخت و گژوگیای سروشتی تێدایە.

تایلەی دەرە تاریک

کەوتووەتە ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ناوچەی هەورامان. لە ڕووی کارگێڕییەوە کەوتووەتە سنوری گوندی (گەچێنە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە. بەم ڕواڵەتە سروشتییانە دەورەدراوە: لوتکەی قەڵای ناوەڕاست و دۆڵی گورگەدەر دەکەونە باکوریەوە، تایلەی سۆتەڵا و دۆڵی چەمی کێڵا و چیای کەمەرە سوور دەکەونە بەشی خۆرهەڵاتییەوە، هەروەها دۆڵی گەچێنە و لوتکەی سارای حەمە هەجیجی بەشی خۆرئاوای، کانی مەرەوێ و دۆڵی کێڵا و کانی حەمەجافر و دۆڵی هەمزەیی دەکەونە باشوریەوە، نزمترین خاڵی (١٢٤٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی (٠,١١کم٢)یە، درێژیی (٠,٦٦کم) و پانییەکەی (٢٩٠م) دەبێت، دەچێتەوە سەر دۆڵی گەچێنە و باخەکۆن و هەنارە کۆڵە و شەوگای و پاشان دەچێتەوە سەر دۆڵی بانی بەرمەڕان بە نێو شاری خورماڵدا تێپەڕدەبێت و تێکەڵی ئاوی زەڵم دەبێت. دەوڵەمەندە بە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی وەکو ڕێوی و کەمتیار و سوێسکە و پۆڕ و سوچەڕ و ئاسک و گواری و بەراز و گورگ و چەقەڵ و کەو و کەروێشک، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی وەکو دارستانی سروشتی.

پێشتر 1 2 3
...
15 دواتر