بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
سینەماکار، ئەکتەر، نوسەری شانۆ و فلیم و دەرهێنەرە. ناوى (ڕەحیم کوڕی مستەفا زەبیحی)يە. ساڵی ١٩٧١ لە شاری (بانە)ی خۆرهەڵاتى کوردستان لەدایکبووە. ئەزموونی ٢٠ساڵ کاری سینەمایی هەیە. چەندین فلیمی بەرهەمهێناوە. دەرهێنەری زنجیرە درامای (ماڵەکەی مەعرووف)ـە. بەشداری چەندین فیستیڤاڵی ناوخۆیی ئێران و دەرەوی کردووە و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە. چەند جارێک سەردانی هەڵەبجەی کردووە و دوو فلیمی لەسەر هەڵەبجە و کارەساتی کیمیابارانکردنى بەناوەکانی (ئەو هەنارەی با نەیخنکاند) و(ئەو ڕۆژەی بابا نۆئیل گریا) بەرهەمهێناوە. ساڵی ٢٠١٨ (لەگەڵ کاروان زەبیحی برایدا بووە) به ڕووداوی هاتوچۆ کۆچیدواییکردووە.
هونەرمەندێکی شانۆکارە. ناوی (دارا خالید محەممەد)ە. ساڵی ١٩٧٥ لە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوندی (دێکۆن) و ناوەندی لە شارۆچکەی سیروان و سلێمانى خوێندووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ساڵی ١٩٩٢وە لە بواری شانۆدا وەک ئەکتەر، دەرهێنەر، نوسینی دەق کاریکردووە. ٢٠ دەقی شانۆیی نوسیوە، کە لە هەڵەبجە، سلێمانی، کەرکوک و هەولێر نمایشکراون. وەک ئەکتەر لە ١٥ شانۆ بەشدابووە، کە لە هەندێکیاندا ڕۆڵی سەرەکی بینیوە.
شانۆکار و ئەکتەرە. ناوى (ڕەمەزان محەممەد ڕەمەزان شەريف)ـە. ساڵى ١٩٦٤ لە گوندی (بانیشار) لەدایکبووە. لە دوو جار ژیانی هاوسەری، خاوەنى ١٠ منداڵە. قۆناغى سەرەتایى لە خورماڵ خوێندووە. لە ساڵانى حەفتاکانەوە دەستى بە کارى هونەرى کردووە و لە چالاکیی قوتابخانەکاندا بەشداریکردووە. ساڵى ١٩٩٧ لە کەناڵى جەماوەر لەگەڵ چەند هونەرمەندێکى تردا، چەندین کورتە فلیمیان پێشکەشکردووە و لە چەندین زنجیرەی بەرنامەى (زەنگ) بەشداریکردووە. لە کۆتایی ساڵانى نەوەدەکاندا زیاتر دەرکەوتووە و لە فلیمەکانى (ستەم، ویژدان، شەقامەکان) ڕۆڵیبینیوە. لە ئێستادا کاری هونەرى ناکات. لە شاری بەغداد نیشتەجێیە.
شانۆکارە. ساڵێ ١٩٨٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دبلۆمی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە و بەکالۆریۆسی لە پەیمانگای ڕاهێنان و گەشەپێدان لە سلێمانی وەرگرتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. وەک ئەکتەر و دەرهێنەر بەشداری دەیان شانۆی کردووە. لەوانە (کورسی، دوای کوشتنی هابیل، گۆرانی ماڵئاوایی، زستانی ٨٨) و لە شانۆیی (مردنیکی تر) لە ئێران بەشداربووە. بەشداری پێشانگاکانی پۆستەر و کەرنەڤاڵی ئۆپەرێتەکانی پەروەردەی کردووە. خاوەنی چەندین خەڵاتە و لە ئێستادا لە شاری هەڵەبجە دەژی.
شانۆکارە. ساڵی ١٩٩١ لە ئۆردوگای سەریاسی نزیک شارۆچکەی (پاوە) لەدایکبووە. دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجەیە. لە دامەزرێنەرانی گروپی شانۆیی پانتایی شانۆی واڵایە. نزیکەی دە ساڵە کاری شانۆ دەکات و لە شارەکانی (هەڵەبجە، سلێمانی، هەولێر، بەغداد) شانۆکانی پێشکەشکراون. چوار دەقی شانۆیی نوسیوە، کاری دەرهێنەری بۆ نۆ بەرهەمی شانۆیی کردووە، لەوانە: سەرەتای هەموو کۆتاییەکان، باڕی ئەستێرە، ماڵی باوکم، گۆرانی چایکا، خۆشەویستی لە دابق، پرتەقاڵی خوێن، زیندان و قیاموت، شینە لەشیندام، سرودێک بۆ ئیکارۆس، مردنێکی تر. خەڵاتی شانۆکاری ساڵ بۆ باشترین دەرهێنەری شانۆی ساڵی ٢٠١٨ لە ناوەندی غەزەلنوس، خەڵاتی باشترین دەرهێنەر لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆ لە هەولێر ساڵی ٢٠٢٢ی پێدراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ئەندامی لقی سلێمانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە. لە ئێستادا مامۆستای هونەرە لە هەڵەبجە و بەڕێوەبەری دامەزراوەی (ڕەهێڵە)یە.
ساڵی ١٩٦١ لە سلێمانی لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەییە. بۆ یەکەم جار ساڵی ١٩٨١ وەک ئەکتەر چووەتە سەرشانۆ. یەکەم کاری دەرهێنانی لەساڵی ١٩٨٦دا بووە. دوای کۆمەڵە ئەزمونێکی شانۆیی بۆ یەکەمجار لە دەرەوەی هۆڵ بۆ یەکەم یادی کیمیابارانی هەڵەبجە ساڵی ١٩٩٢ شانۆی میهرەجانی کەلاوەکانی دەرهێناوە. لە زۆر ڕوەوە ئەم کارە گرنگیی خۆی هەبووە، کە یەکەم کاری گەورە بووە لە ڕووی کاستەوە ٧٥ ئەکتەر و ١٢ کەسی بۆ کاری هونەری هەبووە، ٢٧ ئەکتەر لە ڕەگەزی مێ، تیایدا بەشداربووە. ڕەنگە یەکەم کاری شانۆی سەرشەقامیش بێت. ساڵی ١٩٩٣ لە شانۆیی میهرەجانی مرۆڤایەتیدا کاریکردووە. لەو ساڵانەدا هاوکارێکی باشی تیپی شانۆیی شەهیدانی هەڵەبجە بووە. هاوکاری چەندین تیپ و گروپی شانۆیی هەڵەبجەی کردووە. وەک ئامادەکار و دەرهێنەر، زۆرترین کاری لە هەڵەبجە و بۆ هەڵەبجە کردووە. ١٦ی ٣ی ٢٠٠٣ لەگەڵ سەنتەری ئاڵا، لەبەردەم بازاڕی نیشتمان لە هەولێر، (قانونی خۆڵەمێش)ی پێشکەشکردووە. لە بەرەوپێشچوونی شانۆی هەڵەبجە لە دوای ڕاپەڕین و ئاوەدانکردنەوەی شار، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە. دوایین کاری سەرپەرشیار و دەرهێنەری شانۆیی مەرگ لە سامۆس بووە لە حەوزەکەی چاوگ بۆ قوربانیانی دەریای ئیجە. ئێستا لە سلێمانی دەژی.
شانۆکار و نوسەرى شانۆیە. ساڵى ١٩٩٦ لە گوندى (ئەحمەدئاوا) لەدایکبووە. خوێندنى سەرەتایى لە (ئەحمەدئاوا) و ناوەندى و ئامادەیى لە (خورماڵ) و پەیمانگاى لە دەربەندیخان بەشى کارگێڕى تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی یەک منداڵە. لە بوارى: شانۆ، فلیم، ئەکتەر، نوسەرى چیرۆک و شانۆ کاریکردووە و لەسەر ئاستى کوردستان و دەرەوەشدا خەڵاتی بەدەستهێناوە. لە فلیمی: (عەشقێک لە خانەقا)، (سێوى بکوژ)، (ڕژان)، (واژۆ)، (١٦ی ٣) کاریکردووە. لە شانۆى (خەیاڵ)، (مام شێر)، (عەلەشیش)، (کەللەپوچ) کاریکـردووە.
شانۆکار و شاعیرە. ناوی (ڕەحمان حەمەلاو مستەفا ڕۆستەم)ـە. ساڵی ١٩٧٠ لە گوندی یاڵانپێ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە خورماڵ و ناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. دەرچووی ئامادەیی بازرگانییە. ئەندامی ناوەندی ڕوناکبیریی خورماڵە. یەکێکە لە بڵاوکەرەوەی کاسێتە شیعرییەکانی ١٩٨٩ بۆ ١٩٩٠. لە نموونەی کارە شانۆیییەکانی (سایەی ئاڵا، دیوانی مەحموود خان، سۆزی پەپوولەکان).
شانۆکار و شێوەکارە. ساڵی ١٩٥٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازیی سلێمانییە. لەڕێی ئومێدی نوری حەمەی نانەوا و شەماڵی عەبەڕەشەوە بە شانۆ و کاری نواندن ئاشنابووە. وەک ئەکتەر بەشداری دەیان شانۆیی کردووە، لەوانە: داسەکەی شاسوار و چالاکییە شانۆییەکانی قوتابخانە. خولیای وێنەکێشانی هەبووە و لە ژێرکاریگەری خاڵی(حەمەفەرەج هەڵەبجەیی)دا، ساڵی ١٩٧٠ دەستی بە خۆشنوسی کردووە. تابلۆی زۆرێک لە کۆگا و دوکان و شوێنەکانی هەڵەبجە دەنوسێت. وەک(تابلۆی باخی گشتی و یانەی فەرمانبەران و گازینۆ شنروێ و دوکانە تازەکانی قەیسەری شنروێ و...هتد ). بەهاری ١٩٧٣ لەگەڵ شێوەکار نەژادی شێخ عارفدا، یەکەم دوکانی وێنەکێشان و خۆشنوسی دادەنێن. لە ئاوارەبوونی ساڵی ١٩٧٤دا لە سەریاس بەشداری شانۆیی(ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان، کورد نابەزێت) دەکات. لە ئوردوگای ئەنزڵی سەرپێل زەهاودا لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی هەڵەبجە گروپێکی شانۆ و مۆسیقا و شێوەکاری دروستدەکات و خۆیشی سەرپەرشتیدەکات. هەمان ساڵ لەوێ پێشانگایەکی شێوەکاری دەکاتەوە. دوای نسکۆی شۆڕش، ماوەیەک لە کاری هونەری دادەبڕێت. لە ساڵی ١٩٧٩دا لەگەڵ تیپی نواندنی هەڵەبجەدا تێهەڵدەچێتەوە. کاری هونەری و مکیاژ بۆ دەیان بەرهەمی ئەو قۆناغەی شانۆی هەڵەبجە دەکات. لە پاڵ شانۆدا دەچێتەوە بواری شێوەکاری و پەیکەرتاشی. لە پەیکەرەکانی: (عومەری خاوەر، ئەنجامی دکتۆرەکان، سیما تەڵخەکانی کیمیاوییەکە... هد). بەشدارێکی کارای پیشانگا هاوبەشەکانی کوردستانە و بۆ خۆیشی پیشانگای تایبەتی کردووەتەوە. ئێستا لە شاری (هەولێر) دەژی.
هونەرمەندێکی شانۆکارە. ٥ى ٧ى ١٩٦٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە ئەکادیمیای هونەرەجوانەکانی بەغداد وەرگیراوە و ساڵی ١٩٨٩ تەواویکردووە. خێزاندارە. خاوەنی سێ منداڵە. ساڵی ١٩٧٨-١٩٧٩ ئەندامی کاتیی تیپی نواندنی هەڵەبجە بووە. لە دەستەی دامەزرێنەرانی تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردیی ساڵی ١٩٨١ بووە. ساڵی ١٩٨٧ ئەکادیمای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە، بە کاتیی، دادەمەزرێنێت. لە ساڵی ١٩٩١ چوەتە هەندەران و لە دانیمارک دەژی. لە هەڵەبجە لەم شانۆیانەدا ڕۆڵیبینیوە: (پێکەنین بە پێی یاسا، هاواری تاساو، فایلی ٦٧، نانەوا... ) لە دەرەوەی وڵاتیش لە کاری شانۆیی و نوسیندا بەردەوامە و دەرهێنان نواندنی لەم شانۆیانەدا کردووە: (باران، من و تۆ، مانگ مردو گوڵ ڕوا، چەتر، عەشق لە کەناری دەریادا، سەعەتاێ لەژێر چاوەڕانیدا.
سینەماکار و شانۆکارە. ساڵی ١٩٧٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی لە سلێمانی تەواوکردووە. کارەکتەری سەرەکیی یەکەم فلیمی کوردی (نێرگز بووکی کوردستان)ـە بووە. بەشداری ژمارەیەک چالاکیی شانۆیی کردووە، لەوانە: (ماسییە ڕەشە بچکۆلەکە، هەبوو نەبوو، ورچ، من دایکی تۆم شاکر، باهۆزی مەرگ، خەزانی مەرگ، پیاو بە پیاو، ئۆپەرێتی سەوزە، ولیەم تیل، تارمایی، کێشەی چوون و نەچوون، مەرگەسات، کلیل، ئەو پیاوەی بوو بەسەگ، زەلکاو، سەمای ڤێتنامی، کامە ڕەوایە و کامە ناڕەوایە). لەگەڵ تیپی شانۆیی هەڵەبجەیش لە چەندین شانۆدا بەشداریکردووە. وەک کامێرامان چەندین گۆرانی بۆ گۆرانیبێژان تۆمارکردووە و ساڵانی ١٩٩١ تا ١٩٩٦ کامێرامانی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بووە. لە تەلەفزیۆنەکانی (پەروەردە، خاک)دا کاریکردووە. ساڵانی ١٩٩٧ تا ٢٠٠٩ سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندنی پارێزگاری سلێمانی بووە. لە ساڵی ٢٠١٦ەوە چووتە وڵاتی ئەڵمانیا. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. چەندین خەڵاتی وەرگرتووە. ساڵی ٢٠٢٤ لە ئەوروپا و بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە و تەرمەکەی هێنراوەتەوە بۆ سلێمانی و بەخاکسپێرراوە.
ساڵی ١٩٧٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. دەرچووی بەشی کارگێڕیی کارە لە پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە. ئەندامی تیپی شەهیدانی هەڵەبجە بووە. بەشداری چەندین کاری شانۆیی کردووە. لەوانە: زەماوەندی مەرگ، دەردەکانی دەروون، میهرەجانی کەلاوەکان، کۆمیدیای ئەفسوناوی، مینکۆ، ئەی زنجیە سپی پێستەکان، مەملەکەتی سێو، کراسی پیاوێکی بەختەوەر... بەشداری چەندین فیستیڤاڵی کردووە و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
ساڵی ١٩٦٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووه. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. لە نیوەی دووەمی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوه، لە چەندین شانۆدا وەک: ئەکتەر و دەرهێنەر و ئامادەکار و کاری هونەری بەشداربووە، لەوانە: وەکیل بەگ چۆن لە ئازارەکانی ڕزگاری دەبێت، هەنگاو، میهرەجانی کەلاوەکان، گەمەی میر و وەزیر، ئەوە لە کوێ یاری کەین، مەملەکەتی سێو، کراسی پیاوێکی بەختەوەر، ئافاتی عیشق، هێرۆشیما. لە دەستەی دامەزرێنەری تیپی مەشخەڵ و زۆرێک لە تیپە هونەری و شانۆییەکانی دوای ڕاپەڕینی هەڵەبجە بووە، لەوانە: تیپی شانۆی شەهیدان، نواندنی هەڵەبجە، وێستگەی هونەری. لەگەڵ ڕێکخراوی کۆمەڵەی هونەرمەندان و یەکێتیی هونەرمەندان کاریکردووە و بە یەکگرتنەوەیان و دروستبوونی سەندیکای هونەرمەندان، لە ئەندام بوونی بەردەوامبووە. بەرپرسی لیژنەی هەڵەبجەی ڕێکخراوی هونەرمەندان و ئەندامی یەکێتیی مامۆستایان بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
ساڵی ١٩٦٤ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازی هەڵەبجەیە. لە شانۆکارانی هەشتاکانی هەڵەبجەیە. وەک دەرهێنەر و ئەکتەر و ئامادەکار لەگەڵ تیپە هونەرییەکانی نواندنی هەڵەبجە، گۆران، پێشڕەوی شانۆ، تیپی هەڵەبجە دوای ڕاپەڕین چەندین بەرهەمی هەبووە، لەوانە: پێکەنین بەپێی یاسا، ولیەم تیل، کلیل، ژنهێنان بەزۆر، باهۆزی مەرگ، خۆرکەوتن، گۆرانی ئازارەکان، خەزان و تاوان...هتد. خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە، ئێستا لە تاراوگە دەژی.
شانۆکارە، ساڵی ١٩٩١ لەدایکبووە. بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجەی تەواوکردووە. وەک ئەکتەر و لایەنی هونەری لەگەڵ گروپ و تیپە شانۆییەکانی هەڵەبجەدا بەشداری دەیان شانۆیی کردووە. لەوانە، ژوری ژمارە شەش، هەشتەم ڕۆژی هەفتە، شەوە ڕووناکەکانی هەڵەبجە، ئەنجومەنی ئاوایی، گۆرانی چایکا، مردنێکی تر، چیرۆکی باڕی ئەستێرە. بەشداری ڤیستیڤاڵەکانی شانۆی گۆرانی لە هەڵەبجە و شانۆی شەقامی مەریوان و خوڕەمشەهری کردووە.
ساڵی ١٩٩٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە ڕێگەی کازیوەی منداڵانی هەڵەبجەوە تێکەڵی کاری هونەری نواندن و سەما و گۆرانی بووە. دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانە لە هەڵەبجە. لە دامەزرێنەرانی گروپی شانۆی پانتایی واڵایە و لە چەندین بەرهەمدا بەشداریکردووە، لەوانە: چیرۆکی مردن لە بەهەشت، پرتەقاڵی خوێن، ماڵی باوکم، شینە لەشیندام، هەرەسی بەفر، سرودێک بۆ ئیکارۆس، کەلین، ناوی بنێین چی، دوای بیست ساڵ، باڵەخانەی ژمارە چوار، ئۆپەرێتی مافی منداڵ، فلیمی درامی ڕژان... بەشداری لە فیستیڤاڵە شانۆییەکانی هەریەکە لە سلێمانی و هەولێر و کەرکوک و دەربەندیخاندا کردووە و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە: یەکەمی ئەکتەری کچ لە حەوتەمین فیستیڤاڵی شانۆی شەقامی دەربەندیخان. ئەندامی لیژنەی ئامادەکردنی خولی سێیەمی فیستیڤاڵی شانۆی گۆران بووە.
ساڵی ١٩٩٣ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغەکانی خوێندنی لە هەڵەبجە خوێندووە و بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجەی تەواوکردووە. ئەندامی گروپی پانتایی شانۆی وڵا بووە و لە دەیان کاردا بەشداریکردووە، لەوانە: زستانی ٨٨، پرتەقاڵی خوێن، ئەم کورسییە جێناهێڵم، دوای بیست ساڵ، چیرۆکەکانی بازنەی تەباشیر، مامۆستا، تاریک و ڕوون، مردنێکی تر. بەشداری فیستیڤأڵەکانی شانۆی شەقامی مەریوان و چەمچەماڵ و فیستیڤاڵی شانۆ و بەرگری خوڕەمشەهری کردووە. خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی بردووە. خێزاندارە و خاوەنی یەک منداڵە.
ساڵی ١٩٩٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانە لە هەڵەبجه. لە دامەزرێنەرانی گروپی پانتایی شانۆی واڵایە. لە چەندین بەرهەمدا بەشداریکردووە، لەوانە: ماڵی باوکم، مردن لە بەهەشت، پرتەقاڵی خوین، نوستالۆژیا، زستانی ٨٨، دواڕۆژەکانی بابلۆ، میوانێکی دوور، چیرۆکەکانی بازنەی تەباشیر، خۆشەویستی لە دابق، مردنێکی تر، گۆرانیی ماڵئاوایی. بەشداری فیستیڤاڵەکانی شانۆی لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا کردووە و لە چەند فلیمێکیشدا بەشداربووە. لە ئێستادا خوێندکاری بەشی سینەمایە لە زانکۆی سلێمانی.
شانۆکار، دەرهێنەر و ئەکتەرە. ناوی (عەبدولڕەحمان محەممەد سابیر)ە. ساڵی ١٩٩٩ لە گوندی (ئەحمەدئاوا)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)، لەدایکبووە. بەشی دەرهێنانی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە هەڵەبجە تەواوکردووە. وەک ئەکتەر لە زیاتر لە ١٠ شانۆ و وەک دەرهێنان لە ١٢ شانۆگەری و هەشت کورتەفلیمدا بەشداریکردووە. لە نموونەی کارە شانۆییەکانی: (کەللەپووچ، شۆڕشى مردووەکان، شانۆى ژیان، نابۆپیسبوونى شوێنەوارەکان) و کورتە فلیمەکانی (عەشقێک لە خانەقادا، ژن، ڕژان)ن. فلمەکانی بەشداری ڤیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانیان کردووەو خەڵاتیان بەدەستهێناوە. لە خورماڵ نیشتەجێیە.
بە (سالار کوردستانی) ناسراوە. ١٩٧١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی سێی ناوەندییە. بێجگە شانۆ لە بواری میوزیک و گۆرانیدا بەرهەمی هەیە. لە دامەزرێنەرانی قوتابخانەی هونەری هاوکارە. چەندین کورتە تەمسیلی تەلەفزیۆنی نوسیوە و ئامادەکار و پێشکەشکاری چەند بەرنامەیەک بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. چەندین خەڵاتی وەرگرتووە. ئەندامی سەندیکای هونەرمەندان و ڕۆژنامەوانانی کوردستان و ستافی گۆڤاری گەپە.