کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

113 بابەت

ا. ب. هەوری

شاعیر و شانۆکار و مامۆستایە. ناوی (ئەبوبەکر کوڕی شێخ جەلالی کوڕی شێخ تەهای کوڕی شێخ سەلامی کوڕی شێخ نیزامەدیین)ـە. ساڵی ١٩١٢ گوندی چنارەی لای دەربەندیخان لەدایکبووە. چەند ساڵێک لە حوجرە خوێندوویەتی. ساڵی ١٩٢٥ ماڵیان چووەتە سلێمانی و لە قوتابخانەی زانستیی شەوان نراوەتە بەر خوێندن و خانەی مامۆستایانی لە شاری بەغدادی تەواوکردووه و بووە بە مامۆستا لە هەڵەبجە. ساڵی ١٩٣٩ یەکەم شانۆ بەناوی (دڵداری و پەیمانپەروەری) لە گۆڕەپانی قوتابخانە لە هەڵەبجە نمایشدەکات. لە کارەکانی: بوکی ژێر دەواری ڕەش، زینەتخان، ڕۆژانی دێرین، دڵداری و پەیمانپەروەری. ئازار و ئاوات، بەرهەمی خەبات، بیری ئازادی. ساڵی ١٩٧٩ کۆچیدواییکردووە.

ئازاد محێدین محەممەد

ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی (هانەی قوڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە هانەی قوڵ و ناوەندى لە شارۆچکەی سیروان و ئامادەییی پیشەسازی لە سلێمانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە نوسینی هۆنراوە کردووە و لە چەندین کۆڕ و فیستیڤاڵدا بەشداربووە. سێ کتێبی شیعریی بە چاپ گەیاندووە: (دیاری تەمەن، پیت و وشە، نیشتیمانێک پڕ لە ڕازیانەی بێ منەت). لە ئێستادا لە شارۆچکەی خورماڵ دەژی.

ئەحمەد شوکرى

ناوی (ئەحمەد کوڕى محەممەد کوڕى عەبدولسەمەد)ـە و بە (دکتۆر شۆ) ناسراوە‌. ساڵى ١٩٠٨ لە هەڵەبجە لەدايکبووە. لە هەڵەبجە، سلێمانی و کفرى درێژەی بە خوێندن داوە. ساڵى ١٩٢٢-١٩٢٥ بووە بە پێشنوێژ‌. ساڵى ١٩٣١ لەگەڵ (تاهير بەهجەت مەريوانى) و دوو هاوڕێى ترياندا ڕۆيشتوون بۆ بەغدا بۆ فێربوونى پيتچنين لە چاپخانەکانی (کەرخ) و(نەجاح). لە پڕۆژەى چاپکراوەکانى (کورديى- مەريوانى/ نەشرياتى کورديى و مەريوانيى)دا کاریکردووە و تەنانەت چەند چاپکراوێک ناوى ئەوى لێنراوه و تا ساڵى ١٩٣٥ لە بەغداد ماوەتەوە. لە سلێمانى وەک تيپچن لە چاپخانەى (ژيان)، دواتریش لە (زبان) و تا سەرەتاى ساڵى ١٩٤١ کاریکردووە‌. ١٩٤٣- ١٩٧٣ کارى برينپێچى کردووە و لەسەر ئەو پيشەيە خانەنشين کراوە. ژيانى هاوسەریى لە سلێمانى پێکهێناوە. جگە لە زمانى کوردى، فارسی و عەرەبیشی زانيوە. هۆنراوەی هەبووە و ژمارەیەکیانی لێ چاپ و بڵاوکردووەتەوە. ئەندامى يەکێتیى نوسەرانى کورد بووە. چەند کتێبێکی چاپکردووە، لەوانە (شەڕى پشيلە و مشک "وەرگێڕان"، ئامۆژگارى "هۆنراوه""‌، مژدە "هۆنراوه"، پێ بکەنە "کورتە باسى گاڵتەجاڕيی بە شێوەی هۆنراوه""‌، هەمەجۆر "هۆنراوه""‌، پێنجينەى شۆڕش، دڵدارمى "هۆنراوه""‌، تێکەڵاوە "هۆنراوە") ساڵی ١٩٨٩ لە سلێمانى بە نەخۆشی کۆچیدوايیکردووە و لە گردى سەيوان بەخاکسپێرراوە.

ئەحمەد موختار جاف

نوسەر، شاعیر، بەگزادەی جاف و پەرلەمانتارە. ناوی (ئەحمەدموختار کوڕى وەسمان پاشای محەممەد پاشای جاف)ـە، کوڕی عادیلەخانم و برای تاهيربەگی جافە. ساڵی (١٨٩٨ یان ١٨٩٩) لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. ماوەیەک لە حوجرە خوێندویەتی و ماوەیەکیش مامۆستای تایبەتی ھەبووە. بە یارمەتی سلێمان بەگ (کە لە دیوەخانی وەسمان پاشادا کاریکردووە)، زمانی فارسی فێربووە. زمانی عەرەبی و ئینگلیزییش زانیوە. لە تەمەنی بیست ساڵییدا ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە و ساڵانی ١٩١٩ بۆ ١٩٢٤ قایمقامی ھەڵەبجە بووە. ئەندامی (خولی یەکەم ١٩٢٥ بۆ ١٩٢٨ و خولی سێیەم ١٩٣٠ بۆ ١٩٣٢)ى پەرلەمانی عێراق بووە. ساڵی ١٩٣٤ لەگەڵ کۆمەڵێک چەکداردا دژی حکومەت وەستاونەتەوە و چوونەتە شاخ. زۆرتر وەک شاعیر ناسراوە و نازناوی (ئەحمەد، گوڵشەن) بووە. بە زمانی کوردی و فارسی هۆنراوەی نوسیوە. هۆنراوەکانی لە (دیوانی ئەحمەدموختار جاف)دا کۆکراوەتە‌وە و چاپبووە. چیرۆکی (مەسەلەی ویژدان)ى نوسيوه،‌ کە لە مێژووی چیرۆکی کوردیدا، لە ڕیزی یەکەمەکانە‌. ساڵی (١٩٣٤ یان ١٩٣٥) لە نزیک ڕووباری سیروان تیرۆرکراوە و لە گوندی (عەبابەیلێ) بەخاکسپێرراوە. لە هەلەبجە شەقام و قوتابخانەی بە ناوەوە کراوەو پەیکەری بۆ دانراوە.

ئەحمەدی لار

شاعيرێکى ميللييە. ناوی (ئەحمەد محەممەد ئەمین ئەحمەد)ـە. ساڵی ١٩٢٤ لە دێی (کانی کرمانج)ی سەر بە (خانەقین) لەدایکبووە. بە (ئەحمەد لار) ناسراوە. ساڵی ١٩٢٨ هاتوو‌نەتە هەڵەبجه و بۆ ماوەیەکی زۆر لە هەڵەبجە ژیاون. قۆناغی سەرەتایی لە هەڵەبجه خوێندووە. جگە لە زمانی کوردی، زمانی عەرەبی و فارسی زانیوە. ساڵی ١٩٧٢ بووە بە فەرمانبەری حکومی. هۆنراوە و بیرەوەرییەکانی لە کتێبەکانی (شارۆ، بیرەوەرییەکانم، هەڵەبجەی جاران) چاپ و بڵاوکردووەتەوە‌. ساڵی ٢٠١٢ لە شاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە. ساڵی ٢٠٢٣ سەرجەمی بەرهەمەکانی لە (دیوانی ئەحمەدی لار)دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە‌. ‌

ئەمیر

ناوی (شێخ عەبدوڵای مورادوەیسی)یە. ساڵی لەدایکبوونی نەزانراوە. لە سەیدەکانی تاوەگۆزییە و دەوترێت لەگەڵ (مەولەوی) شاعیردا خاڵۆزا و پورزان. لەسەردەستی (شێخ سیراجودین) تەریقەتی وەرگرتووە. لە گوندی (کێوەڕی) دانیشتووە. نازناوی (داخی) بووه. هێشتا هۆنراوەکانی کۆنەکراونەتەوە‌ و لە کتێبێکدا چاپنەکراون. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٩٤ لە گوندی (کێوەڕی) کۆچیدواییکردووه و لە گۆڕستانی (کڵاوسوور) بەخاکسپێرراوە.

ئەمین سەپان

ناوی (ئەمین ئەحمەد عەلی)ە لە ١٣ى ١٢ە ١٩٤٧ لە گوندی (عەبابەیلێ) لەدایکبووە. خانەی مامۆستایانی سلێمانی تەواوکردووە. لە بواری پەروەردەدا، ساڵی ١٩٧٨ یەکەم کتێبی ئەلفوبێی نوێی بۆ قۆناغی بنچینەیی نەهێشتنی نەخوێندەواری داناوە. لە ساڵی ٢٠٠٠دا یەکەم کتێبی تایبەت بە خوێندنەوەی کوردی بۆ قۆناغی یەکەمی گەورە داناوە و دوو جار چاپ بووەتەوە. ساڵی ٢٠٠٦ کتێبی فێربوونی زمانی کوردی بە پیتی لاتینی بڵاوکردووەتەوە. لە بواری ئەدەبیشدا، ساڵی ١٩٩٩ دیوانە شیعری (تەیمان تەنیو) بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی ٢٧ کتێبی چاپکراوە. ئەندامی یەکێتیی نوسەرانی کورد و بنکەی گەلاوێژ و دەستەی باڵای کۆمەڵەی ژیانەوەی هەڵەبجە بووە. خاوەنی کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندە بە ئەدەبی منداڵان و خاوەنی پەیمانگای ئەمین سەپانە بۆ فێربوونی ئەلفوبێی کوردی. لە سلێمانی نیشتەجێیە.

ئەیوب عەزیز ئەمین

ساڵی ١٩٧٥ لە گوندی (تازەدێ)ی بناری سورێنی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە (سەیدسادق) تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. لە ساڵی ١٩٩٣ەوە دەستی بە نوسینی هۆنراوە کردووە. بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەرنامەی ئەدەبی لە ڕادوێی (کوردستان دەنگی هەڵەبجە) هەبووە. چەند کتێبێکى شیعریى چاپکردووە، لەوانە (جوانتر لەوەی دەیبینیت، دیوانی ئەیوب عەزیز). بەشێک له هۆنراوەکانی لە فەرمانگە و شوێنە گشتییەکاندا هەڵواسراوە. لە قەزاى (سەیدسادق) شەقامێک بەناویەوە کراوە.

ئیدریس

لە جوولەکە کوردەکانی دانیشتووی هەڵەبجە بووە. ناوی سیانی و ساڵی لەدایکبوون و کۆچیدوایی نەزانراوە. چونکە زمانی گرتوویەتی، بە (ئیدریسی تر) ناسراوە. بە زمانی کوردی هۆنراوەی نوسیوە و هاوڕێی (فایەق بێکەس) و (کەمالی) ‌بووە.

ئیدریس عەلی عەبدولقادر

شاعیر، ڕۆژنامەوان و ڕاگەیانکارە. ساڵی ١٩٧٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی بنەڕەتی خوێندووە. لە شاری هەڵەبجە لەگەڵ تیپی شانۆی شەهیدان و وێستگەی هونەریی وەک ئەکتەر بەشداریکردووە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ەوە دەستی بە نوسین و بڵاوکردنەوەی هۆنراوە کردووە. جگە لەوەی ئەندامی ‌دەستەی نوسین و بەڕێوەبەری نوسینی چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار بووە، لەوانە (ئاڵای ئازادی، گەلاوێژی نوێ، ڕۆڤار، ئایندە) بووە. ئەزموونی کاری تەلەفزیۆن و ڕادوێشی هەیە. لە چەند فیستیڤاڵێکی ئەدەبیدا بەشداریکردووە. لە فیستیڤاڵی‌ گەلاوێژدا خەڵاتی یەکەمی شیعری وەرگرتووە. چەند شیعرێکی بۆ زمانەکانی فارسی و عەرەبی وەرگێڕراون. لە بوارەکانی: شیعر، ڕۆمان و دیدار و تەوەری ئەدەبی و خستنەڕووی کتێبدا خاوەنی چواردە کتێبە. لەوانە: (دڵی خۆتە لە سینەما، دایکە سۆزانیەکەم، سازش لەگەڵ بادا، یاسای باخچەکەی ئێمە).

ئیلاهی

ناوی (مەلا محەممەد کوڕی مەلا عەبدوڵای کوڕی شێخ قادری عەبابەیلێیی)یە. ساڵی ١٩٠٧ لەدایکبووە. لای باوکی لە مزگەوتی (دار الاحسان) لە هەڵەبجە و لە چەند شوێنێکی تریش خوێندویەتی. لەسەر دەستی (شێخ بابا ڕەسوڵ) مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. کەسێکی کۆمەڵایەتی بووە و چارەسەری کێشە و ناکۆکی کردووە‌. هۆنراوەی هەبووە و نازناوی‌ (ئیلاهی) بووە. بە زمانی کوردی و عەرەبی حەوت کتێبی ئامادەکردووە‌. ساڵی ١٩٨١ کۆچیدواییکردووە.

بابا

ناوی (شێخ بابا ڕەسوڵ کوڕی شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ عەبدولسەمەدی بێدەنی)یە. لە سەیدە بەرزنجەییەکانی سۆڵەیە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٨٦ لەدایکبووه. منداڵ بووە کاتێک باوکی کۆچیدواییکردووە. لەلای (شێخ مەحموود)ی مو‌فتی هەڵەبجە و لە چەند شوێن و مزگەوتێکی تر خوێندویەتی. ماوەیەک لە (بیارە) مودەڕیس بووە. بە کوردی و فارسی هۆنراوەی نوسیوە و نازناوی (بابا)بووە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٤٤ لە (عەبابەیلێ) کۆچیدواییکردووە.

بابا ڕەسوڵی میریسوور

لە دەوروبەری ساڵی ١٨٨٨ لە گوندی (میریسوور)ی بناری چیای سورێن لەدایکبووە. ماوەیەک لە بیارە خوێندویەتی و موریدی شێخ نەجمەدینی نەقشبەندی بووە. جگە لە زمانی کوردی، فارسی و عەرەبی زانیوە. تا ساڵی ١٩١٩ لە ژیاندا بووە و نازانرێت کەی کۆچیدواییکردووە.

بولبول

زانای ئایینی و شاعیرە. ناوی شێخ حەسەن کوڕی شێخ سازانییە. لە گوندی سازانی نزیک هەڵەبجە لەدەوربەری ساڵی ١٨٤٠ لەدایکبووە. بە منداڵی دەستی بەخوێندنی ئایینی کردووە. بۆ خوێندن گەلێک ناوچەی کوردستان گەڕاوە. ئیجازەی وەرگرتووە و دەستیکردووە بە خزمەتی ئایینی ئیسلام و ئاداب و موسڵمانان. هاوچەرخی مەولەوی بووە و شیعر لە نێوانیاندا هەیە. شیعرەکانی بە شێوەزاری هەورامی نوسیوە. لە دەورووبەری ساڵی ١٩٠٥ کۆچیدواییکردووە.

بێخود

ناوی (مەحموود کوڕی موفتی حاجی مەلا ئەمین کوڕی موفتی گەورە حاجی مەلا ئەحمەدی چاومار)ە. ساڵی ١٨٧٩ لە سلێمانی لەدایکبووە. لە سلێمانی و پێنجوێن و بیارە خوێندویەتی. موریدی شێخ نەجمەدین بووە. ساڵی ١٩٠٠ بووە بە حاکم لە شاری ھەڵەبجە و چەند ساڵێک لەوێ ماوەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکنەهێناوە‌. نازناوی (بیخود) بووە. بە کوردی و فارسی هۆنراوەی نوسیوە و زۆربەی هۆنراوەکانی لە دیوانەکەیدا(دیوانی بێخود) کۆکراوەتەوە و چاپکراوە‌. لە ٢٥ی ٨ی ١٩٥٥ کۆچیدواییکردووە.

بێکەس

ناوی (فایەق کوڕی عەبدوڵا بەگی کوڕی کاکەحەمەی ئەلیاسەقۆجە)یە. ساڵی ١٩٠٥ لە (سیتەک)ی نزیک شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە حوجرە خوێندویەتی‌ و دواتر چووەتە قوتابخانە. ساڵانی ١٩٣٣-١٩٣٥‌ لە (تەوێڵه) مامۆستا بووە. چەند جارێک بە هۆکاری ڕامیاری دەستگیرکراوە و خراوەتە بەندیخانەوە و دوورخراوەتەوە بۆ شاری (حلە). پاش ئازادبوونی، ماوەی ساڵانی ‌١٩٤١-١٩٤٨ لە هەڵەبجه مامۆستا بووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی، فارسی و تا ڕادەیەک ئینگلیزیشی زانیوە. دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌، لە یەکەمیان کچێک و لە دووەمیان دوو کچ و (شێرکۆ بێکەس)ی شاعیری بووە‌. ‌کەسێکی قسەخۆش و نوکتەباز بووە. نازناوی (بێکەس)ی هەبووە و هۆنراوەکانی لە دیوانەکەیدا (دیوانی بێکەس) کۆکراوەتەوە و چاپکراوە‌. ساڵی ١٩٤٨ لە (هەڵەبجە) کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (سەیوان) لە سلێمانی بەخاکسپێرراوە.

پشکۆ نەجمەدین

شاعير و وەرگێڕە. ناوی (زەینەدین مستەفا مەحموود)ە. ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی (عەبابەیلێ) لەدایکبووە. خوێندنی ئامادەیی لە ھەڵەبجە و کۆلێژی کشتوکاڵی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ماوەی دە ساڵ لە ڕیزەکانی (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) کادر و پێشمەرگە بووە. لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکیدا، ڕێکخراوی (ئاڵای شۆڕش)یان دامەزراندووە و نازناوی (پشکۆ نەجمەدین) ‌بووە. خێزاندارە و خاوەنی کوڕێکە بە ناوی (ڕۆمان)ـەوە. لە پاش ھێرشەکانی (ئەنفال)ـەوە ڕووی کردووەتە وڵاتی (سوید) و لەوێ دەژی. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی، فارسی، سویدی و ئینگلیزیش دەزانێت. لە کۆتایی ھەشتاکانەوە، وەک نوسەر دەرکەوتووە و خاوەنی بیست کتێبی چاپکراوە، لەوانە: (ئەزموون و یاد)، (جیلوەی عیشقەکەی مەولانا و شەمس)، (ئاوێنەی نامەکان)، (ئەفسوونی نوسین)، (دیوانی من) و(مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی)...

تارا ئەمین ئەحمەد

کچی ئەمین سەپانە، ساڵی ١٩٧٣ لە گەڕەکی کانی عاشقان لە دایکبووە. دەرچووی ناوەندییە. خێزانی پێکهێناوەو خاوەنی دوو منداڵە. ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ دوو کتێبی بە ناوی هونەری چێشتلێنان چاپکردووەو دوو کتێبی شیعریش بە ناوەکانی (شەونمی گەڵای ڕۆحێ)، ( چەپکێ ڕێحانە) چاپ و بڵاوکردوەتەوە. لە سلێمانی نیشتەجێیە.

تاهیر بەگی جاف

ناوی (تاهیر بەگ کوڕی عوسمان پاشای جاف)ـە، کوڕی عادیلەخانم و برای ئەحمەد موختار جافە. لە دەوروبەری ساڵی(١٨٧٥-١٨٧٧) لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە حوجرە خوێندویەتی و بە یارمەتی سلێمان بەگ (کە لە دیوەخانی وەسمان پاشادا کاریکردووە)، زمانی فارسی فێر بووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی زانیوە و شارەزایی لە ئینگلیزی و فەرەنسيشدا هەبووە. هەڵسوکەوتی لە گەڵ مێجەرسۆندا کردووە. فەرهەنگێکی چوار زمانی ئامادەکردووە. ماوەیەک سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بووە و لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە نیشانەی مەجدی وەرگرتووە. سێ جار هاوسەرگیری کردووە. شاعیرێکی گەورەی غەزەلە و گۆرانیبیژە گەورەکانی کورد شیعرەکانیان خوێندووە. هۆنراوەکانی لە (دیوانی تاهیربەگی جاف)دا کۆکراوەتە‌وە و لەچاپدراوە. ساڵی ١٩١٨ بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە و لە گوندی عەبابەیلێ بە خاک سپێرراوە. ‌

جەفایی

ناوی (شێخ عەبدوڵا شێخ حەمەئەمینی شێخ عەبدولڕەحمان)ـە. ساڵی ١٨٢٩ لە گوندی (کانی کەوە)ی شەمێران لەدایکبووە. ماوەیەک لە مزگەوتی (جامیعە)ی هەڵەبجه خوێندویەتی و دواتر بۆ خوێندن چووەتە (مهاباد) و لەوێ مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە و ماوەی دوازدە ساڵ لە (مەدرەسەی شێخ مارفی نێرگزەجاڕ)‌ وانەی وتووەتەوە. لە نوسینی هۆنراوەدا نازناوی (جەفایی) بووە و شیعرەکانی لە (دیوانی جەفایی)دا کۆکراونەتەوە‌ و چاپکراون‌‌. ساڵی ١٨٨٩ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (کڵاوسوور) بەخاکسپێرراوە.

1 2
...
6 دواتر