یەکێتی ئەندازیارانی کوردستان - لقی هەڵەبجەی شەهید
ڕێکخراوێکی پیشەیی ناحکومییە. ساڵی ١٩٩٢ دامەزراوە. هەڵەبجەی شەهید لە ساڵی ٢٠١١ەوە نوێنەرایەتی تێدا هەبووە و ساڵی ٢٠٢٣ بووە بە لقێکی سەربەخۆ. لەسەر ڕووبەری زیاتر لە (٢٠٠٠م) زەوی، بینای (٣٠٠م٢) دروستکراوە. لە چوار ژوور و هۆڵێک پێکهاتووە. کەوتووەتە سەر جووتسایدی ئەندازیاران و سەرووی یاریگای شاهۆی حەمەفەرەج. بەڕێوەبەرەکەی (قودبەدین حەسەن عەلی)یە. هەشت فەرمانبەری هەیە، کە بە شێوەی گرێبەست کاردەکەن.
یەکیەتی بەڵێندەرانی کوردستان - لقی هەڵەبجە
سەندیکایەکی پیشەییە. کەوتووەتە دەروازەی شار لەسەر شەقامی سەرەکی و تەنیشت مۆنۆمێنتی هەڵەبجە. ساڵی ٢٠٢٣ لە دیوانی پارێزگای هەڵەبجە بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی نوێنەری دادگای هەڵەبجە، ئەندامانی دەستەی کارگێڕییەکەی هەڵبێژرراون و هەمان ساڵ یەکەمین کۆبونەوەی کردووە و(د. پێشەوا عومەر مەحموود) بووە بە لێپرسراوی و بە ئەندامیەتی ١٩ کۆمپانیا کراوەتەوە. لە بەشەکانی: یاسا و بەدواداچونی کێشەکان، -ئیدارە و ئامار و ئەرشیفکردن، پلاندانان و ئەندازیاری، پڕۆژەکان، پەیوەندییەکان، دارایی، پێکهاتووە. جگە لە دەستەی کارگێڕی، سێ فەرمانبەر هەیە. کار بۆ یەکخستن و بەگەڕخستنی هێز و توانای ئەندامان و چالاکییەکانیان و بەدیهینانی مافی ئەندامان دەکەن.
یەکێتی جوتیاران - لیژنەی هەڵەبجە
کەوتووەتە خوار بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ لەسەر شەقامی دەروازەی شاری هەڵەبجە. لە دوای شۆڕشی ١٩٥٨ و دروستبوونی کۆماری، هاتووەتەکایەوە. لە دوای ڕاپەڕین و سەردەمی بەرەی کوردستانی، هەیکەلەکەیان نوێکردووەتەوە و لیژنەکەیان دروستکردووە. (جەمیلی مەلا مستەفا) یەکەم لێپرسراوی لیژنەکە بووە، پاشان (قادر مەحموود لاوەلاوە "قالەگرێدەر") لێپرسراو بووە و لەئێستادا (حامد حەمەفەرەج محەمەد) لێپرسراویەتی. بیناکەیان ساڵی ١٩٩٨ لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) دروستکراوە و لە چوار ژوور پێکهاتووە.
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لقی هەڵەبجە
ڕێکخراوێکی پیشەیی ناحکومییە. ساڵی ١٩٦٢ دامەزراوە. لە دوای ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی دوو ئیدارەیی، لقی هەڵەبجە دابەشبووە بەسەر دوو لقی کارگێڕیدا، لقی زۆنی زەرد، کە (حەمەسەعیدی حاجی عەنایەت) و لقی زۆنی سەوز، کە (سەربەست کەریم) لێپرسراوی بوون. پاش یەکگرتنەوە (سەربەست کەریم) بووە بە لێپرسراوی. لە دوای کۆنگرەی ١٢ی یەکێتیی مامۆستایان، ساڵی ٢٠١١، لە ٢٩ی ٦ی ٢٠١٢ ستافی کارگێری لە سەرۆکی لق و شەش ئەندام پێکهاتووە و سەرەتا سەرۆکی لق (عەبدوڵا عەلی حەسەن) و دواتر (فاروق غەفوور حسێن) بووە. بیناکەیان موڵکی یەکێتی مامۆستایانە. ساڵی ٢٠١٨ لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان لەسەر ڕووبەری (٣٨٧م٢) بە دوو نهۆم دروستکراوە. نهۆمی یەکەم هۆڵێکی گەورەیە و نهۆمی دووەم لە پێنج ژوور پێکهاتووە.