بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
ناوی (جەلال حسێن محێدین)ـە. ساڵی ١٩٦٤ لە گوندی (بەکراوا) لەدایکبووە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. دەرچووی ئامادەیی کشتوکاڵ بووە. لە پاڵ خوێندن دا کاری بۆیاخچێتی کردووە. لە شاعیرانی دەرکەوتووی هەشتاکانی هەڵەبجەیە و بەشداری چالاکییەکانی کردووە. ديارترينيان کۆڕی شیعری ١٩٨٧ی هەڵەبجە. لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا لە پاش هەوڵی گەڕان بەدوای کەسوکاریدا بەر گازی کیمیایی کەوتووە و لەگەڵ چەند کەس لە ئەندامانی خێزانەکەیدا شەهید و گۆڕبزر بوون. هەندێک لە هۆنراوەکانی بە ناونیشانی (هەناسەکەم) چاپکراوە و گەلەری (جەلال عازەبانی) لە هەڵەبجە بە ناوی ئەوەوە کراوە.
ناوی (جەمال ڕەشید ئەمین)ـە. ساڵی ١٩٥١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. پەرتوکە ئایینیەکانی تا پلەی مەلایی خوێندووە و پەیمانگای ئەزهەری بۆ پێشنوێژی و وتارخوێنی تەواوکردووە. لە کۆڕە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکانی هەڵەبجەدا دەرکەوتووە و چەند ساڵێک لە ڕۆژنامەی (دایک) کاریکردووە، لە گۆشەی شەوارەدا شاعیر و بەرهەمی شاعیرە کۆنەکانی ناساندووە. خاوەنی چەند بەرهەمێکی چاپکراوە، لەوانە (گوڵان، شیوەنی هەڵەبجە، هاواری کپ کراو، خورپەی ڕۆح، پشوی شەوارە، دوو ڕۆمانەشیعری خاتوون و من و نەنە). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە.
ناوی (جەمال مەحموود عەلی)یە و بە (جەمال نەورۆڵی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە ناوچەی نەورۆڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەی شەهید لەدایکبووە. تا پۆلی سێیەمی ناوەندی خوێندووە. لە ساڵى ١٩٨٤ەوە دەستى بە نوسينى هۆنراوە کردووە و دوو بەرهەمى چاپکراوی بەناوکانی(نزای عەشق) و (مۆزەخانەی دڵ) بەچاپ گەیاندووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.
ناوی (ئەحمەد محەممەد ڕەحمان)ە ساڵی ١٩١٩ لە گوندی زەڵم لەدایکبووە. لای مەلائیبراهیمی زەڵمی خوێندنی قورئانی دەستپێکردووە. لای فەتحوڵا لهۆنی قورئان خەتم دەکات. لای مەلا حەسەنی دزڵی کتێبە سەرەتاییەکانی خوێندووە و حەزی لە شیعر کردووە. زۆربەی شیعری شاعیران و قوتابخانەی ئەدەبی گۆرانی لەبەربووە. خۆی شیعر لەبەرکردنی شاعیرانی لە شیعر نوسینی خۆی پێ باشتر بووە. ١٩٣٩ دەبێتە سەرباز لە سوپای عێراقدا. خێزانی پێکەوەناوە. ساڵی ١٩٩٢ لە شارۆچکەی خورماڵ کۆچیدواییکردووە.
شاعیرە. ناوی تەواوی حەسیب عەلی عەبدولڕەحمانە. سأڵی ١٩٢٩ لە سۆڵەی قەرەداخ لەدایکبووە. شیعرەکانی لە دوو بەرگدا بە ناوی فەرهەنگی خەم چاپکراون. ساڵی ١٩٩٧ کۆچیدواییکردووە. خاوەنی یەکەم شیعری نوسراوە بۆ مەرگەساتی هەڵەبجە بە ناوی هەڵەبشیما، کە لە ١٨و ١٩ی ٣ی ١٩٨٨ نوسیویەتی. لە یادەکانی هەڵەبجەدا وەک سرود و کۆراڵ پێشکەشکراوە. هەر لەبەر ئەوەش ڕۆژی ١٨ی ٣ی ٢٠٠٢خەڵاتی هەڵەبجەی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجەی پێبەخشراوە.
ناوی (محەممەد کوڕی شێخ حسەین)ـە. ساڵی ١٩٠٩ له شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. سەرەتا لە مزگەوت خوێندویەتی و دواتر لە قوتابخانە و تا پۆلی شەشی خوێندووە. چەند کار و پیشەیەکی تاقیکردووەتەوە، وەک: دانسازی، برینپێچی، سەعاتچێتی. کەسێکی قسەخۆش و نوکتەباز بووه. بۆ مەبەستی بژێوی لە: خورماڵ، سورداش، ڕانیه و دەربەندیخان کاریکردووە. لە تەمەنی هەژدە ساڵییەوە دەستی بە نوسینی هۆنراوە کردووه و بە زمانێکی سادە و میللییانە نوسیویەتی و نازناوی (حیلمی)ی بووه. زۆربەی هۆنراوەکانی لە دیوانەکەیدا (دیوانی حیلمی) کۆکراوەتەوە و چاپکراوە. ساڵی ١٩٧٥ توشی چاوئێشەبووە و پاش نەشتەرگەری، نابینا بووە و لە ماڵ ماوەتەوە. ساڵی ١٩٨٥ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (گوڵان) لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.
ناوی (محەممەدی کوڕی ئەحمەد)ە. خەڵکی گوندی (ئەحمەد بڕند)ی شارەزوورە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٣٩ لەدایکبووە. لە منداڵییەوە دەستی بە خوێندن کردووە و بۆ ئەم مەبەستە سلێمانی و سنە ڕۆیشتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. جگە لەوەی مودەڕیس بووە، خەتی خۆش بووە و بە کوردی و فارسی دەیان پارچە هۆنراوەی نوسیوە و نازناوی (خاکی) بووە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٠٨ لە سلێمانی و بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە. ساڵی ٢٠٢٢ (کاروان عوسمان خەیات) بەشێک لە هۆنراوەکانی کۆکردووەتەوە و لەلایەن ڕێکخراوی دۆستانی هەڵەبجەوە بەچاپ گەیەنراوە.
ناوی (محەممەد)ە. ناوی باوک و باپیر و ساڵی لەدایکبوونی نەزانراوە. لە گوندی (مۆردین) لەدایکبووە و هەر لەوێش نراوەتە بەر خوێندن و بۆ ئەم مەبەستە، زۆر ناوچە و شوێنی کوردستان ڕۆیشتووە. وانەی فیقهـ و تەفسیری لای زانایانی سەردەمەکەی خوێندووە. گەڕاوەتەوە گوندەکەی و خەریکی وانەوتنەوە بووە. نازناوی (خەستە) بووە و هۆنراوەکانی تا ئێستا کۆنەکراونەتەوە و چاپنەکراون. لە دەوروبەری ساڵی ١٧٩٧ کۆچیدواییکردووە.
ناوی (خورشید کچی ڕەئوف بەگی عەبدولڕەحمان بەگی بابان)ـە. ساڵی ١٩٤٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی خوێندووه. ساڵی ١٩٥٨ بەشداری خولێکی مامۆستایی کردووە و بووە بە مامۆستا لە شارەدێی تەوێڵە و لە چەند قوتابخانەیەکی هەورامانیش مامۆستایەتی کردووە. ساڵی ١٩٦٠ لە سلێمانی لە خولێکی تەندروستیدا بەشداریکردووە و ڕاژەکەی گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانە. ساڵی ١٩٦٨ گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە و تا ساڵانی هەشتاکان لە هەڵەبجە بووە. یەکەم نامیلکەی شیعری ساڵی ١٩٦٩ بە ناوی (دیاری و یادگار) و (تیشک)، (دارەوەن)، (پێشمەرگە) و (من هەڵەبجەم)ی چاپکردووە. بەشداری کۆڕە ئەدەبیەکانی هەڵەبجەی کردووە. ساڵی ١٩٩٧ کۆچیدواییکردووە.
ناوی (ساڵح بەگی کوڕی حسێن بەگی کوڕی داودبەگ)ـە. ساڵی ١٨٨٦ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. لە قوتابخانەی (ڕوشدییەی عەسکەری) لە سلێمانی و دواتریش لە بەغداد و ئەستەنبوڵ خوێندویەتی. ساڵی ١٩٢٥ گۆڤاری (دیاریی کوردستان)ی لە بەغداد دەرکردووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و تورکی زانیوە. نازناوی (داخی) بووە. هۆنراوەی زۆری هەیە، کە تا ئیستا کۆنەکراونەتەوە و چاپنەکراون. ساڵی ١٩٤٤ لە بەغداد کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (ئەعزەمییە) بەخاکسپێرراوە.
شاعیر، نوسەر و لێکۆڵەرە. ناوی (محەممەد بەهائەدین کوڕی مەلاساحب)ـە. لە نەوەی مەلانەزیری گەورەی تەوێڵەیە. ساڵی ١٩٣٤ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. زۆربەی کتێبەکانی حوجرەی لە تەوێڵە تەواوکردووە. ساڵی ١٩٥٧ لە ئەوقافی سلێمانی مۆڵەتی مەلایەتی وەردەگرێت. ساڵی ١٩٥٩ چووەتە خولی مامۆستایان و کراوە بە مامۆستای قوتابخانەی تەوێڵە. شارەزایەکی باشی ئەدەبی هەبووە. لە بەرهەمەکانی (یوسف و زڵێخا، پیرشالیاری زەردەشتی). ساڵی ١٩٧٩ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (باوا سەرهەنگ) لە تەوێڵە بەخاکسپێرراوە.
ناوی (ڕووبار عەبدولەتیف مەولود عەبدولکەریم)ـە. ساڵی ١٩٧٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی له هەڵەبجە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا شیعری بڵاوکردووەتەوه. بەشداری چەندین فیستیڤاڵ و چالاکیی ئەدەبی کردووە. لە پێنجەمین فیستیڤاڵی (گەلاوێژ)دا خەڵاتی (سێیەمی شیعری) پێبەخشراوە. خاوەنی سێ کتێبی شیعرییه بە ناونیشانی (ئێرە سەرزەمینی فریشتەیە، کووژەکەی شین و له پەنجا ساڵیدا). هەروەها کۆمەڵێک شیعری وەرگێڕراوەتە سەر زمانی عەرەبی بەناونیشانی (أکثر ألنساء حسدا). له ئێستادا مامۆستایە له (باخچەی منداڵان) لە شاری سلێمانى.
شاعیر و ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٦١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی خوێندووە و بە هۆکاری پێشمەرگایەتی دابڕاوە. ئەندامی نوسەرانی شاخ و یەکێتیی نوسەرانی کورد و ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و فدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسانی جیهانە. لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردی و عەرەبیەکاندا بەرهەمەکانی بڵاوکردووەتەوە. یەکەم دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری نوسینی گۆڤاری یەکەم یاد و دووەم یادی هەڵەبجە بووە. لە دروستکردنەوەی تیپی نواندنی هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٧٦دا ئەندام بووە. شیعری بۆ چەند بەرهەمێکی شانۆیی هەشتکانی هەڵەبجە نوسیوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی یەک منداڵە. لە ئێستادا لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی.
ناوی (دیار ئەحمەد فەرەج)ـە. ساڵی ١٩٧١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە بواری شیعری منداڵاندا دوو بەرهەمی بەناوی (بەرسیلە) و (شاری یاری) بڵاوکردووەتەوە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەلایەن هونەرمەندان: نەجمەدین غوڵامی، دیاری قەرەداغی، میکایل، حەمەڕەئوف کەرکوکی، کەمال محەممەد، کامەران عومەر، زاهیر جەلال، ئاریان کەریم، شاخەوان هەڵەبجەیی... کراون بە سرود و گۆرانی. چەندین شیعری بۆ هەڵەبجە نوسیوە. بەرهەمەکانی (دیوانی دیار هەڵەبجەیی) چاپکردووە. لە یەکەی چالاکیی قوتابخانەکانی سلێمانی سەرپەرشتیارە.
شاعیر و ئەندامی پەرلەمانە. ساڵی ١٩٥٠ لە شاری قەڵادزێ لەدایکبووە. ١٩٧٤ لە زانکۆی بەغدا، کۆلێجی ئەدەبیات، بەشی زمان و ئەدەبی کوردی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٧٢ تا ١٩٧٨ وەک ڕۆژنامەوان، لە ڕۆژنامەی (بیری نوێ)، لە بەغدا، کاریکردووە. ساڵی ١٩٧٩ بووە بە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٨٧ لە بوڵگارستان زانستە کۆمەڵایەتییەکان بڕوانامەی دوکتۆرای لە فەلسەفە وەرگرتووە. ساڵی ١٩٨٩ وەک پەنابەر لە وڵاتی سوێد نیشتەجێبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. ساڵی ٢٠٠١ خەڵاتی ئەدەبیی (کلاس دی ڤیلدێ)ی سوێدی پێبەخشراوە. ساڵی ٢٠٠٦ لە سلێمانی سەرۆکی مەڵبەندی کوردۆلۆجی بووە. ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە. ساڵی ٢٠٠٧ خەڵاتی ئەدەبیی (مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد)ی لە سلێمانی پێبەخشراوە. ساڵی ٢٠٢٢ خەڵاتی ناوەندی پێنی کوردی پێبەخشراوە. بەرهەمە هۆنراوەییەکانی لە چەند کتێبێکدا چاپ و بڵاوکراونەتەوە. ، لەوانە:(لاوکی هەڵەبجە، بەیروت ١٩٨٩) و (بە تەنیا جێی مەهێڵن، ٢٠٠٧). هۆنراوەی (لاوکی هەڵەبجه) جگە لەوەی ناونیشانی کتێبکە، ناوی هۆنراوەیەکی ناو کتێبەکەشە، کە کراوە بە گۆرانی و وەک هێمایەک بۆ یادکردنەوەی کارەساتەکه، هەموو ساڵێک لە ڕۆژی ١٦ی ٣دا دەوترێتەوە.
ناوی (ڕۆژ محەممەد لایق حەسەن)ـە. لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی لە هەڵەبجە و پەیمانگەی مامۆستایان لەشاری سلێمانی تەواوکردووە. یەکەم بەرهەمی له ساڵی ١٩٨٧ نوسیوه. بەهۆی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوه، ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە. پاش ڕاپەڕین چالاکانە لە بواری ئەدەبی و هۆنراوەدا دەرکەوتووە و نازناوی ئەدەبیی (ڕۆژ هەڵەبجەیی) لەخۆی ناوە. بەشداری زۆربەی فیستیڤاڵ و چالاکییە ئەدەبییەکانی کردووە، بەتایبەت فیستیڤاڵەکانی گەلاوێژ، کە پێنچ خەڵاتی تێدا بەدەستهێناوە. هەروەها لە فیستیڤاڵی ڕۆشنبیریی سلێمانی، یەکەم و لە فیستیڤاڵی ژنان، دووەم و لە فیستیڤاڵی پیرانشار لە ڕۆژهەڵات، لە یەکەمەکان بووە. خاوەنی کتێبی چاپکراوی (دیوانی ڕۆژ هەڵەبجەیی)یە، چەند بەرهەمێکی تری چاپکراویشی هەیە، لەوانە (تارمایی پێی مەراقێک، نەخوڕەی دەرگایەک نەقومێک کەس، تاخەو دائەگیرسێ بنوو، ئەو موناجاتێکە لەچاوەکان، نیشتەجێی نیشتمانێکم نەخۆشخانە... ).
شاعیر و ڕۆژنامەوان و دیزاینەرە. ناوی (بارام محەممەد عەلی)یە. ساڵی ١٩٧٩ لە گوندی (ئەحمەدئاوا) لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە فکری ئیسلامیدا بەدەستهێناوە. لە دامەزرێنەرانی ناوەندی ڕوناکبیریی خورماڵە، دەستەی بەڕێوەبەری ڕادوێی هەورامان/شارەزوور، دەستەی نوسەرانی ڕۆژنامەی کۆمەڵ بووە. سەرنوسەری ڕۆژنامەی خورماڵ و سەرنوسەری گۆڤاری خەندە بووە. ماوەیەک ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی پەیکی کەناڵی پەیام بووە، دیزاینەری دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بووە. ئەندامی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری هونەری ڕێکخراوی خاڵە. ئەندامی بەشی چاپ و بڵاوکردنەوەیە لە سەنتەری زەهاوی بۆ لێکۆڵینەوە. لە کتێبە چاپکراوەکانی:(ساباتێک بۆ مردن بەسەر ڕێگاکانی ئەوینەوە، دەمەوێ شتێک بگریم، ئەلفبێی لاتینی و زمانی ستانداردی کوردی). کاری دیزاین و هونەری بۆ دەیان کتێب و گۆڤارکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.
ناوی (ڕزگار محمەمەد ئەمین ساڵح مستەفا مرادوەیس پاشا)یە. ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی (تەپی سەفای خواروو)ی سەر بە ناحیەی خورماڵ لەدایکبووه. ساڵی ١٩٨٦ بووە بە پێشمەرگە. ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. له ساڵی ١٩٨٦ـەوە دەستی بە شیعرنوسین کردووه. خاوەنی ئەم کتێبە چاپکراوانەیە: (هەواری ڕزگاری "دوو بەرگ"، کەناری خەم، بەدەم باده، هەراسان، هەڵوێستی پیاوی مەرد). چەندین جار خەڵاتی ئەدەبی پێبەخشراوە.
لە گوندی (زەڵم) لەدایکبووە. لەسەردەمی حکومەتی (خان ئەحمەدخان)دا ژیاوە. بە هۆنراوەیەکدا دیاره، کە ساڵی ١٧٤٨ لە ژیاندا بووە. نازناوی (زەنووری) یان (زەننوری) بووە. هۆنراوەکانی هێشتا کۆنەکراونەتەوە و لە کتێبێکدا چاپنەکراون.
شاعیرى میللیی و شانۆکارە. ناوی (سابیر کەریم قادر)ە و بە (سابیر چەوساوە) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٦ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووه. قۆناغی سەرەتایی لە خورماڵ و ناوەندیی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە ساڵی ١٩٨٦ەوە دەستی بە نوسینی هۆنراوە کردووە. بەشداری لە هەموو یادەکانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا کردووە و هۆنراوەی خوێندووەتەوە. ئەندامی لیژنەى ئامادەکاریى یەکەمین یادی کیمیابارانى هەڵەبجه بووە لە (ئۆردوگای دزڵی)، هەر لەوێ، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا (کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی)یان دامەزراندووە. ساڵی ١٩٩٢ یەکەم کۆڕی شیعریی تایبەت بە خۆی لە شارۆچکەی (خورماڵ) سازکردووە. لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو چووەتە ئەوروپا و لە چالاکیی یادەکانی هەڵەبجە لە چەند بۆنەیەکی تایبەت بە یادکردنەوەی هەڵەبجە لە وڵاتی سوید و بەریتانیا هۆنراوەی خوێندووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.