بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
ساڵی ١٩٩٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. بەشی وەرزشی لە کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانی زانکۆی هەڵەبجە خوێندووە. یاری بۆ چەندین یانە کردووە، لەوانە: یانەی هەڵەبجە، پێشمەرگەی سلێمانی، لاوانی پەیام، سیروانی نوێ، نەورۆز، سلێمانی. ئێستا لە هەندرێنی هەولێر یاریدەکات. لەگەڵ یانەکانی: سیروان، نەورۆز، هەندرێنیشدا لە خولی نایابی یانەکانی کوردستان یاریکردووە و دوو ساڵ گۆڵکەری هەرێم بووە.
یاریزانی (ئەکادیمیای کاراتیی خورماڵ)ـە. ساڵی ٢٠٠٦ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. بڕوانامەی ئامادەیی هەیە. خاوەنی پشتوێن ڕەشی دان یەکە. ماوەی سێ ساڵە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە. دوو ساڵ لەسەریەک بە باشترین یاریزانی ساڵ دیاریکراوە. ساڵی ٢٠٢٠ لە پاڵەوانیەتیی خورماڵ پلەی یەکەم. ساڵی ٢٠٢٠ لە پاڵەوانیەتیی خورماڵدا، پلەی دووەم. ساڵی ٢٠٢١ لە پاڵەوانیەتیی باکوری عیراق لە هەولێر پلەی یەکەمی کوردستان. هەمان ساڵ لە پاڵەوانیەتیی باکوری عێراق لە هەولێر پلەی یەکەمی کوردستان و لە پاڵەوانیەتیی سەرتاسەری عێراق لە بەغداد پلەی یەکەم و لە یەکەمین پاڵەوانیەتیی لیگی خورماڵ، پلەی یەکەم. ساڵی ٢٠٢٢ لە پاڵەوانیەتیی باکوری عێراق لە کەرکوک پلەی یەکەم و هەمان ساڵ لە پاڵەوانیەتیی سەرتاسەریی عێراق لە بەغداد پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بەشداری لە چەند پاڵەوانێتییەکدا کردووە، لەوانە: ساڵی ٢٠١٩ جامی پایتەخت لە تاران پلەی یەکەم. ساڵی ٢٠٢٢ لە پاڵەوانیەتیی ئێران بەشێوەی ئۆنلاین پلەی سێیەم. هەمان ساڵ لە وڵاتی ئێران لە (ئاستارا) پلەی یەکەم بە شێوەی تیم و لە هەمان ساڵ و لە هەمان وڵات بە فەردی پلەی سێهەمی بەدەستهێناوە
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (شاهۆ حەمەڕەشید فەتاح سەعید)ە. ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی (هانەژاڵە)ی ناوچەی نەورۆڵی لەدایکبووە. پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە ئێستادا مامۆستایە لە شارۆچکەی سیروان. لەم تیپە وەرزشیانەدا یاریکردووە: (تیپی کۆمەڵگای نەسر، کوردستانی سیروان، سەربەست و سەفین و زانکۆ لە هەڵەبجەی تازە، دێرینەکانی نەورۆز لە شارۆچکەی سیروان، تیپی تۆپیپێی وەرزشی هانەژاڵە، تیپی تۆپیپێی ئۆردوگای سنغووری کولیایی، تیپی هەڵبژاردەی تۆپیپێ ئۆردوگای سەقز).
یاریزان، ڕاهێنەر، سەرۆکی یانەی وەرزشی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٦٤ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، ئامادەیی پیشەسازیی هەڵەبجەی تەواوکردووە، بە یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی تۆپیپێی هەڵەبجە و کوردستان دادەنرێت، لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق ناوێکی پرشنگداربووە. لە تیپە میللیە وەرزشییەکانی: لاوانی هەڵەبجە، مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجە، لاوانی تیپی هیوا، شنروێ، مەولەوی و هەڵبژاردەی تۆپیپێی هەڵەبجە و لە یانە وەرزشییەکانی: هەڵەبجە و کەمال سەلیم و سلێمانی و نەورۆز یاریکردووە. چەند ساڵێک سەرۆکی یانەی ورزشی هەڵەبجە بووە. چەند خولێک گۆڵکار بووە، گۆڵی لە یانەی زەورای عێراقی کردووە. چەندین یاریزانی پێگەیاندووە و کاریگەری لەسەر ڕەوتی وەرزش و چێژی یاریکردن داناوە و زۆرترین هاندەری هەبووە. ماوەی چەند ساڵێک بەڕێوەبەری ڕۆشنبیریی هەڵەبجە بووە. یاریگای وەرزشی هەڵەبجەی بەناوەوە ناونراوە. ساڵی ٢٠١٤ کۆچیدواییکردووە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (شەماڵ مەحموود عەلی موراد)ە. ساڵی ١٩٦٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە لە هەڵەبجەیە. لە ئێستادا پیشەی (کاسب)ـە. لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (ئاشتی، هێمن، کوردستانی هەڵەبجە، لە شنروێ) یاریکردووە. لە ئۆردوگای بەردەسیر سەر بە شاری کرمان لە ئۆردوگای شاری سەقز لە تۆپیپێی ئۆردوگا یاریکردووە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵی ١٩٦٤ لە بەغداد لەدایکبووە. تا پۆلی سێهەمی ناوەندی تەواوکردووە. پیشەی ئێستای کاسبە. یاریزانێکی دیاری سەردەمی خۆی بووە و لەم تیپ و یانە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (باب الشیخ و تەلیعە لە بەغداد، خالت، ماوەیەک لە یانەی پۆلیس و زەورا)، پاشان ساڵی ١٩٨٣ لە هەڵەبجە لە هەڵبژاردەی زەمەقی و لە کوردستان یاریکردووە. لە سلێمانی لە یانەی وەرزشی سیروان، وەتەن، ئەلعاب شورتەی سلێمانی (یاریزانانی پۆلیس) و لە تیپی وەرزشی کۆڵنەدەر و لە یانەی وەرزشی چوارباخ و لە تیپی وەرزشی سەروو یاریکردووە.
مافناس، دادوەری وەرزشییە. ساڵی ١٩٨١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٧ بووە بە ناوبژیوانی پلە یەکی عێراق، پاشان ساڵی ٢٠١٩ بوو بە نێودەوڵەتی. یەکەم وەرزشوانی هەڵەبجە و دەڤەرەکەیە، کە گەشتبێتە پلەیەکی کوردستان و عێراق و نێودەڵەتی لە بواری ناوبژیوانیدا. ٢٥ ساڵە لە بواری ناوبژیوانی وەرزشی تۆپیپێ لە کوردستان و عێراق خزمەتدەکات و تا ئێستاش بەردەوامە. خاوەنی حەوت بەرهەمی وەرزشیی بڵاوکراوەیە لە بوارەکانی: یاسا و ڕێساکانی تۆپیپێ. ئەندامی لیژنەی ناوبژیوانانی کوردستان و عێراق، ئەندامی لیژنەی ناوبژیوانانی وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتی، سەرۆکی دادوەرانی پارێزگای هەڵەبجە، ئەندامی دەستەی یاساناسانی هەڵەبجە و ئەندامی ڕێکخراوی ئارامیی و پاراستنی ژینگە و مافی مرۆڤە.
ساڵى ١٩٩١ لە شارى هەڵەبجە لەدایکبووە. ساڵى ٢٠٠٨ بۆ ٢٠٠٩ بانگهێشتی ئاستی تازەپێگەشتوانى یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی کراوە. پاش تەواوبوونی خولی تازە پێگەشتوانی کوردستان، بانگهێشتى تیپی پێشکەوتوانی یانەی وەرزشی هەڵەبجە کراوە. بۆ ماوەی چوار وەرز لە یانەى نەورۆز لە یاریکردن بەردەوامبووە. ساڵى ٢٠١٠ لەگەڵ یانەى وەرزشى نەورۆز توانیویەتی یانەکە بۆ خولی پلە یەکی کوردستان سەربخات. بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە خولی نایاب و خولی نایابی عێراق لەو یانەیە بەردەوامبووە. ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١ لەگەڵ یانەى نەورۆز توانیویەتی ببن بە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان و لە پلە سێیی عێراق بۆ خولی پلە یەک سەربخەن. پاشان لە ساڵى ٢٠٢٤ بۆ ماوەى یەک وەرز، بانگهێشتى یانەی (الاتصالاتی) شاری بەغداد کراوە و تا ئێستا لەم یانەیە بەردەوامە.
وەرزشەوان و دادوەر. ساڵی ١٩٩١ لەدایکبووە. خاوەنی پشتوێنی ڕەشی دان سێیە. لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە دەستی بە یاریی کاراتی کردووە لە (ئەکادیمیای کاراتیی خوماڵ). بۆ یەکەمجار ساڵی ٢٠٠٥ بەشداری پاڵەوانیەتی کردووە و پلەی یەکەمی پاڵەوانیەتیی شارەزووری لە قەزای سەیدسادق بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٠٥ لە پاڵەوانیەتیی کوردستان لە سلێمانی پلەی دووەم. ساڵی ٢٠٠٧ لە پاڵەوانیەتیی لەسەر ئاستی عێراق پلەی دووەم. ساڵی ٢٠٠٨ لە پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتی لە وڵاتی ئێران پلەی سێیەم. ساڵی ٢٠٠٩ لە پاڵەوانێتیی عێراق لە هەولێر پلەی یەکەم. ساڵی ٢٠١١ لە پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی لە وڵاتی ئێران/مەشهەد پلەی سێیەم. ساڵی ٢٠١٦ لە پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی لە وڵاتی ئێران پلەی سێیەم. ساڵی ٢٠١٨ بڕوانامەى دادوەرى وەرگرتووە و بووەتە داوەری کوردستانی و پاشان عێراقی و تەواوی ڕیزبەندی پلەبەندیی عێراقی، پاشان ساڵی ٢٠٢٣ بووە بە داوەری ئاسیایی لە وڵاتی (ئوردن). ساڵی ٢٠٢٣ بووە بە سەرپەرشتیاری پاڵەوانێتیی کوردستان.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵی ١٩٦٩ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. ئامادەیی پیشەسازی تەواوکردووە. لە ئێستادا فەرمانبەرە لە هەڵەبجە. وەرزشەوانی گۆڵپارێزە. لە تیپی وەرزشی هەژاری و تیپی وەرزشی خەبات یاریکردووە، لە سلێمانی ساڵی هەشتاکان چەند یاریزانێکی تیپی وەرزشی (کوردستان و شنروێ و خەبات)ی هەڵەبجە، تیپێک دروستدەکەن و یاریدەکەن، لەم تیپەدا وەک گۆڵپارێز یاریدەکات. لە تیپی وەرزشی فەرمانگەی کارەبای شارەزوور لە قەزای شارەزوور (هەڵەبجەی تازە) یاریکردووە، لە تیپی دێرینەکانی هەڵەبجە لە ئێستادا بەردەوامە.
ناوی (تەیب بورهان محەممەد غەریب)ـە. ساڵی ١٩٨٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دامەزرێنەری ئەکادیمیای شەترەنجی هەڵەبجەیە و یەکەم سەرپەرشتیکەر و ڕاهێنەری بووە. لە یانەکانی: هەڵەبجە، سیروان، پەیام لە ناو هەڵەبجە و لە دەرەوەش لە یانەکانی: بەختیاری، سەرچنار، پیرەمەگرون، ڕاهێنەر بووە. دەیان خولی بۆ زانکۆ، پەروەردە و ڕێکخراو و سەنتەر و فەرمانگاکانی حکومەت و ئارەزومەندانی شەترەنج کردووەتەوە. ناوبژیوانی شەترەنجی کوردستان بووە و لە ئاستی شار و پارێزگاکانی هەرێم چەندین پاڵەوانیەتی بەڕێوەبردووە، لەوانە: ساڵی ٢٠١٣ لە پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتی بە بەشداری ٢٢ وڵات لە هەولێر، ساڵی ٢٠٠٧ یەکەمی هەرێم بووە لە یاریی شەترەنج بۆ یانەکان لە شاری سلێمانی. وەرگری قەڵغانی زانکۆییە. ساڵی ٢٠١١ لە پای بەخششەکانی، بڕوانامەی تەقدیری لە لایەن یەکێتیی شەترەنجی عێراقەوە پێبەخشراوە. وەرگری خەڵاتی یەکێتیی شەترەنجی کوردستان و دەیان خەڵاتی ترە. سەدان یاریزانی کچ و کوڕی پێگەیاندووە، لەوانە ٤٥ یاریزانی کچ بۆ سەنتەری گەشەپێدانی لاوان. شەش یاریزانی بەشداری پاڵەوانیەتیی یانەکانی کوردستانیان کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی یەک منداڵە. لە ئێستادا سەرۆکی ئەکادیمیا و نوێنەرایەتی لیژنەی ئۆلۆمپی کوردستان و ئۆلۆمپی عیراق - لقی هەڵەبجەیە.
ڕاهێنەری وەرزشی کاراتییە. ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (گوڵپ)ی ناوچەی هەورامان لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە شارۆچکەی خورماڵ تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. ساڵی ١٩٨٦ دەستیکردووە بە یاریکردن. ساڵی ١٩٩٤ بڕوانامەی ڕاهێنەری وەرگرتووە. لە بواری (هونەری بەرگریی کۆنفۆ، هونەری بەرگریی شاوڵین، هونەری بەرگریی هوشو، هونەری بەرگریی کیک بۆکسیێن، جولاستیک)دا یاریکردووە. لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوەوەی هەرێم بەشداری چەندین پاڵەوانیەتی کردووە. لە بواری هونەری بەرگری دوو بڕوانامەی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە. لە ئێستادا سەرپەرشتیاری دوو هۆڵی کیک بۆکسینە لە (خورماڵ و بیارە). زیاتر لە ٤٠ فێرخواز بڕوانامەی ڕاهێنەریان لەلای ناوبراو بەدەستهێناوە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (شێرکۆ سلێمان ئەحمەد محەممەد)ە. بە (شێرکۆی سلێمان بەگ) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. پەیمانگای تەکنەلۆژیی لە موسڵ تەواوکردووە. لە ئێستادا پیشەی (کاسب)ـە. لەم تیپە میللییە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (کاوە، هیوا، هەڵبژاردەی تۆپیپێی هەڵەبجە). لە سلێمانی لە (تیپی میللیی وەرزشی بابان، هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی سلێمانی، یانەی وەرزشی سلێمانی، هەڵبژادەی تۆپیپێی سلێمانی، یانەی وەرزشی کرێکارانی سلێمانی و تیپی ورزشی مەولەوی سلێمانی) ساڵی ١٩٨٥ - ١٩٨٦ لە ئێران لە ئۆردوگای کەرەج لە تیپی تۆپیپێی ئۆردوگا لە تاران لە یانەی کەیهانی وەرزشی و لە وڵاتانی سوریا، سوید و یۆنان یاری تۆپیپێی کردووە.
ڕاهێنەر و پاڵەوانی وەزشییە. ساڵی ٢٠٠١ له شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە خورماڵ تەواوکردووە. لە ئێستادا خوێندکاری زانکۆیە. ئەندامی دامەرزێنەری (فێرگەی کاراتیی کچانی خورماڵ)ـه و ڕاهێنەرە لە فێرگەکە. لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە وەک ڕاهێنەری کچان بەردەوامه. ساڵی ٢٠٠٤ لە پاڵەوانێتیی عێراق لە شاری سلێمانی بەشداریکردووە و توانیویەتی بۆ تەمەنی سەروو ١٨ ساڵ خەڵاتی سێیەم بەدەستبهێنێت.
وەرزەشەوانێکی دێرینە. ساڵی ١٩٧٢ لە بەغداد لەدایکبووە. ئامادەیی پیشەسازی تەواوکردووە. وەرزشەوانی یاری تۆپیپێ و گۆڕەپان و مەیدان بووە. لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: تیپی تۆپیپێ ئامادەیی پیشەسازیی سلێمانی، شنروێ، تیپی هەڵبژاردەی تۆپیپێی هەڵەبجە، تیشکۆ و تیپی وەرزی چوارباخ لە سلێمانی و لە یانەی وەرزشی ئاشتی یاریکردووە. گرنگی داوە بە یاری ماراسۆن و گۆڕەپان و مەیدان بۆ ڕاکردنی ١٥٠٠ مەتر. ساڵی ٢٠٢٠ لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچیدواییکردووە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵی ١٩٧٤ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە. لە ئێستادا پیشەی (کاسب)ـە. وەرزشەوانی تۆپیپێیە. لەم تیپە میللیە وەرزشییانە یاریکردووە: لاوانی کوردستان، هێمن، کوردستان. لە یانەی وەرزشی هەڵەبجە و یانەی وەرزشی ئەزمەڕ لە سلێمانی یاریکردووە.
یاریزان، مامۆستا، ساڵی ١٩٤٦ لە شارۆچکەی سێوسێنانی قەزای قەرەداغ لەدایکبووە، دەرچووی خانەی مامۆستایانی سلێمانییە ساڵی ١٩٦٦ بۆ ١٩٦٧، لە ١٠ قوتابخانە وەک مامۆستا خزمەتیکردووە. ساڵی ١٩٦٥ بۆ ١٩٦٦ تاوەکو ساڵی ١٩٧٤ یاریزانێکی دیاری شاری هەڵەبجە بووە، لە تیپی وەرزشی میللیی تۆپیپێی هیوای هەڵەبجە وەک یاریزان یارییکردووە، لە بواری ئەدەب و هونەریشدا کاریکردووە و لە ڕۆژنامەکانی حەفتاکاندا بابەتی بڵاوکردووەتەوە، لە ئێستادا خانەنشینە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵى ١٩٧٦ لە گوندى (چنار) لەدایکبووە. دەرچووى بەشى کۆمەڵایەتیى پەیمانگاى مەڵبەندى مامۆستایانى هەڵەبجەیە. لە ئێستادا مامۆستایە لە هەڵەبجە. لە ئۆردوگاى شەهرەکى کامیاران سەر بەپارێزگاى سنە لە تیپى وەرزشی تۆپیپێى لاوانى ئۆردوگا و تیپى وەرزشیى هیجرەت یاریکردووە. لە پاش گەڕانەوەى بۆ هەرێمى کوردستان، ساڵى ١٩٩٣ لەم تیپە وەرزشییانەدا لە هەڵەبجە یاریکردووە: (بەڵێن، ڕاستى، بڕیار، دێرینەکانى ڕاستى، دێرینەکانى بەڵێن، پەیام).
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (عەبدولباست عەبدولمەجید حەمەحسەین)ـە. ساڵی ١٩٦٣ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. ئامادەیی پیشەسازی لە سلێمانی تەواوکردووە. لە ئێستادا فەرمانبەری کارەبایە. هۆگری یاری کاراتی بووە و پەرەی بە تواناکانی داوە. چەندین یاریزانی فێری یاری (وشوکوان)، (تایکواندۆ)، (وشووشاوڵین) کردووە. لە یاریی کاراتی و کۆنگفۆ وەک یاریزان و ڕاهێنەر خزمەتی چەند یانەیەکی وەرزشی کردووە، لەوانە: (یانەی وەرزشی سلێمانی، یانەی وەرزشی چوارباخ، یانەی وەرزشی کرێکاران). بەشداری چەند پاڵەوانێتییەکی لە سلێمانی، هەولێر، بەغداد، دهۆک کردووە و سێ جار دووەمی عێراق و جارێکیش پلەی یەکەم و دوو جار پلەی سێهەمی بەدەستهێناوە.
وەرزشەوانە، ساڵی ١٩٨١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی کۆمەڵایەتی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی هەڵەبجەی تەواوکردووە و مامۆستایە. پیشەی مامۆستایە ، خێزاندارە، لە هێڵی بەرگری یاری بۆ تیپە وەرزشییەکانی گوڵان و ڕێبەر لە هەڵەبجە و هەڵبژاردەی تۆپیپێی پەروەردەی سلێمانی کردووە. لە یانەکانی هەڵەبجە، پەیام، ئاشتی شارەزور، یاریکردووە. خێزاندارە و مامۆستایە، لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.