سالمی شانۆ
نوسەر و ئامادەکار و دەرهێنەری شانۆییە. ناوی (سالم مەجید شوکروڵڵا)یە. ساڵی ١٩٨٠ لە شارۆچکەی بیارە لەدایکبووە بەشی شانۆی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پەیمانگای ڕاهێنان و گەشەپیدانی پەروەردەیی بەدەستهێناوە. وەک نوسەر و ئامادەکار و دەرهێنەر و ڕاییکردنی هونەری لە چەندین شانۆدا بەشداریکردووە، لەوانە: پیاوێکی جوان بێدەنگ، دەنگی پێی ئاو، نابیناکان، نیشتمانێک پڕپڕ لە تابووت، لێمان گەڕێن بژین، نسێ، پیاوە عاشقەکە. لە چەندین دیداری شانۆیی و فیستیڤاڵدا وەک لیژنەی باڵا و هەڵسەنگاندن و دادوەری و هونەری کاریکردووە. لەوانە: لە هەڵەبجەوە شانۆیەکی زیندوو ڕادەگەیەنین، کەرنەڤاڵی گۆران بۆ شانۆی قوتابخانەکان، دیداری شانۆیی قەزاکانی سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان. چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە، لەوانە: خەڵاتەکانی پەیمانگای هونەرەجوانەکان، یەکەمین فیستیڤاڵی شانۆی هەڵەبجە، باشترین بیرۆکەی دەقی لە دووەمین فیستیڤاڵی شانۆیی گۆراندا... ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ئیستادا مامۆستای بەشی شانۆیە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە.
سامان کەریم غەفور
بە سامان دەرەمەڕی ناسراوە. ساڵی ١٩٨٤ لە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. دەرچووی بەشی کارگێڕی و گەشتوگوزاری پەیمانگای تەکنیکییە لە دوکان. وەک دەرهێنەر و ئەکتەر و لایەنی هونەری چەندین چالاکیدا بەشداربووە، لەوانە شانۆگەرییەکانی: (خۆبەزلزان، کراسی بەختەوەری، کفنی زەرد، ئاوێنەشکاوەکە، وەرین، ئەوینی هەلوەریو، پرۆڤە، ڕەش و سپی، زمانلوسی، سەفەرێک لە هەڵەبجەوە، لە پەراوێزی هەڵەبجەداو دراماکانی، هەیئە، گەردەلوول، ژیلەمۆ، مڵوی خەم، ئەدالێ، بەرەو ڕوناکی و..). لە دەیان چیرۆکی ئێزگەییدا ڕۆڵیبینیوە، لەوانە: (ترسنۆک، پەشیمانی، دوو زمانی، ئاوەڕۆی خورماڵ، کێشەی خاوەن باخ، ئای لە دەست مۆلیدەو..). لە چەند نواندنێکی ڕۆڵی بینیوە، لەوانە: (شەوی بەرات، دوای قەرەباڵغی مەکەون، حساب بکە...). لە یادەکانی هەڵەبجە و فیستیڤاڵە کلتورییەکانی هەوراماندا بەشداربووە. ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٨ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئـێستادا فەرمانبەرە لە گەشتوگوزاری هەڵەبجە.
سەباح جەمال مستەفا
شانۆکار و ڕاگەیاندکارە. بە (ڕێبین) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٥ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی کشتوکاڵە. وەک نوسەر و دەرهێنەر و ئامادەکار و ئەکتەر لە چەندین بەرهەمی شانۆییدا بەشداربووە. لەوانە: (ڕێگای نیشتمان ١٩٧٥، دیمەنی پەپوو سلێمانە ١٩٧٦، پیاوێکی ڕەزیل ١٩٧٨، هەنگاو، بانێکەو دووهەوا، میهرەجانی کەلاوەکان، دیمەنێ لە دایرە، ئاوێنە، قەلوڕووتە، سەگ بیمەی بێکارییە، ڕۆنەکەی مام سلێمان). لە فلیمەکانی: (ئەو ڕۆژەی بابانۆیل گریا، سنور، زبڵدانی مێژوو، سۆزی ڕۆح) لە درامای تەلەفزیۆنی کاریکردووە و وەک بێژەری بەرنامە لە ڕادوێی شارەزوور تا ساڵی ٢٠٠٥ و لە ٢٠٠٥ەوە لە دەنگی کوردستان ڕادوێی هەڵەبجە تا ٢٠٢١، بەرنامەی ئەدەبی و هونەری هەبووە. وەک دۆبلێر لە چەند فلیمی فارسی و تورکیدا کاریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
سەرتیپ سابیر کەریم حەمەسەعید
شانۆکارە. یەکێکە لە شانۆکارانی پێش ڕاپەڕین. ساڵی ١٩٦٦ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە تەوێڵە و ناوەندی و ئامادەیی بازرگانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ تیپی شانۆیی پیرەمێرد بەشداریکردووە. دوای ڕاپەڕین لەگەڵ تیپ و لیژنەکانی هەورامان لە چەندین شانۆدا ڕۆڵیگێڕاوە. لەوانە: (بەسەرهاتی تارماییەکان، مەملەکەتی سەرەتان، هەنگاو، پانۆرامای زێدی عاشقان، قەل و ڕووتە، سەگ بیمەی بێکارییە). چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی وەرگرتووە. لە دەستەی دامەزرێنەری مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامانە. لێپرسراوی کارگێڕی و دارایی لیژنەی ناوچەی هەورامانی یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.
سەرۆک عەلی فەرەج
شانۆکاری دێرینە. لە چالاکییە هونەری و شانۆییەکانی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە هەڵەبجە بەشداریکردووە. ساڵی ١٩٥٩ لەدایکبووه. تا قۆناغی ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە و لە زانکۆ سلێمانی وەرگیراوە. ساڵی ١٩٧٦ بووە بە ئەندامی تیپی شانۆی میللیی وەفایی و لەگەڵ دروستکردنەوەی تیپی نواندنی هەڵەبجە لە تێکەڵبوونی تیپەکان لە هەمان ساڵدا چووەتە تیپی نواندنی هەڵەبجه و لە شانۆیی (مەشخەڵ)ـدا بەشداریکردووە. لە شانۆکانی: لافاو، فریودان، خێزانێکی فەلەستینی، ئەنجامی ئەژدهاک، بۆیاخچی، سەرتاشی بێ ئیجازە بەشداربووە. وەرگێڕانی بۆ چەند دەقێکی شانۆیی کردووە، لەوانە: هیددا، گابلەری ئەپسەنە. لەئێستادا لە وڵاتی سوید دەژی.
سەریاس عەلی حەمەکەریم
شانۆکار و ڕۆژنامەوان و ڕاگەیاندکارە. ناوی (سەریاس عەلی حەمەکەریم فەتحوڵڵا)یە و بە (سەریاس جوانڕۆیی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و ئامادەیی لە زەڕایەن و هەڵەبجە و پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. بەکالۆریۆسی لە زانستی سیاسی لە زانکۆی گەشەپێدان بەدەستهێناوە. لەدوای ڕاپەڕینەوە تێکەڵی چالاکییە هونەرییەکان بووە. لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا تیپی شانۆیی خەباتیان دامەزراندووە. وەک دەرهێنەر، ئامادەکار و ئەکتەر لە چەندین شانۆدا بەشداریکردووە. لەوانە: (تەبایی، هەڵەبجە و هیرۆشیما، خۆر و باران، منداڵە شقارتە فرۆشەکە، دکتاتۆر، ئازادیخوازان). لە خولەکانی منداڵپارێزی کوردستان ماوەی دوو ساڵ مامۆستای شانۆ بووە. کاری بۆ ڕادوێ و ڕۆژنامەکان کردووە و بەڕێوەبەری گۆڤاری هەڵەبجە بووە. خاوەنی کتێبی (هەڵەبجە لەنێوان جینۆساید و تاوانی جەنگدا)یە. چەند جارێک خەڵات کراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.