کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1194 بابەت

زەکەریا کاروان تۆفیق عەبدوڵا

ساڵی ٢٠١٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندکاری پۆلی شەشەمی بنەڕەتییە. لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لە یانەی وەزشی هەڵەبجە دەستی بە یاریی کاراتی کردووە. دوو جار بەشداری پاڵەوانیەتیی عێراق و کوردستانی کردووە و پلەی دوووەم و سێیەمی بەدەستهێناوە. لە پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتی لە شاری تاران لە وڵاتی ئێران مەدالیای زیوی بەدەستهێناوە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

ژیار عومەر ئەحمەد محەممەد

ساڵی ٢٠٠٠ لە شارى هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی دەرمانسازی لە پەیمانگای سلێمانی تەواوکردووە. لە ساڵی ٢٠١٧ەوە دەستی بەیاری لەشجوانی کردووە. ساڵی ٢٠٢٤ وەک تیم بە نوێنەرایەتیی پارێزگای هەڵەبجە بەشداری پاڵەوانیەتیی بەهێزترین خانمانی عێراقی بۆ هەردوو یاری دێدلێفت و کیڵیان کردووە و لەسەر ئاستی تاکە کەس پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و مەدالیای پاڵەوانیەتییەکەی پێدراوە. لەسەر ئاستی پارێزگاش، وەک نوێنەرى پارێزگاى هەڵەبجە توانیویەتى پلەی دووەم بەدەستبهێنێت.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

ساریا بەکر ئەحمەد

ساڵی ١٩٨٨ لە ئـێران لەدایکبووە. قۆناغی ئامادەیی لە شاری هەڵەبجە و بەشی زمانی ئینگلیزی لە کۆلێژی پەروەردەی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. وەک ڕاهێنەر و ناوبژیوانی شەترەنج حەوت پاڵەوانیەتی ئەنجامداوە و لە هەولێر و بەغداد پاڵەوانیەتی بەڕێوەبردووە. تاکە کچە لە سنوری پارێزگادا، ڕاهێنەر و ناوبژیوان بێت. ساڵی ٢٠١٧ بە فەرمی دەستی داوەتە وەرزشی پاوەرلیفتینگ و ساڵی ٢٠١٨ لە دوو پاڵەوانیەتی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. وەک یاریزانی هەڵبژاردەی کوردستان بەشداری پاڵەوانیەتیی ئاسیای لە تاران کردووە و سێ مەدالیای زێری بەدەستهێناوە. وەک یاریزان لە یارییەکانی پرێس ١٢٠ کغم و سکوات ٢٢٠ کغم و دێدلێفت ٢٣٥ کغم و شۆلدەر پرێس ٨٠ کغم و سترانیت گێڵ ٦٠ کغم و سنگڵ دەمبڵ پرێس ٤٠ کغم هەندێک لە ڕیکۆردە جێهانییەکانی هاوتا کردووە و هەندێکیانی شکاندووە. ساڵی ٢٠٢٢ لە پاڵەوانیەتیی بەهێزترین خانمی عێراق، پلەی یەکەمی بردووە. لەگەڵ تیمی عێراق لە وڵاتی میسر بەشداری پاڵەوانیەتی جیهانی کردووە و سێ مەدالیای زێڕی لە پاوەر لیفتینگ بردووە. تا ساڵی ٢٠٢٤ وەک یەکەم ماوەتەوە و بەشداری پاڵەوانیەتیی بەهێزترین خانمی جیهانی لە ئیتاڵیا کردووە و چوار مەدالیای زێڕی بردووە و نازناوی مس بایسێپش و ئۆڤەر ئوڵی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٢٤ وەک یاریزان و ڕاهێنەر بە سێ کەسەوە بەشداری پاڵەوانیەتیی بەهێزترین خانمی جیهانی کردووە و پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە و وەک یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق لە یاری فتنس چالنج بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانییەتیی جیهانی لە مانگی نۆ لە ئێران و پاڵەوانیەتیی جیهانی ٢٠٢٥ لە یاری پرێس هەڵبژێرراوە. خاوەنی زیاتر لە ٥٠ مەدالیای ناوخۆ ١٨ نازناوی یەکەمی عێراق و ١٠ مەدالیای زێڕی جیهانی و یەک مەدالیای نێودەوڵەتییە. دوو ڕیکۆردی جیهانی لە وڵاتی ئیتاڵیا لە یاری کێل شکاندووە. یەکێکە لەو چوار کچەی لە هەموو عێراقدا ناوبژیوانی لەشجوانیی کوڕان دەکات. ئێستا ڕاهێنەری هەڵبژاردەی کوردستانە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

ساجید عوسمان عەلی

ساڵی ١٩٦٣ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. لە سەردەمی خۆیدا، یەکێک بووە لە یاریزانە دیار و بەتواناکانی شار. لەم تیپە میللییە وەرزشییانەدا یاریکردووە: بێستوون ساڵی ١٩٧٩، هێمن ساڵی ١٩٨٠، دیمەن ١٩٨٣، مەڵبەندی لاوان ١٩٨١، هەڵبژاردەی هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

ساحب کاراتی

ناوی (ساحب محەممەد سەعید محەممەد)ە. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (گۆمەلار) لەدایکبووە. ئامادەیی پیشەسازیی سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٨٤ دەستی بە یاری (کۆنفۆ شاوڵین) کردووە، پاشان یاری هونەری بەرگری کاراتی ئەنجامداوە، ساڵی ١٩٨٦ لەگەڵ (محەممەد گەچێنەیی) یاری هونەری بەرگری دەگوازنەوە بۆ شاری هەڵەبجە. لە قوتابخانەی شارەزوور مەشق و ڕاهێنانی ئەنجامداوە و چەند فێرخوازێکی فێری هونەری کاراتی کردووە. لە پاڵەوانێتیی شارەکانی پارێزگای کوردستان سنە، جوانڕۆ، کرماشان، کە زۆربەی فێرخواز و یاریزانەکان هەڵەبجەیی بوون و لە پاڵەوانێتیی ئاسیا بەشداریکردووە، ساڵی ١٩٩٢ لە قەزای شارەزور و زەرایەن تیپی کاراتی دروستکردووە. پشتێنی ڕەشی دان یەک و دان دوو و دان سێی وەرگرتووە. لە چەندین خول و پاڵەوانێتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداریکردووە. لە ئێستادا یاریدەدەری ڕاهێنەری نێودەوڵەتییە و لە هەڵەبجە سەرگەرمی مەشق و ڕاهێنان و پێگەیاندنی قوتابی و فێرخوازە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

سالار محەممەد ئەحمەد

یاریزان، مامۆستا، ڕاهێنەر، سەرپەرشتیاری وەرزشییە. ساڵی ١٩٥٧ لە پشدەر لەدایکبووە، لە ساڵانی ١٩٧٦ بۆ ١٩٧٨ بەشی وەرزشی خانەی پێگەیاندنی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە و بە پلەی سێهەم، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر، کەرکوک، دەرچووە. یەکێکە لە کەسایەتییە وەرزشییە دیار و بە خزمەتەکانی شار، لە تیپە میللییە وەرزشییەکانی (ئاری، نەورۆز، مەولەوی، کوردستان) یاریکردووە، ڕاهێنەرایەتی بۆ یارییەکانی ماراسۆن لە دهۆک، پاسکیلسواری لە هەولێر، تۆپی سەرمێز و تۆپی دەست لە زاخۆ بۆ تیپەکانی هەڵەبجە کردووە. چەندین خولی بۆ تیپەکان کردووەتەوە. دوکانی وەرزشی هەبووە. ٤٤ چل و چوار ساڵ خزمەتی مامۆستایەتی کردووە و پاشان بووەتە سەرپەرشتیاری وەرزشی و لە ئێستادا خانەنشینە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

ساڵحی مەلا محەممەد: ساڵحەفەنی

ڕێکخەر و سەرپەرشتیاری یەکەم تیپی دیدەوانی(جوال)ی هەڵەبجەیە. ناوی تەواوی ساڵح محەمەد عەبدولڵایە، ساڵی ١٩٣٣ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خانەی مامۆستایانی بەعقوبەی ساڵی ١٩٥٣ تەواوکردووە. خێزانی پێکهێناوە و خاوەنی ٨ منداڵە. ساڵی خوێندنی ١٩٥٣-١٩٥٤ لە ئامادەیی هەڵەبجە، لە ٢١ قوتابی، یەکەم تیپی دیدەوانی دادەمەزرێنێت و بەشداری نمایش و فیستیڤاڵەکان دەکات و دواتر پەرەدەسەنێت و بەردەوامدەبێت. سەرپەرشتی یارییەکانى (تۆپیپێ، تۆپى بالە، تۆپى باسکە، هەڵدانى ڕم و قورس، گۆڕەپان و مەیدان، تۆپى سەرمێز و ڕیشە، دیدەوانى قوتابخانەکان و چادرگەکانى دیدەوانیى ئەو کاتەى ناوچەى هەڵەبجە)ی کردووە. یاریزانێکى دیارى بوارى هەڵدانى ڕم و قورس بووە لە سەردەمى خۆیدا. دوای ڕاپەڕین دەبێتە کارگێڕی یانەی وەرزشی هەڵەبجە. ساڵی ٢٠٠٨ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵان بەخاکسپێردراوە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

سامان خێڵی حەمەیی

وەرزشەوانی دێرین و یاریزانى تۆپیپێیە. ناوی (سامان سەعید باوا)یە‌. ‌ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی (خێڵی حەمە) لەدایکبووە. پەیمانگای تەکنیکی لە هەڵەبجە تەواوکردەوه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵه. یەکەمجار ساڵی ١٩٨٨ لە ئۆردەگای (بازیان) لەگەڵ کۆمەڵێک هاورێی تیپێکیان دروستکردووە و یاریکردووە. ساڵی ١٩٩٢ لە لاوانی یانەی هەڵەبجە یاریکردووە. ساڵی ١٩٩٨ بووە بە یاریزانی یانەی وەرزشی هەڵەبجه. یەکەم یاریزانە لە هەڵەبجە وەک یاریزانی (شورتی لاعیب) دامەرزاوە بۆ یانەی هەڵەبجە، هەروەها بۆ یانەکانی (سیروان و خورماڵ)، تیپە پلەیەکەکانی (شۆڕشی خورماڵ و کوردستانی سیروان و شنروێی هەڵەبجه) یاریکردووه. بەشداری چەندین خولی وەرزشی کردووه و‌ چەندین خەڵات و ڕێزلێنانی پێدراوه.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

سامان کەمال ئیسماعیل

ساڵی ١٩٧٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سلێمانییە. لە یاریزانە ئاستبەرزەکانی تۆپیپێیە و یاری تێنس و بالەی بۆ یانەکان کردووە. لە شەهیدان و یانەی وەرزشییەکانی: پەیام، ئاشتی، سیروانی نوێ و لە هەڵبژاردەی هەڵەبجە و سلێمانی و هەڵبژاردەی کوردستان یاریکردووە. ساڵی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ گۆڵکاری خولی کوردستان و گۆڵکاری خولی عێراق کۆمەڵەی باکور بووە. گۆڵی لەباشترین گۆڵپارێزی عێراقی نوور سەبری و یانەی تەڵەبە کردووە. وەک یارزانی بالەش هەڵبژێرراوە بۆ هەڵبژاردەی پەروەردەی سلێمانی و پلەی دووەمیان بەدەستهێناوە. دوای وازهێنانی لە یاری، وەک بەرپرسی کارگێڕی و دارایی یانەی سیروان کاریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. پیشەی مامۆستایە و لە ئێستادا یاریزانی هەڵبژاردەی دێرینەکانی سلێمانی و ئاشتی و ڕاهێنەری دێرینەکانی برایانی زانکۆی سلێمانییە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

سامان کوڵکنی

وەرزشەوانی تۆپیپێیە. ناوی (سامان لوقمان عەبدولڵا)یە و بە (سامان کوڵکنی) ناسراوە. ساڵی ١٩٨٤ لە گوندی (کوڵکنیی ئیسماعیلی خەسرەو) لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی سلێمانی، کۆلێجی پەروەردەی وەرزشی بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٠٥ یاری بۆ لاوانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و ‌ساڵی ٢٠٠٨ یاری بۆ (یانەی وەرزشی خورماڵ) کردووە. ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی وەرزشی (سیروانی شارەزوور) و لەهەمانکاتدا ڕاهێنەری تیپی فوتساڵی کچانی سیروانی شارەزوور بووە. ‌ساڵی ٢٠٢٠ لە یانەی وەرزشی خورماڵ وەک ئەندامی یانە دەستبەکاربووە و پاشان کراوە بە سەرۆکی یانەی وەرزشی خورماڵ و هەمان کات وەک یاریدەدەری ڕاهێنەری بەشی تۆپیپێ دەستبەکاربووە. یاری بۆ چەندین تیپی وەرزشیی میللی کردووه،‌ وەک تیپی (کوڵکنی، هاوژین، مامۆستایان، شەهید کەیوان). پیشەی مامۆستایە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

سامان وەهاب حەبیب

یاریزانی لەشجوانی و بەرزکردنەوەی قورساییە. لە هۆڵی لەشجوانی شەهرام لە شارۆچکەی خورماڵ یاریدەکات. ساڵی ١٩٩١ لەدایکبووە، خەڵکی گوندی (گوڵپ)ـە. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە. لە چەند پاڵەوانیەتییەکدا بەشداریکردووە و ئەنجامی باشی هەبووە، لەوانە: ساڵی ٢٠٢٣ لە پاڵەوانیەتیی پارێزگای سلێمانی پلەی سێیەم. هەمان ساڵ لە پاڵەوانیەتیی عێراق لە شارۆچکەی دەربەندیخان، پلەی سێیەم و لە پاڵەوانیەتیی عێراق لە شاری سلێمانی، پلەی دووەم و لە پاڵەوانیەتی لەسەر ئاستی پارێزگای هەڵەبجە لە شارۆچکەی بیارە پلەی یەکەم، ساڵی ٢٠٢٤ لە پاڵەوانیەتیی لەسەر ئاستی پارێزگای هەڵەبجە، پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

سامان یوسف محەممەد

وەرزشەوانی دێرینە. ساڵی ١٩٦٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانە لە سلێمانی. لە ئێستادا سەرپەرشتیاری پەروەردەیی وەرزشە لە یەکەی سەرپەرشتیکردنی بنەڕەتی لە هەڵەبجە. یاری تۆپیپێ، تۆپی بالە، تۆپی باسکەی کردووە. سەرەتای دەستپێکردنی ژیانی وەرزشی بۆ گەڕەک و قوتابخانەکان دەگەڕێتەوە. لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (بروسکە، کوردستان، تیپی هەڵبژاردەی باسکەی هەڵەبجە). لە ئۆردوگا سنغووری کولیایی یاری تۆپیپێ و تۆپی بالەی کردووە. لە دەستەی دامەزرێنەرانی یانەی وەرزشی هەڵەبجەیە و چەندین ساڵ وەک ئەندامی دەستەی کارگێڕی لە یانەکەدا خزمەتیکردووە. بەشداری لە خولی داوەری پلە دوو بۆ یاریی باسکە و پلە دوو بۆ یاریی تۆپیپێ و پلە دوو بۆ یاریی تۆپی بالە کردووە. لە دامەزرێنەران و سەرپەرشتیاری گشتیی قوتابخانەی تۆپیپێی ئاسۆیە لە هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

سامی کەریم ئەحمەد

ناوی (سامی کەریم ئەحمەد). ساڵی ١٩٩٣ لە قەزای شارەزوور لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە قەزای شارەزوور و ناوەندی لە هەڵەبجه تەواوکردووە. لە ‌ساڵی ٢٠٠٦ەوە دەستیکردووە بە وەرزشی هونەرە بەرگرییەکان (کۆنفۆ و کیک بۆکسێن). له ‌ساڵەکانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٦ لەسەر یەک پاڵەوانی کوردستان بووە. له ‌پاڵەوانێتیی عێراق و وڵاتانی عەرەب لە ساڵی ٢٠٢١ لە شاری (دهۆک) پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. بۆ دوو ساڵ ‌لەسەریەک و ساڵەکانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ پاڵەوانی (عێراق) بووە. ساڵی ٢٠١٩ لە وڵاتی یۆنان، لەسەر ئاستی ٣٦ وڵات پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ باشترین یاریزانی هەڵەبجه و کوردستان بووە لە کیک بۆکسێن، بە باشترین ڕاهێنەری عێراقی ساڵی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ دەستنیشانکراوە. لە ئێستادا ڕاهێنەی هەڵبژاردەی کوردستانە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

سەرتیپ تۆفیق محەممەد ساڵح

وەرزشەوانی دێرینە. ساڵى ١٩٦٦ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووى پەیمانگاى تەندروستیى باڵایە لە سلێمانى. لە دامەزرێنەرانی تیپی وەرزشی شنروێیە. لە ئێستادا لە وڵاتى ئەڵمانیا دەژی و پیشەى کارمەندى تەندروستییە. لە (تیپى وەرزشى شنروێ) لە هەڵەبجە یاریکردووە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

سەردار جەمشیر فەرەج

ساڵی ١٩٨٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە ژیانی وەرزشیدا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٥ یاریزانی شنروێ بووە. لە خولەکانی شارەزوور و هەڵەبجە بۆ تیپە یەکەمەکان و تیپە میللییەکان بەشداربووە و پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە. ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٥ ڕاهێنەری تیپی لاوانی شنروێ بووە و ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٨ سەرۆکی لیژنەی تیپە میللییەکانی هەڵەبجە و ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٩ سەرۆکی لیژنەی باڵای تیپەمیللییەکانی هەڵەبجە بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و فەرمانبەرە لە هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

سەردەشت کەمال مەحموود

وەرزشەوانی دێرینە. ناوی (سەردەشت کەمال مەحموود ئەحمەد) ساڵى ١٩٧٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا پۆلى شەشەمى سەرەتایى خوێندووە. لە ئێستادا خانەنشینە. لە تیپی وەرزشی (حەمرین و شنروێ) لە هەڵەبجە یاریکردووە. ڕاهێنەری ئەم تیپە میللى و یانە وەرزشییانە بووە ( حەمرین، بامۆک، تیپى وەرزشى بەختیارى، نەورۆز، شنروێ، وڵات)، هەروەها بۆ (یانەى وەرزشی خورماڵ، لاوانى یانەى وەرزشى سیروان، لاوانى یانەى وەرزشی هەڵەبجە، یانەى وەرزشى هەڵەبجە) ڕاهێنەری کردووە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

سەردەشت نیعمەت محەممەد

ساڵی ١٩٨٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە. لە ژیانی وەرزشییدا، یاری بۆ شنروێ و یانەی وەرزشی: هەڵەبجە و یانەی کەمال سەلیم، کردووە. لەگەڵ شنروێ پلەی یەکەم و پلەی دووەمیان بە دەستهێناوە. له ‌ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیا دەژی.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

سەرکۆ عەلى قادر

خەڵکى گوندى (تەپى سەفاى سەروو)ە. ساڵى ١٩٩٦ لەدایکبووە. ماوەى زیاتر لە ١٠ ساڵە لە بوارى یاریی لەشجوانى و هەڵگرتنى قورساییدا یاریدەکات. لە ئێستادا لە هۆڵى (شەهرام) لە شارۆچکەی (خورماڵ) بەردەوامە لە یاریکردن و ڕاهێنانەکانى. بەشدارى نزیکەى ١٠ پاڵەوانیەتى لە ناوەوە و دەرەوەى هەرێم کردووە. لەسەر ئاستى عێراق بەشدارى پاڵەوانیەتى کردووە و پلەى دوووەمى بەدەستهێناوە. لەسەر ئاستى هەرێم لە سێ پاڵەوانیەتیدا بەشداربووە، توانیویەتى پلەى یەکەم بەدەستبهێنێت، کە لە ساڵەکانى ٢٠٢٠ و ٢٠٢٢و ٢٠٢٣، لە شارەکانى سلێمانى و هەولێر و دەربەندیخان ئەنجامدراوە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

سەرهەنگ غەریب حەمەساڵح

وەرزشەوانی دێرین و بەڕێوەبەری مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٦٩ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی تەواوکردووە، لە ئێستادا پیشەی (کاسب)ـە. لەم تیپە وەرزشیانەدا یاری تۆپیپێی ئەنجامداوە: نەورۆز، سیروان، مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجە، کوردستان. لەکاتی ئاوارەیی ساڵی ١٩٨٧ لە ئۆردوگای (نزارە) سەر بە سەلاسی (باوەجانی - جوانڕۆ)، یاری تۆپیپێی لە ئۆردوگا ئەنجامداوە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان

سەروەت حەمەکەریم

وەرزشەوانی دێرینە. ناوی (سەروەت حەمەکەریم حەسەن)ـە. ساڵى ١٩٥٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. پەیمانگاى پزیشکى ڤێتەرنەرى لە بەغداد تەواوکردووە. فەرمانبەر بووە بە ناونیشانى تێبینەر. لە سەرەتاى هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ ماوەی دوو ساڵ بەڕێوەبەرى مەڵبەندى ڕۆشنبیرى و لاوانى هەڵەبجە بووە لە هەڵەبجە و لەم مەڵبەندەدا یارییەکانى: (تۆپیپێ، تۆپى بالە، یارى تۆپى دەست، یارى تۆپى سەرمێز و شانۆگەرى) کردووە.

زیاتر بزانە
وەرزشەوان
پێشتر 1
...
44 45 46
...
60 دواتر