دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

بەرگی هەشتەم

دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.

ناوەڕۆک

774 بابەت

مۆفەق ئەحمەد فەرەج

کەوتووەتە سەر ڕێگەی (سیروان - دوانزەئیمام) لە گەڕەکی ڕاپەڕینی سەر بە شارۆچکەی (سیروان). ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆچکردوویەک، کە خوشک و زاواکەی لە ساڵی ٢٠٢٠دا لەسەر ڕووبەری دۆنمێک زەوی مزگەوتەکەیان دروستکردووە و لە ماوەی شەش مانگدا تەواوکراوە. جگە لە هۆڵێکی گەورەی نوێژخوێنان، دوو منارە و بەشی نوێژکردنی ئافرەتانیشی هەیە. کارمەندێکی وەزارەتی تەندروستی بەناوی (عەلی عەبدولڕەحمان عەلی) وەک پێشنوێژ و سەرپەرشتیاری مۆڵەتپێدراوی خۆبەخش بەڕێوەیدەبات.

مینا

کەوتوەتە گەڕەکی (وەراوەر) لە شارۆچکەی (بیارە). بەناوی خاتوو (مینا ئەحمەد عودە)وە ناونراوە، کە لە دوای کۆچیدوایی بنەماڵەکەی بڕیاریانداوە شوێن خانووەکەی بکەنە مزگەوت. لەلایەن لیژنەیەکەوە سەرپەرشتی دروستکردنی کراوە و لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا بە یارمەتی خێرخوازان تەواوکراوە. لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) دروستکراوە. لە دوو نهۆم پێکهاتووە. نوێژی هەینی تێدا ناکرێت. خانووی مامۆستای تێدایه.

میراولی

کەوتوەتە گوندی میراولی ناوچەی نەورۆڵییەوە. ساڵی ١٩٦٢ لە لایەن پیاوانی گوندەوە شوێنەکەی دیاریکراوە و عەلی موحەمەد وەستای بووە. بە بەرد و قوڕ و دار دروستکراوە و زۆر گەورە نەبووە و لە ناوەڕاستیدا دوکۆڵەکەی هەبووە. سەید عەلی سەید عەزیزی هانەسوورە بانگبێژ و بەرنوێژی کردووە. تا ساڵی ١٩٨٧ ڕەمەزانان مەلای بۆچووە. ساڵی ٢٠١٠ بە هاوکاری خەڵکی و بزووتنەوەی ئیسلامی لەسەر ڕووبەری ٥٩٥ م٢ بە یەک نهۆم دروستکراوەتەوە. موحەمەد حسێن سەرپەرشتیکردووە.

میری سوور

کەوتوەتە میری سوور، کە ناوچەیەکی گەشتیاریی ئایینییە. مێژوویەکی کۆنی هەیە. ٣٠٠ساڵ بەر لە ئێستا سەید ئەحمەدی میری سووری لێ ژیاوە. بنەماڵەی سەید لە ساڵی ١٩٠٠ شوێنی عیبادەت و نوێژی بۆ گەشتیارەکان دروستکردووە. ساڵی ١٩٤٧ بەدواوە بە چەند قوناغێک مزگەوتەکە بونیادنراوە و لە ناوچەکانی کوردستانەوە مامۆستای بۆ هاتووە. لەوانە مەلا عیزەدینی مەردۆخی و شیخ عەبدوڵا، تا ساڵی ١٩٧٨. ساڵی ١٩٩٢ مستەفای حاجی محەمەد مزگەوتەکە دروستدەکاتەوە و نوێژی بە کۆمەڵی لێدەکرێت.

نارنجڵە

مێژووەکەی بۆ سەردەمی مسوڵمانبوونی ناوچەکە دەگەڕێتەوە و لە دێرزەمانەوە مزگەوتی هەبووە. بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە، ساڵی ١٩٦٨ مزگەتێکی گەورە دروستدەکەن، وەستاعەبدوڵای کەیمنەیی وەستای بووە. مەلا عبدالرحمان شریف و مەلا ڕەحیمی برای، مەلای مزگەوتەکە بوون. ساڵی ١٩٧٨ تەقێنراوەتەوە. ساڵی ١٩٩٥ ئەنجومەنی گوند مزگەوتێکی تایبەت دروستدەکەن، ساڵی ١٩٩٧ لەسەر ڕووبەری ١٥٠ م٢ بە یەک نهۆم و بە کۆنکرێت مزگەوت دروستدەکەنەوە و خەڵکی گوند سەرپەرشتییانکردووە. نوێژی هەینی تێدا ناکرێت و زیاتر هاوینان ئاوەدانە و ئەحمەد قوربانی خزمەتیدەکات.

نامی

کەوتووەتە گەڕەکی (کاواتی تەختەقەرەج) لەناو شارۆچکەی (بیارە). بەناوی نازناوی (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس)ـەوە ناونراوە. ساڵی ١٩٩٣ لە لایەن خێرخوازانەوە لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) دروستکراوە. دوو نهۆمە. نهۆمی خوارەوەی ماڵە، ساڵی ٢٠٢٢ نۆژەنکراوەتەوە. منارەی هەیە. شوێنی فێربوونی منداڵان و وانەی ئاینی هەیە. نوێژی هەینی تێدا ناکرێت. لە ئێستادا مامۆستا (دیوان حسن حسێن) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

ناوباخان

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (ناوباخان)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ساڵی ١٩٩٥ لەسەر زەوی هاوڵاتییەکی گوندەکە بەناوی (کارزان خەلیل) لەسەر ڕووبەری (١٥٠م٢) و لەسەر ئەرکی خێرخوازان دروستکراوە. ساڵی ٢٠١٣ لەسەر ئەرکی خەڵکی گوندەکە و خێرخوازان نۆژەنکراوەتەوە و کراوە بە بلۆک و چیمەنتۆ و ڕووبەرەکەی کراوە بە (٣٠٠م٢). هەتا ئێستا بە فەرمی مامۆستای بۆ دانەمەزراوە.

نەبی

کەوتووەتە دەگاشێخانی خواروو لە هەورامان، دوای چوونەوەی هەندێک ماڵ بۆ دەگاشیخان و مانەوەیان لەم شوێنە، بوونی مزگەوتی پێویست کردووە. ساڵی ٢٠٠٩ لە سەر ڕووبەری ٢٠٠م٢ بە یەک نهۆم و کۆنکرێت دروستکراوە. نوێژی هەینی تێدا ناکرێت و پرسەی تێدا دانانرێت. محەمەد ئەحمەد قادر و هاروون موحەمەد قادر سەرپەرشتیدەکەن.

نەوڕەس

کەوتووەتە سنوری گەڕەکى (ئەردەڵان) لە ناحیەی (خورماڵ). ساڵى ١٩٧٩ دروستکراوە. بە سێ ناو بەناوبانگە (نەورەس، مزگەوتە سپيەکە و ياڵانپێيەکان). لە ساڵانى جەنگى (عێراق - ئێران)دا ڕووخاوه. ساڵى ١٩٩٦ لەلايەن خێرخوازانەوە نۆژەنکراوەتەوە. سەرچاوە ئاوی ئەم مزگەوتە ئاوى زەڵم و ئاوى بيرە. سەرەتا يەک دەروازەى هەبووە، هۆڵى نەبووه. بە خێرخوازی مامۆستای هەبووە و قوتابى له ‌لا بووە. منارەى هەبووە، يەک نهۆم بووە. ساڵى ٢٠١٧ ڕووخێنراوە و لە ئێستادا لە قۆناغى نۆژەنکردنەوەدايە.

نەوێ

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (نەوێ)وە. مێژووی دروستکردنی دیار نییە، بەڵام بەپێی تەمەنی دارەکانی حەوشەی مزگەوتەکە، نزیکەی سەدەیەک دەبێت. ساڵی ١٩٩٣ لە لایەن خێرخوازان و خەڵکی گوندەکەوە نۆژەنکراوەتەوە و کراوە بە بلۆک و چیمەنتۆ. کانی و حەوزی تایبەت بە خۆی هەیە. مامۆستا (مەلا یوسف) وتاربێژی مزگەوتەکەیە.

نەیجەڵە

دەکەوێتە گوندی نەیجەڵەوە، ساڵی ٢٠٢٣ لەسەر ئەرکی خێرخوازان دروستکراوە، یەک نهۆمە و زۆر گەورە نییە، منارەیەکی بچوکی هەیە و کۆنکرێتە بە وزەی خۆر کارەبای هەمیشەیی بۆ دابینکراوە. ناوبەناو وەک پێویست خەڵکی بە خۆبەخش لە کاتی نوێژەکاندا بەرنوێژی دەکەن.

نورسی

کەوتووەتە گەڕەکی (گوڵان) لە شاری هەڵەبجە. لەسەر ئەرکی خێرخوازان زەوییەکەی (٣٥٠م٢) بۆ کڕدراوە و هەر لەسەر ئەرکی خێرخوازان ساڵی ٢٠١٤ دروستکراوە، یەک نهۆمە، دوو دەرگای هەیە. نوێژی هەینی تێدا ئەنجامنادرێت. لەکاتی دروستکردنییەوە هەتا ئەمڕۆ هەریەکە لە مامۆستا عومەر ئەمین و مامۆستا ئیسماعیل ڕەحیم پێشنوێژی بۆ نوێژخوێنانی مزگەوتەکە دەکەن و بەشێوەی فەرمی مامۆستای بۆ دانەمەزراوە.

نوور ١

کەوتووەتە گەڕەکى (ئاشتی)ی لە شارۆچکەی (خورماڵ). ساڵى ٢٠٠٨ لەلايەن خێرخوازانەوە دروستکراوە. نۆژەننەکراوەتەوه. دوو دەروازە و دوو منارەى هەيه. سەرچاوەی ئاوی مزگەوتەکە ئاوى (گەنجان) و ئاوى بيره. يەک خادمى هەيه. نوێژی هەينى تێدا ناکرێت. بە فەرمی مامۆستاى ئاينى بۆ دابیننەکراوە.

نوور ٢

کەوتووەتە‌ گەڕەکى کاژاو (پێشتر پێیوتراوە سەرا) لەناو شاری هەڵەبجە. ساڵى ١٩٩٩ خێرخوازێک دروستيکردووە، ساڵى ٢٠١٣ نۆژەنکراوەتەوە، يەک نهۆمە و دوو دەروازە و یەک منارەى هەيە، پرسەى لێ دانانرێت. لە ئێستادا مامۆستا (مەلا عوسمان سەيد ئەحمەد) وتاربێژ و مامۆستا (کاميل مەحموود) پێشنوێژى تێدا دەکات.

نوەر

مێژووی مزگەوت بە تەواوی نازانرێت، ٥٠٠ساڵ پێش ئێستا، شوێنێک لە کانی و ئاوی کانی ئەولیا وەک شوێنەواری نوێژخوێندن و بەکاربراوەو بەردەنوێژی لێماوە. لە نۆسەدەکاندا مزگەوت بە خۆڵ و قوڕ و دار دروستکراوە. ساڵی ١٩٥٠ نۆژەنکراوەتەوە، بنەماڵەی مەلا عەزیزی پریس و موفتی، ڕۆڵیان لە خزمەتیدا گێڕاوە. ساڵی ١٩٧٦ بە شیوازێکی نوێ نۆژەنکراوەتەوە. لە بارکردنی گوندەکاندا تەقێنراوەتەوە. ساڵی ١٩٩٧ سەعید حەمەساڵح ژورێک و چەند سەرئاوێک وەک مزگەت دروستدەکاتەوە. چەندین مامۆستای ناودار سەردانیانکردووە و ساڵی ٢٠١٣ بە هاوکاریی خێرخوازان و قایمقام (فواد ساڵح ڕوزا) لە سەر زەویەکی ١٠٠م بە یەک نهۆم و هۆڵی پرسەی ژنان و پیاوان دروستدەکرێتەوە. زمکان عوسمان وەک ئەنجومەن سەرپەرشتیکردووە.

نێرگسەجاڕ

کەوتووەتە سنوری گوندی (نێرگزەجاڕ). مێژوويەکى دێرينى هەيە و بەهۆى بوونى مەدرەسەيەکى دينى، کە مامۆستا و فەقێى تێدابووە و زانستە شەرعيیەکانيان خوێندووه، مەکۆیەکی زانستی بووە و چەندین گەورەپیاوی ناوچەکە وانەیان تێدا وتووەتەوە. لەوانە، جەفایی، مەلا عبدالکریمی مودەریس، شێخ بابا..هتد. لە‌سەر ڕووبەرى (٢٠٠م٢) دروستکراوە و لە يەک نهۆم پێکهاتووە و منارەيەکى له ‌ئاسن دروستکراوى هەيە. ساڵى ١٩٩٤ جارێکى تر نۆژەنکراوەتەوە. مامۆستا (شێخ وەهاب) ئيمام و بەرپرسى حوجرەى نێرگزەجاڕ بووە. لە ئێستادا مامۆستای فەرمی نییە.

هانە ژاڵە

کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی گوندی (هانەژاڵە)ی ناوچەی نەورۆڵی. ساڵی ١٩٧٨ لەکاتی ڕاگواستنی گوندە سنورییەکاندا ڕوخێنراوە. ساڵی ٢٠٠٢ لەلایەن ڕابیتەی ئیسلامی کورد دروستکراوەتەوە. یەک نهۆمە و یەک دەروازەی هەیە، منارەی هەیە. نوێژی هەینی تێدا ناکرێت، مامۆستای فەرمی نییە.

هانەیدن

کەوتووەتە خۆرئاوای سنوری گوندی (هانەیدن)ەوە. نزیکەى (٣٠٠م) لە مزگەوتی گوندەکەوە دوور‌ بووە. ساڵى ١٩٤٥ لەلایەن خەڵکى گوندەکەوە لەسەر ڕووبەری (٥٠م٢) دروستکراوە. لە ژوور و هەیوانێک پێکهاتووە. تا ساڵى ١٩٧٧ وانەی تێدا خوێنراوە و لە گوندەکانى تریشەوە فەقێى بۆ هاتووە.

هانەی قوڵ

کەوتووەتە گوندی (هانەی قوڵ) لە شارۆچکەی (خورماڵ) و هەر بەناوی گوندەکەوە ناونراوە. مێژووی دروستبوونی بۆ ساڵی ١٨٢٣ دەگەڕێتەوە. بە هەرەوەزی لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە لە نزیک کانیی ناو گوند دروستکراوە. یەکەم مامۆستای مزگەوتەکە، مەلا حەسەنی دزڵی بووە. ساڵى ١٩٩١ نۆژەنکراوەتەوە.

هاوکارى

کەوتووەتە گەڕەکى (فەرمانبەران) لەناو شاری هەڵەبجە. ساڵى ٢٠١٢ لەسەر ئەرکى خێرخواز (حاجى سديق) لەسەر ڕووبەر‌ى (٤٠٠م٢) دروستکراوە. یەک منارەی هەيە. نوێژى هەينيشى تێدا ناکرێت. يەک نهۆمە و دوو دەروازەى هەيە. لە ڕۆژى دروستکردنەوە هەتا ئێستا مامۆستا (مەلا عەبدولڕەحمان عەبدوڵا) پێشنوێژى مزگەوتەکەیە.

پێشتر 1
...
12 13 14
...
39 دواتر