بنەوگڵوەی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
کەوتووەتە بەشی باکوری خۆرهەڵاتی هەورامان و لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سنوری گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. لە باکورەوە بەرەو باشور درێژ دەبێتەوە. بەم ڕواڵەتە سروشتیانە دەورەدراوە: چیای کەرەسی و لوتکەی وەزەرا و پەچەو تاشی و لوتکەی بەخشە و لوتکەی وەزەرەی و دۆڵێ ڕیقنە چەرمێ و گڵوەو وەزەرێ و لوتکەی کەرەسی، دەکەونە خۆرهەڵاتیەوە. دۆڵی وەنەناو و ئەشکەوتی گەردەنا و پەچەو سێ قادری، دەکەونە باشوری. دۆڵی ملەکەوچێ و بەرزانە دۆڵ و دۆڵی گۆڕیچێ دەکەونە بەشی خۆرئاوایەوە، نزمترین خاڵی، (١٦٩٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی (٠,١٦کم٢). درێژیی (١,١٧کم) و پانییەکەی (٢١٠م) دەبێت. دەچێتەوە سەر دۆڵی وەنەناو و دۆڵی پەچەو سێ قادری و دۆڵی دەرەیمەڕ و سەرگەت و دۆڵی دارچەقالە. ئاوی باراناو و تواوەی بەفری چیاکانی کەمانجەڕ و هەسوون و دەوروبەری و دەرەیمەڕ لێرەدا کۆدەبێتەوە و تێکەڵی دۆڵی دارچەقالە دەبێتەوە. بە بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی دەوڵەمەندە، کە هەمەجۆرییەکی ژینگەیی دروستکردووە. چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بوونەتە پەناگە بۆ پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانی ئەم ناوچەیە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و دارستانی سروشتی وەکو داری بەڕوو و هەرمێ کێویلە و هەنجیرە کێوی و تایلە. چەندین جۆری گژوگیای سروشتی تێدایە، وەکو تاڵیشک و پسڵ و ڕوسقە و بنەسوورە و گیلاغە و کنگر و تۆڵەکە.. هتد. بووەتە لەوەڕگایەکی سروشتی کاری ئاژەڵداری لە سنوری گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و هانەیدن.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ئەمین ئەحمەد حەمەعەزیز)، لەدایکبوو: ١٩٧١، ئاستی خوێندن: ناوەندی، پیشە: فەرمانبەر، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەکانی (Google earth pro, arc map arc GIS V١٠.٨).
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا