کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

92 بابەت

شێنێ حەیدەر عومەر

شانۆکارە. ساڵی ١٩٩٢ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری هەڵەبجە تەواوکردووە. بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی تەواوکردووە. لە چەندین فلیم و کاری شانۆییدا بەشداریکردووە. لەوانە (ماڵی باوکم، نوستالوژیا، زستانی ٨٨، پرتەقاڵی خوێن، خۆشەویستی لە دابق، لەدایکبوونی زیندان، ماسی کوێر، هیچ نهێنیێک لەئارادا نییە). هەروەها لە کورتە فلیمەکانی (هەڵەبجەـ هێلانە سووتاوەکان، ئومێد) بەشداریکردووە. لە پێنجەمین شانۆی شەقام لە دەربەندیخان ٢٠١٧، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی وەرگرتووە. لەگەڵ گروپی پانتای شانۆی واڵادا بەشداری فیستیڤاڵە شانۆییەکانی هەولێر و کەرکوکی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

عەبدولڕەحمان حسێن نانەوا

شانۆکارە. لە شانۆکارە دێرینەکانی قۆناغی دووەمی شانۆی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٤٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ئەندامی تیپی شانۆی فرمێسک بووە. ساڵی ١٩٥٧ بۆ یەکەمجار شانۆیی (مەم و زین)دا بەشداریکردووە و دواتریش لەچەندین شانۆیی تردا ڕۆڵیبینیوە، لەوانە: (لەڕێی وڵاتدا، قاسم دەبێت بکوژرێت، بەزۆر کراوە بە دکتۆر، ١ی ئایار، بازرگانی ڤێنیسیا، تاوانی دەرەبەگ، چەند شانۆیەکی تری شەقام و گۆڕەپان). دوای بەیاننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ چووەتە تیپی نواندنی هەڵەبجە، کە جەمالی مەلا قادر سەرۆکی بووە و وەک ئەکتەر لەچەند شانۆییدا بەشداربووە. لەوانە (ئەمرەکەی بەگم، کاوەی سەردەم، کوا ژنەکەم). پاش چوونی بۆ سلێمانی لەگەڵ تیپەکەی مامۆستا عومەر عەلی ئەمینیشدا بەشداری چالاکییە شانۆییەکانی کردووە.

عەبدوڵا حەمەلاو

شانۆکار و نوسەرە. ساڵی ١٩٥٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی کارەبای لە ئامادەیی پیشەسازی لە سلێمانی تەواوکردووە. بۆیەکەمجار و ساڵی ١٩٧١ مامۆستا ساڵح هەژار بە دنیای شانۆ و نواندنی دەناسینێت. ساڵی ١٩٧٥ دەبێتە ئەندامی تیپی میللیی وەفایی. دواتر لە ساڵی ١٩٧٦-١٩٧٧ لەگەڵ چەند ئەندامێکی تیپەکە دەچنە تیپی نواندنی هەڵەبجەوە و ساڵی ١٩٨٣ تا کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەبێتە سەرۆکی تیپەکە. وەک نوسەر و ئامادەکار و دەرهێنەر و ئەکتەر، بەشداری چەندین شانۆی کردووە. لەوانە: تەلەفۆن، دکتۆر و فەراشی جێگر، میرات، کۆچی هەتا هەتایی، گیانی یانۆرا، مانگرتن، مەسەلەی ویژدان، کێشە، ولیەم تیل، کلیل، . هتد. بۆ یەکەمجار لە هەڵەبجە کۆڕی ڕەخنە و هەڵسەنگاندن بۆ شانۆ پێشکەشدەکات. دوای ڕاپەڕین و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە لە دامەزراندنەوە و ڕێکخستنەوەی تیپ و چالاکییە شانۆییەکاندا بەشداردەبێت و چەندین بەرهەم پێشکەشدەکات. لەوانە: خەزانی مەرگ، باهۆزی مەرگ و... هتد. لە کاروانی هونەریدا بەشداری چەندین فیستیڤاڵی کردووە. خەڵاتی ڕێکخراوی دۆستانی هەڵەبجەی پێدراوە. خاوەنی کتێبی (مێژووی شانۆ لە هەڵەبجە)یە. ئێستا لە هەندەران دەژی.

عەبدوڵا خەیات

شانۆکار و ئەکتەرە. ناوی (عەبدوڵا ساڵح حەمەئەمین)ـە. ساڵی ١٩٦٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە. لە ساڵی ١٩٧٩ەوە لە چالاکییە شانۆییەکاندا بەشداریکردووە و لە چەندین کاری شانۆ و فلیم و درامادا ڕۆڵیگێڕاوە، لەوانە: (ڕێژنە، بانگەوازی ئازارەکان، باهۆزی مەرگـ، ئەو شاهیدەی هەموو شتێکی دی، شەوە ڕوناکەکانی هەڵەبجە، ئاوێنەحەرامەکان، ژنهێنان، عەبە برغوو، گەمەی سەرکەوتن، درامای سۆما، کرێچییەکان، یاخی بوونی ستار، ژانی گەل، ژیلەمۆ، قاقا، وەسیەتنامە)، کە بەهۆی کارەکتەر و وتەکانیەوە لە زنجیرەی (وەسیەتنامە) بە (گوڵی بامێ) ناسراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. ساڵی ٢٠٢١ بە نەخۆشی کۆرۆنا کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی ئابڵاخ لە سلێمانی بەخاکسپێرراوە.

عەبدوڵا‌ خورماڵی

ناوی (عەبدوڵا ئەحمەد محەممەد)ە. ساڵی ١٩٧٠ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووه. ساڵی ١٩٨٧ بەشداری ڕاپەڕینەکەی شارەزوور و هەڵەبجەی کردووه. کە خوێنکاری ئامادەیی پیشەسازی هەڵەبجە بووە لەگەڵ چەند کەسێکی تردا کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردیان دامەرزاندووە و شانۆگەرییان بۆ یادی هەڵەبجە‌ نمایشکردووە. ساڵی ١٩٩٢ بەرپرسی ئەنجومەنی هونەرمەندانی خورماڵ بووە. لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی تردا (تیپی نواندنی خورماڵ) یان دامەزراندووە و دوو شانۆگەرییان لە یاریگای تیپی شۆڕش پێشکەشکردووە (سەگی پلەکان و پزیشکی بێسنور). ‌ساڵی ٢٠٠١ لە تەلەفزیۆنی کۆمەڵ وەک سەرپەرشتیاری بەشی منداڵان و مونتێر و ئامادەکاری بەرنامه کاریکردووە. بەشداری چەند کارێکی تەلەفزیۆن و درامای کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە.

عەلی حەمەئەحمەد

شانۆکارە. لە ڕیزی شانۆکارە یەکەمەکانی هەڵەبجەیە. بە (عەلی حەمەگیانە) ناسراوە. ساڵی ١٩٢٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٣٨ لە شانۆیی(مەکری ژنان) وەک چالاکیی قوتابخانەکان و دواتریش بەشداری چەندین شانۆگەری کردووە. ساڵی ١٩٧٣ کۆچیدواییکردووە.

عوسمان عەبدوڵا محەممەد

شانۆکارە. ناوی (عوسمان عەبدوڵا محەممەد عەلی)یە. بە (عوسمانی نەجیبە) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە لە سلێمانی. ژیانی هاوسەی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. ساڵانی هەشتاکان تێکەڵی چالاکییە شانۆییەکانی هەڵەبجە بووە. لەگەڵ تیپی نواندن و تیپی پێشڕەو کاریکردووە. هاندەری دروستکردنی تیپی نواندنی منداڵان بووە. ئەندامی تیپی شانۆی هەڵەبجە بووە. دوای ڕاپەڕین وەک ئامادەکار و ئەکتەر بەشداری چەندین شانۆی کردووە. لەوانە: (کۆچی هەتاهەتایی، مانگرتن، پێکەنین بە پێی یاسا، ولیەم تیل، کلیل، باگەوازی ئازارەکان، من مرۆڤم... هتد). وەک شانۆکاری دێرین خەڵاتی ڕێکخراوی دۆستانی هەڵەبجەی پێبەخشراوە.

عومەر ساڵح ئەحمەد

شانۆکار و ڕاگەیاندکارە. ساڵی ١٩٨٩ لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کارگێڕی و کار لە زانکۆی گەشەپێدان بەدەستهێناوە. دامەزرێنەری یەکەم ڕێکخراوی ژینگەیی تایبەت بە هەڵەبجە، ڕێکخراوی نیشتمانی کورد بۆ ژینگە و پەروەردە، بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕێکخراوی بارانی خێرخوازی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی بۆردی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، دەستەی دامەزرێنەری ڕێکخراوی داکۆک بۆ ماف و ئازادییە. دیواری بەخشندەیی لە هەڵەبجە داناوە. خاوەنی بیرۆکەی فلیمی دیکۆمێنتی هاوبەشە لەسەر هەڵەبجە بەناوی (کێ دایکمە؟). لە شانۆگەری (قیژەی فریشکەکان) دەرهێنەر و لە شانۆگەری (لەدایکبوون) بەشداریکردووە. لە ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیا دەژی.

عومەر عەزیز عەلی

شانۆکار و دەرهێنەرە. ساڵی ١٩٧٥ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. لە ساڵی ١٩٩٦ەوە لە بواری شانۆدا کاردەکات. دەرهێنانی بۆ ٢٥ شانۆ کردووە، لەوانە: (دەردی موبایل، ئەرک و ماف، با هەمیشە ژیان خۆشتربکەین) و ١٠ دەقی شانۆیی نوسیووە، لەوانە: (هەواڵەکان، خەمەکانی من، بەڵێن بدە). وەکو ئەکتەر بەشداری لە ٤٥ شانۆدا کردووه. ١٥ چیرۆکی بۆ ڕایۆ و کاری دەرهێنانی بۆ ١٢ بەرنامەی تەلەفزیۆنی کردووە، لەوانە (وانابێت، بڕیار بدە، شەوی بەرات، وەک خۆیی). ١٠ خەڵات و ڕێزلێنانی پێبەخشراوە. ٢٠ ساڵە لە بواری پەروەردەدا خزمەتدەکات. ماوەی شەش ساڵ‌ بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان بووە لە خورماڵ.

عومەر فایق عارف

شانۆکاری شەهید. ساڵی ١٩٦٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. ئامادەیی پیشەسازی تەواوکردووە. وەرزشکاری یاریی بالە بووە. ئەندامی تیپی نواندنی هەڵەبجە بووە. لە چالاکییە شانۆییەکانی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەشداربووە. لەوانە، کێشە، ولیەم تیل، کۆچی هەتاهەتایی، چارەنوسی ئادەمیزاد...هتد. خێزانی پێکنەهێناوە. لە ١٦ی٣ی١٩٨٨ لە گەڵ ١٠ کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی شەهید بووە.

فاتیح عەزیز ئەحمەد

شانۆکارە. بە (فاتیحە سوور) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی نەوەر لەدایکبووە. دەرچووی پیشەسازیی هەڵەبجەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. وەک ئەکتەر لە چەندین شانۆدا بەشدار بووە. لەوانە: (فایلی ٦٧، چارەنوسی ئادەمیزاد، دزی دەست پاک، پێکەنین بە پێی یاسا، پەروانە، تراژیدیای هەڵەبجە، نەخۆشی ددان، ئەو پیاوەی بوو بەسەگ). دەرهێنەری: (قوتابخانەی بۆش، تاوانێک لە فەلەستین) و لە ڕاییکردنی هونەریی چەندین بەرهەمی تردا بەشدار بووە. ئەندامی تیپی پیشڕەوی شانۆ و لیژنەی باڵای بەرەی کوردستانی و کۆمەڵەی پێشمەرگە و ڕێکخستنە دێرینەکان بووە. لە شاری سلێمانی دەژی.

فەرحان تاهیر عەلی

شانۆکار و ڕۆژنامەوانە. بە خواجە ناسراوە، ساڵی ١٩٧٦ لە هانەیدن لەدایکبووە. دەرچوی ناوەندییە، لەدەستەی دامەزرێنەرانی ناوەندی ڕوناکبیریی خورماڵە و لە دەرکردنەوەی ڕۆژنامەی خورماڵدا جێگری سەرنوسەر بووە. بەشداری ڤیستیفأڵەکانی هەڵەبجە و شانۆکانی ناوچەکەی کردووە. وەک ئەکتەر و دەرهێنەر و کاری هونەری لە چەند نواندنی شانۆیی و تەلەفزیۆنیدا بەشداربووە. لەوانە، کفتی زەرد، حساب بکە، زمانلوس، گەڕانەوە بۆ ژیان، گەشتی پاشا، زەوی و نامۆبوون، ئەرک و ماف، ..هتد. ئەندامی کارای لقی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندان و ڕۆژنامەنوسان و مەڵبەندی ڕۆشنبیری هەورامانە. لە خورماڵ نیشتەجێیە.

فەرهەنگ محەممەد ئیسماعیل

ساڵی ١٩٥٨ لەهەڵەبجە لەدایکبووە. لە هونەرمەندە چالاکەکانی شانۆی هەڵەبجەیە و کاریگەری لەسەر ڕەوتەکە داناوە. لە سەرەتای حەفتاکانەوە شانۆی لە کۆڵانەوە دەستپێکردووە. بۆ یەکەم جار لە گۆڕەپانی شانۆی گەڕەکدا ساڵی ١٩٧٢ ڕۆڵدەبینێت. لە ئاوارە بوونی ١٩٧٤دا لە ئێران بە هاوکاری ڕێبوار ئەحمەد غوڵام لەو شانۆدا بەشداردەبێت. دەستی لە دروستکردنی چەندین تیپی شانۆ و نواندندا هەبووە. لەوانە: (وەفایی، پێشڕەو...). لەسەر شانۆی گەڕەک، کە خۆیان دایانمەزراندبوو چەندین شانۆیان پێشکەشکردووە. لەوانە: (سەرتاشی بێ ئیجازە، تەلەفۆن، شەمەنەفەر... هتد). ساڵی ١٩٧٦ چالاکییەکان دەبەنە شانۆی ناوەندی هەڵەبجە. دەرهێنەر و ئەکتەر و ئامادەکاری چەندین بەرهەمی شانۆییە. لە کارە جوانەکانی ئەو کارانەن لەگەڵ تیپی پیشڕەوی شانۆدا کردوونی. مانگێک پێش کیمیاباران ماسیە ڕەشە بچکۆلەکەی دەرهێناوە، کە بە هاوبەشی تیپی مۆسیقای شنروێ پێشکەشیانکرد. دوایین کاری لەگەڵ چەند ئەندامێکی ئەم تیپەدا دوای کیمیاباران لە یادی یەکەم ساڵی هەڵەبجەدا لە ئوردوگای (سونغوڕ) بووە. ئێستا لە وڵاتە ئەڵمانیا دەژی.

کامەران ئەحمەد فەتاح

ساڵی ١٩٦١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خانەی مامۆستایانی تەواوکردووە و ٢٠١٧-٢٠١٨ بەکالۆریۆسی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان وەرگرتووە. ١٩٧٤ بۆ یەکەمجار وەک کۆرس لە ئاهەنگێکدا دەچێتە سەرشانۆ. ساڵی خوێندنی ١٩٦٥ -١٩٦٦ بۆ یەکەم جار شانۆیی(زانست) لە قوتابخانە ئامادە و پێشکەشدەکەن. ئەم بەرهەمە دەبێتە هۆی لەدایکبوونی تیپێکی کەم تەمەن. لە دروستکردنەوەی تیپی نواندنی هەڵەبجە ١٩٧٦ڕۆڵیبینیوە. لە زۆربەی شانۆکانی ١٩٧٨ بۆ ١٩٨٨ی هەڵەبجە وەک ئەکتەر و دەرهێنەر و ی.دەرهێنەر و سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری بەرهەم بەشداربووە. لەوانە (مەشخەڵ، میرات، کۆچی هەتاهەتایی، مانگرتن، ولیەم تیل، گیانی یانۆرا...) لە دامەزرێنەرانی تیپی منداڵانە و دەرهێنەری ئۆپەرێتی (سەوزە)یە، کە یەکێک بووە لەبەرهەمە سەرکەوتوەکان. لەدوای ڕاپەڕین و بۆنەکانی یادکردنەوەی هەڵەبجە، لە چەندین بەرهەمی بەپێزدا کاریکردووە، لەوانە: (خەزانی مەرگ وەک دەرهێنەر). لە هەڵبژاردنەوەی دەستەی نوێی تیپی شانۆی هەڵەبجە لە ٤ی ٢ی ٢٠١٠وە، سەرۆکی تیپەکەیە. ئەندامی کۆمەڵەی هونەرەجوانەکان/ مەڵبەندی گشتی سلێمانی بووە. لە چەندین کاری تریشدا، کە لەسەر شانۆکانی سلێمانی نماییشکراون، بەشداربووە. زۆرترین کاری بۆ تیپی شانۆی هەڵەبجە بووە. دووساڵ بەڕێوەبەری کەناڵی تەلەفزیۆنی سۆشیالیست بووە لە شارەزوور. لە هاندەران و دروستکەرانی تیپی منداڵانی(هاوڕێیانی سەوزە)یە. ساڵی ١٩٩٧دا. بەشداری دەیان درامای سەرکەوتووی کردووە. لەوانە: (ڕەشەی پۆلیس، جومعە، گەردەلوول، دووپشک، تازەباو... هتد). ئێستا بەڕێوەبەری قوتابخانەیە و لەسلێمانی دەژی.

کاوەی ساڵحەفەنی

ناوی (کامەران ساڵح محەممەد عەبدوڵا)یە. ساڵی ١٩٥٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ئامادەیی پیشەسازی تەواوکردووە. لە کارگەی چیمەنتۆ و بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای هەڵەبجە فەرمانبەر بووە. پێشمەرگایەتی کردووە. دوای یەکگرتنی تیپی شانۆی وەفایی و نواندنی هەڵەبجە ساڵی ١٩٧٦ بووەتە ئەندامی تیپی نواندنی هەڵەبجه ‌و لە چەندین شانۆدا بەشداریکردووە، لەوانە: کاوەی ئاسنگەر، نەوتی خۆمان بۆخۆمانە، میهرەجانی کەلاوەکان، هەواڵدز، میرات. خاوەن ئەرشیفێکی وێنەیی گەورەیە لە چالاکیی ئەدەبی و هونەری هەڵەبجە و چەند گەلەری و ناوەندێک سوودیان لە ئەرشیفەکەی وەرگرتووە. لە وەرزشەوانە دێرینەکانە و لە چەندین تیپ یاریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. پیشەی خانەنشینە.

کاوات هادی حەمەسەعید

شانۆکارە، ساڵی ١٩٩٢ لە دایکبووە. بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجەی تەواوکردووە. ئەندامی گروپی شانۆیی(ز بۆ شانۆ) بووە. لە دەیان کاری شانۆیی لە ناوەوە و دەرەوەی هەڵەبجەدا بەشداربووە. لەوانە: چیرۆکی باڕی ئەستێرە، زستانی ٨٨، خۆشەویستی لە دابق، پرتەقاڵی خوێن، مردنێکی تر، ژوری ژمارە شەش، هەشتەم ڕۆژی هەفتە..هتد. بەشداری فێستیڤاڵەکانی شانۆی شەقامی کردووە. ئەندامی کارای لقی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە. خێزاندارە و خاوەنی یەک منداڵە، فەرمانبەرە لە هەڵەبجە.

کەمال نوورى فەتاح

شانۆکار و ڕاگەیاندکار و ڕۆژنامەوان و پارێزەرە. ناوی (کەمال نوورى فەتاح فەرەج)ـە و بە (کەمال کەشکۆڵ) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە. دواتر کۆلێژی یاسای لە زانکۆی (الحرة) لە کەرکوک تەواوکردووە. لە بواری هونەرەکانی (نواندن، شانۆ، بێژەری و پێشکەشکاری بەرنامەی ڕادوێ و تەلەفزیۆن، پەیامنێری، ڕۆژنامەوانی)دا کاریکردووە. لە ١٣ شانۆگەریدا بەشداربووە، لەوانە (عەرشی سکاڵا، تابلۆی هەستانەوە، نامەکان، هەڵەبجەو هەتوان، فاڵچی). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. خەڵاتی کەناڵی سەحەری ئێرانی پێبەخشراوە. لە دەستەی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەی هونەری هاوکار بووە.

کەمالی عومەر مەغدوور

شانۆکارێکی دێرینە. ساڵی ١٩٥٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. ١٩٧٠ ئەندامی تیپی نواندنی هەڵەبجه ‌و تیپی نواندنی هیوا بووە. لە چەندین شانۆدا بەشداریکردووە و بۆشایی ڕۆڵێ ئافرەتی لە چەند شانۆییەکەدا پڕکردووەتەوە، لە شانۆگەرییەکانی: بەزۆر کراوە بە دکتۆر، بڕیار و ئەنجام، پێشمەرگە، ژنهێناندا بەشداریکردووە. خەڵاتی شانۆکارەدێرینەکانی دۆستانی هەڵەبجەی پێبەخشراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە. پیشەی خانەنشینە.

کۆچەر نووری عەبدوڵا

شانۆکارە. ساڵی ١٩٧٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. وەک ئەکتەر لە بواری شانۆ و فلیم و درامادا کاریکردووە. لە کارەهونەرییەکانی (ئەو دەمەی گوڵێک دەژاکێت، مرۆڤ لەژێر پێی مرۆڤدا، ڕۆژانی ڕاپەڕین، زەماوەندی مەرگ، دەردەکانی دەروون، مهرەجانی کەلاوەکان، مەرگی ئەفسوناوی، مینکۆ، ماڵێک لە خەرابات) بەشداریکردووە. چەندین خەڵاتی وەرگرتووە. ئەندامی تیپی شەهیدان و ئەندامی کارای سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە. گارگێڕی نوسینگەی سەندیکای هونەرمەندانی هەڵەبجەیە، ساڵێک سەرۆکی تیپی نواندنی هەڵەبجە بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. لە ئێستادا لە دەرەوەی وڵات دەژی.

گەشاو نووری عەبدوڵا

شانۆکارە. ساڵی ١٩٧٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی قۆناغی خوێندنی ناوەندییە. لە شانۆکارە کاراکانی دوای ڕاپەڕینە. لە چەندین کاری شانۆیدا وەک ئەکتەر و ڕاییکردنی کارەشانۆییەکان بەشداربووە. لەوانە: زەماوەندی مەرگ، دەردەکانی دەروون، میهرەجانی کەلاوەکان، مەرگی ئەفسوناوی، مینکۆ، نیشتمانێک لە تەنیایی، ماڵێک لە خەرابات، پەشمانیەکانی حەوا، ئەنجومەنی ئاوایی، قەوانە شکاوەکان، مەملەکەتی ئاشوب، ماڵئاوا ئەی شاعیران... لە درامای مەمی ئالان و فلیمی نانفرۆشدا بەشداربووە. بەشداری چەندین فیستیڤاڵی شانۆیی کردووە. خەڵاتی زێڕینی یەکەمی ئەکتەری لە شانۆییی نیشتمانێک لە تەنیایی و یەکەمی جلوبەرگی ماڵێک لە خەرابات و چەندین خەڵاتی تری وەرگرتووە. ئەندامی کارای سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوومنداڵە.

پێشتر 1
...
3 4 5 دواتر