کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

92 بابەت

لوقمان عەزیز کەریم

شانۆکار و وەرزشەوانە. ساڵی ١٩٧١ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازیی هەڵەبجەیە. لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە وەک وەرزشکار دەرکەوتووە و لە یاریزانی تیپی وەرزشی ئاوێسەر لە هەڵەبجە و غەمبار لە ئۆردوگای هەزارخانی لە وڵاتی ئێران یاریکردووە. دوای ڕاپەڕین لە چالاکییە شانۆییەکانی هەورامان و شارەزوور و هەڵەبجەدا لەگەڵ تیپی شەهید نیازی و لیژنەی هەورامان و تیپی هونەری تەوێڵەدا دەرکەوتووە. لە چەندین شانۆدا بەشداربووە، لەوانە: (من مرۆڤم، خۆرهەڵاتن، مەملەکەتی سەرەتان، لەم دەڤەرە چ باسە، پانۆرامای دێری عاشقان، چاخانەکەی خاڵە کەریم، قەل و ڕووتە، مردنی لاوێک، ئەحەشێت، سۆز و پەشیمانی). ماوەیەک سەرۆکی تیپی هونەری تەوێڵە بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە.

مەحموود عەلی قادر

شانۆکارە. ناوی (مەحموود عەلی قادر)ە و بە (مەحموودی مەلا عەلی کۆکۆیی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٣ لەدایکبووه. ‌ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. سەرەتای ژیانی ھونەریی بۆ ساڵی ١٩٧٧ و ئەوکاتانە دەگەڕێتەوە، کە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی لە گەڕەکی کانیعاشقان لە ھەڵەبجە لەناو خۆیاندا کاری نواندنیان کردووە. پاش ئەوەی ساڵی ١٩٧٩ -١٩٨٠ لە پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی سلێمانی وەرگیراوە برەوی بە تواناکەی داوە. وەک ئەکتەر و هونەرمەند بەشداری لەچەند کارێکی هونەریدا کردووە، وەک: شانۆگەری (کێشە، کۆچی ھەتاھەتایی، پێنوس و تاوان) و ئۆپەرێتی (ڕێویە و لە پێستی شێردایە، سەوزە، شوان و بەرغەل). لەئێستادا دەستی لە کاری هونەری هەڵگرتووە و دوکانی پەراوگەی هەیە لە هەڵەبجە.

محەممەد عەبدوڵا ئەحمەد

شانۆکارە. بە (ئاشتی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧١ لە بەڵخەی هەورامان لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و تا یازدەی زانستی لە هەڵەبجە خوێندووە. پاش ڕاپەڕین درێژەی بە خوێندن داوە و دبلۆمی لە کارگێڕی و کاردا بەدەستهێناوە. کاری دەرهێنانی بۆ ١١ شانۆیی لەوانە(گۆمی مەنگ، هتا کەی، شایەتە بێ ئاگاکە، من مرۆڤم) و کورتە فلیمێک کردووە و لە ١٩ شانۆییشدا وەک ئەکتەر و لایەنەکانی تری شانۆیی بەشداریکردووە. لەوانە: (قەل و ڕووتە، حزبی کەرامەت و سەلامەت، ئەحە شێت). ئەندامی تیپی شانۆی زریان و سەرۆکی لقی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردسانە. خێزاندارە و لە ئێستادا فەرمانبەرە لە فەرمانگەی کارتی نیشتمانیی هەڵەبجە.

موحسن زەمەقی

ناوی (موحسن مەحموود عەلی)یە. ساڵی ١٩٧٠ لە زەمەقیی خواروو لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٩٦وە بەشداری دراما و تەنز و کورتە نواندنەکانی لە تەلەفزیۆندا‌ کردووه. لە شانۆکانی: فاڵچی، نامەکان، تابلۆی هەستانەوە، عەرشی سکاڵا، فلیمەکانی ئیمان، تەڵەکەباز، ١٣ی ٥دا، بەشداریکردووە. لە فلیمی سینەمایی ١٩٨٧دا بەشداربووە. نزیکەی ١٠ گۆرانیی تەنز و مەنەلۆگی ئامادە و پێشکەشکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی یەک منداڵە.

مۆفەق عارف لهۆنی

هونەرمەندی شانۆکار و پەروەردەکارە. ناوی (مۆفەق عارف حەمەڕەشید)ە. ساڵی ١٩٦٦ لە شاری هەولێر و لە بنەماڵەیەکی هەورامی لەدایکبووە. نازناوی (مۆفەق لهۆنی)یە. ساڵی ١٩٧٠ بە خێزانەوە هاتووەنەتەوە بۆ هەورامان و لە شارەدێی (تەوێڵە) ژیاون. قۆناغی‌ سەرەتایی و ناوەندی لە هەورامان و بەشی شانۆی لە پەیمانگای هو‌نەرەجوانەکان لە سلێمانی خوێندووە. ساڵی ١٩٩٢ بەشی دەرهێنانی شانۆی لە کۆلێژی هونەرەجوانەکان لە بەغداد تەواوکردووە. لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکان لە سلێمانی وەک مامۆستا دامەزراوە و چەند ساڵێکیش لەو پەیمانگەیە سەرۆکی بەشی شانۆ بووە. خاوەنی زیاتر لە پەنجا بەرهەمی هونەریی (شانۆ، دراما، دەرهێنان و نواندن)ـە و نزیکی بیست ئۆپەرێت و شانۆیی بۆ منداڵانی دەرهێناوه. ساڵی ١٩٨٥ تیپی شانۆی مەشخەڵ و ساڵی ١٩٩٠ تیپی هونەری منداڵانی دامەزراندووە و دەیان بەرهەمیان پێشکەشکردووە. زیاتر لە دووسەد کلیپ و گۆرانی بۆ منداڵان دەرهێناوە. ساڵی ٢٠٠١ تا ئێستا وەک دەرهێنەر و سەرپەرشتی گروپی نواندنی ڕادوێیی کاردەکات. کتێبەکانی (تیتلەوبیبلە، پشیلەسوورە)ی بۆ منداڵان بەچاپ گەیاندووه و چەند بەرنامەیەکی منداڵانی بۆ تەلەفزیۆنەکان ئامادەکردووە. لە ئێستادا سەرپەرشتیاری پسپۆڕیی هونەرە لە یەکەی سەرپەرشتیاریی ئامادەیی و پیشەیی لە سلێمانی.

ناسح فایەق عەلی

شانۆکارە، بە ناسحی حاجی فایەقی دێوانە ناسراوە. ساڵی ١٩٧١ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەییە. وەک ئەکتەر و سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری هونەریی لە چەندین شانۆدا بەشداربووە. لەوانە حزبی کەرامەت و سەلامەت، زەماوەندی مەرگ، هەڵەبجە، خوێن، چاو، سەمای ڕۆح، بازنەکانی مەرگ، هەتا کەی، من مرۆڤم، قەل و ڕووتە، شەقاوە، لە ڕێکخەران و ئامادەکارانی چەندین فیستیڤاڵی هونەری بووە، لەوانە باخی میر، شانۆی گۆران..هتد. ئەندامی تیپی شانۆی شەهیدان، زریان، بووە. لەگەڵ پێکهێنانی لقی هەڵەبجەی کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی بووەتە سکرتێری و ئێستاش ئەندامی لقی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندانە و لێپرسراوی بەشی میوزیکە. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە، لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

نەژاد کامیل جەعفەر

بە (نەژادی شێخ کامیل) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی (خەرپانی) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە خەرپانی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. لە بواری شانۆ و سینەما و زنجیرەی تەلەفزیۆنی وەک ئەکتەر و دەرهێنەر، چەندین کاری کاریکردووە، لەوانە: مرۆڤ لە ژێر پێی مرۆڤدا، هەڵەبجەی خوێن، میهرەجانی مرۆڤایەتی، ڕۆژانی ڕاپەڕین، زەماوەندی مەرگ، حزبی کەرامەت و سەلامەت. فلیمەکانی: چیای ڕەش، بۆنی سێو. لە دەستەی دامەزرێنەرانی (تیپی شانۆی شەهیدان)ـە. ساڵی ١٩٩٥-١٩٩٦ ئامادەکار و دەرهێنەری بەرنامەی تەلەفزیۆنی باخچەی پەپوولەکان بووە. ساڵی ٢٠٠٦ بڕوانامەی سیناریۆ و دەرهێنانی لە قاهیرە پێبەخشراوە. وەک ئەکتەر و دەرهێنەر خەڵاتی کۆمەڵی هونەر و وێژەی وەرگرتووە. سکرتێری لقی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و سەرۆکی لقی کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردییە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. لە شاری هەڵەبجە دەژی.

هەردی هادی ئەوڕەحمان

ساڵی ١٩٨٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی شانۆی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی و بەکالۆریۆسی پەروەردەی هونەری لە پەیمانگای ڕاهێنان و گەشەپیدانی سلێمانی وەرگرتووە. لە بواری شانۆ و ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەییدا کاریکردووە. وەک ئامادەکار، دەرهێنەر و ئەکتەر لەدەیان شانۆدا بەشداربووە، لەوانە (کچانی میراباڵ، ماڵێک لە خەرابات، مەرگ لە سامۆس، گۆمی مەنگ، شەوشاد تاریکی). لە فلیمەکانی عەشقێک لە خانەقا، ژن، ڕۆڵیبینیوە. بەشداری زۆرێک لە فیستیڤاڵە شانۆییەکانی شەقامی لە خۆرهەڵات و شارەکانی کوردستان کردووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە. وەک هونەرمەندێکی خۆبەخش لە قاوشی کۆرۆنا، خزمەتی بە نەخۆشەکان کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و لە ئێستادا لە شاری هەڵەبجە دەژی.

هیدایەت عوسمان ئەحمەد

شانۆکار و فلیمسازە. ناوی (هیدایەت عوسمان ئەحمەد عەلی)یە. ساڵی ١٩٧٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی بەشی شانۆیە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی. جگە لە بواری شانۆ و سینەما، لە مافەکانی منداڵان و ڕێکخراوی منداڵدۆستانی کوردستان کاریکردووە. وەک دەرهێنەر و ئەکتەر و ئامادەکار لە ٣٥ شانۆدا کاریکردووە، کە هەشتیان دەرهێنان بووە، لەوانە: مینکۆ، ئەی زنجیە سپی پێستەکان، هەڵەبجە، خوین، جەنگەڵستان، ئافاتی عیشق، ئاهەنگی دارتان، ئاوێنە حەرامەکان..هتد. فلیمی (نوقڵەکانی شنە)ی دەرهێناوە. دەقی شانۆ و سیناریۆی کورتەفلیمی نوسیوە و لە گۆڤارەکانی شانۆ و شاکاردا بڵاوبوونەتەوە. ژیانی هاسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. خەڵاتی فیستیڤاڵی چڵەنێرگزی ٢٠٠١ بۆ کورتەفلیمی نوقڵەکانی شنە وەرگرتووە. لە ئێستادا مامۆستای هونەرە و لە شاری سلێمانی دەژی.

هێدی ئیسماعیل جەمیل

ساڵی ١٩٩٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی کۆلێژی هونەرە لە زانکۆی سەڵاحەدین. وەک ئەکتەر و دەرهێنەر و لایەنی هونەری لە چەندین شانۆدا بەشداریکردووە، لەوانە: ئەمادۆ، کراسی پیاوێکی بەختیار، خۆشەویستی لە دابق، پرتەقاڵی خوێن، لە دایکبوونی زیندان، شینە لە شیندام، سرودێک بۆ ئیکارۆس، کچە فلیم گێڕەوەکە، دایکە ئازاکە، چیرۆکی بابل لەوێ. بەشداری فیستیڤاڵی شەقامی بۆ شانۆ لە شارەکانی کوردستان کردووە. خاوەنی خەڵاتی باشترین دەرهێنانە بۆ شانۆیی (سرودێک بۆ ئیکارۆس) لەخولی حەوتەمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی لە هەولێر.

وەرزێر مەنسوور محەممەد

ناوی (وەرزێر مەنسوور محەممەد ئەمین)ـە. ساڵی ١٩٩٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی هونەری بەشی شانۆ، لە زانکۆی سەڵاحەدین ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٩ بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و وەک ئەکتەر و دەرهێنەر لە چەندین شانۆدا بەشداریکردووە. لەوانە، دوای بیست ساڵ، چیرۆکەکانی بازنەی تەباشیر، ديوار، خەونەکانمان..هتد. ساڵی ٢٠١٧ بۆ ماوەی مانگێک سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (نۆرینگەی شانۆیی)بووە لە هەڵەبجە، کە چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و مادەی هۆشبەر و بەرکەوتووانی کیمیایی کردووە. لە ئێستادا مامۆستایە لە هەڵەبجە.

یاسین محەمەد ئەحمەد مەحموود

شانۆکارە، بە مەلایاسین ناسراوە، ساڵی ١٩٥٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی ناوەندییە، لە شانۆکارە دێرینەکانە و بەشداری چەندین بەرهەمی کردووە، لەوانە مەلای مەشهورە، دکتۆر و شێت، ئۆپەرێتی سەوزە، ڕێویە و لە پێستی شێردایە، بانەگەوازی ئازارەکان، مانگرتن، خەزانی مەرگ، گیانی یانۆرا، باهۆزی مەرگ، عەبەبرغو، کۆچی هەتاهەتایی، ولیەم تیل..هتد. دوای کیمیابارانی هەڵەبجە سیر و سێوی نەخواردوە، یەکەم کەس بووە بە پێ لە سلێمانییەوە بە کۆڵێک نێرگزەوە بۆ یادی هەڵەبجە هاتووەتەوە، لەبەرئەوە بە پیاوی نێرگزەکەش ناسراوە. خانەنشینی سەربازییە، خێزانی پێکنەهێناوە و لە سلێمانی نیشتەجێیە.

پێشتر 1
...
4 5