پارێزەرانی کوردستان لقی هەڵەبجە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-11
ڕێکخراوێکی پیشەییە، سەر بە سەندیکای پارێزەرانی کوردستانە، لە دوای ساڵی ١٩٩١ و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و خستنەوەگەڕی فەرمانگەکان، ماوەیەک بەرەی کوردستانی وەک دادگا ڕۆڵی بینییوە. خالد حەمەنوری وەک دیفاکتۆ وەک سەرۆک ڕۆڵی بینیوە. دواتر پارێزەران بەختیار محەمەد عەلی، دلاوەر حەیدەر، دانا حەکیم، ڕێبوار ئەمین، حەیدەر حەمەڕەشید، هەوار حەمەخورشید، مستەفا حەمە حسێن، لەژێر چەتری سەندیکای کوردستان لە هەڵەبجە کاری پارێزەریان کردووە. دوای هێنانەوەی دادگای هەڵەبجە لە شارەزوورە بۆ بینای قایمقامیەتی هەڵەبجە لە ساڵی ٢٠٠٠دا، وەک ژوری پارێزەران کاریانکردووە و خالد حەمەنوری سەرۆکی بووە و ٣ پارێزەر و یەک کارمەندی هەبووە و لەساڵی ٢٠٠٦ وە بە نوسراوی فەرمی وەک ژووری پارێزەران مامەڵیان لە گەڵ کراوە. دواتر چوونەتە بینای خانەی دادی هەڵەبجە بەرامبەر باخی گشتی. ساڵی ٢٠٠٨ سەندیکا بە هەڵبژاردن ڕێبوار ئەمین محەمەدی وەک سەرپەرشتیار دیاریکردووە و شەش ساڵ بەردەوام بووە. دوای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ساڵی ٢٠١٤ سەندیکا بڕیاریداوە ژوری پارێزەران بکرێت بە لقی هەڵەبجەی سەندیکا و تا هەڵبژاردن هەر ڕێبوار ئەمین سەرپەرشتیاری بووە. لە ١٧ی ٧ی ٢٠١٤ بە سەرپەرشتی دادوەر فەریق حەمەساڵح دەستەی نوێ بە هەڵبژاردن بۆ لقەکە بەم شێوەیە هەڵبژێردران: (حەیدەر حەمەڕەشید سادق، سەرۆک)، (ئەبوبەرک عومەر حامد، عابد کاکە مەحموود، ئەندام) و( ڕێبوار ئەمین ئەندامی یەدەگ). دواتر لیژنەکانی: دارایی، داوای حکومی، سکاڵا و دیاریکردنی باران محەمەد وەک نوێنەر لە کۆمەڵگای مەدەنی و وریا عەزیز کەریم وەک سەرپەرشتیار لە داوا حکومییەکان لە لق و لیژنەی داوای ئینتیداب لە دادگای کەتن و بۆردی یاسایی لەپارێزگای هەڵەبجە و سەرپەرشتی هەڵبژاردنی ڕێکخراوەکان، دروستکران. لە ساڵی ٢٠١٥ وە ناوی پارێزەرانی هەڵەبجە لە خشتەی پارێزەرانی کوردستان تایبەت بە هەڵەبجە دیاریکراوە، کە ژمارەی پارێزەرانی ٣٣ پارێزەر بووە. لە ئێستادا ژمارەی پارێزەرانی ١٥٠ پارێزەرە. لەبەر ئەوەی دادگای هەڵەبجە لە ئێستادا دوو بەشە، دوو ژوری پارێزەرانیان هەیە. بارەگای سەرەکیی لق لە خانەی دادی هەڵەبجەیە و ژوورەکەی تر لە دادگای بەراییە. دوو کارمەندی نێر و یەک کارمەندی مێیان بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانیان هەیە. زۆرێک لە پارێزەران ئەندامی لیژنەکانی لقەکەن و دەستەکە تا ئێستا لە کارکردن بەردەوامە.
سەرچاوەکان:
- نوسراوێکی تایبەتی لقی هەڵەبجە بۆ پڕۆژەی ئینسایکلۆپیدیای هەڵەبجە، ٢٥ی ١٢ی ٢٠٢٤.
ئامادەکردنی: هاوکار ساحیب کەریم