بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
نوسەر و ئامادەکار و دەرهێنەری شانۆییە. ناوی (سالم مەجید شوکروڵڵا)یە. ساڵی ١٩٨٠ لە شارۆچکەی بیارە لەدایکبووە بەشی شانۆی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پەیمانگای ڕاهێنان و گەشەپیدانی پەروەردەیی بەدەستهێناوە. وەک نوسەر و ئامادەکار و دەرهێنەر و ڕاییکردنی هونەری لە چەندین شانۆدا بەشداریکردووە، لەوانە: پیاوێکی جوان بێدەنگ، دەنگی پێی ئاو، نابیناکان، نیشتمانێک پڕپڕ لە تابووت، لێمان گەڕێن بژین، نسێ، پیاوە عاشقەکە. لە چەندین دیداری شانۆیی و فیستیڤاڵدا وەک لیژنەی باڵا و هەڵسەنگاندن و دادوەری و هونەری کاریکردووە. لەوانە: لە هەڵەبجەوە شانۆیەکی زیندوو ڕادەگەیەنین، کەرنەڤاڵی گۆران بۆ شانۆی قوتابخانەکان، دیداری شانۆیی قەزاکانی سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان. چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە، لەوانە: خەڵاتەکانی پەیمانگای هونەرەجوانەکان، یەکەمین فیستیڤاڵی شانۆی هەڵەبجە، باشترین بیرۆکەی دەقی لە دووەمین فیستیڤاڵی شانۆیی گۆراندا... ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ئیستادا مامۆستای بەشی شانۆیە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە.
بە سامان دەرەمەڕی ناسراوە. ساڵی ١٩٨٤ لە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. دەرچووی بەشی کارگێڕی و گەشتوگوزاری پەیمانگای تەکنیکییە لە دوکان. وەک دەرهێنەر و ئەکتەر و لایەنی هونەری چەندین چالاکیدا بەشداربووە، لەوانە شانۆگەرییەکانی: (خۆبەزلزان، کراسی بەختەوەری، کفنی زەرد، ئاوێنەشکاوەکە، وەرین، ئەوینی هەلوەریو، پرۆڤە، ڕەش و سپی، زمانلوسی، سەفەرێک لە هەڵەبجەوە، لە پەراوێزی هەڵەبجەداو دراماکانی، هەیئە، گەردەلوول، ژیلەمۆ، مڵوی خەم، ئەدالێ، بەرەو ڕوناکی و..). لە دەیان چیرۆکی ئێزگەییدا ڕۆڵیبینیوە، لەوانە: (ترسنۆک، پەشیمانی، دوو زمانی، ئاوەڕۆی خورماڵ، کێشەی خاوەن باخ، ئای لە دەست مۆلیدەو..). لە چەند نواندنێکی ڕۆڵی بینیوە، لەوانە: (شەوی بەرات، دوای قەرەباڵغی مەکەون، حساب بکە...). لە یادەکانی هەڵەبجە و فیستیڤاڵە کلتورییەکانی هەوراماندا بەشداربووە. ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٨ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئـێستادا فەرمانبەرە لە گەشتوگوزاری هەڵەبجە.
شانۆکار و ڕاگەیاندکارە. بە (ڕێبین) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٥ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی کشتوکاڵە. وەک نوسەر و دەرهێنەر و ئامادەکار و ئەکتەر لە چەندین بەرهەمی شانۆییدا بەشداربووە. لەوانە: (ڕێگای نیشتمان ١٩٧٥، دیمەنی پەپوو سلێمانە ١٩٧٦، پیاوێکی ڕەزیل ١٩٧٨، هەنگاو، بانێکەو دووهەوا، میهرەجانی کەلاوەکان، دیمەنێ لە دایرە، ئاوێنە، قەلوڕووتە، سەگ بیمەی بێکارییە، ڕۆنەکەی مام سلێمان). لە فلیمەکانی: (ئەو ڕۆژەی بابانۆیل گریا، سنور، زبڵدانی مێژوو، سۆزی ڕۆح) لە درامای تەلەفزیۆنی کاریکردووە و وەک بێژەری بەرنامە لە ڕادوێی شارەزوور تا ساڵی ٢٠٠٥ و لە ٢٠٠٥ەوە لە دەنگی کوردستان ڕادوێی هەڵەبجە تا ٢٠٢١، بەرنامەی ئەدەبی و هونەری هەبووە. وەک دۆبلێر لە چەند فلیمی فارسی و تورکیدا کاریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
شانۆکارە. ساڵی ١٩٨٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجەیە. ساڵی ٢٠٠٧ لە چالاکییە شانۆییەکاندا بەشداربووە. وەک دەرهێنەر و ئامادەکار و ئەکتەر لە ٢٠ شانۆدا بەشداریکردووە، لەوانە (شەوە ڕوناکەکانی هەڵەبجە، بۆ ئەوەی خۆت بناسیت بووەستە، زستانی ٨٨، خۆشەویستی لەدابق، پرتەقاڵی خوێن، باویلکە، مردنێکی تر، ناوی بنێین چی، هەشتەم ڕۆژی هەفتە، خەوەکەی میرکۆ). بەشداری فیستیڤاڵەکانی گۆران بۆ شانۆ و شانۆی شەقامی کردووە. لە شارەکانی هەڵەبجە، دەربەندیخان، سلێمانی، کەرکوک، هەولێر، مەریوان، خورمشهەر چایکی، شانۆیی پێشکەشکردووە. سێ خەڵاتی باشترین دەرهێنان و باشترین بەرهەمی بەدەستهێناوە. لەگەڵ تیپی شانۆی هەڵەبجە و پانتاییی شانۆی واڵادا کاریکردووە. لێپرسراوی ناوەندی شانۆکارانی لقی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی یەک منداڵە. مامۆستای وانەبێژە و لە شاری هەڵەبجە دەژی.
شانۆکارە. یەکێکە لە شانۆکارانی پێش ڕاپەڕین. ساڵی ١٩٦٦ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە تەوێڵە و ناوەندی و ئامادەیی بازرگانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ تیپی شانۆیی پیرەمێرد بەشداریکردووە. دوای ڕاپەڕین لەگەڵ تیپ و لیژنەکانی هەورامان لە چەندین شانۆدا ڕۆڵیگێڕاوە. لەوانە: (بەسەرهاتی تارماییەکان، مەملەکەتی سەرەتان، هەنگاو، پانۆرامای زێدی عاشقان، قەل و ڕووتە، سەگ بیمەی بێکارییە). چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی وەرگرتووە. لە دەستەی دامەزرێنەری مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامانە. لێپرسراوی کارگێڕی و دارایی لیژنەی ناوچەی هەورامانی یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.
شانۆکاری دێرینە. لە چالاکییە هونەری و شانۆییەکانی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە هەڵەبجە بەشداریکردووە. ساڵی ١٩٥٩ لەدایکبووه. تا قۆناغی ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە و لە زانکۆ سلێمانی وەرگیراوە. ساڵی ١٩٧٦ بووە بە ئەندامی تیپی شانۆی میللیی وەفایی و لەگەڵ دروستکردنەوەی تیپی نواندنی هەڵەبجە لە تێکەڵبوونی تیپەکان لە هەمان ساڵدا چووەتە تیپی نواندنی هەڵەبجه و لە شانۆیی (مەشخەڵ)ـدا بەشداریکردووە. لە شانۆکانی: لافاو، فریودان، خێزانێکی فەلەستینی، ئەنجامی ئەژدهاک، بۆیاخچی، سەرتاشی بێ ئیجازە بەشداربووە. وەرگێڕانی بۆ چەند دەقێکی شانۆیی کردووە، لەوانە: هیددا، گابلەری ئەپسەنە. لەئێستادا لە وڵاتی سوید دەژی.
شانۆکار و ڕۆژنامەوان و ڕاگەیاندکارە. ناوی (سەریاس عەلی حەمەکەریم فەتحوڵڵا)یە و بە (سەریاس جوانڕۆیی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و ئامادەیی لە زەڕایەن و هەڵەبجە و پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. بەکالۆریۆسی لە زانستی سیاسی لە زانکۆی گەشەپێدان بەدەستهێناوە. لەدوای ڕاپەڕینەوە تێکەڵی چالاکییە هونەرییەکان بووە. لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا تیپی شانۆیی خەباتیان دامەزراندووە. وەک دەرهێنەر، ئامادەکار و ئەکتەر لە چەندین شانۆدا بەشداریکردووە. لەوانە: (تەبایی، هەڵەبجە و هیرۆشیما، خۆر و باران، منداڵە شقارتە فرۆشەکە، دکتاتۆر، ئازادیخوازان). لە خولەکانی منداڵپارێزی کوردستان ماوەی دوو ساڵ مامۆستای شانۆ بووە. کاری بۆ ڕادوێ و ڕۆژنامەکان کردووە و بەڕێوەبەری گۆڤاری هەڵەبجە بووە. خاوەنی کتێبی (هەڵەبجە لەنێوان جینۆساید و تاوانی جەنگدا)یە. چەند جارێک خەڵات کراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
شاعیر، شانۆکار، فلیمساز و ڕاگەیاندکارە. ناوی (سەڵاح ئەحمەد ڕەشید)ە. ساڵی ١٩٦٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی ڕاگەیاندنی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە و ساڵی ٢٠١٩ لە تەلەفزیۆن و دیکۆمێنتاریدا ماستەری بەدەستهێناوە. کە قوتابی سەرەتایی بووە، بەشداری شانۆی کردووە. بۆ یەکەمجار لە شانۆیی کێشەدا وەک هونەرمەند ڕۆڵی بینیوە. وەک نوسەر، ئامادەکار و دەرهێنەر و ئەکتەر لە دەیان شانۆ و فلیم و درامادا بەشداربووە. لەوانە: چارەنوسی ئادەمیزاد، فایلی ٦٧، پەروانە، گەمەکە لەودیو سنور تەواودەکەین، دوابڕیار، هێلانە سووتاوەکان، ئەو ڕۆژەی بابانۆیل گریا، عروسی حلبچە، بەشی سێی گەردەلوول، ئامادەکار و دەرهێنەر و بەرهەمهێنی دەیان فلیمی دۆکیۆمێنتارییە، لەوانە: لە جیڤاراوە بۆ ٨٨، ئێمە، ماسیەکان چۆن دەمرن، شارۆ هەنار، زێڕی شین، پەیکەر،... هتد. لە گۆڤارەکانی هەڵەبجەدا وەک سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری نوسین کاریکردووە و چەندین بابەتی بڵاوکردووەتەوە. ماوەیەک بەڕێوەبەری ڕادوێی شارەزوور بووە. بەشداریی چالاکانەی لە بۆنە و یادکردنەوەکانی هەڵەبجەدا کردووە لەو بوارەدا زۆرترین کاریکردووە. خاوەنی چوار کۆمەڵە شیعرە. چەندین خەڵاتی وەرگرتووە. لەوانە گەلاوێژ، فیستیڤاڵی لاوان، بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری. ئەندامی تیپی نواندنی هەڵەبجە، تیپی پێشرەوی هەڵەبجە، یەکێتی نوسەرانی کورد، کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری هەڵەبجە، یەکێتیی هونەرمەندان، سەندیکای ڕۆژنامەوانان. دەستەی دامەزرێنەر و ئەندامی باڵای بنکەی ڕوناکبیریی گەلاوێژ ١٩٩٧، یانەی قەڵەم. هاوڕێی زۆربەری نوسەران و هونەرمەندانی کوردە. خێزاندارە و باوکی یاریزانی لێهاتووی تێنس، جوانەمەرگ (شاڕۆژ)ە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە.
هونەرمەندی بواری شانۆیە. ناوى (سەڵاح عەلى محەممەد ساڵح)ـە. ساڵی ١٩٦٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیى لە هەڵەبجە و پەیمانگاى هونەرەجوانەکان و یاسا و ڕامیارى لە سلێمانى تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. یەکەم کارى هونەرى لە ئۆردوگاى سەریاس ساڵى ١٩٧٤ بە ناوى (هاوارى هەڵەبجە) بووه. لە شانۆگەرییەکانی (داربەڕوو، خێزانێکى فەلەستین، ناڵە، کێشە، مەسەلەى ویژدان، میراتى، سازى ئاسنین و کۆچێکى ڕەشپۆش) بەشداریکردووە. لە فلیمى (نامۆ) وەک ئەکتەر بەشداربووە. بۆ ماوەى شەش ساڵ ئەندامى لیژنەى بەڵاى فیستیڤاڵى هەڵەبجە و ماوەى ١٢ ساڵ سەرپەرشتیى چالاکییە هونەرییەکانى قوتابخانەکان و ماوەى ٢٢ ساڵ سەرپەرشتیاریى پەروەردەى هونەرى قوتابخانەکانى سلێمانى و ماوەى سێ ساڵیش بەڕێوەبەرى چالاکى قوتابخانە و خوێندنگاکانى سلێمانى بووە. بەهۆی ئەوەی لە زنجیرەی (گەردەلوول)دا وەک ئەکتەر ڕۆڵى (باوکى وەنەوشە)ى بینیووە، ئەو نازناوەشی وەرگرتووە.
ئەکتەر و شانۆکارە. ناوی (سەمیعە محەممەد ئیسماعیل باوەیس)ـە. ساڵی ١٩٧١ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. پەیمانگای ھونەرە جوانەکان/ بەشی شانۆی لە سلێمانی تەواوکردووە و بە مامۆستا دامەزراوە. وەک ئەکتەر و نواندن لە نزیکەی پەنجا کاری ھونەریدا بەشداریکردووە، لەوانە بەرهەمەکانی: (دڕندەی تۆرۆس، گەر فەلەستینی بویتایە، ڕۆمیۆ و جۆلێت، شا ھەر شایە، پیاوبە پیاو، شارێکی پڕ لە چەقۆ و ھێرۆشیما، ھەڵەبجەی شاعیران و خەزانی مەرگ، نامەیەک لە ھەڵەبجەوە، شەوە ڕووناکەکانی ھەڵەبجە، بانگەوازی ئازارەکان و ئەو شەھیدەی ھەموو شتێکی دی...) و کورتە فلیمی (بۆ، لە ڕۆژی چوارەم، ڕاپەڕین، وڵاتی بێ ئاسمان) و درامای (خەمی پۆلەکەکان، ڕەشەی پۆلیس، حەسەنە، جومعە و ساتەکانی ژیان... ). لە ھەموو فیستیڤاڵەکانی ھەڵەبجە بەشداربووە و ساڵی ١٩٩٣ پێشکەشکاری فیستیڤاڵەکە بووە.
هونەرمەندی شانۆکار و ڕاگەیاندکارە. ناوی (سەنعان فایەق محەممەد)ە. ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی (هانەیدن) لەدایکبووە. تا قۆناغى ناوەندى لە ئاواییى ڕۆستەم بەگ خوێندووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. بۆ یەکەمجار ساڵی ١٩٩٧ لە گوندی هانەیدن لە یادی مەولوددا لە شانۆگەرییەکدا بەشداریکردووە. تا ساڵی ٢٠٠١، ئەندامی تیپی هونەریی پێشەنگ و بەرپرسی تیپەکە بووە. لەو ماوەیەدا ١٠ شانۆ و چوار کورتە فلیمیان بەرهەمهێناوە. تیپی نواندنی خورماڵ و تیپی شانۆی خورماڵی دامەزراندووە و ماوەی هەشت ساڵ بەرپرسی بووە. بەرپرسى ناوەندى ڕوناکبیریى خورماڵە. کارى دەرهێنان و نوسینى بۆ زیاتر لە ٢٠ شانۆ و کورتە فلیم کردووە، لەوانە: شانۆی (هاوڕێم بە، شانۆى ژیان، دڵێکى گەورە، خەون) و کورتە فلیمى (بەیانى) و درامای (مڵوەى خەم، گەردەلوول). ساڵى ٢٠١٠ گروپى پەپوولەکانى هەورامانى دامەزراندووە و بەهۆى چالاکی و نمایشەکانى لە بواری منداڵاندا، نازناوی (بابا سەنعان)ی وەرگرتووە. لە بواری ڕأگەیاندنیشدا کاریکردووە و پێشکەشکارێکی چالاک بووە. تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ خەڵات و ڕێزلێنانى پێبەخشراوە.
شانۆکاری دێرینە. شاڵی ١٩٤٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٦پەیمانگای تەندروستیی ئاژەڵ لە بەغداد تەواودەکات. بە یاریدەدەری پزیشکی ئاژەڵ دادەمەزرێت و دێتەوە بۆ هەڵەبجە. ئەندامی یەکەم تیپی شانۆی هەڵەبجە بووە. لە قۆناغی شانۆی ١٩٥٨ بەدواوە، وەک ئەکتەرێکی کۆمیدی شانۆ بەشداری دەیان چالاکیی کردووە. وەک(قاسم دەبێت بکوژرێت، لەڕێی وڵاتدا، تاوانی دەرەبەگ، کوێخا، پێشمەرگە،... هتد). ئەندامی سەرەکیی تیپی نواندنی هەڵەبجە بووە. ٢٣ی ١٠ی ٢٠٢٠ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە.
شانۆکارە. ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە سیازدەماڵەن. خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٧٤دا لە ئۆردوگاکانی سەریاس و سەرپێڵدا بۆ یەکەمجار وەک منداڵ لە شانۆی ئۆتۆنۆمیمان دەوێت بەشداریکردووە. ساڵی١٩٨٣ لەگەڵ نواندنی هەڵەبجەدا بەشداری فیستیڤاڵی دهۆک بۆ تیپە شانۆییەکانی کوردستانی کردووە و خەڵاتی یەکەمی کچە ئەکتەر لە شانۆیی گیانی یانۆرادا وەرگرتووە. لە بەرهەمەکانی تری (شێتی نیشتمان، شیرین و فەرهاد). وەک ڕاهێنەریش لەچەندین فیستیڤاڵی شانۆ و مۆسیقا و گۆرانی و ئۆپەرێتی منداڵاندا بەشداریکردووە و هۆنراوە و ئاوازی بۆ چەندین بەرهەمی منداڵان داناوە، وەک (منداڵە ونبووەکان). لە فلیمی دیکۆمێنتاری لە جیڤاراوە بۆ ٨٨ بەشداربووە. لە بواری پەروەردەی هونەری و وەرزشیدا کاردەکات و لەو کەسە چالاکانەیە، کە خزمەت بە ژینگە و ژن و خاوەن پێداویستانی تایبەت دەکات. دەیان خەڵاتی پێبەخشراوە. لە ئێستادا لێپرسراوی سەنتەری هەڵەبجەیە بۆ منداڵانی خاوەنپێداویستیی تایبەت.
ساڵی ٢٠٠٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانە لە هەڵەبجە. لەگەڵ گروپی پانتایی شانۆی واڵا، کە لە ئێستادا ناوی (ز. بۆ شانۆ)یە وەک ئەکتەر و دەرهێنەر کاریکردووە و بەشداری فیستیڤاڵەکانی شانۆی کەرکوک و دەربەندیخان و گۆران و هەولێری کردووە و چەندین خەڵاتی وەرگرتووه، لەوانە باشترین دەرهێنان و سێیەم ئەکتەری کچ لە دووەمین فیستیڤاڵی گۆران و باشترین دەرهێنان لە حەوتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر. بەشداری لە شانۆکانی: ئەمادۆ، پرتەقاڵی خوێن، دایکە ئازاکە، ڕێگامان نزیکە، باویلکە، شینە لەشیندام، سروودی خۆشەویستی، ناوی بنێین چی، کچانی مۆزەخانە، سرودێک بۆ ئیکارۆس... کردووە.
شانۆکارە. ناوی (شاهۆ مستەفا فەرەج)ە. بە شاهۆی حاجی مستەفا ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە شارۆچکەی تەوێڵە لەدایکبووە. ئەندامێکی چالاکی چەند تیپێکی هونەری بووە لە تەوێڵە. لە کاری نوسین و ئامادەکردن و نواندندا چالاک بووە. لەوانە(لەم دەڤەرە چ باسە، پیازەکانی عەوڵان و... هتد) شەوی ٢ی ٣ی شوباتی ٢٠٠٧ کۆچیدواییکردووە و لە تەوێڵە نێژراوە.
شانۆکار و گۆرانیبێژە. ساڵی ١٩٦١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ئامادەیی پیشەسازی لە شاری هەڵەبجە تەواوکردووە. ئەندامی تیپی نواندنی گۆران بووە. ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندیکردووە بە تیپی مۆسیقای (شنروێ)وە. لە چالاکییەکانی نواندن و مۆسیقا و گۆرانی_وتندا کاریکردووە. لە شانۆگەرییەکان (ژنهێنان بەزۆر، ڕێژنە)دا بەشداریکردووە. لە کیمیابارانی هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ شەهیدبووە و لە گۆڕستانی خانەگای لای پاوە بەخاکسپێرراوە.
ساڵی ١٩٩٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بە منداڵی لە کازیوەی منداڵانی هەڵەبجەوە تیکەڵی هونەری نواندن بووە. دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانە لە هەڵەبجه. ساڵی ٢٠١٤ بووەتە ئەندامی گروپی پانتایی شانۆی واڵا. بەشداری چەندین شانۆیی کردووە، لەوانە: چیرۆکی مردن لە بەهەشت، شینە لە شیندام، لە دایکبوونی زیندان، پرتەقاڵی خوێن، گەشتێک بۆ شەڕگە، زیندان و قیامەت، دایکە ئازاکە. بەشداری چەندین فیستیڤاڵی شانۆیی کردووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە: ساڵی ٢٠١٧ خەڵاتی ناوەندی غەزەلنوس بۆ ئەکتەری ساڵ، خەڵاتی ئاڵتونی ئەکتەری کچ. لە ئێستادا خوێندکاری قۆناغی سێی سینەما و شانۆیە لە کۆلێژی هونەرەجوانەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین.
شانۆکارە. بە(شێرکۆ حەمەسەعید) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٧٦ لە یەکگرتن و دروستکردنی تیپی نواندنی هەڵەبجەدا بووە بە ئەندام. لە بواری هونەریی شانۆدا، بە نوسین و وەرگێڕان و ئامادەکردن و دەرهێنان کاریکردووە. ناوی لە زۆرێک لە دەلیلی شانۆییەکانی هەڵەبجەدا هاتووە. وەک (کۆچی هەتا هەتایی، خۆرکەوتن، ولیەم تیل، ماسییە ڕەشەکە، ئاغاو دەرەبەگ، حەو شەو و حەوت ڕۆژ، دکتۆر و شێت و شانۆی منداڵانی شاری هەنگەکان، پشیلە سوورە، تارمایی). لە بواری فلیمیشدا، سیناریۆی (قەڵای مەرگ)ی نوسیوە، دەرهێنەری هەردوو کورتە فلیمی (کۆمەرگ و ڕاسپاردە)یە. ئەندامی سەندیکای هونەرمەندان و کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
شانۆکار و پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانە. دەستی نوسینی هەبووە. ناوی مەحموود عەبدولڕەحمان عەبدولقادرە. لەبەرئەوەی شیعری شاعیرانی لە دەفتەرێکدا بۆ خۆی نوسیوەتەوە، کەشکۆڵ بوەتە نازناوی. ساڵی ١٩٤٣ لە عەنەبی نزیک هەڵەبجە لەدایکبووە. لە شەستەکاندا چووەتە نێو کاری ڕێکخراوەیی و پەیوەندی کردووە بە ڕیزەکانی(ی. ق. ک). دواتریش چووەتە نێو ڕیزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و ئەرکی سەرشانی بەسەرکەوتوویی تەواوکردووە. چەندین پلەی لێپرسراوی وەرگرتووە. ساڵی ١٩٧٠ تیپی نواندنی هیوا لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا دروستدەکەن. پاشان دەبێتە ئەندامی تیپی نواندنی هەڵەبجە. لە دوای ساڵانی حەفتاکانەوە وەک ئەکتەر بەشداری چەن شانۆیەکی کردووە و بەسەرکەوتوویی ڕۆڵی بینیوە. لەوانە (بۆیاخچی، داسەکەی شاسوار). لە ١٤ی ٦ی ٢٠١٤ کۆچیدواییکردووە و لە عەبابەیلێ بەخاکسپێرراوە.
شانۆکار و شوێنەوارناسە. ناوی (موعتەسەم شێخ ڕەشید شێخ عەبدولڕەحمان)ـە. ساڵی ١٩٤٣ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. بەشی ئاسەوارناسی لە بەغداد تەواوکردووە و لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسەوار لە بەغداد دامەزراوە. ساڵی ١٩٨٤ بەوەکالەت بووەتە بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی. لە ڕێگەی (ع. ع. شەونم)ـەوە ئاشنای شانۆ بووە، کە قوتابی قۆناغی بنەڕەتی بووە، ڕۆڵی بینیوە. پاشان وەک نوسەر و سەرۆکی تیپ و ئەکتەر لە چەندین بەرهەمدا بەشداریکردووە. لەوانە: بازرگانی ڤینیسیا، مەم و زین، کێشەی قوتابی، شانۆی بێپەردەی مەرگی منداڵە فریشتەکان کۆتایی پەنجاکان، قاسم دەبێت بکوژرێت، تاوانی دەرەبەگ. دامەزرێنەی تیپی شانۆی فرمێسکە. چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە: دۆستانی هەڵەبجە بۆ شانۆکارە دێرینەکان، خەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە. خاوەنی کتێبی (گەشتێک بەناو ڕۆژە بەسەرچووەکان)ـە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا خانەنشینە و لە سلێمانی نیشتەجێیە.