بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
جەڕاح و پزیشکی میللییە. بە (مامۆ جافە) و (جافەی فەتاحە) ناسراوە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٩٧ لە شارۆچکەی بیارە لەدایکبووە. شارەزاییەکی باشی لە تیمار و چاککردنەوەی بریندا هەبووە. کاری چارەسەری بە بێبەرانبەر کردووە. ئارەزووی لە ڕاووشکار بووە. ساڵی ١٩٦٨ لە بیارە کۆچیدواییکردووە.
ناوی تەواوى (سەعید عەزیز ڕەحمان). ساڵی ١٩٠١ لە گوندی(عاموورە) لەدایکبووە. یەکێک بووە لە پزیشکە میللییەکانی ئەو ناوچەیە. دان_کێشان و کاری جەراحی کردووە. بۆ ساڕێژکردنى برینەکان، دەرمانی کوردەواری بەکارهێناوە و له گوندەکانی دەورەبەری عاموورەوە سەردانیانکردووە. ئەم پیاوە زیاتر لە ٣٠ ساڵ بەردەوام خزمەتى خەڵکى ناوچەکەى کردووە. ساڵی ١٩٩٧ لە قەزای شارەزوور کۆچیدوایکردووە. لەپاش خۆیشی، کوڕێکی بەناوی حاجی عارف، هەمان کاری باوکی دەکات.
ناوی (عیزەت حەبیب قادر)ە. ساڵی ١٩٤٢ لە گوندی (میریسوور)ی سەر به شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. به گەنجی دەستی داوەتە کارەکە و هاوڵاتیانى گوندەکە و گوندەکانى سنورەکە پشتیانپێبەستووە. جگە لەوەی وەک جەراحێک دەست و قاچی شکاوی گرتووەتەوە، دەرمانی گیایی بەکارهێناوە. ساڵی ٢٠١٠ کۆچیدواییکردووە.
ئەمیندار و خەزنەداری (حەمەپاشا) و (مەحموود پاشای جاف)ـە. ناوی (مەحموود کوڕی یاروەیس کوڕی کەمال کوڕی یوسف)ـە. لە بنەچەدا (کڵاشی)یە و لە ناوچەی بنجۆی جوانڕۆن. ساڵی لەدایکبوونی دیارنییە. مەلای تایبەتی بۆ گیراوە بە پلەی باشی خوێندەواری گەیشتووە. شارەزایی باشی لە دەرمانسازیدا هەبووە. لە شارەزوور و دەوروبەری وەک حەکیم ناسراوە. پاش مردنی یاروەیسی باوکی، سەرپەرشتی هۆزی یاروەیسی کردووە. دەوڵەمەند بووە و لە ناو جافدا ڕەوگ و ڕانەمەڕی بەناوبانگ بووە. لە گەرمیانەوە تا شلێر لەوەڕگە و شوێنی گیرسانەوەی هەبووە. لەبەر دووربینی، وازی لە کۆچ هێناوە و لە نوەری ناوچەی نەورۆڵی نیشتەجێبووە. پاشان موڵکی لە پریس کڕیوە، لە هەڵەبجەش موڵک و کانیاوێکی کڕیوە، کە بە ئاش و باخی مەحموود یاروەیس بەناوبانگە. لە نێوان عەنەب و هەڵەبجە و خورماڵ و سیروان، جۆگە ئاو و زەویی بەراوی زۆری کڕیوە. شەش کوڕی هەبووە. چەند جارێک چووەتە ئەستەنبوڵ. بە فارسی و کوردی (هەورامی و کرمانجی ناوەڕاست) شیعری نوسیوە و شیعری شاعیرانی لە کەشکۆڵەکەیدا کۆکردووەتەوە. هاوڕێی مەولەوی بووە و شیعر و نامەی شیعری لە نێوانیاندا هەبووە. پەیوەندیی ڕۆحی بە شێخانی تەوێڵە و بیارەوە هەبووە. ساڵی ١٩٠١ کۆچیدواییکردووە.
ناوی تەواوی حەبیبەخانی ڕۆستەم بەگی یارئەحمەدبەگە. ساڵی ١٩١٠ لە ئاواییی ڕۆستەم بەگ لەدایکبووە. دایکی بڵباسە و باوکی وەڵەدبەگییە. خێزانی حەمەسەعیدبەگی دەرەشیش بووە و حەوت منداڵی هەبووە. شارەزاییەکی زۆری لە نەخۆششیەکاندا هەبووە و لە ڕێگەی دەرمانی کوردەواری و گیای دەرمانییەوە چارەسەریکردوون. لە هەڵەبجە و خورماڵ و هەوراماندا ناوبانگی هەبووە. ساڵی ١٩٨٩ کۆچیدواییکردوە.
ئەو کەسە بەئەزموونانەن، کە پێش هاتنی داوودەرمان و پێشکەوتنی تەندروستی و پزیشکی، لە ڕۆژگاری خۆیاندا کاریانکردووه، لەوانە (محەممەد بەهادین، حیسامەدین، ئەحمەد شێخ محەممەد، میرزا عبدالقادر، وەستا عەزیز دەلاک و جەعفەر و سادقی کوڕی و سدیق و عەبدولڕەحمانی کوڕەزای، مامۆستا باباحاجی، ئیمام محەممەد خالد، حەمەڕەحیمی وەستا نادر، نادر حەمەعەزیز، حەکیم مەولود، خاتو ڕەحمە، بەیزای وەستا حەمەئەمین، شەمسە ئەڵڵا وەیس، عەینای حاجی حەمەد، حەفسەی نەجیبەفەنی).
جوولەکەيەکى خەڵکى خۆرهەڵاتى کوردستانە. لە بواری داوودەرماندا شارەزايى هەبووه. لە سەردەمى دەوڵەتى عوسمانيدا له سنورى قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە) کارى پزيشک(تەبیب)ی کردووە و ماوەيەکش پزیشکی تایبەتی ماڵی عادیلەخانم و عوسمان پاشاى جاف بووە.
ناوی (حەمەعەلى عەزیز مرادخان)ـە. بە (پیاوە دانسازەکە) ناسراوە. ساڵى ١٩١٥ لە گوندی (هانەیدن) لەدایکبووە. لە کاتی نەبوونی پزیشک و نەخۆشخانەکان لە گوندەکاندا، وەک شارەزا و حەکیم ڕۆڵیبینیوە. بە گاز و پلایس و بەبێ بەنج، کاریکردووە. لە ساڵانى شەستەکانەوە دەستیپێکردووە، تاکو کۆتایی ساڵانی حەفتاکان و ڕاگواستنی گوندەکان بەردەوامبووە. جگە لە خەڵکی گوندەکە لە گوندەکانى (سەرگەت) و (دەرەیمەڕ)یشەوە نەخۆش و چارەخواز هاتوونەتە لاى. ساڵى ١٩٨٨ کۆچیدوايیکردووە.
پزیشکی میللی، مامان، ئەستێرەناس و خزمەتگوارە. ناوی (مەنیجە کچی شاکەرەم وەیسی یارئەحمەدی خواکەرەم)ـە. ساڵی ١٩٢٧ لە گوندی گریانە لەدایکبووە. وەک ئەسترەناسێک لە مانگی ڕەمەزاندا و پشت بە شایەتییەکانی بەستراوە. پیشەی مامانی لە خاتوو عایشەی دایکییەوە بۆ ماوەتەوە. مردووشۆری گوند بووە، سەرگوزەشتە و شیعری میللی زۆری لەبەربووە، دەنگی خۆش بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و گەرچی ١٩ منداڵی بووە، بەڵام تەنها منداڵێکی بۆ ماوەتەوە. ساڵی ١٩٨١ لە شەڕی عێراق و ئێراندا دەستگیرکراوە و ساڵی ١٩٩١ ئازادکراوە. ساڵی ٢٠١٤ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی غەریبان لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.
ساڵی ١٩١٠ لە گوندی (پاڵانیا)ی هەورامان لەدایکبووە. کاری مامانی و بۆنبڕی و فریشک_کەوتن و ناوک_گرتنەوە و مەڵاشو بردنەوە شوێن خۆی و ترس دەرکردن... هتدی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ساڵی ١٩٨٩ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکسپێرراوە.
خەجێ عەلی ناسراوە بە خەجێی مامەلی، یەکێکبووە لە پزیشکە میلليیەکانی گوندی (بانیشار)ی سەر به شارۆچکەی (خورماڵ). خەجێی مامەلی توانیویەتی بەبێ بەنج، بەگازی ڕەش دان هەڵبکێشێت و هەروەها کاری مامانیشی کردووە، زياتر لە ٣٠ ساڵە لە گوندی بانيشار خزمەتى خەڵکەکەى کردووە، تەنانەت لە گوندەکانى (میریسوور، عاموورە، یەڵانپێ، شیرمەڕ) بۆ چارەسەر، سەردانى ئەم ئافرەتەیان کردووە. لەساڵی ١٩٢١ لەدایکبووه، ساڵی ١٩٨٨ کۆچیدواییکردووه.
پزیشکی میللی و قسەخۆشە. ناوی (ئەحمەد عەلی قادر)ە. لە بنەچەدا لە سەیدەکانی چۆڕ و نەنەی مەریوانن لە خۆرهەڵات، لە سەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوودا لەدایکبووە. قسەزان و چاکەخواز و خانەدان بووە، شارەزایی لە دانکێشان و هەندێک چارەسەردا هەبووە، ئەزمونی ژیانێکی دەوڵەمەندی هەبووە و دەمودوو شیرین بووە، بە شێوازێکی تایبەت چارەسەری زۆربەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کردووە. خێزاندار بووە. دوای ئەوەی کوبرای خوشکی ساڵی ١٩٨٣ کوژراوە، خۆی و خێزانیشی لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا، ساڵی ١٩٨٤ لە شارۆچکەی سیروان کوژراون.
ناوی (عەبدوڵا حەمەشەریف وەلید)ه. ساڵی ١٩٠١ لە گوندی (حەسەنئاوا) لەدایکبووە. بەهۆی ئەوەی بۆ بژێوی ژیانی خەریکی کاری ئاژەڵداری بووە، شارەزایی لە چارەسەرکردنی پەلەوەر و ئاژەڵە ماڵی و کێوییەکاندا پەیداکردووە. لەڕێگەی پێدانی دەرمانی کوردەواری بە نەخۆش، نازناوی (حەکیم)یان لێناوە. چوارجار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە گرتنەوەی دەست و قاچی شکاو، لەجێ چووندا، شارەزا بووە و لە گوندەکانی دەوروبەری تەپەکوڕەوە نەخۆش سەردانیکردووە.
ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی (خەرپانی) لەدایکبووە. بە (حاجی عێزەت) ناسراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دە منداڵە. لە شاری هەڵەبجە لە گەڕەکی شارەوانی و نزیک مزگەوتی ئوسامە دادەنیشێت. کاری جوتیاری دەکات و فەرمانبەری خانەنشینە. بە ناوک_گرەوەیەکی شارەزا ناوبانگی ڕۆیشتووە و ئەم پیشەیەی لە باووباپیرانیەوە بۆ ماوەتەوە. لە ناو شاری هەڵەبجە و دەوربەریەوە سەردانیدەکەن. شارەزاییەکەی کردووە بە خێر و بە بێبەرانبەر ئەم کارە ئەنجامدەدات. کاری جوتیاری دەکات و فەرمانبەری خانەنشینە.
ساڵی ١٩٠٨ لە گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. کاری مامانی و جەڕاحی کردووە و شارەزایی لە شکاوی و گرتنەوەی قاچ و دەستدا هەبووە. نزیکەی ٦٠ ساڵ خزمەتی خەڵکی گوندەکە و گوندەکانی دەوروپشتی کردووە. دەگێڕنەوه، کە نەشتەرگەی بۆ پەلەوەر کردووە. ساڵی ٢٠١٠ لە شارۆچکەی خورماڵ کۆچیدواییکردووە.
خەڵکی گوندی (بیاوێڵە) بووە. ساڵی ١٩٣٧ بۆ ١٩٧٣ ژیاوە. کاری دەرزیلێدان و تەداوی بووە. لە هیچ دامەزراوەیەک و پەیمانگایەکی تەندروستی نەیخوێندووە، بەڵکو بە شێوەیەکی سروشتی فێربووە. لە زۆربەی گوندەکانی چواردەوری بیاوێڵە و بناری شاخی شنروێدا، ئەو کارەی ئەنجامداوە.
قەیوم عەبدولکەریم عەبدولمەجید (ڕووەکناس) ساڵی ١٩٥٦ لە شارۆچکەی تەوێڵە لەدایکبووە، سێ ساڵی سەرەتایی هەر لە تەوێڵە خوێندویەتی، ساڵی ١٩٦٥ هاتوەتە سلێمانی و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی و هەڵەبجە تەواوکردووە، ساڵی ١٩٧٣ چووەتە ئامادەیی بەکرەجۆ و تەواویکردوە. ساڵی ١٩٩٢ دەرمانخانەیەکی گیایی دادەنێت، ساڵی ٢٠١٨ کارگەیەکی بچوکی بەرهەمهێنانی ڕۆنی زەیتونی سروشتی دادەمەزرێنێت، ساڵی ٢٠٠٧ لە وەزارەتی کوشتوکاڵ لە بەشی غاباتی گۆیژە کاردەکات، دواتر لە بەشی توێژینەوەی هەمان وەزارەت بەردەوامدەبێت و بەشی ڕووەکی پزیشکی لە بەشی توێژینەوەی وەزارەت دادەمەزرێنێت، کۆمەڵەی سروشتیناسان دادەمەزرێنێت و ساڵی ٢٠٠٧ دەبێتە سەرنوسەری گۆڤاری (هەگبەی سروشت)، کە زمانحاڵی کۆمەڵەکەیە، ساڵی ٢٠١٢ بڕوانامەی ئەکادیمیای پزیشکیی تەواوکاری زانکۆی حەلوانی بەدەستهێناوە بەرهەمێکی وەرگێڕاوی هەیە بەناوی (زیندەخۆر).
کۆمەڵە ژنێکی ناودار و شارەزای نەخۆشییەکانی ژنان و چارەسەری دەرمانی گیایی بوون بۆ هەندێک نەخۆشی. هەشیانبووە توانای چەند نەشتەرگەرییەکی بچوکی وەکو دومەڵ و مایەسیرییان کردووە. لەوانە: (خاتو ڕەحمە، بەیزای وەستا حەمەئەمین، شەمسە ئەڵڵا وەیس، عەینای حاجی حەمەد، حەفسەی نەجیبەفەنی گوڵەی ئەڵڵا وەیس، شیرین "دایکی دەروێش محێدین"، نوريجان خالد، گوڵێ، ڕەیحان حەمەساڵح، عەینا حەکیم مەولود، ئامینە عەبدولڵا ڕەزا، دەڵوەت عەلی، یاسەمەن حەمەئەمین، کۆفێ تۆفیق مسەفا، سۆسەنی ژنی سلێمان حەمەڕەحیم، ماما ئامێی لاوە، ئامینەقادر حاجیلە، خەرامان عەبدولعەزیز، بەهیە سەعید، سەی فەرخی، نەجاتێی لالۆ جافە، سافیە مەحموود حەمە). کەسێکی وەک (خاتوو سافییە مەحموود) چەندین نەشتەرگەری و چارەسەری بۆ مایەسیری کردووە.
هەندێک ژنی دەست زێڕین بوون و وەک پزیشکی میللی و ئەزمووندار بەفریای کاروباری لە دایکبوون کەوتوون. ئەوانیش: (فاتمە بەشیر جەمشیر، فاتیمە فەتاح، لەیلا عەزیز ڕەحمان). چارەسەری هەندێک نەخۆشی وەک بە بۆن_کەوتن و ناوک_کەوتن و ترس دەرکردن و گریانی منداڵانیان کردووە.
کۆمەڵە ژنیکی ناودار و شارەزای نەخۆشییەکانی ژنان و چارەسەری دەرمانی گیایی بوون بۆ هەندێک نەخۆشی. لەو ژنانه: (خاتوو زوبەیدە، پورە ڕیحان، دادە عەینای قوربانی، بەدریە کەریم، فاتە قلیان، قەتە جیهان).