دەگاشێخان: ئەبوعوبەیدەی جەڕاح
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
کەوتووەتە گوندی دەگاشێخانی هەورامان. لە کۆندا ناوی مزگەوتی شێخ ئەحمەدی جامی بووە و ئەو دروستیکردووە. شێخ ئەحمەد و حەوت برای لەجام و لەنگەری پاکستانەوە لە دەوروبەری ٧١٦ کۆچییەوە هاتوونەتە ئێرە و ئاوەدانیانکردووەتەوە. لە سەردەمی مستەفابەگی جافر سوڵتاندا ساڵی ١٩٣٠ نوێکراوەتەوە و یەکەم مەلای مزگەوتەکە مەلاعوسمان بووە. دوای ئەو مەلا عەباس مەریوانی لە خانەقای بیارەوە نێرراوە بۆ مزگەوتەکە، مەلا مستەفا محەممەد (مەلا سوورەی بیارەیی) و مەلا ساڵحی قەرەداغی و مەلا کەریم فەقێ، مەلایەتیان تێداکردووە. بابا مستەفا شێخ عارف وتاربێژ و هاوکار و بانگبێژ و خزمەتکاری مزگەوت و باخەکانی بووە. هەتا ساڵی ١٩٧٨و ڕاگواستنی دەگاشێخان. دوای ڕاپەڕین خەڵکی ناچنەوە گوندە کۆنەکە، لە نزیک جادە خانوو دروستدەکەنەوە، بە هەوڵ و تێکۆشانی چەند مامۆستا و خێرخوازێک دیواری مزگەوتەکە بونیادنراوەتەوە. دەستگای خێرخوازیی ڕابیتەی ئیسلامی وەک یەکەم مزگەوتی کوردستان، سەرگرتنی دەگرێتە ئەستۆ و مزگەوتەکە ناودەنێن ئەبوعوبەیدە. مردوو شۆر و چەند سەرئاوێکی هەیە و لە پاڵیدا دوو ژوور و هەیوانێک بۆ حوجرەش دروستدەکات، دواتر مامۆستا ئەسعەد دەیکاتە قوتابخانەی گوندەکە. ساڵی ٢٠٠٢ مامۆستا ڕێبوار سەلیم حەیدەر بەڵخەیی دەبێتە مەلای مزگەوتەکە و دوای ئەویش مەلا فارس حەمەتەیب. ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر ئەرکی خێرخواز شێخ جەمال شێخ کازم لە بناغەوە دروستکراوەتەوە. مامۆستا ڕابەر سەیفەدین تەوێڵەیی مامۆستایەتی. نوێژی هەینی تێدا دەکرێت.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار (د. عادل سدیق) لەگەڵ (ئيسماعيل ئەحمەد)ی ئەندازيارى جێبەجێکردنى پرۆژەکە، لەدایکبوو: ١٩٥٩، لە ٢٩ی ٣ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار (هومایۆن ساحیب کەریم) لەگەڵ مامۆستا (جەمال حەبیبوڵڵا "بێدار")، لەدایکبوو: ١٩٤٧، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستای خانەنشین، لە ٦ی ٢ی ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار (هومایۆن ساحیب کەریم) لەگەڵ مامۆستا (ئەسعەد خواکەرەم ئەحمەد)، لەدایکبوو: ١٩٥٧، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستای خانەنشین، لە ١٠ی ٢ی ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.
- سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٠٥، ل١٢٩١.
ئامادەکردنی: د. عادل سدیق عەلی,هومایون ساحیب کەریم