دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

بەرگی هەشتەم

دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.

ناوەڕۆک

774 بابەت

مەلا وەیسە

ساڵی ١٩٤٦ چەند ماڵێک لە قەدەفەرییەوە دێنە مەلاوەیسە، حەوز و سەرئاو و شوێنی نوێژ چاکدەکەن، ساڵی ١٩٤٧ ساڵی بەفرەکە، بە هەرەوەزی مزگەوت دروستدەکەن و تا ساڵی ١٩٧٨ بەردەوام بووە. حاجی حەمە عارف سەرپەرشتیکردووە و مەلا فایەقی ئێڵانپێ و مەلا عەبدولی نەوێ و مەلا ڕەشیدی وڵەسمتی و مەلا تایر ئاسکۆڵەو مەلا حەسەن چوالە خزمەتیانکردووە. ساڵی ١٩٩٢ بە هەروەزی لە سەر ڕووبەری ١٢٠٠م٢ دروستیدەکەنەوە. کەوتوەتە سەر جوتسایدی هەڵەبجە سلێمانی و شوێنی ئافرەتانی هەیە. مەلا عەبدوڵای پشدەری فراوانیکردووە و مەلا ستار ئێڵانپێی و مەلا خەلیلی بەرکەورگان و مەلا ئەمین سەعید و مەلا دیار و مەلا کەریمی بەردەبەلی خزمەتیانکردووە.

مەولەوی ١

کەوتووەتە گەڕەکی سەرا لە ناو شاری هەڵەبجه له نزیک پارکی گەورەی شاری یاری، لای مەعسکەرە کۆنەکە. ساڵی ٢٠١٢‌ لەلایەن خێرخواز (عومەر یاروەیسی)یەوە لەسەر ڕووبەری (٤٤م٢) دروستکراوە. لە دوو نهۆم و هۆڵ و منارە و گومەز و شوێنی ئافرەتان و مەدرەسە پێکهاتووە.

مەولەوی ٢

کەوتووەتە ناو شارۆچکەی (سیروان). ساڵی ٢٠١٠ دروستکراوە. دوو نهۆمە و لە نهۆمی دووەمدا ستارە و سەرئاو و شوێنی نوێژ بۆ تەراویحی ژنان دروستکراوە. دوای گواستنەوەی وتاری هەینی لە مزگەوتی شارەوانییەوە بۆ مزگەوتی گەورەی سیروان، خەڵکی داوایانکرد وتاری هەینی لێ بخوێنرێت و یەکەم وتار و نوێژی هەینی لە ڕەمەزانی ساڵی ٢٠١١دا تێیداکراوە. لە ئێستادا مامۆستا عومەر عوسمان عەلی پێشنوێژی تێدا دەکات.

مەیدان

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (سەرگەت). زەویەکەی هی سانەکان بووە. ساڵی ١٩٩٣ لەلایەن خێرخواز (حاجی عارف) و خەڵکی گوندەکەوە دروستکراوە. ڕووبەرەکەی (٦٠٠م٢) زیاترە. ساڵی ٢٠٠١ نۆژەنکراوەتەوە و ١٠ دوکان بە دەوری مزگەوتەکەدا دروستکراوە و کرێکەی بۆ مزگەوتەکەیە. خۆبەخشانە ئەنجومەنی گوندەکە (شێخ مەسعودی شێخ سدیق) وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

محەممەد

کەوتووەتە‌ گەڕەکى (گۆران سيتى) لە خۆرئاواى بەشە ناوخۆييەکانى تايبەت بە خوێندکارانى کچانى زانکۆى هەڵەبجه ‌لە شاری هەڵەبجە. لەسەرەتادا، کە دروستکراوە ناونراوە مزگەوتى (اللهم صلى على محمد وعلى آل‌ سيدنا محمد)، بەڵام دواتر به ‌هەوڵى دانيشتوانى گەڕەکەکە ناوەکەى گۆڕاوە بۆ مزگەوتى (محەممەد). ‌ڕووبەرەکەی (١٥٠ بۆ ٢٠٠م)ە و زەوييەکەى لەلايەن شارەوانى هەڵەبجەوە دابينکراوە. ساڵى ٢٠٢١ لەلايەن خێرخواز (شێخ غەفوور شێخ حەمەئەمين شێخ کەريمى عەبابەيلێ)‌وە دروستکراوە.

محمد رسول اللە

ساڵى ٢٠١٨ لەلايەن خێرخوازێکەوە دروستکراوە. کەوتووەتە‌ سەر ڕێگای سەرەکیى (خورماڵ - ئەحمەدئاوا) و گەڕەکى (قەڵاى سێ) لە ناحیەی (خورماڵ). سەرچاوەی ئاوی مزگەوتەکە ئاوی (زەڵم)ـە. دوو نهۆمه. يەک دەروازە و گومەزێکی هەيە، نوێژی هەینی تێدا ناکرێت. هێشتا بە فەرمی وتارخوێن و خادیمی بۆ دانەنراوە.

مزگەوتە تازەکەی شیرەمەڕ

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ساڵی ٢٠١٧ بەهەوڵی دانیشتوانی گوندى (شیرەمەڕ) و چەند مامۆستایەکی ئایینیی ناوچەکه ‌و خێرخوازێک، لەسەر ڕووبەری (٦٠٠م٢) دروستکراوە. بە (مزگەوتی یەک پایه)ش ناسراوە، چونکە نەخشەکەی وا دروستکراوە یەک پایەی تێدایە‌. له ‌ساڵی ٢٠١٧ەوە مامۆستا مەلا (تەها بەڵخەی)‌ی وتارخوێنی مزگەوتەکەیە.

مزگەوتی تازەی گەچێنە

کەوتووەتە باشوری گوندی (گەچێنە)ی هەورامان. ساڵی ٢٠٢١ لەسەر ڕووبەری (٣٠٠م٢) لەسەر ئەرکی (نەسرەدین محەممەد مەحێدین) دروستکراوە. بە فەرمی مامۆستای بۆ دانەمەزراوە.

مزگەوتی خوارەوەی شیرەمەڕ

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا لەسەر ڕووبەری (٤٠٠م٢) دروستکراوە. ساڵی ١٩٨٠ نۆژەنکراوەتەوە و کراوە بە کۆنکرێت. ساڵی ١٩٨٥ لەلایەن حکومەتەوە تەقێنراوەتەوە. ساڵی ١٩٩٣ ڕێکخراوێکی ئیماراتی لە شوێنی مزگەوتە ڕووخاوەکە دووبارە دروستکراوەتەوە. هەتا ساڵی ٢٠١٧ نوێژی هەینی تێدا دەکرێت.

مزگەوتی کێلەسپی

بەشێک بووە لە مزگەوتی کێلەسپی لە شارۆچکەی (سیروان). لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن مامۆستا مەلا ئەحمەد حەمەکەریم (مەلا ئەحمەدی کێلەسپی)یەوە بەڕێوەبراوە. نزیکەی ٢٠ فەقێ وانەیان تێدا خوێندووە.

مزگەوتی گەورەی ئەحمەدئاوا

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (ئەحمەدئاوا)، لەسەر ڕێگای سەرەکیی (ئەحمەدئاوا -زەڵم). ساڵی ٢٠١١ لەسەر ئەرکی خێرخوازان و لەسەر ڕووبەری (١٠٠٠م٢) بە بەردی ناوچەی هەورامان دروستکراوە. لە ئێستادا مەلا (عەبدولدائیم هەورامانی) مامۆستا و وتاربێژی مزگەوتەکەیە.

مزگەوتى گەورەى خورماڵ

کەوتووەتە باکورى شارۆچکەی (خورماڵ)ەوە. مێژوویەکی دێرینی هەیە. شێوازى بیناسازییەکەى گەلێک سەرنجڕاکێش بووە و ژوورەکانى لە ناوەوە تاقى کەوانەى گەورەى هەبووە. ڕووبەرى مزگەوتەکه ‌(٢٠ بە ٥٠م٢)یە و حەوزێکى ئاوى هەیه،‌ کە (٨ بە ١٢م٢) دەبێت و چەندین دارى سورەچنارى گەورەى تێدایە، کە دیمەنێکى سەرنجڕاکێشیان بە شوێنەکە بەخشیوە و ڕۆژانە گەشتیاران سەردانىدەکەن. هەروەها منارەیەکى بەرزی هەیە. هاوشێوەى خانەقاکانى بیارە و تەوێڵە خاوەنى حوجرە و تەکیە بووە. له ‌سەردەمى دەوڵەتى عوسمانيدا‌ نۆژەنکراوەتەوە و منارەى هەبووە و نۆ گومەزيشى بۆ دروستکراوە. منارەکەی ١٢م بەرزبووە. لە سەردەمى ميرنشينى حەسنەوەيى، سوڵتان سەليمى يەکەم، مير سلێمان پاشاى بابان (لە سەر دەستى موسا بەگ قائيمقامى گوڵعەنبەر)، پادشايى عێراق (مەليک فەيسەڵی یەکەم ساڵی ١٩٣٣)، کۆمارى عێراق (ئەحمەد حەسەن بەکر ساڵى ١٩٦٨)خزمەت کراوە و بایەخیپێدراوە. ناوەندی نوسینەوەی چەندین دەستنوس بووە، کە لە لایەن مامۆستا و قوتابیانەوە نوسراونەتەوە. لە مەلا بەناوبانگەکانی: مەلا محەمەدی موفتی ١٥٥٧، مەلا مستەفای گوڵعەنبەر ١٨٠٠، مەلا جەلالی خورماڵی ١٨١٥، سەید عارفی چۆڕی، مەلا محەمەدی مەلا بەها، ... هتد. چەند فەرمانێکی عوسمانی لە بارەیەوە هەیە. ساڵى ١٩٩٢ لە لايەن ڕابيتەى ئيسلامی و ساڵى ٢٠١٣یش لەلایەن حکومەتەوە نۆژەنکراوەتەوە. ساڵی ٢٠٢٣ لە لایەن حاجی عابید هەورامی و براکانییەوە تەختکراوە و بە چاودێری پێنج بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و تیمێکی ئەندازیاریی پسپۆڕ، لەسەر شێوازی نەخشە کۆنەکەی سەردەمی عوسمانی دەستکراوە بە دروستکردنەوە.

مزگەوتی گەورەی سیروان

کەوتووەتە ناحیەی سیروان، بە مزگەوتی مەلا ئەحمەدی ئێڵانپێ و هانەژاڵەییەکانیش ناسراوە. دوای ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٨٠ لەسەر ڕووبەری٣٢٥٠م٢ دروستکراوە. دوونهۆمە، هۆڵ و مەخزەن و مردووشۆر و شوێنی تایبەت بە ئافرەتانی هەیە. لە سەردەمی مەلا ئەحمەد و حەبیب محەمەد کەریمدا، فێرگەی پێگەیاندنی گەنجان بووە. چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە و دواجار بە سەرپەرشتی مامۆستایان سەلاح جەعفەر و خەلیل ڕەشید و بە یارمەتی گەڕەک بووە. مامۆستا سەلاح جەعفەر وتاربێژی مزگەوتەکەیە و نوێژی هەینی تێدا دەکرێت.

مزگەوتى گەورەی هەڵەبجە (مەدرەسە)‌

کەوتووەتە ناو مزگەوتیگەورە لە شاری هەڵەبجە. لەلايەن عيسا بەگى کوڕى ئەحمەد پاشاى کوڕى سلێمان پاشاى کوڕى مەحموود پاشاى کوڕى خاليد پاشاى بابانەوە‌ دروستکراوە. عيسا بەگ ئەوقافى مزگەوت و مەدرەسەکەى خستووەتە ژێردەستى شێخ عەبدوڵاى خەر‌پانييەوە و هەندێک باخ و زەویوزارى لەسەر وەقف کردووە. مەدرەسەکە لە سەرەتاى دروستبوونیەوە هەتا ئێستا فەقێى هەبووە. هەريەکە لە نالى و مەولانا خاليدى نەقشبەندى لە سەردەمى شێخ عەبدوڵاى خەرپانى لەم مەدرەسەيە خوێندوويانە. لە ديارترين ئەو کەسانەى، کە تەدريسيان تێدا کردووە‌: شێخ عەبدوڵاى خەرپانى، شێخ مەحموودى کوڕى شێخ عەبدوڵاى خەرپانى، شێخ مستەفاى کوڕى شێخ مەحموودى شێخ عەبدوڵاى خەرپانى، شيخ باباڕەسوڵى تەکيەيى، شێخ خاليدى کوڕى شێخ مستەفاى کوڕى شێخ مەحموود.

مزگی دەگا و گوڵپی

کەوتووەتە گوندی (گوڵپ). مزگەوتێکی دێرینە و مێژوویەکی پێنج سەدەیی هەیە. هەتا ئێستا چەندجارێک لەسەر ئەرکی خێرخوازان نۆژەنکراوەتەوە. پاش ڕاپەڕین لەلایەن ئیغاسەی ئیسلامییەوە لەسەر ڕووبەری نزیکەی (٢٠٠م٢) لە جێگە کۆنەکەی دروستکراوەتەوە. دوو دەرگا و دوو منارە و گومەزییەکی هەیە. شوێنی نوێژکردنی ژنانی هەیە. سەرچاوەی ئاوەکەی کانیی مزگەوتەکەیە. لە ئێستادا مامۆستا (کەمال ئەمین گوڵپی) وتارخوێنی مزگەوتەکەیە.

مزگی سەرین

کەوتووەتە ملەگای خەڕاتان لە سنوری گوندی (بەڵخە). ساڵی ١٩٧٥ زەوییەکەی لەلایەن مەحموود بەگی بەڵخەوە بەخشراوە و بە هاوکاریی خەڵکی گوندەکە و سەرپەرشتیی حاجی حەمەڕەحیم حەمە ئاییز و حاجی ئەمینە خاڵە، ئیشی تێداکراوە. لەبەر ڕاگواستنی لادێکان تەواونەکراوە. دوای ڕاپەڕین و لە ساڵی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٥ بە هەوڵی مەحموود بەگ و هاوکاریی کەمالی غەفووربەگ و مەهدی جافر و تەواوی خەڵکی گوندەکە دروستکراوەتەوە. مامۆستاکانی: مەلا نامق مستەفا و مامۆستا سەلاحەدین مەجید و نەزیر سەلیم بوون.

مزگی وارین

کەوتووەتە گەڕەکی بەگزادەکان لە بەردەم تاقڵا لە سنوری گوندی (بەڵخە). لە سەرەتای ١٨٠٠دا و سەردەمی ڕەحمانە سوور و فەتاح بەگ دروستکراوە. حەرەمەکەی نزیکەی (١٠ بە ٩م) دەبێت، کاتی خۆی بە بەرد و دار دروستکراوە. دوای ڕاپەڕین لە ساڵی ١٩٩٤ لەسەر دەستی مامۆستا کەمال غەفوور بەگی نەوەی بنەماڵەی فەتاح بەگ و مامۆستا نامق مستەفا بە هاوکاری بنەماڵەی شێخ عوسمانی بیارە بە بەرد و کۆنکرێت دروستکراوەتەوە. پێنج ئاودەست و مردووشۆر و شوێنی دەستنوێژ و گەرماوێکی بۆ ژنان تێدایە، جاران تەواوی نوێژەکان و هەینییشی تێداکراوە. لە ئێستادا نوێژی هەینی تێدا ناکرێت.

ملەی چنار

کەوتووەتە گەڕەکی ملەی چنار لە شارۆچکەی (بیارە). ساڵی ١٩٩٥ لەسەر ڕووبەری (١٣٠م٢) دروستکراوە. ساڵی ٢٠١٤ نهۆمی دووەمی بۆ زیادکراوە. منارەی هەیە. نهۆمی خوارەوەی جیاکراوەتەوە تایبەتە بە ژنان. لە تەنیشتی مزگەوتەکەدا هۆڵێکی پرسە هەیە. (مەلا ڕێبوار سەلیم بەڵخەیی) یەکەم مامۆستای بووە. لە ئێستاشدا مامۆستا (مەسعوود عەزیز ئەحمەد) پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتەکەیە.

موصعەبى کوڕى عومەير

کەوتووەتە‌ گەڕەکى کانیقوڵکه لەناو شاری هەڵەبجه، نزیک ئامادەیی ئەحمەد موختار جاف‌. ساڵى ١٩٧٩ دروستکراوە، زەوييەکەى خێرخوازان کڕيويانە و هەر خێرخوازانيش کردوويانە به ‌مزگەوت، ڕووبەرەکەى نزيکەى (٧٠٠م٢)يە، مزگەوت يەک نهۆمه و دوو دەروازەى هەيە. منارەى هەيە. ساڵی ٢٠٠٤ هەیوانەکەی خراوەتە سەر حەرەمی مزگەوتەکە. هۆڵێکی بۆ پرسەی پیاوان بەناوی (مەهدى حەمەسەعيد) بۆ دروستکراوە. چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوه. نوێژی هەینی تێدا ناکرێت. لە ئێستادا مامۆستایان (مەلا غەفوور عەبابەيلێيى و سەلاح جەعفەر حەبیب) پێشنوێژى تێدا دەکەن‌.

مۆردین

کەوتووەتە ناو گوندی (مۆردین). لە دوای ساڵی ١٩٣٠ مزگەوت لە گوندەکەدا دروستکراوە و یەکەمین مامۆستای (مەلا عەبدولکەریمی دەڵەمەڕ) بووە. لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە مزگەوتێکی نوێ لە گوندەکە دروستکراوە و مەلاکەریمی مۆردین بووە بە مامۆستا تێیدا، مەلا کەریم ئەگەرچی وەک مەدرەسە فەقێی ڕانەگرتووە، بەڵام دەرسی قورئان و هەندێک بابەتی دیکەی ئاینی بە منداڵانی گوندەکە وتووەتەوە. یەک نهۆم بووە، یەک دەروازەی هەبووە، هۆڵی نەبووە، نوێژی هەینی تێدا ئەنجامدراوە. مزگەوتەکە ساڵی ١٩٧٨ لە کاتی ڕاگواستنی گوندە سنورییەکاندا ڕوخێنراوە و هەتا ئێستا دروستنەکراوەتەوە.

پێشتر 1
...
11 12 13
...
39 دواتر