ناوەندی ڕۆشنبیری و وەرزشی

بەرگی نۆیەم

ناوەندی ڕۆشنبیری و وەرزشی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.

ناوەڕۆک

32 بابەت

ئاوارەبوون

پەیکەری ئافرەتێکە منداڵێکی لە کۆڵە و منداڵێکی تریشی بەدەستەوە. بە قەبارەی دوو مەتر بەرزیی لە چیمەنتۆ، لەسەر دیواربەندێکی شارەوانیی هەڵەبجە بە سپۆنسەری یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، لەلایەن هونەرمەندی پەیکەرساز (سیروان عوسمان عەلی)یەوە دروستکراوە. لە ڕۆژی ١٦ی ٣ی ١٩٩٢ لە هەڵەبجە پەردەی لەسەر لادراوە. دواتر شکێنراوە.

ئەحمەدموختار

پەیکەری شاعیر ئەحمەدموختار بەگی جافە. بە بەرزیی پێنج مەترونیو لەبەردەم ئامادەیی ئەحمەدموختار دانراوە. لەسەر ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیری و بیرۆکەی پەیکەرساز ئومێد محەممەد عەلی بووە. لە دوای نۆژەنکردنەوەی ئامادەییەکە پەیکەرێکی تری لە برۆنز بە قەبارەی چوارمەتر و نیو بە سپۆنسەری گروپی کۆمپانیاکانی هەڵەبجە لەلایەن پەیکەرساز (چێنەر نزار)ەوە دروستکرایەوە و لە ڕۆژی ٢٥ی ٨ی ٢٠٢٢ پەردەی لەسەر لادراوە.

باوکێک لە چاوەڕوانی منداڵە ونبووەکانیدا

پەیکەری (فەخرەدینی حاجی سەلیم)ـە. وەک هێمای چاوەڕوانیی کەسوکاری منداڵەونبووەکانی هەڵەبجە، بەرجەستەکراوە. کاری پەیکەرساز (هونەر ساحیب کەریم)ـە. لە باخی گشتیی هەڵەبجە دانراوە.

پەیکەرەکانی ناو باخچەی ڕۆشنبیری هەڵەبجە

چەند پەیکەرێکی کەسایەتیيەکانی هەڵەبجەن: ١- حەکیمی مەلا ساڵح: ساڵی ٢٠١٩، لەلایەن پەیکەرساز (هونەر ساحیب کەریم)ـەوە دروستکراوه. ٢- کەمال هەورامی: ساڵی ٢٠٢١، لەلایەن پەیکەرساز (عومەر جەمیل)ـەوە دروستکراوه. ٣- ئەسغەر ڕەشید: لەلایەن پەیکەرساز (بەختیار هەڵەبجەیی)ـەوە دروستکراوه. ٤- حەسەن زیرەک: لەلایەن پەیکەرساز (هونەر ساحیب کەریم)ـەوە دروستکراوه. ٥- عوسمان هەورامی: ساڵی ٢٠٢١، لەلایەن پەیکەرساز (عومەر جەمیل)ـەوە دروستکراوه.

پەیکەر و نمادەکانی ناو حەوشەی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە

ئەو پەیکەر و کارە هونەرییانەن، کە لە حەوشە و باخچەی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەدا لەلایەن هونەرمەندانەوە دروستکراون و دانراون. تێکڕایان پەیوەندیان بە گێڕانەوە و چیرۆکی مەرگەساتی هەڵەبجەوە هەیە. کە بریتیین لە: ١- سیمبۆلی هەڵەبجە. کارێکی خوسرەو جافە. لە پێنج بۆمب دروستیکردووە. ئاماژەیە بە بۆمبارانکردن و تاقیکردنەوەی جۆرەها بۆمب. لەسەر پایەکانی نمادەکە بە چەند زمانێک نوسراوە (هەڵەبجە لەبیرت ناکەین)، لە چوار دەوری ئەم نمادەدا، ڕێکخراوی (ڕزگاربوانی چەکی کیمیایی) لەسەر چەند تابلۆیەک ناوی شەهیدانی بۆردومانی ٢٦ی ٤ ی ١٩٧٤ و بێسەروشوێنانی ١٣ی ٥ی ١٩٨٧ی هەڵەبجەیان نوسیوە. لە دەستەچەپی دەروازەی مۆنۆمێنت دانراوە. ٢- مۆنۆمێنتی جەنگ: یەکێکە لە بەشە زیندووەکانی مۆنۆمێنت. نمایشکردن و پیشاندانی ئەو کەرەستە و ئامێر و چەکە سەربازییانەیە، کە دەیان ساڵ کوردستانیان پێ کاولکراوە و خەڵکیان پێ لەناوبراوە. وەک دەبابە و فڕۆکەی جەنگی و... هتد. ٣- فۆتۆگرافەر (پەیکەری نەناسراو): وەفای شاری هەڵەبجەیە بۆ هەموو ئەو وێنەگر و ڕۆژنامەنوسانەی لە سەرەتای تاوانەکەدا، کیمیابارانیان بە دنیا ناساند. بیرۆکەی نەریمان کەمال و کاری پەیکەرساز (هاوار عەلی مەردان)ە لە باخچەی مۆنۆمێنت دانراوەو ڕووی کردووەتە مۆنۆمێنت. ٤- پەیکەری ئەنفال: بۆ لەبیرنەکردن و هاوخەمیی هەڵەبجەیە بۆ تاوانی ئەنفال و سوتانی کوردستان، جارێکیتر پیشاندان و ناساندنی ئەنفالە بە سەردانیکەرانی هەڵەبجە. کاری پەیکەرساز: بەختیار هەڵەبجەییە. ٥-پەیکەری عومەر حەمەساڵح: بڕوانە پەیکەرەکانی عومەر خاوەر.

پەیکەری شاعیران

پەیکەری پێنج شاعیری هەورامییە (بێسارانی، سەیدی هەورامی، مەولەوی، مەلاحەسەنی دزڵی، محەممەدی مەلا ساحیب)، لە بەردی مەڕمەڕی سپی کریستاڵی، ساڵی ٢٠١٢ دروستکراوه. لە گەڕیاتی شارەدێی تەوێڵە، بەرانبەر بە قوتابخانەی تەوێڵەی بنەڕەتی، لە سەر کەڵەکەبەردێکی سوننەتی سروشتی دانراوە. کاری مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامانە و لەسەر ئەرکی مەلا بەختیار، پەیکەرساز (بەرزان زاهیر) ئەنجامیداوە.

پێنج ئەسپ

پەیکەری قەبارە گەورەیە. وەک ڕەمزێک بۆ گیانی پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٨٨ بە هاوبەشیی (کۆسار ئەحمەد غوڵام، سیروان عوسمان)، دروستیانکردووە و لە شاری سلێمانی دانراوە، پاشان بەهۆی ململانێی سیاسییەوە لە ١٥و ١٦ی ٣ی ١٩٩٥ شکێنراوە.

د. مستەفا زەڵمی

تایبەت بە کەسایەتیی زانستی (پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی) دروستکراوە. کاری پەیکەرساز (عومەر جەمیل)ـه و ساڵی ٢٠٢١ دروستکراوە و لە ڕۆژی ١٥ی ٤ی٢٠٢١ لەسەر شەقامی سەرەکیی (خورماڵ – ئەحمەدئاوا) دانراوە.

دایکی کوردان "دانیال میتران"

لەپای وەفا بۆ دۆستی کورد خاتوو میترانی هاوسەری سەرۆکی پێشووی فەڕەنسا، چەند جارێک دروستکراوە. یەکەمجار پەیکەرساز ئومێد محەممەد ساڵی ١٩٩٣ دروستیکردووە، کە منداڵێک دەستی بەداوێنی ئەم خانمەوە گرتووە و لە خوار گەڕەکی بەنزینخانە (دەروازەی جارانی شار) دانراوە و دواتر شکێنراوە. دووەمجار پەیکەرساز (حامید ئەحمەد) دروستیکردووە و لە حەوشەی شارەوانی دانراوە.

ڕووناکیی شارێک

بۆ کەسایەتی و شەهیدی کیمیاباران (تۆفیق حەمەعەلی) ناسراو بە (تۆفیقی کارەبا) دروستکراوە. کاری پەیکەرسازان (کۆسار ئەحمەد غوڵام، شوان کەمال عەلی)یە و ساڵی ١٩٩٣ دروستکراوە و لەبەردەم باخی گشتی هەڵەبجەدا دانراوە. دوای دۆزینەوەی یەکێک لە منداڵە ونبوەکانی هەڵەبجە بە ناوی (ئالان تۆفیق حەمەعەلی) تاقانە کوڕی ناوبراو، بە یارمەتی تیمێکی خۆبەخش، پەیکەرەکەی باوکی نۆژەنکردەوە. سپۆنسەری پەیکەرەکە (تیمسالەکەی) پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجەیە.

سێ هەنار

بە بیرۆکە و دیزاین و دروستکردنی پەیکەرساز (کاوە نووری) دروستکراوە. سێو وەک لێسەندنەوەی واتای ژیان لە هەڵەبجە لە کاتی کیمیابارانی ساڵی ١٩٨٨، ئەم میوەیە بە واتای بەخشینەوەی ژیان لە پارکی شاری یاریی هەڵەبجە دانراوە. بەشێکە لە پڕۆژەی گەشتیاری و سەرنج خستنەسەر فیستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە، بە سپۆنسەری ئیدارەی پارکەکە دروستکراوە. بەرزییەکەی بە ڕاگرەکەوە ٢ مەتر دەبێت و ماتریاڵی بەکارهاتوو: فیلین، کەڵەکیم، بۆرەک، چیمەنتۆ، شیش و تەل، ڕەنگ و پۆلیشە. ڕۆژی ٣١ی١٠ی ٢٠٢٤ لە دەیەمین فیستیڤاڵی هەناردا پەردەی لەسەر لادراوە.

شەهید عەتا

کەوتووەتە گوندی گوڵەخانە، لەسەر ڕێگای سەرەکیی (خورماڵ – سیدسادق) دانراوە. ساڵی ٢٠١٦ بۆ ڕێزگرتن لە شەهید (عەتا محەممەد حاجی مەحموود) دروستکراوە. بەرزییەکەی یەک مەترونیو دەبێت و لەسەر ئەرکی (دکتۆر تەها ڕەسوڵ و کۆمەڵەی پەروەردەیی مارگرێت) و بە دەستوپەنجەی پەیکەرساز (چێنەر نزار) دروستکراوە.

شەهید فاتیح شێخ حەیدەر

کەوتووەتە ناو باخچەی نەخۆشخانەی (شەهید فاتیح). کاری پەیکەرتاش: بەرزان زاهیرە. نەخۆشخانەکە و پەیکەرەکە وەک ڕێزێک بۆ یەکەم شەهیدی شۆڕشی نوێ بە ناوی فاتیح شێخ حەیدەرەوە ناونراوە.

شێخ قادرى ئەنجومەن

کەوتووەتە سەر ڕێگای سەرەکی و دەروازەی شارۆچکەی (خورماڵ). بۆ بەرزڕاگرتنی خزمەتی (شێخ قادر شێخ شەمسەدین) دانراوە، کە زیاتر لە ٣٠ ساڵ خۆبەخشانە ئەنجومەنی خورماڵ بووە. لە مانگی ٦ی ٢٠٢٣ دانراوە. بەرهەمی پەیکەرساز (عومەر جەمیل)ـە. مەترونیوێک بەرزە.

عادیلەخان

پەیکەرێکی قەبارە گەورەی خانمی وەسمان پاشای جافە. لەلایەن پەیکەرساز (زاهیر سدیق)ـەوە ساڵی ٢٠٠٧ دروستکراوە و لە باخی گشتیی هەڵەبجە دانراوە و دواتریش دووبارە نۆژەنکراوەتەوە.

عەبدولڕەحمان میرزا حەسەن

بۆ فەرماندە (عەبدولڕەحمان میزا حەسەن ١٩٥٧ - ١٩٨٧) دروستکراوە. کاری پەیکەرساز (فوئاد عەبدوڵا)یە و لە شەقامی تەنیشتی مۆنۆمێنت دانراوە.

عوسمان هەورامی

کەوتووەتە شارۆچکەی (بیارە)، لە گۆشەی پردی بیارە. بۆ ڕێزلێنان لە هونەرمەند (عوسمان هەورامی)ی گۆرانیبێژ دروستکراوە و لەسەر بنکەیەکی بەرزی لە بەرد و کۆنکرێت دانراوە. بە جلوبەرگی ناوچەی هەورامانەوە لەسەر ئەرکی مەلا بەختیار و لەلایەن پەیکەرساز (بەرزان زاهیر) لە ساڵی ٢٠١٨ دروستکراوە. پاش دانانی شێوێنراوە و دواتر بەم شێوەیەی ئێستای دروستکراوەتەوە.

عومەری خاوەر ١

کارێکی پەیکەرسازیی قەبارە گەورەیە‌. له ‌گۆڕەپانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە له شاری هەڵەبجەدا دانراوە. یەکەمین کاری برۆنزی گەورەیە لە هەرێمی کوردستاندا کرابێت. تێچووی کارەکە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە لەئەستۆگیراوە. ساڵی ٢٠٠٧ لە لایەن هونەرمەندی پەیکەرساز (زاهیر سدیق)ـەوە دروستکراوە.

عومەری خاوەر ٢

کارێکی پەیکەرسازیی قەبارە گەورەیە‌. له ‌گۆڕەپانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە له شاری هەڵەبجەدا دانراوە. لەلایەن چەند دڵسۆزێکی هەڵەبجەیی و هەوڵی پەیکەرساز (سیروان هەڵەبجەیی)، بە قەبارەی دوو مەتر بە چیمەنتۆی ڕەش دروستکراوە. یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، سپۆنسەری بووە. بنکەکەی لەلایەن (حەسەن بەدری) شۆفێرەوە دروستکراوە. یەکەم پەیکەری دانراوی دوای ڕاپەڕینە لە باشور. لەژێر ناوی بووکی ئازادی کوردستانەوە، لە ڕۆژی ١٦ی ٨ی ١٩٩١ لە گەڕەکی (پیرمحەممەد) پردەی لەسەر لادراوە. لە ئێستادا ئەو شوێنە بە فولکەی عومەری خاوەر ناسراوە.

عومەری خاوەر ٣

کارێکی هونەریی پەیکەرسازییە. وەک هێمایەک بۆ کارەساتی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە و باڵوێزی کورد له بارەگای ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی opcw لە شاری لاهای لە وڵاتی هۆڵەندا، لە ڕۆژی ٢٩ی ٤ی ٢٠١٤ بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی عێراق، سەرۆکی ڕێکخراوەکە و شارەوانیی شاری لاهای... پەردەی لەسەر لادراوە. کارەکە بە هاوکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم و بە دەستوپەنجەی هونەرمەند (زاهیر سدیق) و بە هاوکاری (پشکۆ عەباس) بەرهەمهاتووە.

1 2 دواتر