پەچەوتاشی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
کەوتووەتە بەشی باکوری خۆرهەڵاتی هەورامان و لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. لە باکورەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە. بەم ڕواڵەتە سروشتیانە دەورەدراوە: گڵوەو وەزەرێ و لوتکەی کەرەسی و وڵەهەش، چیای کەرەسی و لوتکەی وەزەرا و لوتکەی بەخشە و لوتکەی وەزەرەی دەکەونە بەشی باکوریەوە. دۆڵی گیواوبڕ دەکەوێتە خۆرهەڵاتیەوە، دۆڵی وەنەناو دەکەوێتە باشوری، دۆڵی بنەوگەڵوەی دەکەوێتە بەشی خۆرئاوایەوە. نزمترین خاڵی(١٦٨٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی (٠,٢٣کم٢)یە، درێژیی (١,١٩کم) و پانییەکەی (٢٧٠م) دەبێت، دەچێتەوە سەر دۆڵی وەنەناو و دۆڵی پەچەو سێ قادری و دۆڵی دەرەیمەڕ و سەرگەت و دۆڵی دارچەقالە. ئاوی باراناو و تواوەی بەفری چیاکانی کەمانجەڕ و هەسوون و دەوروبەری و دەرەیمەڕ، لێرەدا کۆدەبێتەوە و تێکەڵی دۆڵی دارچەقالە دەبێتەوە. چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بوونەتە پەناگە بۆ پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانی ئەم ناوچەیە، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و دارستانی سروشتی وەکو داری بەڕوو و هەرمێ کێویلە و هەنجیرە کێوی و تایلە. چەندین جۆری گژوگیای سروشتی تێدایە وەکو تاڵیشک و پسڵ و ڕوسقە و بنە سوورە و گیلاغە و کنگر و تۆڵەکە... ئەمەش وایکردووە بووەتە لەوەڕگایەکی سروشتی بۆ کاری ئاژەڵداری لە سنوری گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و هانەیدن.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ئەمین ئەحمەد حەمەعەزیز)، لەدایکبوو: ١٩٧١، ئاستی خوێندن: ناوەندی، پیشە: فەرمانبەر، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەکانی (Google earth pro, arc map arc GIS V١٠. ٨).
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا