کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

92 بابەت

فەلاح ئەحمەد ڕەشید

شانۆکار و ڕاگەیاندکارە. بە (فەلاحی مسەوەر) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە. ئەندامی تیپی نواندنی هەڵەبجە و منداڵانی هەڵەبجە بووە. وەک ئەکتەر و دەرهێنەر و ئامادەکار و کاری هونەری لە چەندین بەرهەمدا بەشداریکردووە، لەوانە: (ئۆپەرێتی سەوزە، مانگرتن، کۆچی هەتا هەتایی، فەلەستین و شۆڕشی بەرد، کلیل، شیرین و فەرهاد، کالیگۆڵا، ماراساد، جەنابی جانەوەر گەمەی ئەمڕۆمانە، هەڵەبجە و خەزانی مەرگ، مەرگی سەوز، ماڵئاوا ئەی شاعیران، بانگەوازی ئازارەکان، شانۆیی زەماوەندی ژەهر، مەرگەساتی هەڵەبجە، ورچ). فلیمی دیکۆمێنتاری (گەوهەری مێژوو لە تەوێڵەوە بۆ ئۆرەبروو)، لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان وەک کامێرامانیش کاریکردووە. لەئێستادا لە وڵاتی سوید دەژی.

ئادەم بێبەش

شانۆکاری دێرین، شاعیری میللییە. ناوی (ئادەم محەممەد ئەحمەد خسرەو)ە. ساڵی ١٩٥٤ لە شارەدێی تەوێڵە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە تەوێڵە خوێندووە. لە دامەزرێنەرانی تیپی شانۆی تەوێڵەی ساڵی ١٩٧٠ یە. بەشداری لە شانۆکانی (سەفەرێک بۆ حەج ١٩٧١، کاپتن ئای ١٩٧٤، کاوەی ئاسنگەر) کردووە و لە دوای ڕاپەڕینیش لە شانۆکانی (مردنی لاوێکی هەژار، تەرازوو، ئەحەشێت، من مرۆڤم، دکتاتۆر و عەلی کیمیاوی) بەشداربووە. هۆنراوەی تایبەتی بە بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەکان خوێندووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی هەشت منداڵە.

ئاری حەمەئەمین سەعید

شانۆکارە، ساڵی ١٩٧١ لە هەڵەبجە لە دایکبووە. سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. بەشی دەرهێنانی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی تەواوکردووە. سەرۆکی لقی هەڵەبجەی کۆمەڵەی هونەرمەندانی کوردستان بووە. وەک دەرهێنەر و ئەکتەر لە چەندین بەرهەمی شانۆییدا بەشداربووە، کە هەندێکیان تایبەتن بە مەرگەساتی هەڵەبجە، لەوانە، تراژیدیای هەڵەبجە، چارەنوسی ئادەمیزاد، گەمەی میر و وەزیر، ماڵئاوا ئەی شاعیران، ئەو پیاوەی بوو بە سەگ، ساڵی ١٩٩٤ کوردستانی جێهێشووە و لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە.

ئازاد سەوزه ‌

شانۆکار، نوسەر و فلیمسازە. ناوی (جەمال محەممەد سەوزە)یە و بە (ئـــازاد ســەوزە) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٢ لەدایکبووە. قۆناغی ناوەندی لە سەیدسادق و خانەی پێگەیەیاندنی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. بەشداری چەندین خولی سینەمایی لە شارەکانی هەرێم و عێراق و ئێران کردووە. وەک ئەکتەر و نوسەر و دەرهێنەر لە ٣٥ کاری شانۆیدا بەشداریکردووە و هەندێک لە بەرهەمەکانی لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوە نمایشکراون، لەوانە: (سـێبـەری ڕۆحە ونـبـووەکان، ڕۆحە بلوورییەکانی نیشتمانێک، لە کەلار و ئۆکۆانیا نماییشکراوە، نزرگەی سوتانی نزاکان، ژنێک تەڕ تەڕ وەک باران، سێبەری ڕۆحە ونبووەکان، فلیمی سەگەشەل، وێنەشکاوەکانی جەنگ). سەرپەرشتاری گشتیی بەرهەمهێنانی زیاتر لە ١٠ فلیمی کورت و دەرهێنەری ١٠ فلیمی دۆکیۆمێنتاری بووە. لە بواری شانۆدا نوسین و وەرگێڕانی بڵاوکردووەتەوە‌. نۆ دەقی شانۆیی لە زمانی فارسی و عەرەبیەوە وەرگێڕاوە. خاوەن ئیمتیازی گۆڤـاری سـیـنـەمـایـی (گۆڤاری فلیم)بووە، بەڕێوەبەری دوو خولی فیستیڤاڵی فلیمی دۆکیومێنتەری بووە لە هەڵەبجەی شەهید (٢٠١٠ و ٢٠١١). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. لێپرسراوی ڕۆشنبیری و هونەری سەیدسادقە.

ئەحمەد دلاوەر

هونەرمەندە. ناوی (ئەحمەد محەممەد مەعروف)ـە. ساڵی ١٩٢٢ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغێکی بەرز نەیخوێندووە. لە بواری درامای ڕادوێییدا پێشەنگ بووە. ئەندامی تیپی نواندنی ڕادوێیی بووە لە ڕادوێی کوردیی بەغداد. یەکەم درامای ڕادوێیی بە ناوی(لەڕێی پارەدا)ی نوسیوە. دوازدە درامای بۆ ڕادوێ نوسیوە و لە دەیان درامای ڕادوێییشدا ڕۆڵی بینیووە و (ڕۆڵی ژنیشی بینیوە). ساڵی ١٩٧١ کۆچیدواییکردووە لە گۆڕستانی (گوڵانی خواروو) لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.

ئەختیار عەزیز کەریم

شانۆکار، وەرزشەوان، ساڵی ١٩٦٩ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. دبلۆمی لە پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە لە کارگێڕی و کار بەدەستهێناوە. لە وەرزشکارەکانی نیوەی دووەمی هەشتاکان بووە و لە تیپی وەرزشی ئاوێسەر و ئۆردوگای هەزارخانی ئێران یاریکردووە. لە دوای ڕاپەڕینەوە لە چالاکییە شانۆییەکاندا دەرکەوتووە و لە دەیان بەرهەمدا وەک نوسین و ئامادەکار و دەرهێنەر و ئەکتەر ڕۆڵی بینیوە. لەوانە (خۆرهەڵاتن، مردنی لاوێکی هەژار، ئەحەشێت، سنور، من مرۆڤم، ژین و ژان، سۆز و پەشیمانی، سەگ بیمەی بێکارییە، مەملەکەتی سەرەتان، قەل و ڕووتە). سکرتێری لیژنەی هونەرمەندانی هەورامان بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

ئەسوەد محەمەد مستەفا

شانۆکاری دێرین و خۆشنوسە. ساڵی ١٩٤٣لە هەڵەبجە لەدایکبووە. نازناوی هەڵکەوت بووە. دواناوەندی لە بەغداد تەواوکردووە. فەمانبەر بووە لە کارگەی جگەرە و چیمەنتۆی سلێمانی. لە هەڵەبجە تیپی شانۆی مەولەوی پێکهێناوە و شوێنەکەیان چاخانەکەی حەمەرەشید عەبدوڵا بووە. یەکەم بەرهەمیان لە هەڵەبجە و تەوێڵە و دەربەندیخان پێشکەشکردووە. ئەندامی تیپی فرمێسک بووە. لە چەند شانۆدا بەشداربووە لەوانە لە ڕێی وڵاتدا، لێدانی عبدالکریم.

ئەمیر پاشا نامدار

شانۆکار و مۆسیقییە‌. ساڵی ١٩٦٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە لە هەڵەبجەیە. وەک ئەندامی تیپی مۆسیقای شنروێ لە چەند بەرهەم و فیستیڤاڵێکدا بەشداریکردووە. وەک دەرهێنەر و ئەکتەر و نوسین لە چەند شانۆییەکدا لە ئۆردوگاکانی ئێران و ناو هەڵەبجە بەشداریکردووە. لەوانە: دەردەکانی دەروون، میهرەجانی کەلاوەکان، ئەو ساوایەی تازە پێدەگرێ، برایم زەبۆک، هەواڵدز، وەرزی دروێنەی مرۆڤ. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە دەستەی نوێی تیپی شانۆیی شەهیدان بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە ‌و خاوەنی سێ منداڵە.

ئەمیر محمدامین سعید فرج

شاعیر و شانۆکارە، بە ئەمیر هەڵەبجەیی ناسراوە، ساڵی ١٩٥٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. لەساڵی حەفتاکانەوە لە چەند کارێکی شاتۆییدا بەشداربووە. لەوانە: بەزۆر کراوە بەدکتور، ترۆمبیلچی. ئەندامی یەکێتی نوسەرانی کوردە و سەرۆکی کۆڕی ڕۆشنبیریی کورد لقی سلێمانی، سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانە. ئەندامی لیژنەی ئەدەبیی چەند فیستیڤاڵێکی یادکردنەوەی هەڵەبجە بووە. خێزاندارە و لەشاری سلێمانی دەژی.

ئومێد کەمال عەبدوڵا

شانۆکار، سیناریست و دەرھێنەرە. ساڵی ١٩٨٧ لە گوندی (گرژە)ی سەر بە شارۆچکەی پیرەمەگرن. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی لە پیرەمەگرون و کۆلێژی ھونەر بەشی شانۆی لە زانکۆی سەڵاحەدین تەواوکردووە. وەک مامۆستا دامەزراوە و تا ئێستا بەردەوامە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. لە ئێستادا سەرۆکی تیپی شانۆی پیرەمەگرونە. لە تەلەفزیۆنی (کوردسات، کوردماکس، سپێدە، NRT٢، بێست، کوردماکس شۆ، ئێڵدی فامیلی، کەناڵی ئاسمانی سپێدە)، وەک نوسین و سیناریۆ کاری بۆ دراماکانی (قاقا، تازەباو، سەمەرە، کۆشکی ھەنار) کردووە. وەک نوسەر و دەرھێنەر و نواندن بەشداری لە ٤٥ کاری شانۆییدا کردووە، کە چەند بەرهەمێکیان تایبەتە بە هەڵەبجە و کارەساتی کیمیابارانەکەی ساڵی ١٩٨٨. لەوانە (ھەڵەبجە تارای شەھید بوونە، خەون لەگەڵ چاراکاندا، ھەڵەبجە و ئەنفال لە ژوانی شەھید بووندا، ھیوایەک بۆ نیشتمان، ھیوایەک بەر لە مردن)

بەرزی حسێن عەبدولقادر

ساڵی ١٩٩٠ لەدایکبووە. تا پەیمانگای هونەرەجوانەکان، لە هەڵەبجە خوێندوویەتی. بەشداری چەندین فیستیڤاڵی شانۆیی کردووە و لە چەندین شانۆدا وەک: ئەکتەر، دەرهێنەر و کای هونەری بەشداربووە. لە نموونەی کارەکانی: سەرەتای هەموو کۆتاییەکان، باڕی ئەستێرە، زستانی ٨٨، دوای بیست ساڵ، لە دایکبوونی زیندان، مردنێکی تر، بازنەکانی تەباشیر، پیاسەیەک لە گۆڕەپانی جەنگدا. خەڵاتی باشترین ئەکتەری فیستیڤاڵی شانۆی چەمچەماڵی بۆ ٢٠١١ بردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی یەک منداڵە و لە شاری هەڵە‌بجە دەژی.

بەکر فەرەج عارف

شانۆکارە. ساڵی ١٩٦٤ لە گوندی (عەنەب) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ئەندامی تیپی پێشڕەوی شانۆ بووە و لە چەندین کاری شانۆییدا بەشداریکردووە، لەوانە: چارەنوسی ئادەمیزاد، فایلی ٦٧، پەروانە، گۆرانی چایکا، ماسسیە ڕەشە بچکۆلەکە. لە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ لە گوندی عەنەب شەهیدبووە.

بەهادین حاجی بەکر

شانۆکار و نوسەرە. ساڵی ١٩٦٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ئەندامی تیپی شانۆی میللی وەفای و گۆران بووە. دوای یەکگرتنی تیپەکان بووە بە ئەندامی تیپی نواندنی هەڵەبجە. یەکەم ڕۆڵی کاریگەری خۆی لە دەوری (مالە)دا لە ساڵی ١٩٧٦ دەبینێت و لەبەر جوانیى ڕۆڵەکەی بە مالە دەناسرێت. ساڵی ١٩٧٨ لە شانۆی شەقام و گەڕەکەوە چالاکی دەگوازێتەوە بۆ سەر تەختەی شانۆ و وەک: دەرهێنەر، ئامادەکار، نوسەر و ئەکتەر لە چەندین شانۆدا بەشداربووە، لەوانە: سەرتاشی بێ ئیجازە، ڕەشید شەمەندەفەر، لەدایکبوونێکی تر، میرات، شێتی نیشتمان، کێشە. لە فیستیڤاڵی زاخۆ بۆ تیپە شانۆییەکان خەڵاتی باشترین ئەکتەری هەڵەبجە و هەورامانی بردووە. خاوەنی کتێبی (دەنگێک لە کڵاوڕۆژنەی زیندانەوە)یە.

بەهادین هەڵەبجەیی

ناوی (بەهائەدین نووری ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٥٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەردەی ڕابردووەوە تێکەڵ بە چالاکییە هونەرییەکان بووە و لە شانۆکانی شەقامەوە دەستی بەکاری نواندن کردووە. پاش ڕاپەڕن زیاتر دەرکەوتووە و لەگەڵ تیپی نواندنی هەڵەبجە چەندین کاری ئەنجامداوە و لە یادەکانی هەڵەبجەدا بەشداربووە. لە ٤٥ کاری شانۆییدا بەشداریکردووە لەوانە: خۆناسەکان، دڵەبێ بەشەکان، حزبی کەرامەت و سەلامەت، حەمەدۆک، کوڕانی عەشق، دەروێشەکان بە دوای ڕاستیدا دەگەڕێن، ئۆتێلی ئاخر زەمان، باهۆزی مەرگ. لە ٢٠ کورتە فلیم و سێ فلیمی درێژ و ٢٠ درامادا بەشداربووە لەوانە: قوربانی، وەسیەتنامە، دووپشک، ڕێحانە، ژانی گەل، کۆمەرگ، بێکەس ببورە. کارەکانی لە کوردستان و ئێراندا پیشاندراون و کۆتا بەشداریکردنی ڕۆڵی سەرەکییە لە فلیمی غەریبەدا. لە دامەزرێنەرانی تیپی شانۆی هەڵگوردی سلێمانی و ئەندامی کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی کورد و سەندیکای هونەرمەندانە. لە لیژنەی شانۆی یادەکانی هەڵەبجەدا ئەندام بووە. چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. مامۆستای خانەنشینە.

جەلیل سەعید عەبدوڵا

شانۆکار و فلیمسازە. ساڵی ١٩٧٢ لە (جاسەنە) لەدایکبووە. نازناوی (جاف)ـە. کۆلیژی کارگێڕی کاری لە زانکۆی قەڵەم تەواوکردووە. وەک نوسەر و دەرهێنەر و ئەکتەر لە بوارەکانی شانۆ و دراما و فلیمدا کاریکردووە. لە شانۆکانی (زەماوەندی مەرگ، هەڵەبجە. خوێن، ماڵێک لە خەرابات، سەفەری برین، سەمای ڕۆح، بازنەکانی مەرگ، ئەنجومەنی ئاوایی، قەوانە شکاوەکان، تەڵاقەکانی بارام بەگ، قریشەکەکان و.. هتد) لە فلیمەکانی (پێش خۆت ببینە، هەڵەبجە بەردەوام لە ژیاندا، چنوور)، دەقی شانۆیی ڕەخنەیی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کوردستاندا بڵاویکردوونەتەوە. ئەندامی دەستەی یەکەمین کۆنگرەی سەندیکای هونەرمەندان و ئەندامی کارایەتی، لە دەستەی دامەزرێنەرانی لقی هەڵەبجەی کۆمەڵ و هونەری وێژەی کوردییە، سەرۆکی یەکەم نوسینگەی سەندیکای هونەرمەندانی هەڵەبجەیە، چەند ساڵێک سەرۆکی تیپی نواندنی هەڵەبجە بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. لە ئێستادا لەدەوەی وڵات دەژی.

جەمال حەمە عەلی

ساڵی ١٩٧٢ لە دایکبووە. دەرچووی ئامادەییە. ساڵی ١٩٩٤ تیپی شانۆی خەبات لە هەڵەبجە دادەمەزرێنێت و وەک ئەکتەر و دەرهێنەر چەندین شانۆیی لە هەڵەبجە پێشکەشکردووە. لەوانە: شێتەکانی ئەم ڕۆژگارە، قریشکەکان، هەڵەبجە بوکی کوردستان، تەبایی، هاواری فریشتەکان، دکتاتۆر، نێرگزی کوردستان. دەستەی نوسەرانی بڵاوکراوەی هەڵەبجە بووە لە ١٦ی ٣ی ١٩٩٥. لە گەڵ تیپی شانۆیی شارەزوور و گروپە شانۆییەکانی تریشدا کاریکردووە. ئەندامی کۆمەڵەی هونەرمەندانی کوردستان بووە. خیزاندارە و لە ئەڵمانیا دەژی.

جەمالی مەلاقادر

ساڵی ١٩٤٣ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. بۆیەکەم جار لە شانۆیی بازرگانی ڤێنسیا لە دەرهێنانی (ع. ع. شەونم) دەچێتە سەر شانۆ و ڕۆڵەکە بەجوانترین شێوە نماییش دەکات و خەڵاتی باشترین ئەکتەر دەبات. لە دوای شۆڕشی ١٩٥٨ تیپێکی نواندن بە ناوی(شنروێ) دروستدەکات. وەک ئەکتەر و دەرهێنەر لە ساڵانی (١٩٥٨-١٩٧٠) لە دەیان شانۆدا بەشداردەبێت. وەک(پیاوێکی گێل، پەپوولە، تاوانی دەرەبەگ،...هتد). ئەندامی تیپی شانۆیی فرمێسک بووە. ساڵی ١٩٦٤-١٩٦٥ لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی بەغداد بەشی شانۆ وەردەگیرێت. چەند ساڵێک دەخوێنێت و تەواوی ناکات. هەرچەند دەوترێت کێشەی زمانی عەرەبی هەبووە، بەڵام پێدەچێت هۆکاری وازهێنانەکەی سیاسی بووبێت. چونکە لە بەغداد لەچەند شانۆیەکی عەرەبیدا وەک(العادلون، ڕجال و فئران، شجرە الدار دار) بەشداریدەکات. دوای بەیانی ١١ى ئازار ١٩٧٠ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا تیپی نواندنی هەڵەبجە پێکدەهێنن و دەبێتە سەرۆکی تیپەکە. لەماوەی ساڵانی(١٩٧٠-١٩٧٥)وەک ئەکتەر و دەرهێنەر زۆرترین چالاکیی شانۆیی پێشکەشدەکات. لەوانە (یەکێتیی بەردی بناغەی سەرکەوتنمانە، پێشمەرگە، بەزۆر کراوە بەدکتۆر، بڕیار و ئەنجام، کاوەی سەردەم، وزەی بیر و بازوو، ئەوەی هەڵخەڵەتا هەڵخلیسکا، لەڕێی وڵاتدا، بۆیاخچی) و دەیان شانۆیی تر. کۆچیدواییکردووە.

چاوان خەلیل محەممەد

شانۆکارە. ساڵی ١٩٩٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی شانۆ(نواندن)ی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە تەواوکردووە و دواتر بەکالۆریۆسی لە بەشی نواندن لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوە. لە بوارەکانی سینەما، شانۆ، بێژەری و دۆبلێریدا کاریکردووە. بەشداری چەندین شانۆی کردووە لەوانە: (هەرەسی بەفر، هەناسەیەک بۆ ئاشتی، هەینیەک و شەش ڕۆژ، دیوار، ترپەکانی دڵ) و کورتە فلیمی (چنوور، نسێ). چەندین خەڵاتی وەرگرتووه،‌ کە نوێترینیان خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ بووە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقامی بەغداد ٢٠٢٣.

چنوور مەحموود

شانۆکارە. بە (چنووری مەحموودی سافە) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە مۆردانە و ناوەندی لە هەڵەبجەی شەهید خوێندووە. بە هۆی ئاوارەبوونەوە لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، دوو ساڵی فەوتاوە. ئامادەیی لە هەڵەبجەی تازە تەواوکردووە. نزیکەی چل ساڵ ئەزموونی لە چالاکیی هونەری و شانۆدا هەیە. ئەندامی چەندین تیپ و گروپی هونەری بووە. بەشداری دەیان شانۆ و چەند کارێکی درامایی کردووە. لەوانە: ژنهێنان بەزۆر، ڕۆژانی ڕاپەڕین، دەردەکانی دەروون، ١٣مەی، هەواڵدز، مەرگ لە سامۆس، ميهرهجانی مرۆڤایەتی، کەلاوەکان،..هتد. چەندین خەڵاتی وەرگرتووە. لە کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی سویددا، نوێنەری هەڵەبجەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە، لە ئێستادا لە بەریتانیا دەژی.

حاسڵ قاسم حاسڵ

شانۆکارە، ساڵی ١٩٦٧ لە هاوار لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە. لە ساڵانی ١٩٨٣وە تا ئێستا وەک ئەکتەر و ئامادەکار و دەرهێنەر و کارە هونەرییەکان لە دەیان شانۆدا بەشداریکردووە. لەوانە، قوتابخانەی بۆش، ولیەم تیل، دکتۆر و شێت، کراسی پیاوێکی بەختەوەر، مەملەکەتی سێو، ماڵێک لە خەرابات، ئافاتی عیشق، مردنێکی تر، ماڵئاوا ئەی شاعیران،....هتد. ئەندامی تیپی نواندی هەڵەبجە و تیپی شانۆی شەهیدان و لقی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامانە. خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە و لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

1 2
...
5 دواتر