سەلام مستەفا
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-14
شاعیر و ڕۆژنامەنوسە، ناوی سەلام مستەفا ساڵحە. ساڵی ١٩٥٧ لە سلێمانی لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەییە. بۆ یەکەمجار لە دوای ڕاپەڕین بۆ مەرگەساتی هەڵەبجە بە تەنیا و لەسەر ئەرکی خۆی ڕۆژنامەیەک بە ناوی ١٦ی ئازار دەردەکات، کە بۆ ژمارەیەکی ڕۆژنامەکە، فواد سەڕاج یارمەتیداوە. بۆ ماوەی ١٢ ساڵ، ساڵانە بۆ یادەکان دەیهێنێتە هەڵەبجە و بێبەرانبەر دابەشیدەکات. بە جۆرێک بە ١٦ی ئازاری سەلام مستەفا، ناو دەردەکات. لەبەر ئەو خزمەتەی کەس و کاری شەهیدان و کۆمەڵەی قوربانیان، خەڵاتی زێڕیان پێبەخشیووە. خاوەنی ٢٠ کتێبە و چەند شیعریشی بۆ هەڵەبجە نوسیوە و کراون بە سرود و گۆرانی. خێزاندارە و خاوەنی دوو کوڕە. ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانە و بەڕێوەبەری کارگێڕی و ژمێریاریی لقی سلێمانییە. لەسلێمانی نیشتەجێیە.
سەرچاوەکان:
- تەواوی ژمارەکانی ١٦ی ئازار لەبەردەستی ئامادەکار.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لە گەڵ ناوبراو، ٧ی٣ی ٢٠٢٥ سلێمانی.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم