سالار محەممەد ئەحمەد
یاریزان، مامۆستا، ڕاهێنەر، سەرپەرشتیاری وەرزشییە. ساڵی ١٩٥٧ لە پشدەر لەدایکبووە، لە ساڵانی ١٩٧٦ بۆ ١٩٧٨ بەشی وەرزشی خانەی پێگەیاندنی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە و بە پلەی سێهەم، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر، کەرکوک، دەرچووە. یەکێکە لە کەسایەتییە وەرزشییە دیار و بە خزمەتەکانی شار، لە تیپە میللییە وەرزشییەکانی (ئاری، نەورۆز، مەولەوی، کوردستان) یاریکردووە، ڕاهێنەرایەتی بۆ یارییەکانی ماراسۆن لە دهۆک، پاسکیلسواری لە هەولێر، تۆپی سەرمێز و تۆپی دەست لە زاخۆ بۆ تیپەکانی هەڵەبجە کردووە. چەندین خولی بۆ تیپەکان کردووەتەوە. دوکانی وەرزشی هەبووە. ٤٤ چل و چوار ساڵ خزمەتی مامۆستایەتی کردووە و پاشان بووەتە سەرپەرشتیاری وەرزشی و لە ئێستادا خانەنشینە.
سالم ئەسعەد ئەحمەد
وەرزشەوانی دێرینە. ساڵی ١٩٦٥ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، بەشی وەرزشی خانەی مامۆستایانی سلێمانی ساڵی ١٩٨٤ - ١٩٨٥ تەواوکردووە، لە ساڵی ١٩٧٠ەوە دەستی بە وەرزش کردووە، یارییەکانی (تۆپیپێ، تۆپی بالە، تۆپی دەست و یاریی گۆڕەپان و مەیدان)ی لە خانەی مامۆستایان ئەنجامداوە. لە تیپی شنروێ لە هەڵەبجە وەک یاریزان یاریکردووە. لە ئێستادا وەک یاریزانی دێرین جارجارە یاریدەکات و پیشەی مامۆستای وەرزشە.
سالم قادر عەبدولوەهاب
وەرزشەوانی دێرینە. ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی (بیاوێڵە)ی نزیک هەڵەبجە لەدایکبووە. پەیمانگای تەکنیکی موسڵی تەواوکردووە. یەکێک بووە لە یاریزانە گۆڵپارێزە دیار و بەتواناکانی بیاوێڵە و هەڵەبجە. وەک گۆڵپارێز لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: بیاوێڵە، مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجە، تیپی هەڵبژاردەی هەڵەبجە، خەبات. لە ئێستادا فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە.
ساڵحی مەلا محەممەد: ساڵحەفەنی
ڕێکخەر و سەرپەرشتیاری یەکەم تیپی دیدەوانی(جوال)ی هەڵەبجەیە. ناوی تەواوی ساڵح محەمەد عەبدولڵایە، ساڵی ١٩٣٣ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خانەی مامۆستایانی بەعقوبەی ساڵی ١٩٥٣ تەواوکردووە. خێزانی پێکهێناوە و خاوەنی ٨ منداڵە. ساڵی خوێندنی ١٩٥٣-١٩٥٤ لە ئامادەیی هەڵەبجە، لە ٢١ قوتابی، یەکەم تیپی دیدەوانی دادەمەزرێنێت و بەشداری نمایش و فیستیڤاڵەکان دەکات و دواتر پەرەدەسەنێت و بەردەوامدەبێت. سەرپەرشتی یارییەکانى (تۆپیپێ، تۆپى بالە، تۆپى باسکە، هەڵدانى ڕم و قورس، گۆڕەپان و مەیدان، تۆپى سەرمێز و ڕیشە، دیدەوانى قوتابخانەکان و چادرگەکانى دیدەوانیى ئەو کاتەى ناوچەى هەڵەبجە)ی کردووە. یاریزانێکى دیارى بوارى هەڵدانى ڕم و قورس بووە لە سەردەمى خۆیدا. دوای ڕاپەڕین دەبێتە کارگێڕی یانەی وەرزشی هەڵەبجە. ساڵی ٢٠٠٨ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵان بەخاکسپێردراوە.
سامان خێڵی حەمەیی
وەرزشەوانی دێرین و یاریزانى تۆپیپێیە. ناوی (سامان سەعید باوا)یە. ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی (خێڵی حەمە) لەدایکبووە. پەیمانگای تەکنیکی لە هەڵەبجە تەواوکردەوه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵه. یەکەمجار ساڵی ١٩٨٨ لە ئۆردەگای (بازیان) لەگەڵ کۆمەڵێک هاورێی تیپێکیان دروستکردووە و یاریکردووە. ساڵی ١٩٩٢ لە لاوانی یانەی هەڵەبجە یاریکردووە. ساڵی ١٩٩٨ بووە بە یاریزانی یانەی وەرزشی هەڵەبجه. یەکەم یاریزانە لە هەڵەبجە وەک یاریزانی (شورتی لاعیب) دامەرزاوە بۆ یانەی هەڵەبجە، هەروەها بۆ یانەکانی (سیروان و خورماڵ)، تیپە پلەیەکەکانی (شۆڕشی خورماڵ و کوردستانی سیروان و شنروێی هەڵەبجه) یاریکردووه. بەشداری چەندین خولی وەرزشی کردووه و چەندین خەڵات و ڕێزلێنانی پێدراوه.
سامان کەمال ئیسماعیل
ساڵی ١٩٧٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سلێمانییە. لە یاریزانە ئاستبەرزەکانی تۆپیپێیە و یاری تێنس و بالەی بۆ یانەکان کردووە. لە شەهیدان و یانەی وەرزشییەکانی: پەیام، ئاشتی، سیروانی نوێ و لە هەڵبژاردەی هەڵەبجە و سلێمانی و هەڵبژاردەی کوردستان یاریکردووە. ساڵی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ گۆڵکاری خولی کوردستان و گۆڵکاری خولی عێراق کۆمەڵەی باکور بووە. گۆڵی لەباشترین گۆڵپارێزی عێراقی نوور سەبری و یانەی تەڵەبە کردووە. وەک یارزانی بالەش هەڵبژێرراوە بۆ هەڵبژاردەی پەروەردەی سلێمانی و پلەی دووەمیان بەدەستهێناوە. دوای وازهێنانی لە یاری، وەک بەرپرسی کارگێڕی و دارایی یانەی سیروان کاریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. پیشەی مامۆستایە و لە ئێستادا یاریزانی هەڵبژاردەی دێرینەکانی سلێمانی و ئاشتی و ڕاهێنەری دێرینەکانی برایانی زانکۆی سلێمانییە.