بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵی ١٩٦٤ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، دەرچووی خانەی مامۆستایانی سلێمانی، بەشی وەرزشە. لە ئێستادا سەرپەرشیاری پەروەردەییە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە. سەرەتای ژیانی وەرزشی، لە ساڵی ١٩٧٥ لە قوتابخانەی هەڵەبجەی سەرەتایی، لە یاریی تۆپیپێ و تۆپی بالە و یاریی گۆڕەپان و مەیدان و بەرید و فڕێدانی قورساییدا دەستپێدەکات. لە خانەی مامۆستایانی سلێمانی و لە یاری تۆپیپێدا، بەشداریی چالاکیی وەرزشی کردووە. لە سەردەمی خۆیدا یاریزانی تۆپیپێ بووە. لەم تیپە وەرزشیانەدا یاریکردووە: کۆڵنەدەر، بۆکان، مەولەوی.
یاریزانە لە (ئەکادیمای کاراتیی خورماڵ). ساڵی ٢٠٠٣ لەدایکبووە. لە ساڵی ٢٠١١ەوە دەستیکردووە بە یاریی کاراتی و بەشداری چەندین پاڵەوانیەتی کردووە و پلەی بەرزی بەدەستهێناوە، لەوانە: ساڵی ٢٠١٥ چووەتە ڕیزی هەڵبژاردەی عێراق بۆ ماوەی هەشت ساڵ ماوەتەوە و لە وڵاتەکانی (مالیزیا، ئوزباگستان، کازاخستان و چین)دا، بەشداری لە چوار پاڵەوانیەتیی ئاسیاییدا کردووە، هەروەها لە سێ پاڵەوانیەتیی جیهانیی دیکەدا لە وڵاتەکانی (ئیماڕات، تورکیا و هەنگاریا)، بەشداریکردووە. خاوەنی پشتوێنی ڕەشی دان سێییە. ١٠ جار پلەی دووەمی لە پاڵەوانیەتیی کوردستان بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠١٧، ٢٠١٨، ٢٠١٩، ٢٠٢٣ لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەم، ساڵی ٢٠١٩ لەسەر ئاستی (ئاسیا) لەوڵاتی (مالیزیا) پلەی دووەم، ساڵی ٢٠٢٣ لە پاڵەوانیەتیی (ئۆڵۆمپیاتی ئاسیا) لە وڵاتی چین پلەی سێیەم، ساڵی ٢٠١٩ لە پاڵەوانیەتیی وڵاتانی عەرەب لە وڵاتی تونس پلەی یەکەم، ساڵی ٢٠١٦ لە پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتی لە ئیلام پلەی دووەم، هەمان ساڵ لە پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتی لە ئیلام پلەی سێیەم، ساڵی ٢٠١٩ لە پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتی لە تاران پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە.
یەکێکە لە جەڕاحەکانی گوندی (بەڵخە)ی هەورامان. ناوی (حەمەعەلی ساڵح فەتاح بەگ)ـە. ساڵی ١٨٨٩ لە بەڵخە لەدایکبووە. ناوبانگی بە هەورامان و کوردستاندا ڕۆشتووە، پورزای جافرسانە و یەکێک بووە لە هاوڕێ نزیکەکانی. بەشداری شەڕەکانی سانی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. باوکی جەڕاحی ناودار (حەمەساڵح بەگ)ـە. ساڵی ١٩٧٢ لە بەڵخە کۆچیدواییکردووە.
ئەو دەست و پەنجە بەخێرانەن پێش هاتنی داوودەرمان و پێشکەوتنی تەندروستی لە ڕۆژگاری خۆیان و بە درێژایی سەدەی بیست، خزمەتیانکردووە. لەوانه: (محەممەد ئەمین کوێخا ئەحمەد، ئیمام محەمەد خالد، ڕەشاد محەمەد، نەسرەدین دەروێش مەحیەدین، سادق محەمەد، نەسرەدین دەروێش محێدین، محەممەد غەفور، غەفور محەمەد غەفور،، سادق غەنی، حەمەسور، گوڵەی ئەڵڵا وەیس و جەمال و بەختیاری کوڕی و خەرامانی کچی).
١- حەمە عەزیز عەبدولکەریم فەقێ عەلی: ساڵی ١٩٤٠ لە گوندی (گریانە) لەدایکبووە. کوڕی پزیشک و مامانی بەناوبانگ مەلاژن ڕەعنا بووە. لە بەر خۆشەویستی و خزمەتەکانی بە گوندی گریانە، بە مامۆ حەماییز ناسراوە. یەکەم کەس بووە پیشەی جەراحی لە گریانەدا دەستپێکردووە. ساڵی ٢٠٠٤ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە. ٢- حەمەمین هەواس ڕەحمان: ساڵی ١٩٢٢ لە گوندی (گریانە) لەدایکبووە. بێجگە لەگرتنەوەی شکاوی و لە جێچوونی دەست و قاچی مرۆڤ، شکاویی ئاژەڵەکانیشی چارەسەرکردووە و تفەنگچییەکی باش و وەستایەکی باشی بنێشتکاریش بووە. ساڵی ١٩٨٣ لە شاری هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە.
ناوی سیدامینی سۆفی سەیدحەمەئەمینی سەید مستەفایە. بە پیاوە ئاڵتونییە نورانییەکە، دەلیلی داماوان ناسراوە. ساڵی ١٩١٧ لە سەرشاتە لەدایکبووە. بە گەنجی لەسەر ئاژەڵ دەست بە گرتنەوە و چاککردنەوەی شکاوی و درز و لەجێچووندەکات. پاشان دەبێتە حەکیم و جەڕاحی مرۆڤ و شێخ عوسمان و شیخ عەلادینی بیارە پشتگیری و دوعای سەرکەوتنی بۆ دەکەن. ژیری و زیرەکی دەنگدەداتەوە و لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش دێنە لای، چیرۆکی هەندێک چارەسەری وەک موعجیزە و کەرامات بە ناو خەڵکیدا بڵاوە. خۆبەخش و بەخێر کاریکردووە و پاداشت و پارەی وەرنەگرتووە. ساڵی ٢٠٠٠ کۆچیدواییکردووە و لە زەڕایەن نێژراوە.
جەراح و کەسایەتیی دیاری کەلهوڕە. ناوی (حەمەعەلی حسەین محەممەد). ساڵی ١٩١٤ لە گوندی (دێی حسەین) لەدایکبووە. شەش جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا موختاری گوندی (تەپەگوڵاویی سەروو: لامەرکەزی) بووە. ساڵی ٢٠٠٥ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵان لە شاری هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.
جەڕاح و پزیشکی میللییە. ناوی (خورشید حەکیم مەولود)ە. ساڵی ١٩١٠ لە گوندی (سۆسەکان) لەدایکبووە، شارەزایی لە شکاوی و گرتنەوەی ئێسک و هەندێک نەخۆشی ژناندا هەبووە. خام و سابوون و نەیجە و هێلکەی کوردی و نیوەنمەکی بۆ چارەسەرکردن بەکارهێناوە. زیاتر وەک خۆبەخش کاریکردووە. لە گوندەکانی دەوروبەریشدا سەردانیانکردووە. ساڵی ٢٠١٢ کۆچیدواییکردووە.
ساڵی ١٩٢٧ لە گوندی (کانی گوێز) لەدایکبووە. لە بنەماڵەی عێل بەگییە و کوڕە گەورە بووە. جەڕاحێکی بەناوبانگی گوندەکە و دەوروبەری بووە. هەمانکاتیش وەستای دیواربووە. لەپاش خۆی ١١ نەوەی هەبووە، کە شەشیان لە ژیاندا ماونەتەوە.
ساڵی ١٩٢٥ لەدایکبووە. خەڵکی گوندی (بۆین)ـە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. بەهۆی سەختیی گوندی (بۆین) و دووریی لە شار و نەبوونی نەخۆشخانەوە، کە ڕووداوی شکان و دەرچوون زۆر بووە، خەڵکی گوندەکانی دەوروپشت پەنایان بۆ بردووە و زۆرجاریش خۆی بۆ گوندەکان ڕۆشتووە. ساڵی ٢٠١٨ کۆچیدواییکردووە.
جەڕاح و پزیشکی میللی بووە. لە ساڵی ١٩١٥ لە گوندی خەرپانی لەدایکبووە. بە حاجی حەسەنی جەڕاح ناسراوە، لە زۆربەی ناوچەکانی دەوروبەردا هاوڵاتیان بەمەبەستی گرتنەوەی دەست و قاچیان سەردانیانکردووە. شارەزایی باشی لە هەڵکێشانی دان و تیمارکردنی برینی حەیوان و مەڕوماڵاتدا هەبووە. لەساڵی ١٩٨٠ کۆچیدواییکردووە
خەڵکی گوندی (بەڵخە)یە. ناوی (حەمەساڵح کوڕی عەلی بەگی ساڵح بەگ)ـە. ساڵی ١٩٣٤ لە بەڵخە لەدایکبووە. لەبەردەستی باوکیدا فێری پیشەی جەڕاحی بووە. لە هەورامان و دەرەوەی هەورامانیش، سەردانیکراوە. چەندین نمونەی سەرسامکەر لە چارەسەرییەکانی دەگێڕنەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. ساڵی ٢٠٠٣ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی غەریبان بەخاکسپێرراوە.
ناوی (عەباس حەمەکەریم وەیس)ـه. ساڵی ١٩١٤ له گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر به شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. وەک جەڕاح و دانساز و پزیشکێکی میللی لە سنوری گوندەکە و گوندەکانی دەوروپشتی، بەناوبانگە. ساڵی ١٩٧٤ تاقمێکی دانهەڵکێشانی لە شاری تاران کڕیوە و بەو کەرەستانە کاریکردووە. یەکێک لە کوڕەکانى فێرى کارەکە کردووە. ساڵى ١٩٩٧ کۆچیدواییکردووە.
بە (حاجى حەماییز هانەدنى) ناسراوە. ساڵى ١٩٤٥ لە گوندى (هانەیدن) لەدایکبووە. خوێندەواری نییە. ساڵى ١٩٦٤ دەستیکردووە بە پیشەکە و بە بێبەرانبەر کاردەکات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی نۆ منداڵە. ساڵى ٢٠٠٩ لە خورماڵ کۆچیدواییکردووە هەر لەوێ بەخاکسپێرراوە. یەکێک لە کوڕەکانى بەناوى (کامیل) درێژەی بەکارەکەی باوکی داوە و لە خورمأڵ نیشتەجێیە.
ناوی (حەمەلاو قادر فەتاح ئێناخی)یە. ساڵی ١٩٢٤ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٠ منداڵە. لە شکاوی و بریندا شارەزایی هەبووە. خۆبەخشانە و بێبەرانبەر بە کەرەستەی سادەی وە: قامیش، خام، هێلکە، سابوونی ڕەقی، سرێش، کەتان، بنێشتە تاڵ... چارەسەری نەخۆشی کردووە. ساڵی ١٩٩٤ کۆچیدواییکردووە و لە گوندی بامۆک بەخاکسپێرراوە.
ناوی (محەممەد فەرەج ڕۆستەم)ـە. ساڵی ١٩١١ لە(ئاواییی حەمەی فەرەج) لەدایکبووە. له سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە هاتووەتە گوندی (شیرەمەڕ)ی سەربەشارۆچکەی (خورماڵ)، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. دانسازی گوندەکەبووە و بێ بەنج بەگاز دانی دەردەهێنا. لەگوندەکانی تریشەوە هاتوون بۆ لای. لەکۆتای حەفتاکاندا کۆچیدواییکردووە.
ناوی (سادق حەمەئەمین حەمەعزیز)ە. ساڵی ١٩٥٥ لەگوندی (عامورە) لەدایکبووە. ساڵی ١٩٧١ بەماڵەوە چونەتە گوندی (شیرەمەڕ). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. لە ساڵی ١٩٧١ لە بوارەکانی شکان و دەرچوونی جومگەدا، دەستیکردووە بە کاری جەڕاحی. لەگەڵ کاری جەڕاحیدا کاری گۆڕهەڵکەندن و گۆڕهەڵبەستنیشى کردووە. خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکانی (خورماڵ و پێنجوێن و شارەزوور) بەمەبەستى چارەسەر سەردانیدەکەن.
ناوی (خەرامان کچی وەستا ئەولعەزیز عەلی)یە. کچی جەڕاحی بەناوبانگ (مەتی گوڵێ) بووە. ساڵی ١٩٥١ لە شارەدێی تەوێڵە لەدایکبووە. لە دایکییەوە فێری پیشەکە بووە. لەکاتی ئاوارەبوونی هەڵەبجەدا لە ئۆردوگای وەرمەهەنگی ئێران بە فەرمی دەستی بە جەڕاحی کردووە و خزمەتیکی زۆری بە لێقەوماوان کردووە. پاش گەڕانەوەی لە ئێران و ساڵی ١٩٩٢ لە هەڵەبجەی تازە نیشتەجێبووە و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی دەوروبەریدا ناسراوە و هاوڵاتیان سەردانیدەکەن. تائێستاش لەو خزمەتە بەردەوامە.
ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە، کچی جەراحی بەناوبانگ کوێخای تۆفیق هاواری جەراحە. لە باوکییەوە فێری جەراحی بووە. لە خێزانەکەی خۆیدا دەستی بە جەراحی کردووە و لە دوای ساڵی ٢٠٠١ بەهۆی ناوبانگییەکەیەوە، خەڵک لە دوور و نزیک سەردانیانکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، لەگەڕەکی شارەوانی لە شاری هەڵەبجەی شەهید دادەنیشێت.
ناوی (شەمسە کچی مستەفا پاشای نەخشین)ـە. لەسەری باوکەوە خەڵکی خەرپانین و دایکی بە پیرۆز بانەیی ناسراوە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٠٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خانمی وەسمان پاشا بردویەتییە کۆشک و وەک حەکیم و پزیشکی میللی کۆشک و دەرمانگەری تایبەتی خانم دانراوە. دەرمانی نەزۆکی و نەخۆشی ژنان و منداڵانی دروستکردووە. چاوتەکاندن و سەرتەکاندن و ناوک_کەوتن و بە بۆن_کەوتن و شکاوی چارەسەرکردووە. بە دروستکردنی ترشیاتیش ناوبانگی ڕۆشتووە و لە تەواوی شاردا ناسراوبووە. ساڵی ١٩٩٩ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵانی سەروو بەخاکسپێرراوە.