حاجی مەحموود یاروەیس

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


لاپەڕەی 673

حەکیم

ئەمیندار و خەزنەداری (حەمەپاشا) و (مەحموود پاشای جاف‌)ـە. ناوی (مەحموود کوڕی یاروەیس کوڕی کەمال کوڕی یوسف)ـە. لە بنەچەدا (کڵاشی)یە و لە ناوچەی بنجۆی جوانڕۆن. ساڵی لەدایکبوونی دیارنییە. مەلای تایبەتی بۆ گیراوە بە پلەی باشی خوێندەواری گەیشتووە. شارەزایی باشی لە دەرمانسازیدا هەبووە. لە شارەزوور و دەوروبەری وەک حەکیم ناسراوە. پاش مردنی یاروەیسی باوکی، سەرپەرشتی هۆزی یاروەیسی کردووە. دەوڵەمەند بووە و لە ناو جافدا ڕەوگ و ڕانەمەڕی بەناوبانگ بووە. لە گەرمیانەوە تا شلێر لەوەڕگە و شوێنی گیرسانەوەی هەبووە. لەبەر دووربینی، وازی لە کۆچ هێناوە و لە نوەری ناوچەی نەورۆڵی نیشتەجێبووە. پاشان موڵکی لە پریس کڕیوە، لە هەڵەبجەش موڵک و کانیاوێکی کڕیوە، کە بە ئاش و باخی مەحموود یاروەیس بەناوبانگە. لە نێوان عەنەب و هەڵەبجە و خورماڵ و سیروان، جۆگە ئاو و زەویی بەراوی زۆری کڕیوە. شەش کوڕی هەبووە‌. چەند جارێک چووەتە ئەستەنبوڵ. بە فارسی و کوردی (هەورامی و کرمانجی ناوەڕاست) شیعری نوسیوە و شیعری شاعیرانی لە کەشکۆڵەکەیدا کۆکردووەتەوە. هاوڕێی مەولەوی بووە و شیعر و نامەی شیعری لە نێوانیاندا هەبووە. پەیوەندیی ڕۆحی بە شێخانی تەوێڵە و بیارەوە هەبووە. ساڵی ١٩٠١ کۆچیدواییکردووە.

سەرچاوەکان:

  1. کەشکۆڵی حاجی مەحموودی یاروەیس، لێکۆڵینەوە و ساغکردنەوەی، عوسمان محەممەد هەورامی، چاپخانەی ئۆفێستی بابان، سلێمانی، ١٩٩٨، ل١٩-٢٩، ١٨٣.
  2. یادی مەردان بەرگی دووەم مەلاعبدالکریمی مودەڕیس، چاپی یەکەم، انتشارات کردستان، ل٢٤٠.
  3. دیوانی مەولەوی، کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوە لێکدانەوەی: مەلا عبدالکریمی مدرس، چاپخانەی النجاح، بەغداد، ١٩٦١، ل٣٣.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

2

هاوبەشی پێبکە