کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1189 بابەت

لەتیفی جەراح

ناوی (لەتیف حەمەئەمین حەمەعەزیز)ه. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (عامووره) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتای لە گوندی شیرەمەڕ و ناوەندی لە خورماڵ و سیروان تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەشە منداڵە. ‌ساڵی ١٩٨٧ بۆیەکەمجار دەستی‌ بەکاری جەراحی کردووە. لە بوارەکانی دەست_شکان و قاچ_شکان و هەموو دەرچونەکانی جومگە وەک دەرچونی چەناگه ‌و فەقەرات و ناوک_گرتنەوەدا کاریکردوە. پاش ڕأپەڕین گەڕاوەتەوە و لە گوندى (شیرەمەڕ) نیشتەجێ بووە. خزمەتى بە خەڵکى ئەو گوندە کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٣ وە دانیشتوی قەزاى (سەیدسادق)ـه و خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکانی (خورماڵ و هەڵەبجه ‌و پێنجوێن و شارەزوورو سلێمانی) سەردانیدەکەن. فەرمانبەرە لە پەروەردی (سەیدسادق).

عاسۆ کەمالی

جەڕاح و پزیشکی میللییە. ناوی (عاسمە سلێمان محەممەد)ە. بە ناوی مێردەکەیەوە ناسراوە. ساڵی ١٩٥٢ لە لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی شەش منداڵە. لە ئێستادا دانیشتووی تەوێڵەیە و خەڵکی بۆ شکاوی لەجێچوون و ناوک-گرتنەوە، سەردانیدەکەن.

عەبدولکەريم

ناوی (عەبدولکەريم مەجید محەممەد)ه. ساڵی ١٩٥٤ لە گوندی (دەڵەمەڕ) لەدایکبووە. لە هەڵەبجە بە عەبدولکەريمى ئاڵەت و زەردەچەوە ناسراوە. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە گوندی (عەبابەیلێ) تەواوکردووە. ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە و پێنج کوڕ و سێ کچیان بووە. لە پشت_ئێشەیەکی خۆیەوە چووەتە بوارەکەوە و کەڵکی لە شارەزایی (غەریب ھاواری "کاکەيى") وەرگرتووە. ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆش و خەڵکی وەک خۆیان دەڵێن لەسەردەستی عەبدولکەریمی جەڕاح لە ئازار و نەخۆشی ڕزگاریان بووە. لە ساڵی ١٩٩١ەوە دوکانی وشکەفرۆشی و بەھاراتی لە هەڵەبجە داناوە و کاری گیادەرمانیشی تێکەڵ بەکارەکەی کردووە.

لالۆسیاوە

جەڕاحی نارنجڵەی هەورامان بووە و لە ناوچەکەدا بەناوبانگ. ناوی (مەحموود محەممەد عەبدوڵا)یە و بە (مەحموود مەحل)یش ناسراوە. ساڵی ١٩٢٤ لەدایکبووە. شارەزایی لە شکاویدا هەبووە و وەک پزیشکی میللی خزمەتیکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی حەوت منداڵە. سااڵی ٢٠٢٠ کۆچیدواییکردووە و لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.

وەستا غەریب

ناوی (غەریب تۆفیق بارام)ـە. ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە. پیشەی جەڕاحی لە باوکییەوە فێربووە. شارەزایی لە: شکاوی، دەرچوونی جومگەکان، کێشەکانی فەقەرات و... هتدا هەیە و چەندین کەسی چارەسەرکردووە لە ئێستادا لە سلێمانی نیشتەجێیە.

وەستا مەحموود

جەڕاحە. ناوی (مەحموود جەعفەر ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٥٤ لە گوندی (بەڵخە)ی هەورامان لەدایکبووە. لە باپیر و خاڵییەوە جەراحی فێربووە. لە ساڵی ١٩٩٠ەوە دەستی بەم پیشەیە کردووە. لە گەڕەکی شارەوانی نۆرینگەیەکی کوردەواری داناوە. شارەزایی لە: شکاوی، دەرچوونی جومگەکان، کێشەکانی فەقەرات... هەیە و چەندین کەسی چارەسەرکردووه. ساڵی ٢٠١٦ کۆچیدواییکردووە.

مامۆستا جەمالی جەڕاح

ناوی (جەمال ئەحمەد عەلی)یە. ساڵی ١٩٦٤ لە (گەچێنەی باخەکۆن) لەدایکبووە. دەچووی پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانە لە سلێمانی. پیشەی جەڕاحی لە باپیر و باوک و مامەیەوە وەرگرتووە. دوای کۆچیدوایی وەستا مەحموودی جەڕاح، بە فەرمی عەیادەی داناوە. لە ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە و هەورامانەوە، خەڵکی ڕوویان لێکردووە. سێ بڕوانامەی تایبەتمەندی لە تارانی پایتەختی ئێران بەدەستهێناوە، لە سلێمانیش بڕوانامە و مۆڵەتی وەرگرتووە. شوێنی کارەکەی کەوتووەتە گەڕەکی شەهیدان لە نزیک مزگەوتی شافیعی لە شاری هەڵەبجە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. یەکێک لە کوڕەکانی بەناوی (پێشەوا) ڕێچکەی باپیرانی وەرگرتووە و خەریکی پیشەکەیە. جگە لە پیشەی جەڕاحی، کاری مامۆستایە.

هوسەین عەبدولقادر کەریم نەیجەڵەیی

ساڵی ١٩٢٨ لە گوندی (نەیجەڵە)ی سەر بە شارۆچکەی سیروان لەدایکبووە. ساڵی ١٩٧٩ بەهۆی ڕاگواستنی گوندە سنورییەکانەوە گوندەکەیان ڕاگوێزراوە و لە ئۆردوگای زۆرەملێی زەمەقی نیشتەجێبووە. جگە لە کاری ئاژەڵداریی و مەڕوماڵات بەخێوکردن، کاری وەستای خانوبەرەی کردووە و دواتر دەستیکردووە بەکاری جەڕاحی و شارەزایی لە گرتنەوەی شکاویی و لەجێچوون و چارەسەری سووتاویشدا هەبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی نۆ منداڵە. ساڵی ٢٠٠٩ کۆچیدواییکردووە.

یاسین هوسەین عەبدولقادر کەریم

ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (نەیجەڵە) لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی بەدەستهێناوە و وەک مامۆستا دامەزراوە. پیشەی جەڕاحی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە و‌ تا ساڵی ٢٠٠٩، کە کۆچیدواییکردووە، بەردەستی کردووه. دواتر بەردەوامی بە پیشەکە داوه. بە زۆری لە ماڵەکەی خۆیدایە ئەم کارە ئەنجامدەدات و شارەزایی لە چارەسەری شکانی دەست، قاچ، باڵ، شاندا پەیداکردووە. خۆبەخشانە کارەکە دەکات و بەشێوەیەکی گشتی لە شەو ڕۆژێکدا ١٠ بۆ ١٥ نەخۆش دەبینێت.

ئەستێرە عەلی محەممەد مەحموود

مامان و پزیشکی میللیی ژنان و منداڵانە. ساڵی ١٩٥٠ لە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. پیشەکەی لە دایک و دەوروبەرەوە وەرگرتووە. لە دوای ڕاپەڕین و ئاوەدانکردنەوەی هەورامان لە ساڵی ١٩٩٤ەوە کاری مامانی کردووە و بە دەم سەدان حاڵەتی لە دایکبوونەوە و چووە. مۆڵەتی فەرمی کارکردنی هەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

ئەحمەد عەبدولمحەممەد کەریم

‌ساڵی ١٩٢٠ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە. لە گوندى (مەلاوەیسە) و گوندەکانى دەوروپشتییەوە ڕوویان لێکردووە. زۆرتر لە قوڕگ_ئێشە، شکاویى دەست و قاچگرتنەوەدا شارەزابووە. بە درێژایی زیاتر لە ٣٠ ساڵ خزمەتى بە خەڵکى کردووە. لە ئێستادا لە گوندی قەدەفەری دادەنیشێت‌.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

ئەمین ئەفەندی

جولەکەیەکی بەڕەگەز ئەڵمانییە. لە ئەڵمانیا قوتابخانە و کۆلێجی خوێندووە، جگە لە ئەڵمانی، فەڕەنسی و ئینگلیزیشی زانیوە. باوکی لە ئەستەنبوڵ پزیشک بووە و بەهۆی تاوانەوە دەرکراوە و هاتوونەتە بەغداد. ئەمین ئەفەندی و عەلی ئەفەندیی برای، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە لە بەغدادەوە هاتوونەتە هەڵەبجە و لەسەردەستی قازیی هەڵەبجە، مسوڵمانبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە. ئەمین ئەفەندی لە ماڵی عوسمان پاشای جاف و عەلی ئەفەندیی براشی چووەتە تەوێڵە و لەلای شێخ عەلی تەوێڵە ماوەتەوە. ئەمین ئەفەندی خۆی کردووە بە پزیشکی تایبەتی عادیلەخانم و ئەو کەرەستانەی وەک داودەرمان بەکاریهێناوە، زۆرتر لەلای دوکاندارە جوولەکەکانی شارەکە دەستیخستووە. ئەم دوو برایە لەناو هەڵەبجەدا زۆرتر بەخەڵکانێکی ناپەسەند و پیلانگێڕ و خراپەکار ناسراون.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

پیرۆز محەمەد نادر

ساڵی ١٩٣٣ لە هەڵەبجە لە دایکبووە. کاری نۆژداری و پزیشکی کوردەواری و مامانی و نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵانی کردووە. لەگەڵ چارەسەرەکانی نەخۆشیی پێست و بەڵەکی و هەوکردن و تینویەتی_کەوتن و ناوک_کەوتن. لە ڕێگەی گیادەرمان و بنێشتەکاڵ و توێکڵە هەنار و چەند گیراوەیەکی تر. خێزاندارە و خاوەنی حەوت منداڵ بووە. ساڵی ٢٠٠٠ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

تەیبەی حاجی فەرەج

چارەسەرکاری کوردەوارییە. ناوی (تەیبەی حاجی فەرەجی سلێمانی حەمەچاوەشی شۆڕەبەگ)ـە. ساڵی ١٩١٠ لە ھەڵەبجە لەدایکبووە. لە بنەماڵەی(سیانزەماڵە)یە. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵی هەبووە. بە شارەزای چارەسەری نەخۆشییەکان بە گژوگیای سروشتی ناسراوە، بە تایبەتی لەو نەخۆشییانەدا، کە پەیوەندی بە منداڵانەوە هەبووه و بێبەرانبەر ئەم کارەی کردووە. ساڵی ٢٠١٢ لە شاری ھەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵان بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

تۆفیق بارام مستەفا

یەکێکە لە پزیشکە میللی و جەراحە بەناوبانگەکانی ناوچەکە. ساڵی ١٨٦٠ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە. بە ڕادەیەک شارەزاو لێهاتووبووە کە خەڵکی ئەو بەسەرهاتەی بەناوە دەگێڕنەوە ئەوەی کە (گەورە پزیشکانی بەریتانی و ئێرانی پێی سەرسام بوون و هەوڵیان داوە خەستەخانەی تایبەتی بۆ بکەنەوە و لە شاری سلێمانی موچەی تایبەتی بۆ ببڕنەوە، بەڵام ئەو ڕەتیکردووەتەوە و وتویەتی "خەڵکی خۆمان بەجێناهێڵم". لەبەرئەوەی‌ شانی شکاوی (حەمەمین سانی هەورامی) چاککردووەتەوە و بەو هۆیەوە بۆ چەند ساڵێک دوای ئەوە کاروانی هاوارییەکان بۆ مایدەشت لە باج بەخشراون. مووچەی ئینگلیزەکانی نەویستووه،‌ یەکێکە لە جەنگاوەرانی شەڕی ئەشکەوڵ. غەریبی کوڕی و خەزانی کچی لە کاری جەڕاحیدا لەسەر ڕێگەکە بەردەوامبوون. ١٢١ ساڵ ژیاوە و لە ساڵی١٩٨١ لە شاری هەڵەبجە کۆچیدوایی کردووە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

جافر فەتاح ئەبوبەکر

جەڕاح و پزیشکی میللییە. بە (مامۆ جافە) و (جافەی فەتاحە) ناسراوە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٩٧ لە شارۆچکەی بیارە لەدایکبووە. شارەزاییەکی باشی لە تیمار و چاککردنەوەی بریندا هەبووە. کاری چارەسەری بە بێبەرانبەر کردووە. ئارەزووی لە ڕاووشکار بووە. ساڵی ١٩٦٨ لە بیارە کۆچیدواییکردووە.

حاجی سەعید

ناوی تەواوى (سەعید عەزیز ڕەحمان). ساڵی ١٩٠١ لە گوندی(عاموورە) لەدایکبووە. یەکێک بووە لە پزیشکە میللییەکانی ئەو ناوچەیە. دان_کێشان و کاری جەراحی کردووە. بۆ ساڕێژکردنى برینەکان، دەرمانی کوردەواری بەکارهێناوە و‌ له ‌گوندەکانی دەورەبەری عاموورەوە سەردانیانکردووە. ئەم پیاوە زیاتر لە ٣٠ ساڵ بەردەوام خزمەتى خەڵکى ناوچەکەى کردووە. ساڵی ١٩٩٧ لە قەزای شارەزوور کۆچیدوایکردووە. لەپاش خۆیشی، کوڕێکی بەناوی حاجی عارف، هەمان کاری باوکی دەکات.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

حاجی عیزەت

ناوی (عیزەت حەبیب قادر)ە. ‌ساڵی ١٩٤٢ لە گوندی (میریسوور)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. به ‌گەنجی دەستی داوەتە کارەکە و هاوڵاتیانى گوندەکە و گوندەکانى سنورەکە پشتیانپێبەستووە. جگە لەوەی وەک جەراحێک دەست و قاچی شکاوی گرتووەتەوە، دەرمانی گیایی بەکارهێناوە. ساڵی ٢٠١٠ کۆچیدواییکردووە.

حاجی مەحموود یاروەیس

ئەمیندار و خەزنەداری (حەمەپاشا) و (مەحموود پاشای جاف‌)ـە. ناوی (مەحموود کوڕی یاروەیس کوڕی کەمال کوڕی یوسف)ـە. لە بنەچەدا (کڵاشی)یە و لە ناوچەی بنجۆی جوانڕۆن. ساڵی لەدایکبوونی دیارنییە. مەلای تایبەتی بۆ گیراوە بە پلەی باشی خوێندەواری گەیشتووە. شارەزایی باشی لە دەرمانسازیدا هەبووە. لە شارەزوور و دەوروبەری وەک حەکیم ناسراوە. پاش مردنی یاروەیسی باوکی، سەرپەرشتی هۆزی یاروەیسی کردووە. دەوڵەمەند بووە و لە ناو جافدا ڕەوگ و ڕانەمەڕی بەناوبانگ بووە. لە گەرمیانەوە تا شلێر لەوەڕگە و شوێنی گیرسانەوەی هەبووە. لەبەر دووربینی، وازی لە کۆچ هێناوە و لە نوەری ناوچەی نەورۆڵی نیشتەجێبووە. پاشان موڵکی لە پریس کڕیوە، لە هەڵەبجەش موڵک و کانیاوێکی کڕیوە، کە بە ئاش و باخی مەحموود یاروەیس بەناوبانگە. لە نێوان عەنەب و هەڵەبجە و خورماڵ و سیروان، جۆگە ئاو و زەویی بەراوی زۆری کڕیوە. شەش کوڕی هەبووە‌. چەند جارێک چووەتە ئەستەنبوڵ. بە فارسی و کوردی (هەورامی و کرمانجی ناوەڕاست) شیعری نوسیوە و شیعری شاعیرانی لە کەشکۆڵەکەیدا کۆکردووەتەوە. هاوڕێی مەولەوی بووە و شیعر و نامەی شیعری لە نێوانیاندا هەبووە. پەیوەندیی ڕۆحی بە شێخانی تەوێڵە و بیارەوە هەبووە. ساڵی ١٩٠١ کۆچیدواییکردووە.

حەبەخان

ناوی تەواوی حەبیبەخانی ڕۆستەم بەگی یارئەحمەدبەگە. ساڵی ١٩١٠ لە ئاواییی ڕۆستەم بەگ لەدایکبووە. دایکی بڵباسە و باوکی وەڵەدبەگییە. خێزانی حەمەسەعیدبەگی دەرەشیش بووە و حەوت منداڵی هەبووە. شارەزاییەکی زۆری لە نەخۆششیەکاندا هەبووە و لە ڕێگەی دەرمانی کوردەواری و گیای دەرمانییەوە چارەسەریکردوون. لە هەڵەبجە و خورماڵ و هەوراماندا ناوبانگی هەبووە. ساڵی ١٩٨٩ کۆچیدواییکردوە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی
پێشتر 1
...
57 58 59 60 دواتر