جەلالەدین نەجمەدین تەها
خۆشنوس، شاعیر و ڕۆژنامەوان و پارێزەرە. بە (شێخ زادە) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٣ لەدایکبووە. دبلۆمی لە ئەندازیاریی ڕوپێوی و بەکالۆریۆسی لە یاسا و ماستەری لە یاسای نێودەوڵەتیدا هەیە. بەهۆی بەخشینی کوڕاسە خەتیەکەی مامۆستا هاشم بەغدادی لەلایەن مامۆستا سەرکۆ عەزیز ئەمینەوە، ئاشنای خۆشنوسی بووە. ساڵی ١٩٨٤ لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، فەرمانگەی هونەرەکانی شێوەکاری، لقی خەتی عەرەبی، مۆڵەتی خۆشنوسی پێدراوە و کۆمەڵەی خۆشنوسانی عێراقی پشتگیرییان کردووە. وەک خاوەنی ئیمتیاز و سەرنوسەر و جێگری سەرنوسەر و بەڕێوەبەری نوسین و ئەندامی دەستەی نوسەران و نوسەر و وەرگێڕ و دامەزرێنەر لە چەند ناوهندێکی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی کاریکردووە. سەرپەرشتیاری دووەمین فیستیڤاڵی هەڵەبجەی شەهید بووە. بەرپرسی لقی هەڵەبجەی کۆمەڵەی نوسەرانی ئیسلامی کوردستان و سەرپەرشتیاری تیپی هونەریی پەیام و دەستەی دامەزرێنەری یانەی وەرزشی پەیام و ئەندامی دەستەی باڵای کۆمەڵەی نوسەرانی ئیسلامی و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەکە بووە. ساڵی ١٩٨٦ پێشانگای تایبەتی خەت و زەخرەفەی خۆی لە بەغداد کردووەتەوە. دیزاین و نوسینی بۆ دەیان بەرگی کتێب و نامیلکە و گۆڤار نوسیوە. ساڵی ١٩٨٦ بەشداری یەکەمین پێشبڕکێی خۆشنوسی نێودەوڵەتیی ئەستەنبوڵی کردووە. ساڵی ١٩٩٨ یەکەمین فیستیڤاڵی خۆشنوسی هەولێری کردووە. دیوانی شیعری (شنەی سۆز) و (ڕۆژمێری زانستی بۆ سەد ساڵ) چاپ کردووە. گەلێک فەرمودە و ئایەت و تابلۆی سەر دووکانی لە هەڵەبجەدا نوسیوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. لە شاری هەولێر دەژی.
دیاری نەزهەت عەلی
نیگارکێش و خۆشنوسە. بە (مەلا دیاری) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٦ لە تەویڵە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە تەوێڵە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٨٣ دوکانی نیگارکێشی و خەتخۆشی لە هەڵەبجە داناوە. گەلێک تابلۆی بۆ شوێنە گشتی و تایبەتەکان لە دووکان و بازاڕەکانی هەڵەبجە و زۆربەی نوسینی سەرکێلی قەبرەکانی نوسیوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە ئێستادا خانەنشینە و لە شارەدێی تەوێڵە دەژی.
رەفعەت قادر حەسەن ئەمین
بە رەفعەتی خوشنووس ناسراوە. ساڵی ١٩٧٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، ئامادەیی لە سانەوی (محمد سلیمان) ی ئێواران لە بەغداد تەواوکردووەو ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجەی شەهید، لە ساڵی (١٩٩٨) ەوە دوکانی هونەری خۆشنووسی داناوە و تا ئێستا لەسەر کارەکەی بەردەوام. نووسەرە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجەی شەهید. لە ١٢/٩/٢٠١٢ کۆمەڵەی خۆشنووسانی هەڵەبجەیان دامەزراندووە و بە دەنگدان بووە بە بەرپرسی کۆمەڵەی خۆشنووسانی هەڵەبجە. کتێبێکی چاپکراوی هەیە بە ناوی (پەندەوانە). پێشتر لە (کۆمەڵەی خوشنووسانی کوردستان) ئەندام بووە. نزیکەی شەش ساڵیش بەرپرسی راگەیاندنی (ب.گ. پەروەردەی هەڵەبجەی شەهید) بووە. نووسینی زیاتر لە ٢٠٠٠ ناوی سیانی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەسەر گڵکۆی مەزاری شەهیدان و نوێکردنەوەی نووسین لەسەر کێلی کۆچکردوان. نووسینی زیاتر لە ٥٠٠٠ تابلۆی ژمارەی کارەبای ماڵان بە فڵچە و بۆیاخ. نووسینی لافیتەی قوماش و لۆگۆ و تابلۆی جۆراوجۆری سەر جادە و کۆمپانیا و فەرمانگە حکومییەکان و دوکان و بازاڕی هەڵەبجە و دەوروبەری. دیزاین و دروستکردنی تابلۆی سەر جادە و دوکان و دائیرە و کۆمپانیاکان بەلەزگە و لەسەر شووشە و ئاسن و فلێکس لەگەڵ دروستکردنی چوارچێوە بۆیان بە ئاسن و لەحیم بۆ شوێنە گشتییەکانی ناو شار و دەرووبەری. خێزاندارەو خاوەنی پێنج منداڵە. نیشتەجێی شاری هەڵەبجەیە.
ساڵح ئەمين عەزيز
ساڵی ١٩٦١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. پاش تەواوکردنی کۆلێژى ئاداب لە زانکۆى بەغداد، وەک مامۆستا دامەزراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە کارەساتى کيميابارانى هەڵەبجەدا برینداربووە. ساڵی ١٩٩٥ چووەتە وڵاتى ئەردەن و وەک وانەبێژ دەستبەکاربووە و دواتریش لە وڵاتانی تونس و لیبیا مامۆستایەتی کردووە. لە وڵاتى ليبيا بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە. چەند کتێبێکی چاپکراوی هەیە: (مێژووى سەرەتاى ئيسلام و ڕاشيدين و ئەمەوى و عەباسى، هەرێمە فيدراڵيیەکانى خەلافەتى عەباسى، جوان به دەستنوسين و خۆشنوسە ناودارەکان، هونەرى نەخشاندن). کتێبى (پوختەى مێژووى کۆن)ى وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى، ئەمە جگە لە بڵاوکردنەوەی چەندین توێژينەوە. (کوڕاسەى خۆشنوسى و ڕاڤەکردنى بەدرێژى) داناوه. چەندین پێشانگاى خۆشنوسى لە بەغداد و وڵاتەکانى: کوێت، ليبيا، تونس، تورکيا و ئێران کردووەتەوە. لە ماوەی جیاوازدا ئەم پۆستانەی بینیوە: سەرۆکى بەشى زمانى ئينگليزى لە کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتیى زانکۆی هەڵەبجه، ڕاگرى فاکەڵتى زانستەمرۆڤايەتيەکان، ياريدەدەرى سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە بۆ کاروبارى کارگێڕى. ساڵى ٢٠١٦ نازناوى پرۆفيسۆرى ياريدەدەرى وەرگرتووە و لەئێستادا مامۆستايە لە زانکۆى هەڵەبجە لە بەشى مێژوو.
سامان عبدالخالق قادر
بە سامان هەورامی ناسراوە.ساڵی ١٩٧٢ لە تەوێڵە لە دایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی بە دەستهێناوە. بەشداری ٢٥ پێشانگای خۆشنوسی لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمدا کردووە. لەوانە لە وڵاتی عێراق و تورکیا و ئیمارات و سوریا و میسر و ئیران، کە سێ جار خەڵاتی دووەم و حەوت جار خەڵاتی سێیەمی وەرگرتووە و پێنج جاریش خەڵاتی یەکەمی بۆ خەتی سولی و نەستەعلیق وەرگرتووە. لەوانە خاچی سووری نێودەوڵەتی ٢٠٠١، ساڵی ٢٠١٠ی عێراق، ٢٠١٦ی تورکیا، ٢٠٢٢ی میسر. نۆ جار خەڵاتی پاداشتی خەتی بردووە. ئەندامی کۆمەڵەی خۆشنوسانی کوردستان و عێراق و جیهانە. خێزانی پێکنەهێناوە. لە سلێمانی نیشتەجێیە.
شۆڕش جاف
خۆشنوس و شێوەکارە. ناوی (کەریم حەمەڕەحیم حەمەشەفیق)ـە و بە (شۆڕش جاف) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە کۆتایی حەفتاکان و هەشتاکان لە شاری هەڵەبجەدا دووکانی ڕەسم و خەتی هەبووە. وێنە و تابلۆی بازاڕ و دوکانەکانی کێشاوە، لەوانە بازاڕی شنروێ. ساڵی ١٩٩٣ چووەتە وڵاتی ئەڵمانیا و بەشداری خۆپیشاندان و چالاکییەکانی کردووە و چەند پێشانگایەکی کردووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و دوو منداڵە. ساڵی ٢٠١٧ لە کوردستان بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە.