دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

بەرگی هەشتەم

دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.

ناوەڕۆک

774 بابەت

گمە

کەوتووەتە گوندی (گمە)ی سەر بە ناحیە‌ی (بەمۆ). ساڵی ١٩٩٩ لەسەر ئەرکی (ڕابیتەی ئیسلامی کورد) دروستکراوە. لە یەک هۆڵ پێکهاتووە.

گورگەچیا

کەوتووەتە باشوری ڕۆژهەڵاتی گوندی (گورگەچیا)وە. ساڵی ١٩٨٣ لەسەر ئەرکی خێرخوازان دروستکراوە. دوای ڕاپەڕینی ١٩٨٧ی خەڵکی هەڵەبجە و سنورەکە، مزگەوتەکە و تەواوی خانووەکانی گوندەکە تەقێنراوەتەوە و دانیشتوانەکەشی ڕاگوێزراون. ساڵی ٢٠٠١ جارێکی تر لەسەر ئەرکی خێرخوار (ئەحمەد ئیسماعیل نانەکەلی) دروستکراوەتەوە. ساڵی ٢٠١٠ لەسەر ئەرکی خێرخوازان نۆژەن و فراوانکراوە. یەک نهۆمە. دوو دەروازە و یەک منارەی هەیە. گومەز و هۆڵی نییە، نوێژی هەینی تێدا ئەنجامدەدرێت. (مەلا ئەرکان عەبدولڕەحمان) مامۆستا و وتارخوێنی مزگەوتەکەیە.

گمە

ساڵی ١٨٩٠ لەسەر دەستی (شێخ عومەر شێخ عوسمان سراجەدینی یەکەم)ی نەقشبەندی پێش خانەقای بیارە لە گوندی (گمە) بونیادنراوە. شێخ عومەری بیارە خۆی لە خانەقاکەدا ماوەتەوە و سەرپەرشتی کاروباری ئاینی کردووە.

گوڵان

کەوتووەتە گەڕەکى گوڵانى ژوورو لەناو شارى هەڵەبجە. ساڵى ١٩٨٤ بەسەرپەرشتى حاجى حەمەئەمينى عەبدولکەريمى زەردۆيى(گردەناوێى) دروستکراوە، واتە ئەم لە سەرەتاوە هەتا کۆتايى سەرپەرشتى دروستکردنەکەى کردووە. زەوييەکەى موڵکى حەمەبۆرى عەلى باوەکۆچەکى بووە و بەخشيويەتى بە مزگەوت، يەک جار لەلایەن حکومەتەوە نۆژەنکراوەتەوە و فراوانکراوە. يەک نهۆمە، دوو دەروازە و یەک منارەى هەيە. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. هۆڵى پرسەى هەيە. مامۆستا مەلا عەبدولڕەحمان مەحموود بامۆکى و مامۆستا مەلا محەممەد ئەحمەد سەيد جەميل مامۆستای مزگەوتەکەن.

گوڵەخانە

لە گوندی (گوڵەخانە)دا دوو مزگەوت هەن: ١- ساڵی ١٩٦٠ لەبەردەم گوندەکە و لەسەر کانییەک مزگەوتێک بە بەرد و قوڕ و دار لەلایەن (حاجی مەحموود محەممەد)ەوە دورستکراوە، دواتر لە ساڵی ١٩٩٦ لە هەمان شوێن لەسەر ئەرکی (محەممەدی حاجی مەحموود) مزگەوتەکە گەورە کراوە و نۆژەنکراوەتەوە. ساڵی ٢٠٠٠ ڕوخێنراوە و مزگەوتی دووەم دروستکراوە‌. ٢- ساڵی ٢٠٠٠ لەناو گوندەکەدا لەلایەن ڕابیتەی ئیسلامییەوە لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) دروستکراوە و ئاوی بۆ ڕاکێشاوە. لە ئێستادا کراوەیە و مامۆستا (مەلا محەممەد ڕۆستەم) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

گوندە

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (گوندە)، ساڵى ١٩٨٧ ‌لەکاتى ڕاگواستنى گوندە سنورییەکاندا ڕوخێنراوە. ساڵی ١٩٩٦ لەسەر ئەرکی ڕابیتەی ئیسلامی کورد، دروستکراوەتەوە، یەک نهۆمە و یەک دەروازەی هەیە، منارەی هەیە. نوێژی هەینی تێدا ئەنجامنادرێت، مامۆستای فەرمی نییە.

گۆمەلار

کەوتووەتە باشوری گوندی (گۆمەلار). لەگەڵ بونیادنانی گوندەکەدا لە ساڵی ١٩٥٤ خەڵکی گوندەکە لەسەر ڕووبەری (٨٠م٢) دروستکراوە. ساڵى ١٩٨٧ ‌لەکاتى ڕاگواستنى گوندە سنورییەکاندا ڕوخێنراوە. ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە دروستکراوەتەوە. ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن خێرخوازانەوە نۆژەنکراوەتەوە و فراوانکراوە. لە ئێستادا مامۆستای بۆ دانەمەزراوە.

گێڵەک

کەوتووەتە باشوری گوندی (گێڵەک)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ساڵی ١٩٦٩ لەسەر ئەرکی (حاجی ساڵح گێڵەکی) بە بەرد و قوڕ لەسەر ڕوبەری (٨٠م٢) دروستکراوە. پاش ڕاپەڕین، لەسەر ڕووبەری(٣٥٠م٢) دووبارە مزگەوتەکە دروستکراوەتەوە و گەورە کراوە. لە ئێستادا بە فەرمی مامۆستای بۆ دانەمەزراوە و نوێژی هەینی تێدا ‌ناکرێت.

لالۆمینەی

کەوتووەتە سەرەتای گوندی (ئەحمەدئاوا). بە (مزگی لالۆ مینە) ناسراوە. حەرەمێکی نوێژکردنی ١٠ بە ١٥م و شوێنی دەستنوێژگرتن و مردووشتنی هەیە. بە بلۆک و چیمەنتۆ و کۆنکرێت دروستکراوە. لەبەرئەوەی لەسەر ڕێگەی گەشتیارییە، زۆرتر ڕێبواران کەڵکی لێدەبینن و هەندێک جاریش پرسەی تێدا دادەنرێت.

لامەرکەزى

کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتى گوندی (لامەرکەزی). ساڵى ١٩٨٢ لەلايەن حکومەتەوە دروستکراوه. ساڵى ١٩٨٧ ‌لەکاتى ڕاگواستنى گوندە سنورییەکاندا ڕوخێنراوە. ساڵى ١٩٩٩ دانيشتوانى گوند بەهاوکارى (هيئة الاغاثە الاسلامية العالمية) دروستيانکردووەتەوە‌. يەک نهۆمە و يەک دەروازە و یەک منارەى هەيە. بە فەرمی پێشنوێژى بۆ دابیننەکراوە، بەڵام نوێژى هەينى تێدا ئەنجامدەدرێت و لە ئێستادا مامۆستا (مەلا جەليل محەممەد عەزيز) وتاربێژى مزگەوتەکەيە‌.

مامۆستا شەماڵ موفتى

کەوتووەتە‌ خواروو گوندى (جەليله). لە قۆناغى بونيادناندايە و لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستدەکرێت. دوو نهۆمه.

مامۆستا مەلا عەبدولکەريمى مودەڕيس

کەوتووەتە‌ گەڕەکى شارەوانى لەناو شاری هەڵەبجە. پێشتر ئەم گەڕەکە بە موجەمەعى عەنەب ناسرابوو، ساڵى ٢٠١٣ لەلايەن خێرخوازێکەوه(حاجى موعتەسەم تەوێڵەيى)‌ دروستکراوە، دروستکردنەکەى نزيکەى سێ بۆ چوار ساڵى خاياندووە. حەوت دەروازەى چوونە ژوورەوەى هەيە، بەڵام هەريەکەيان بۆ مەبەستێک بەکاردێت، دوو نهۆمە، يەک هۆڵى پرسەى پياوانى هەيە، گومەزى هەيە. هەر لە مزگەوتەکەدا بەشى تايبەت بە نوێژخوێنانى ئافرەتانى تێدایە‌. دوو کتێبخانەى هەيە، يەکێکيان تايبەتە بە مەدرەسەی ئايينیى مزگەوتەکە و ئەوى ديکەيان تايبەتە بە پێشنوێژ و وتارخوێنى مزگەوتەکە. لە سەرەتاوە هەتا ئێستا مامۆستا مەلا فەلاح جەميل جەعفەر پێشنوێژ و وتارخوێنى مزگەوتەکەيە.

مەتا

کەوتووەتە ناو گوندی (مەتا)وە. ساڵی ٢٠٠٦ لەسەر ئەرکی (حەمەئەمین حامید ڕەشید) لەسەر ڕووبەری (١١٠م٢) دروستکراوە. هەتا ئێستا بە فەرمی مامۆستای بۆ دانەمەزراوە.

مەحوی

کەوتووەتە گەڕەکی (مۆردانە) و لە سەر ڕێگای سەرەکی گوندی (باوەکۆچەک)ە. ساڵی ٢٠١١ لەسەر ئەرکی خێرخوازان دروستکراوە. زەوییەکەی موڵکی حکومەت بووە. دوونهۆمە و دوو دەروازەی هەیە. منارەی هەیە. ژووری کتێبخانە و هۆڵی هەیە، هۆڵێکی پرسە بە تەنیشت مزگەوتەکەوەیە‌ و بە هەمان ناوەوە دروستکراوە. نوێژی هەینی تێدا ئەنجامدەدرێت. هەتا ئیستا مامۆستای فەرمی بۆ دانەمەزراوە، بەڵام مامۆستا (هیوا محەممەد) بە شێوەی خۆبەخش پێشنوێژ و وتاری هەینی پێشکەشدەکات.

مەدینە

کەوتووەتە‌ خۆرئاوای گوندی (بامۆک) لە نێوان کانیی شێخ و بامۆک. کەوتووەتە سەر کانیی (میروەیس). ساڵی ٢٠١٧ دروستکراوه، زەوییەکەی لەلایەن(حاجی حسەین عەلی عەبدولقادر)ەوە کڕراوە و هەرخۆشی دروستیکردووە، بەڵام تا ئێستا تەواونەکراوە و مامۆستای فەرمی نییە. یەک نهۆمە، منارەیەکی سادەی هەیە، نوێژی هەینی تێدا ناکرێت و پرسەشی لێ دانانرێت.

مەلا صالح

لە سەرەتادا بە (مزگەوتی تازە) و دواتر بە مزگەوتی (کانیعاشقان) ناسراوە. ساڵی ١٩٤٦ لە گەڕەکی (کانیی عاشقان) دروستکراوە، دواتر ناوەکەی گۆڕاوە بۆ (مزگەوتی مەلا صالح). ناونانەکەی بۆ مامۆستا مەلا صالحی گەورە دەگەڕێتەوه،‌ کە لە سەرەتای دروستکردنی مزگەوتەکەوە هەتا کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، ئیمام و وتاربێژی مزگەوتەکە بووە. ناوبراو بۆ دروستکردنی حوجرەیەک بۆ فەقێکانی لە بەرانبەر مزگەوتەکەدا، بینایەکی دوو نهۆمی بە خشت و قوڕ دروستکردووە. هەتا ئێستا چەندین جار نۆژەنکراوەتەوه، کە دواجاریان ساڵی ١٩٩٨ بووە. سەرچاوەی ئاوی مزگەوتەکە ئاوی بیر و تۆڕی ئاوی حکومییە. لە ئێستادا نوێژی هەینی تێدا دەکرێت. مامۆستا مەلا سامان وتاربێژی مزگەوتەکەیە.

مەلا عەبدوڵا گوڵپى

ساڵى ١٩٧٦ لەسەر ئەرکى مامۆستا (مەلا عەبدوڵا‌ گوڵپى) دروستکراوە‌. لەو سەردەمەدا خۆى مامۆستاى ئيمام بووە. سەرەتا ناوى مزگەوتەکە ناوى (ئيمامى نەوەو‌ى) بووە. بازاڕى خورماڵ و مزگەوتى گەورەی بەیەکە‌وە بەستووەتەوە‌. لە ساڵانى جەنگى (عێراق – ئێران)ـدا ڕووخاوە. ساڵى ١٩٩١ لە لايەن دەزگاى خێرخوازیى (سەلام)ەوە نۆژەنکراوەتەوە و ڕووبەرەکەى فراوانکراوە. دوو منارە و سێ دەروازەى هەيە. مامۆستاى فەرمی بۆ دانەنراوە. بانگبێژی هەيە، نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. سەرچاوەی ئاوی مزگەوتەکە ئاوى (گەنجان) و بیرە. ساڵى ٢٠٢٢ لە لايەن مەکتەبى ئيدارە و دارايى گشتیى يەکێتیى نيشتيمانیى کوردستانەوە (هۆڵى حاجى حەيات)ی لێ کراوەتەوە و تايبەت کراوە بە پرسە و بۆنە کۆمەڵايەتيیەکان.

مەلا فایەق

کەوتووەتە (گردەگرێ) لە سنوری گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). مەلا (فایەقی یاڵانپێ)، کە مەلای گوندەکە بووە، له ‌ساڵێکدا چل ڕۆژ ڕۆیشتووە بۆ ناو خەڵوەتگەکەی قورئانی ‌خوێندووە و خواپەرستی کردووە. لەبن تاشەبەردێکدا بووە، کە ڕووبەرەکەى نزیکەی (٢بە٣م٢) بووە. لە ئێستاشدا شوێنەوارى ماوە.

مەلا نەزیر

مزگەوت و خوێندنگا و خانەقا و چلەخانەیە. کەوتووەتە بەشی چلانە و خوارووی گەڕەکی مەلایان لە تەوێڵە. لەلایەن سۆفی ئەحمەدی باپیرە گەورەی مەلانەزیرەوە دروستکراوە. بە حوجرەکەی مەلا نەزیر و قاپی شێخ ناسراوە. دووبەش بووە، بەشی پیاوان و بەشی ژنان. شوێنی ئیرشاد و مردنی شێخ عوسمانی سراجەدین بووە. ناوەندێکی زانست و زیکر بووە، سەی قوتبەدین باپیری سەی فەتحە سەرپەرشتیکردووە. لە هەشتاکاندا بە هۆی شەڕی (ئێران – عێراق)ـەوە ڕوخێنراوە.

مەلانەزیر

کەوتووەتە سنوری شارەدێی (تەوێڵە) لەسەر ڕێگەی هانەسووسوو - ئاوێسەر. ساڵی ٢٠١٤ بەشێوەیەکی هونەریی دروستکراوە و ساڵێکی خایاندووە. بیرۆکەی دروستکردنەکە هی بنەماڵەکە بووە لەوانە (ئەحمەدی نەزیری، مامۆستا مەلا عوزێر). کەرەسە بەکارهاتووەکانی لە بەردی ناوچەکەن و وەستای شارەزوور دروستیکردووە. شێوە ئەندازەییەکەی بووەتە جێ سەرنجی گەشتیاران. دوو نهۆمە و هەشت منارەی هەیە وەک ئاماژە بۆ دەرگاکانی بەهەشت. ژیاننامەی مەلانەزیر لە دەرەوەی مزگەوتەکە نوسراوەتەوە. نهۆمی خوارەوە لە شێوەی هۆڵێکدایە. سەرئاو و شوێنی دەستنوێژ و نوێژکردنی هەیە. شوێنی تایبەتی پێداویستی ژنانی تێدایە. نهۆمی سەرەوە میحرابێکی تایبەتە و شوێنی نوێژخوێندن و قاسەیەک، کە قورئانە دەستنوسەکەی مەلانەزیری تێدا پارێزراوە. نوێژی هەینی تێدا دەکرێت. لەبەر ئەوەی کەوتوەتە شوێنێکی گەشتیارییەوە خزمەت بە گەشتیاران دەکات.

پێشتر 1
...
10 11 12
...
39 دواتر