کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

113 بابەت

ساڵح شارەزووری

برای (ع. ع. شەونم)ی شاعیرە. ناوی (ساڵح کوڕی عەبدوڵای سۆفی محەممەد)ە. ساڵی ١٩٢٧ لەدایکبووە. دەستی بە خوێندن کردووە و تا تەمەنی لاوی درێژەی پێداوە. دوکانێکی سکاڵانوسینی داناوە و بژێوی خۆی پێ دابینکردووە. کەسێکی کۆمەڵایەتی بووە و چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکانی کردووە‌. لە بواری هەڵکۆڵێن و کاری دەستیدا، هونەرمەندێکی دەستڕەنگین بووە. ڕۆشنبیرییەکی یاسایی باشی هەبووە. دەستی نوسینی هۆنراوەی هەبووه. لە کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا، خۆی و خاتوو (نەشمیل)ی هاوسەری و (شەوان)ی کوڕی شەهید بوون. هۆنراوەکانی لە کتێبێکدا بەناوی (دیوانی ساڵح شارەزووری) چاپکراون‌.

ساڵح هەژار

ناوی (ساڵح کوڕی سەعید کوڕی باپیر)ە. ساڵی ١٩٢٧ لەدایکبووە. باوکی، خەڵکی گوندی (دوازدە ئیمام)ـە. پاش ئەوەی سەرەتایەکی لە خوێندن بڕیوە، هەژاریی زۆری بۆ هێناوه و دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە. چووەتە هەڵەبجە و لەگەڵ کاری بژێویدا، ژیانی ڕامیاری و ڕۆشنبیری هەڵبژاردووە. ئەندامی (کۆمەڵەی ئاشتیخوازان) و (کۆڕی زانیاریی کورد) بووە. چەند کتێبێکی داناوە، لەوانە: (ژن بە ژن "شانۆنامە" شیعری کۆن و نوێ "لێکۆڵینەوە" و پزیشک و پاره ‌"چیرۆک"). لەسەر ناڕەزایەتیی دژی پەیمانی (پۆرتسمۆس) ماوەیەک زیندانیکراوە. لەبواری نوسینی هۆنراوەدا شارەزاییەکی باشی هەبووە و نازناوی (هەژار) بووە. ساڵی ١٩٨٣ کۆچیدواییکردووە.

سەلام

ناوی (سەلام کوڕی شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ عەبدولکەریم کوڕی شێخ محەممەد)ە. ساڵی ١٨٩٢ لە گوندی (عازەبان) لەدایکبووە. سەرەتا قورئان و زمانی فارسی خوێندووە و دواتر چووەتە سلێمانی و دریژەی بە خوێندن داوە و مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. لەگەڵ چەند کەسێکی تردا (کۆمەڵی زەردەشت)یان دامەزراندووە. ماوەیەک لە هەورامان و هەڵەبجە بووە و ساڵی ١٩٤٨-١٩٤٩ لە هەڵەبجە فەرمانبەر بووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسی و تورکیشی زانیوە. (چوارینەکانی عومەر خەیام)ی لە فارسییەوە کردووە بە کوردی. هۆنراوەکانی لە (دیوانی سەلام)دا کۆکراونەتەوە و چاپبووە. ساڵی ١٩٥٩ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (سەیوان) لە سلێمانی بەخاکسپێرراوە.

سەید سدیق سەرگەتی

شاعیری میللی و نوسەرە. ناوی (سدیق حەمەساڵح عوبەید)ە. ساڵی ١٩٤٦ لە سەرگەت لەدایکبووە. لەبەرئەوەی باوکی نەبووە، ساڵی ١٩٥١-١٩٥٢ یارئەحمەد بەگ دەیخاتە بەرخوێندن. دەرچووی‌ ئامادەییە و بە خولێکی سێ مانگی بووەتە مامۆستای نەهێشتنی نەخوێندەواری و دواتر لە کارگەی جگەرەی سلیمانی دامەزراوە. بەشداری شەڕی ئیسرائیلی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی منداڵە. خاوەنی کتێبی چاپکراوی (کورتەیەک لە مێژووی سەرگەت - هەورامان)ـە. لە شاری هەڵەبجە دەژی.

صەیدی

شاعیرە. ناوی (محەممەد کوڕی سلێمان کوڕی حاجی سەید مەحموودی هەورامی)یە. لە دەوروبەری ساڵی ١٧٨٤ لە گوندی (خانەگا)ی نزیک (پاوە) لەدایکبووە. سەرەتای خوێندنی ئاینی لە حوجرەکانی هەورامان و شارەزوور بەسەربردووە، تا لەسەر دەستی (مەلا جەلالی خورماڵی) مۆڵەتی دوازدە زانستەکەی وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە زێدی خۆی. بەکاری کشتوکاڵییەوە خەریکبووە. لە تەمەنی شەست ساڵیدا لەسەردەستی (شێخ عوسمانی سیراجودین) تەریقەتی نەقشبەندی وەرگرتووه و بووە بە خەلیفەی شێخ‌. نازناوی (صەیدی) یان (صەیدی هەورامی) بووه، کە واتای (ڕاووشکار)ی دێت‌‌. بە زاری گۆرانی هۆنراوەی نوسیوە و بۆ مەبەستی دڵدارین و لە (دیوانی سەیدی)دا کۆکراونەتەوە و چاپکراون‌. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و بووەتە خاوەنی دوو کوڕ. زۆرجار ناو و بەرهەمی شیعریی ئەم شاعیرە لەگەڵ شاعیرێکی تردا بە ناوی (محەممەد سادق کوڕی سەید عەلی هەورامی) تێکەڵدەکرێت، کە هەمان نازناوی (صەیدی هەورامی) هەیە و لەنێوان ١٤٤٦ بۆ ١٥١٢دا ژیاوە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٥١ کۆچیدواییکردووە.

شاهۆ

شاعیرە. ناوی (مەلا حەسەن کوڕی مەلا قادرى مەلا عەبدولڕەحمان)ـە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٨٢ لە (بیارە) لەدایکبووە. لە حوجرە و قوتابخانە خوێندنی سەرەتایی خوێندووە. بۆ درێژەدان بە خوێندن، چووەتە بەغداد و ئەستەنبوڵ. ئەندامی (تەعالی کوردستان) بووە. ساڵی ١٩٢٦ گەڕاوەتەوە باشور و لە سییەکانەوە تا ١٩٥٣، وەک قازی لە (ھەڵەبجە، کەرکوک، ھەولێر، چەمچەماڵ) دەستبەکاربووە و بە (مەلا حەسەنی قازی) ناوبانگی دەرکردووە. ژیانی ھاوسەریی پێکھێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. زمانی فارسی و عەرەبی زانیوە. سەرەتا نازناوی (شایق: شاهق) بووە و دواتر بووە بە(شاھۆ). لە مانگى ٦ى ١٩٧١ کۆچیدواییکردووە و لە (بیارە) بەخاکسپێرراوە. دیوانەکەی بەناوی (ديوانى شاهۆ) چاپبووە.

شێرکۆ بێکەس

کوڕی فایق بێکەسی شاعیرە. ساڵی ١٩٤٠ لە سلێمانی لەدایکبووە، بە منداڵی، لەبەرئەوەی باوکی مامۆستا بووە لە عەبابەیلێ، بۆیە لە هەڵەبجە ژیاوە. لە پڕ_بەرهەمترین و شاعیرە داهێنەرەکانی کوردە. بە شداری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کردووە و بۆ شۆڕش و کۆست و مەرگەساتەکانی نەتەوەکەی شیعری نووسیوە. ماوەیەک وەزیری ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێم بووە و دەستی لەکار کێشاوەتەوە. ئەندامی پەرلەمان و یەکێتیی نوسەرانی کورد و سوید بووە. چەندین خەڵاتی وەرگرتووە. چەن شانۆنامەیەکی نووسیوە و چەند بەرهەمی وەرگێڕراوە. خاوەنی شیعری (١٦ی مانگ) بووە بۆ هەڵەبجە و لە دەربەندی پەپولەدا هەڵەبجە و کیمیابارانی لە یادی هەموواندا هێشتووەتەوە. خێزاندارەو خاوەنی چوار منداڵە. ساڵی ٢٠١٣ کۆچیدواییکردووە و لە پارکی ئازادی لە سلێمانی نێژراوە.

ع. ع. شەونم

شاعیر، شانۆکار، ئاوازدانەر، وەرگێڕ، زمانەوان، فۆلکلۆریسسته. ناوی (عەلی کوڕی عەبدوڵای سۆفی محەممەد)ە. نازناوی (ع. ع. شەونم)ـە. ساڵی ١٩٢٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لەلای مەلا و لە قوتابخانە خوێندویەتی و ساڵی ١٩٤٥ (دار موعەلیمینی ڕیفی) تەواوکردووە. لە بیارە، موبڕە، هەڵەبجە، سلێمانی و بەغداد مامۆستا بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و حەوت منداڵیان بووە. ساڵی ١٩٦٣ دەستگیرکراوە. ساڵی ١٩٧٢ لە چالاکی قوتابخانەکان سەرپەرشتیاری هونەری بووە تا ساڵی ١٩٨٠، کە خانەنشین بووە. یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی نوسەرانی کورد. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسی زانیوە. وەرگری خەڵاتی گەلاوێژە. یەکەم مامۆستا بووه،‌ کە لە هەڵەبجە گروپی موزیکی دامەزراندووە. یەکەمین کەس بووە لە شارەکەدا تەختی شانۆیی داناوە و هەرخۆیشی دەقی شانۆگەرییەکە (ڤینسیا)ی وەرگێڕاوە و کاری دیکۆر و جلوبەرگ و دهر‌هێنانیشی لەئەستۆگرتووە. جگە لە (دیوانی ع. ع. شەونم) چەند کتێبێکی تریشی هەیە، لەوانە (فەرهەنگی کوردواتەنی "دە بەرگ"، پیران و پەندیار، مەتەڵی کوردەواری) و چەند بەرهەمێکیشی بۆ چاپکردن ئامادەیە. لە ١٠ی ١٠ی ٢٠٢٠ بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (گوڵان) لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە. باخچەیەک لەبەردەم زانکۆی هەڵەبجە بەناویەوە ناونراوه و پەیکەری بۆ دروستکراوە‌.

عادل شاسواری

شاعیر و نوسەر و ڕاگەیاندکارە. ناوی(عادل حەمەعارف موئمن)ە. ١٩٧٠ لە تەوێڵە لەدایکبووە. پەیمانگای مامۆستایانی مەڵبەندی سلێمانی تەواوکردووە و ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٢ لە کۆلێژی زانستەمرۆڤایەتییەکان وەرگیراوە. ئەندامی (کۆمەڵەی نوسەرانی کورد، دەستەی نوسەرانی گۆڤاری نمانا، پەیامی ڕاستی) بووە. ئەندامی دەستەی باڵا و لێپرسراوی ڕاگەیاندنی(ناوەندی کوردستان بۆ ئیعجازی قورئان و سوننەت)ە. کارمەندێکی کارای(ڕادوێی دەنگی یەکگرتووی سلێمانی) بووە. ساڵی ١٩٩٧ (تیرۆژژە)ی چاپکردووە. لە بەرهەمەکانی تری: (کۆباسەکانی میحراب،(سۆمای دیدە) لە دوو بەرگدا. چەندین شیعری کراون بە سروود و گۆرانی. لە سلێمانی نیشتەجێیە.

عەبدولکەریم نەقشبەندی

شاعیرێکی میللیی هەورامانە. ناوی(عەبدولکەریم کوڕی مەلا ئەحمەدی کوڕی موعینەدینی کوڕی مەلا نەزیری گەورە)یە. ٢٤ی ٣ی‌ ١٩٣٣ لە تەوێڵە لەدایکبووە. لای باوکی دەستی بە خوێندن کردووە. ساڵی ١٩٥٣ دەچێتە سەربازی و شەوان لە پۆلی شەشی سەرەتایی دەخوێنێت. پاشان ناوەندی لە کەرکوک تەواودەکات. دەگوازرێتەوە بۆ موسڵ و لەوێ پۆلی دووی پیشەسازی دەخوێنێت. لەسەر کوردایەتی زیندانی دەکرێت و ساڵی ١٩٦٣ لە زیندان هەڵدێت و دێتەوە بۆ تەوێڵە و پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە دەکات. ساڵی ١٩٧٥ ماڵی دەچێتە سلێمانی و بە کاسبییەوە خەریکدەبێت. کەشکۆڵێکی هەیە. شیعری زۆری لەسەر شاعیرەکان و وێرانبوونی گوندەکانی هەورامان هەیە. ساڵی ٢٠١٩ کۆچیدواییکردووە.

عەبدوڵا بەگ

باپیری (گۆران)ی شاعیرە. ساڵی لەدایکبوونى نەزانراوە. بە بنەماڵە دەچنەوە سەر بەگزادەی (میران بەگی)ی ناوچەی (مەریوان). لە قەرەداغەوە ھاتووەتە ھەڵەبجە. لە شیعر و زمانی فارسییدا بەھرەی ھەبووە.

عەبدوڵا حەسەن

ناوی (عەبدوڵا کوڕی حەسەن بەگی جاف)ـە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٣٧ لەدایکبووە. نەخوێندەوار بووە. لە تیرەی (میکایەڵی)ی جافەکانە. لە هەڵەبجە ژیاوە و کاری باخەوانی کردووە. هۆنراوەکانی هێشتا کۆنەکراونەتەوە و لە کتێبێکدا چاپ نەبوون‌. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٩٨ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە.

عەبدوڵا عەلی عەزیز

شاعیر و نوسەرە. ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی بەلەسۆ لەدایکبووە. نازناوی شیعری غەمناکە. دەرچووی سێی ناوەندییە. خێزاندارە و خاوەنی شەش منداڵە. لە بۆنە نیشتمانی و ئایینی و نەتەوەییەکاندا شیعری خوێندووەتەوە. دوو بەرهەمی چاپکراوی بەناوی(ساباتی بەمۆ) و (گوندێکی خاوەن نازناو، دانیشتوانێکی خاوەن پیشە). لە ژیاندا ماوە.

عەبدی

ناوی (شێخ عەبدوڵلای کوڕی حاجی شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ عوسمانی سیراجودین)ـە. لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. ساڵی لەدایکبوونی نەزانراوە. لە لای باوکی دەستیکردووە بە خوێندنی ئاینی. چووەتە گوندی (نێزڵ) لە خۆرهەڵاتی کوردستان و لەوێ ژیاوە. هۆنراوەی نوسیوە و نازناوی (عەبدی) بووە. بەو هۆنراوەیەی بێت، کە لە دەوروبەری ساڵی ١٩٢٩ بۆ مەرگی (زاهید)ی کوڕی نوسیوه، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا ژیاوه.

عەلی بێبەش

ناوی (حەمەعەلی کوڕی عومەر)ە. ساڵی ١٩٣٩ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. گەرچی قۆناغەکانی خوێندنی نەبڕیوە، بەڵام توانیویەتی شوێن خوێندن و نوسین بکەوێت و خۆى فێری خوێندەواری بکات. ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە. ساڵی ١٩٥٥ لەسەر بیروباوەڕی ڕامیاری دەستگیرکراوە و لە زیندان گۆرانی شاعیرى بينيوە و ھانیداوە پەرە بە ئارەزووی بۆ شیعرنوسين بدات و هەر گۆران نازناوی (بێبەش)شی پێداوە. هۆنراوەکانی لە جۆری میللین و چەند نامیلکەیەکی شیعریی بە چاپ گەیاندووە، لەوانە (جوانی ھەڵەبجە، شەن و خەرمان، پابەند، دژوار). ساڵی ٢٠٢٢ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (سەیوان) لە سلێمانی بەخاکسپێرراوە.

عەلی حەمەغەریب

شاعیرە. ناوی تەواوی (علی محمد غریب سمایل)ـە. ساڵی ١٩٧٣ لەگوندی خەرپانی لەدایکبووە، ساڵی ١٩٩٥-١٩٩٦ بڕوانامەی دیبلۆمی لە بەشی کوردی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی سلێمانی بەدەستهێناوە. سەرەتای نەوەدەکان دەستدەکات بە شیعر نوسین، بۆ یەکەمین جار ساڵی ١٩٩٥ لەپەیمانگا بەشداری چەند کۆڕێکی شیعری و بۆنە و فیستیڤاڵ دەکات، لەوانە(باخی میر، ژوانێک بۆ ئەدەب و هونەر و ڕووناکبیری، سێیەمین فیستیڤاڵی(گوڵەهەنار بۆ شیعری لاوان)، لە ١تا٣/٢٠٠٩ خەڵاتی یەکەمی فیستیڤاڵەکەی بە دەستهێناوە. کتێبی(سێبەری کەپرێک لەگۆرانی) ساڵی ٢٠١٠ چاپدەکات، ٢٠١٨ کتێبی: (وادەمان فردەوست بێت) چاپ و بڵاودەکاتەوە. خێزاندارە و لەهەڵەبجە نیشتەجێیە.

عوسمان هەورامی

شاعیر، نوسەر و پەروەردەکارە. ناوی (عوسمان محەمەد ساڵح فەرەج)ـە. ساڵی ١٩٤٠ لە(تەوێڵە) لەدایکبووە و هەر لەوێ نراوەتە بەر خوێندن. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی و دەورەی مامۆستایانی تەواوکردووە و بووەتە خوێندکاری کۆلێژی ئاداب. بایەخی بە فۆلکلۆر و کەلەپور و کۆکردنەوەی شیعری شاعیران و دەستنوسان و ئەدەبی منداڵان و ئەلفبێ و کتێبەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری و ڕێنوس و نوسینی لاتینی داوە و لەو ڕووەوە چەند بەرهەمێکی پێشکەشکردووە. لە چەندین ناوەندی پەروەردەیی و ئەدەبیدا کاریکردووە و دەیان ساڵ بەرنامەی (خەندە)ی بۆ منداڵان پێشکەشکردووە و شەش ساڵیش لە ڕادوێی (خاک) بەرنامەی هەورامی هەبووە. ڕابەری نوسینی شیعری نوێی هەورامییە و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بەرهەمەکانی بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی ١٧ بەرهەمی چاپکراوی منداڵانە، لەوانە:(شاهۆ، خونچە گوڵ، چاوانی باوان، مافە گەشەکەم). لە نمونەی بەرهەمە ئەدەبیەکانی تری:(دیوانی سەیدی، دیوانی وەلی دێوانە، کەشکۆڵی حاجی مەحموودی یاروەیس، لایلایەی دایکانی کورد بەهاوبەش، دیوانی حاجی باقی بەنگینە). ماوەیەک سەرنوسەری گۆڤاری هەورامان بووە. ئەندامی یەکێتیی نوسەران و مامۆستایان و مەڵەبەندی ڕۆشنبیریی هەورامان و فۆلکلۆر بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی ١٠ منداڵ بووە. ساڵی ٢٠٢٠ کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان لە سلێمانی بەخاکسپێرراوە. لە پاش کۆچیدوایی، چوار دیداری ئەدەبی بە ناوەوە بۆ ڕێکخراوە و پەیکەری لە حەوشەی ڕۆشنبیری هەڵەبجەی شەهید بۆ دانراوە.

عێل بەگی جاف

لە دەوروبەری ساڵی ١٤٩٢ لە شارەزوور لەدایکبووە. لە عەشیرەتی (جاف) بووە. سەرەتای خوێندنی لە شارەزوور بووە. بۆ ڕێبەری ئایینیی یارسان گەشتی بەغداد و ئێرانی کردووە. دوژمنانی ئایینی یارسان ویستویانە بیکوژن، بۆیە چووەتە هەورامان لەوێ ماوەتەوە. یەکێک بووە لە یارسانەکانی دەوروبەری سیروان. لە هۆنراوەکانیدا پێشبینیکردووه، کە لە ئایندەدا فڕۆکه و ئۆتۆمبیل دروستبکرێن و جەنگی جیهانی ڕووبدات. لە دەوروبەری ساڵی ١٥٥٣ کۆچیدواییکردووە.

فاتح بەختەوەر

شاعیر و نوسەرە. ناوی (فاتح عەبدوڵا ڕەحمان)ـە. ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی (دەرەقەیسەر)ی هەورامان لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە دەرەقەیسەر و زەمەقی، ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە. بڕوانامەی دبلۆمی تەکنیکی لە بەروبومی ئاژەڵ لە موسڵ و بەکالۆریۆسی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە بەروبومی ڕووەکی بەدەستهێناوە. ماستەری لە ڕووەکە جوانەکان (هەڵاڵەبرایمە) لە زانکۆی کوردستان بە دەستهێناوە، کە بەشێکی نامەکەی ژینگەی گوڵەکەی لە هەوراماندا باسکردووە. لە ساڵی ١٩٨٣وە دەنوسێت لە فیستیڤأڵ و بۆنە ڕۆشنبیرییەکاندا بەشداریکردووە. خاوەنی سێ کتێبی چاپکراوە‌، لەوانه:‌ (دیوانە شعری کەشکەشانیشی). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە. سەرۆکی ئەندازیارانی کشتوکاڵییە لە پەیمانگای زانستی کۆمپیتەر لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.

فراقی

شاعیرێک سۆفی بووە. ناوی شێخ مستەفایە و لەبنەماڵەی (چوری) کوردستانی خۆرهەڵاتە. لە سەدەی دوانزەیەمی کۆچیدا ژیاوە. عاشقی تەریقەت و پیری تەوێڵە(شێخ عوسمان سراجەدین) دەبێت و دەچێتە تەوێڵە. تا کۆتایی ژیانی لەوێ دەبێت. ساڵی ١٨٦٧ لە تەوێڵە کۆچیدواییکردووە.

پێشتر 1 2 3 4
...
6 دواتر