مەلا نەزیر
مزگەوت و خوێندنگا و خانەقا و چلەخانەیە. کەوتووەتە بەشی چلانە و خوارووی گەڕەکی مەلایان لە تەوێڵە. لەلایەن سۆفی ئەحمەدی باپیرە گەورەی مەلانەزیرەوە دروستکراوە. بە حوجرەکەی مەلا نەزیر و قاپی شێخ ناسراوە. دووبەش بووە، بەشی پیاوان و بەشی ژنان. شوێنی ئیرشاد و مردنی شێخ عوسمانی سراجەدین بووە. ناوەندێکی زانست و زیکر بووە، سەی قوتبەدین باپیری سەی فەتحە سەرپەرشتیکردووە. لە هەشتاکاندا بە هۆی شەڕی (ئێران – عێراق)ـەوە ڕوخێنراوە.
مزگەوتی کێلەسپی
بەشێک بووە لە مزگەوتی کێلەسپی لە شارۆچکەی (سیروان). لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن مامۆستا مەلا ئەحمەد حەمەکەریم (مەلا ئەحمەدی کێلەسپی)یەوە بەڕێوەبراوە. نزیکەی ٢٠ فەقێ وانەیان تێدا خوێندووە.
خورماڵ
کەوتووەتە ناو شارۆچکەی (خورماڵ) لە تەنیشت مزگەوتی بوخاری. ساڵی ٢٠٢٠ لەسەر ڕووبەری (٣٠٠م٢) لە لایەن هەریەک لە مامۆستا (کەمال ئەمین گوڵپی) و (د. موحسین فایەق هانەدنی)یەوە دروستکراوە. لە دوو نهۆم و هۆڵێکی گەورە و سێ ژوور پێکهاتووە. زانستە شەرعییەکانی لێ خوێنراوە. لە ئێستادا ٣٥ خوێندکاری هەیە و مامۆستا (کەمال ئەمین گوڵپی) سەرپەرشتیدەکات و بە هاوکاریی نۆ مامۆستای دیکە، وانەی تێدا دەڵێتەوە.
گڵێجاڵ
لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەم وەک یەکەم حوجرەی بناری بەمۆ لەسەر دەستی (مەلا فەتاح خەلیفە مارف) فەقێی ڕاگرتووە و خوێندنی ئاینی تێدا بەردەوام بووە ساڵى ١٩٨٧ لەکاتى ڕاگواستنى گوندە سنورییەکان ڕوخێنراوە.