بەڵخە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
کەوتووەتە بەشی باشور و خۆرهەڵاتی ناوچەی هەورامان و هاوینەهەواری وەزەنێ. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا لە نێوان چیا نزم و بەرزەکاندا درێژ دەبێتەوە. چەند دۆڵێکی لاوەکی تێدایە وەکو(سۆڵێ، دێگە، خوێڕسگە، هانە وەهارە، لاسەوزیتێ، ولێ). زیاتر لە ٣٠ کانی بەناویدا تێپەڕدەبن. نزمترین خاڵی ١٤٠٩ و بەرزترین خاڵی (١٨٣٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە و تێکڕای بەرزیی دەگاتە (١٦٢١،٥م)ە. ڕووبەرەکەی (٠,١٥کم٢)یە و درێژیی (١,٥٦کم) و پانییەکەی (٢٦٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی وەزەنێ و دۆڵی وێڕگا و پاشانیش دەچێتەوە سەر دۆڵی بیارە و تێپەڕدەبێت تاوەکو لە بەشی خۆرئاوی شاری بیارە لەگەڵ دۆڵی دەرە قەیسەر یەکدەگرێت. دواتر دەچێتە هانەنەوتێ و لەگەڵ دۆڵی هانەنەوتێ یەک دەگرێت و پاشان دۆڵی زەردەهاڵ و خارگێڵانیشی تێکەڵ دەبێت و بە دەشتی شارەزووردا ڕێڕەودەکات. جگە له بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی دارستانی و گژوگیای سروشتی.
سەرچاوەکان:
- قضاء هەڵەبجە دراسة فی الجغرافیة الأقلیمیة، عطا محمد علاءالدین، مطبعة تیشک، السلیمانیة، الطبعة الاولی، ٢٠٠٨، ص٩٥.
- تقییم جغرافی لاستخدمات الموارد المائیة فی حوض نهر زلم، محمد حمەصالح فارس الشهرزوری، رسالة ماجستیر، جامعة صلاح الدین، کلیة الاداب، ٢٠١٧، غیرمنشورة، ص١٥٥.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا(بەختیار حەمەخان بەڵخەیی)، لەدایکبوو: ١٩٦٢، پیشە: مامۆستا، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، لە ٢١ی ٢ی ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا