عومەر عەزیز عەلی

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-13


لاپەڕەی 313

شانۆکار

شانۆکار و دەرهێنەرە. ساڵی ١٩٧٥ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. لە ساڵی ١٩٩٦ەوە لە بواری شانۆدا کاردەکات. دەرهێنانی بۆ ٢٥ شانۆ کردووە، لەوانە: (دەردی موبایل، ئەرک و ماف، با هەمیشە ژیان خۆشتربکەین) و ١٠ دەقی شانۆیی نوسیووە، لەوانە: (هەواڵەکان، خەمەکانی من، بەڵێن بدە). وەکو ئەکتەر بەشداری لە ٤٥ شانۆدا کردووه. ١٥ چیرۆکی بۆ ڕایۆ و کاری دەرهێنانی بۆ ١٢ بەرنامەی تەلەفزیۆنی کردووە، لەوانە (وانابێت، بڕیار بدە، شەوی بەرات، وەک خۆیی). ١٠ خەڵات و ڕێزلێنانی پێبەخشراوە. ٢٠ ساڵە لە بواری پەروەردەدا خزمەتدەکات. ماوەی شەش ساڵ‌ بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان بووە لە خورماڵ.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنى ئامادەکار لەگەڵ (عومەر عەزیز عەلى)، لە ١٤ى٧ى٢٠٢٣، لە خورماڵ.
  2. بەشێک لە دەلیل و وێنەی چالاکییە شانۆییەکان.

ئامادەکردنی: سەلام هانەدنی

5

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

سالمی شانۆ

نوسەر و ئامادەکار و دەرهێنەری شانۆییە. ناوی (سالم مەجید شوکروڵڵا)یە. ساڵی ١٩٨٠ لە شارۆچکەی بیارە لەدایکبووە بەشی شانۆی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پەیمانگای ڕاهێنان و گەشەپیدانی پەروەردەیی بەدەستهێناوە. وەک نوسەر و ئامادەکار و دەرهێنەر و ڕاییکردنی هونەری لە چەندین شانۆدا بەشداریکردووە، لەوانە: پیاوێکی جوان بێدەنگ، دەنگی پێی ئاو، نابیناکان، نیشتمانێک پڕپڕ لە تابووت، لێمان گەڕێن بژین، نسێ، پیاوە عاشقەکە. لە چەندین دیداری شانۆیی و فیستیڤاڵدا وەک لیژنەی باڵا و هەڵسەنگاندن و دادوەری و هونەری کاریکردووە. لەوانە: لە هەڵەبجەوە شانۆیەکی زیندوو ڕادەگەیەنین، کەرنەڤاڵی گۆران بۆ شانۆی قوتابخانەکان، دیداری شانۆیی قەزاکانی سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان. چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە، لەوانە: خەڵاتەکانی پەیمانگای هونەرەجوانەکان، یەکەمین فیستیڤاڵی شانۆی هەڵەبجە، باشترین بیرۆکەی دەقی لە دووەمین فیستیڤاڵی شانۆیی گۆراندا... ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. لە ئیستادا مامۆستای بەشی شانۆیە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە.

سامان کەریم غەفور

بە سامان دەرەمەڕی ناسراوە. ساڵی ١٩٨٤ لە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. دەرچووی بەشی کارگێڕی و گەشتوگوزاری پەیمانگای تەکنیکییە لە دوکان. وەک دەرهێنەر و ئەکتەر و لایەنی هونەری چەندین چالاکیدا بەشداربووە، لەوانە شانۆگەرییەکانی: (خۆبەزلزان، کراسی بەختەوەری، کفنی زەرد، ئاوێنەشکاوەکە، وەرین، ئەوینی هەلوەریو، پرۆڤە، ڕەش و سپی، زمانلوسی، سەفەرێک لە هەڵەبجەوە، لە پەراوێزی هەڵەبجەداو دراماکانی، هەیئە، گەردەلوول، ژیلەمۆ، مڵوی خەم، ئەدالێ، بەرەو ڕوناکی و..). لە دەیان چیرۆکی ئێزگەییدا ڕۆڵیبینیوە، لەوانە: (ترسنۆک، پەشیمانی، دوو زمانی، ئاوەڕۆی خورماڵ، کێشەی خاوەن باخ، ئای لە دەست مۆلیدەو..). لە چەند نواندنێکی ڕۆڵی بینیوە، لەوانە: (شەوی بەرات، دوای قەرەباڵغی مەکەون، حساب بکە...). لە یادەکانی هەڵەبجە و فیستیڤاڵە کلتورییەکانی هەوراماندا بەشداربووە. ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٨ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئـێستادا فەرمانبەرە لە گەشتوگوزاری هەڵەبجە.

سەباح جەمال مستەفا

شانۆکار و ڕاگەیاندکارە. بە (ڕێبین) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٥ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی کشتوکاڵە. وەک نوسەر و دەرهێنەر و ئامادەکار و ئەکتەر لە چەندین بەرهەمی شانۆییدا بەشداربووە. لەوانە: (ڕێگای نیشتمان ١٩٧٥، دیمەنی پەپوو سلێمانە ١٩٧٦، پیاوێکی ڕەزیل ١٩٧٨، هەنگاو، بانێکەو دووهەوا، میهرەجانی کەلاوەکان، دیمەنێ لە دایرە، ئاوێنە، قەلوڕووتە، سەگ بیمەی بێکارییە، ڕۆنەکەی مام سلێمان). لە فلیمەکانی: (ئەو ڕۆژەی بابانۆیل گریا، سنور، زبڵدانی مێژوو، سۆزی ڕۆح) لە درامای تەلەفزیۆنی کاریکردووە و وەک بێژەری بەرنامە لە ڕادوێی شارەزوور تا ساڵی ٢٠٠٥ و لە ٢٠٠٥ەوە لە دەنگی کوردستان ڕادوێی هەڵەبجە تا ٢٠٢١، بەرنامەی ئەدەبی و هونەری هەبووە. وەک دۆبلێر لە چەند فلیمی فارسی و تورکیدا کاریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

سەربەست میرزا محەممەد

شانۆکارە. ساڵی ١٩٨٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجەیە. ساڵی ٢٠٠٧ لە چالاکییە شانۆییەکاندا بەشداربووە. وەک دەرهێنەر و ئامادەکار و ئەکتەر لە ٢٠ شانۆدا بەشداریکردووە، لەوانە (شەوە ڕوناکەکانی هەڵەبجە، بۆ ئەوەی خۆت بناسیت بووەستە، زستانی ٨٨، خۆشەویستی لەدابق، پرتەقاڵی خوێن، باویلکە، مردنێکی تر، ناوی بنێین چی، هەشتەم ڕۆژی هەفتە، خەوەکەی میرکۆ). بەشداری فیستیڤاڵەکانی گۆران بۆ شانۆ و شانۆی شەقامی کردووە. لە شارەکانی هەڵەبجە، دەربەندیخان، سلێمانی، کەرکوک، هەولێر، مەریوان، خورمشهەر چایکی، شانۆیی پێشکەشکردووە. سێ خەڵاتی باشترین دەرهێنان و باشترین بەرهەمی بەدەستهێناوە. لەگەڵ تیپی شانۆی هەڵەبجە و پانتاییی شانۆی واڵادا کاریکردووە. لێپرسراوی ناوەندی شانۆکارانی لقی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی یەک منداڵە. مامۆستای وانەبێژە و لە شاری هەڵەبجە دەژی.

سەرتیپ سابیر کەریم حەمەسەعید

شانۆکارە. یەکێکە لە شانۆکارانی پێش ڕاپەڕین. ساڵی ١٩٦٦ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە تەوێڵە و ناوەندی و ئامادەیی بازرگانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ تیپی شانۆیی پیرەمێرد بەشداریکردووە. دوای ڕاپەڕین لەگەڵ تیپ و لیژنەکانی هەورامان لە چەندین شانۆدا ڕۆڵیگێڕاوە. لەوانە: (بەسەرهاتی تارماییەکان، مەملەکەتی سەرەتان، هەنگاو، پانۆرامای زێدی عاشقان، قەل و ڕووتە، سەگ بیمەی بێکارییە). چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی وەرگرتووە. لە دەستەی دامەزرێنەری مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامانە. لێپرسراوی کارگێڕی و دارایی لیژنەی ناوچەی هەورامانی یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە.

سەرۆک عەلی فەرەج

شانۆکاری دێرینە. لە چالاکییە هونەری و شانۆییەکانی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە هەڵەبجە بەشداریکردووە. ساڵی ١٩٥٩ لەدایکبووه. تا قۆناغی ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە و لە زانکۆ سلێمانی وەرگیراوە. ساڵی ١٩٧٦ بووە بە ئەندامی تیپی شانۆی میللیی وەفایی و لەگەڵ دروستکردنەوەی تیپی نواندنی هەڵەبجە لە تێکەڵبوونی تیپەکان لە هەمان ساڵدا چووەتە تیپی نواندنی هەڵەبجه ‌و لە شانۆیی (مەشخەڵ)ـدا بەشداریکردووە. لە شانۆکانی: لافاو، فریودان، خێزانێکی فەلەستینی، ئەنجامی ئەژدهاک، بۆیاخچی، سەرتاشی بێ ئیجازە بەشداربووە. وەرگێڕانی بۆ چەند دەقێکی شانۆیی کردووە، لەوانە: هیددا، گابلەری ئەپسەنە. لەئێستادا لە وڵاتی سوید دەژی.