پلا
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی هەورامان و لە سنوری گوندی (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ـە. دۆڵێکی باریک و درێژە و لەنێوان دۆڵە سور و دۆڵی سەختە و چیای مایە سیاو و دۆڵی کەڕەجاڵ لە باشور و کانی کەڕيجاڵ و تکەکە و ئەشکەوتی مەڕەبەرزە و پلەکێ مەلا مسەفای و هانە کەکەوان لە خۆرئاوا، درێژ بووەتەوە. دامێنی چیای داڵانی و مڵەخورد و باکوری خۆرهەڵاتی گوندی زەڵم و خۆرهەڵاتی گوندی یاڵانپێ و هانەی قوڵ و باکوری گوندی ئەحمەدئاوا و ناوباخان و شارۆچکەی خورماڵ و باکوری گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و هانەیدن. لە باکورەوە بەرەو باشور درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە دۆڵی کەڕەجاڵ و دۆڵی زەڵم. لە بەشی باشورەوە تەسکە و تاوەکو بەرەو بەشی باکور بڕوات فراوانتر دەبێت؛ بە شێوەیەک لە باشوریدا پانییەکەی (٨٠م) دەبێت، بەڵام لە بەشی باکوریدا لە هەندێک شوێنی دەگاتە (٨٠٠م). کانی کەڕەجاڵ و ئەشکەوتی مەڕە بەرزە دەکەونە بەشی خۆرئاوایەوە. نزمترین خاڵی (١٢٠٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی (٠,٣٥کم٢)یە، درێژیی (١,٥٩کم) و پانییەکەی (٨٠٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی کەڕەجاڵ و دۆڵی زەڵم و ئاوی باراناو و تواوەی بەفرەکەی دەبێتە سەرچاوەی ئاو_پێدەری دۆڵی زەڵم و بوژاندنەوەی کانیاوە سروشتیەکانی دۆڵەکە. ڕێگای مەرزی نا_فەرمیی مڵەخوردی پێدا تێپەڕدەبێت، کە ڕێگایەکی خۆڵیی زۆر سەختە و هەموو جۆرە ئۆتۆمبێڵێک ناتوانێت ئەم ڕێگایە بەکاربهێنێت، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و یەک پارچە دارستانی سروشتییە و چەندین جۆری درەخت و گژوگیای سروشتی تێدایە.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (بەختیار حەبیب زەڵمی)، لەدایکبوو: ١٩٧٤، ئاستی خوێندن: سەرەتایی، پیشە: کاسب، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەکانی (Google earth pro, arc map arc GIS V١٠. ٨).
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا