کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

73 بابەت

ڕیچارد بیستن

کامێرامان و ڕۆژنامەوانێکی بەریتانییە. ساڵی ١٩٦٣ لەدایکبووە. لە ١٧ی ٣ی ١٩٨٨ لە ڕێگەی ئێرانەوە هاتووەتە هەڵەبجە و وەک شاهیدی کیمیاباران وێنەی چەندین شەهید و دیمەنی کارەساتە‌کەی گرتووە. لە ناویاندا وێنەی عومەری خاوەر. وێنە و ڕاپۆرتەکانی لە ڕۆژنامەی تایمز بڵاکراوەتەوە و لەو ڕێیەوە کارەساتەکە گەیشتووەتە دەرەوە و دەنگیداوەتەوە. یەکێک بووە لە ئامادەبووانی دادگای باڵای تاوانەکان سەبارەت بە کەیسی هەڵەبجە. ساڵی ٢٠١٣ بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

ڕاگەیاندکار و ڕۆژنامەوانە. ساڵى ١٩٨٧ لە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى دوو منداڵە. قۆناغى سەرەتایى و ئامادەیى لە خورماڵ خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشى ماتماتیک و کۆمپیتەر بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٠٥ بە دەرکردنی بڵاوکراوەیەکی تایبەت بە خوێندکاران بەناوی (پێزان) دەستى بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە. ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ ئەندامی دەستەی نوسەران لە ڕۆژنامەی خورماڵ بووە. لە ڕۆژنامەی ئاوێنە، تەلەفزیۆنی پەیام، کەناڵی NRT، ڕۆژنامەى ژیان، کاریکردووە. دوو ساڵە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی دەزگای میدیایی حەوت ڕۆژە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ڕێبوار هەورامی

ڕۆژنامەوان و ڕاگەیاندکارە. ناوی (عەبدولعەزیز محەممەد ئەمین محێدین)ـە. ساڵی ١٩٩٠ لەدایکبووە. قۆناغی ئامادەیی خوێندووە و لە ئێستادا خوێندکاری بەشی ئینگلیزییە لە زانکۆی هەڵەبجە. دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کەناڵی تەلەڤزیۆنی ئاژینە، کە بە هەورامی و سۆرانی پەخشی هەیە. سەرەتای کاری لە وێستگە و هاوڵاتی بووە، ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی فەرهەنگی و کلتوری بووە بە ناوی کۆمسای لە ڕادوێی هەمووان، ئامادەکاری بەرنامەی کلتوری ڕۆجیار و بەرنامەی ماچۆی تەلەفزیۆنی کەرکوک بووە. لە ڕێکخەرانی فیستیڤاڵی هەنارە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ڕێبوار هۆشیار ئەبوبەکر

ڕۆژنامەوان و ڕاگەیاندکارێکی نابینایە. ساڵی ١٩٩٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی تەواوکردووە. لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە کاردەکات. ١٢ ساڵە ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی ڕادوێیی ژووانی بیسەرانه،‌ کە هەفتانە پێنج جار پێشکەشکراوە. وەک مۆنتێر و نواندنی دەنگی لە درامای دەنگی کێشەی سامانی میرات، کە ١٠٠ زنجیرەبووە، ڕۆڵی بینیووە. ٤٠ کورتەفلیمی مۆنتاژکردووە و بە نواندنی دەنگی تێیدا بەشداریکردووە. وەک مۆنتێر لە ڕادوێی نابینایان کاریکردووە. ١٥ وتاری بۆ ڕێکخراوی دەریای فەڕەنسی ئامادەکردووە. لە ئێستادا کارمەندی ڕادوێی دەنگی کوردستانە لە هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ڕێبین یارئەحمەد ڕەحیم شاقوڵی

ساڵی ١٩٨٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە جیۆلۆجیدا وەرگرتووە. لە بوارەکانی میدیای بینراو، بیستراو، نوسراو، دیجیتاڵیدا کاریکردووە. ساڵی ٢٠٠٥ لە ڕۆژنامەی گۆڕانی کۆمەڵەی خوێندکاران دەستیپێکردووە. ساڵی ٢٠٠٦ بووەتە پەیامنێری ڕۆژنامەی خەندان لە هەڵەبجە، ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٢ پەیامنێری گەلی کوردستان بووە، لەو ماوەدا کاری بۆ وێبسایتی واڵاپرێس و گۆڤاری هەرێم و ڕادوێی گەلی کوردستان کردووە. ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٧ پەیامنێری تۆڕی میدیایی ڕووداو بووە لە هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان. ٢٠١٨ پەیامنێر و پێشکەشکار و ئامادەکاربووە لە تەلەفزیۆنی خەندان، ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٣ لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان. ئێستا پەیامنێری کەناڵ هەشتە لە هەڵەبجە و سلێمانی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

زانا ئەحمەد عەلی محەممەد

ساڵى ١٩٨٠ لە هەڵەبجەی شەهید لەدایکبووە. ساڵى ٢٠٠٦ بەشی کۆمەڵناسی زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە کاری ڕۆژنامەوانی دەکات. سەرەتا لە ڕۆژنامەی (ئاسۆ) کاریکردووە. ساڵی ٢٠٠٧ پەیامنێری سنوری هەڵەبجەی ئاژانسی دەنگەکانی عێراق بووە. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٦ بەشێوەی فری لانس کارى بۆ چەند میدیایەک کردووە. ساڵی ٢٠١٨ وەک سەرنوسەر لە ژووری هەواڵی کەناڵی ئاسمانیی کورد نیوز دەستبەکاربووە. هەمان ساڵ بووە بە هەواڵساز لە کەناڵی NRT. ساڵی ٢٠١٩ بەرپرسی پلاندانانی کەناڵی NRT بووە. ساڵى ٢٠٢٠ بەدواوە تا ئێستا بەرپرسی تۆڕی پەیامنێرانی کەناڵی NRT‌یە. لە ساڵى ٢٠١٠ و ٢٠١١دا خەڵاتی باشترین ڕۆژنامەوانی ساڵى لە سنوری هەڵەبجەدا پێدراوە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ساسان موئەیدی

فۆتۆگرافەر و ڕۆژنامەوانێکی جەنگييە. ساڵی ١٩٥٩ لە (تاران)ی پایتەختی ئێران لەدایکبووە. لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە کاری فۆتۆگرافەری دەستپێکردووە. وەک سەربازێک و ڕۆژنامەوانێکی لە بەرەکانی جەنگی (ئێران - عێراق) بە درێژایی شەڕی هەشت ساڵە کاریکردووە. بەشداریی ٢٠٠ پێشانگای تایبەتی و هاوبەشيی جەنگی کردووە، لەوانە پێشانگا تایبەتەکانی(هەڵەبجە بەهاری ١٩٨٨ بەکام تاوان کوژراون). لە نەخۆشخانەی کرماشان وێنەی بریندارە بەرکەوتووەکانی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی گرتووە. دواتر چووەتە هەڵەبجە و بە سێ کامێرا چەندین وێنەی کارەساتە‌کەی بۆ بەشی فۆتۆگرافەری (شەبەکە یەکی سیما) ئامادەکردووە. بەشێک لەو وێنانەی لە کتێبی(هەڵەبجە بەهاری ١٩٨٨ی سەدا و سیما)دا بڵاوبووەتەوە. لە گەڕانەوەشیدا چەندین وێنەی ناو ئۆردوگاکانى گرتووە. زۆربەی وێنەکانی لە کتێبی(هەڵەبجە لە چاوی هەشت فۆتۆگرافەری ئێرانی)یەوە بە ئینگلیزی لە وڵاتی ئەڵمانیا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ساڵی ١٩٨٩ وەک باشترین فۆتۆگرافەری هەشت ساڵی جەنگ هەڵبژێرراوە و مەدالیای بەرگری و تابلۆی زێڕی پێدراوە. تا ئێستا پێنج کتێبی فۆتۆگرافی چاپکردووە. لە زانکۆ وانەی ڕووناکی و فۆتۆگرافی دەڵێتەوە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

سالم حەمەخان مەحموود کەریم

ساڵی ١٩٨٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. پەیمانگای مامۆستایانی هەڵەبجەی تەواوکردووە. سەرەتا وەک پەیامنێر و پاشان بەڕێوەبەری ڕادوێی یەکگرتوو بووە. پەیجی هەڵەبجە نیوزی دامەزراندووە و لە ساڵی ٢٠٢١ەوە وەک بەڕێوەبەری کەناڵی زنار دەستبەکاربووە. لە چەندین بەرهەمی هونەری شانۆ و پێشانگادا بەشداریکردووە. لەوانە: ناوەڕۆک لە ڕوخساردا، تەزبیحەکە، ئەنفال و هەزاران خۆزگە. ئەندامی بەڕێوەبردنی چەندین فیستیڤاڵ و ستافی ڕێکخستنی چەند بۆنەیەکی گەورەبووە. لەوانە: (شەنگال زامی قوڵی نەتەوەیەک و یەکەمین نەورۆزی بەرفراوانی هەڵەبجە). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

سامان فەتاح عەبدولقادر

ڕاگەیاندکار و شاعیرە. ساڵی ١٩٨٩ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە شارۆچکەی (سیروان) و ئامادەیی لە هەڵەبجە و بەشی ڕاگەیاندنی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی منداڵێکە. ماوەی ١١ ساڵە کاری ڕاگەیاندن دەکات. لە ڕۆژنامەی (وەرچەرخان) کاریکردووە. ماوەیەک سەرنوسەری گۆڤاری (ڕووناکی) و سایتی (زانکۆ کورد) بووە و وەک پەیامنێر لە کەناڵی (پەیام) کاریکردووە لە ئێستادا پەیامنێر و بەرپرسی نوسینگەی کەناڵەکەیە لە هەڵەبجە. ماوەى دوو ساڵ بەرپرسى ڕێکخراوى قوتابیانى سەر بە کۆمەڵى دادگەرى بووە. دوو کتێبى شعرى بڵاوکردووەتەوە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

سەنگەر عەبدولرەحمان محەمەد شەریف

ساڵی ١٩٨٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، ساڵی ١٩٩٦، چوونەتە هەولێر و لەوێ دەژی، بەکالۆریۆسی لە بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی وەرگرتووە. ساڵی ٢٠٠٢ دەستی بە کاری راگەیاندن کردووە، لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەدا کاریکردووە، لە ساڵی ٢٠١٢ و دوای فراوانبوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەوێ درێژەیی بە کاری راگەیاندن داوە و بۆ ماوەی شەشە ساڵ وەک پەیامنێر کاریکردووە. لە ساڵی ٢٠١٩ەوە وەک بێژەر و پێشکەشکار لە ڕوداو کاردەکات. خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

سەعید جانبزرگی

ڕۆژنامەوان و وێنەگری جەنگ بووە. ساڵی ١٩٦٥ لە شاری ڕەی لەدایکبووە. بە لاویی پەیوەندی بەسوپای ئێرانەوە کردووە و لە بەرەکانی باشور و خۆرئاوا کاری وێنەگری دەکات. یەکێکە لەو ڕۆژنامەوانانەی ڕوماڵی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی کردووە. لە ١٧ی ٣ی ١٩٨٨ لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەوان و فلیمساز دێتە هەڵەبجە و ژمارەیەک وێنەی گرنگ و دیمەنی کاریگەری ئەو تاوانەی تۆمارکردووە. چەندین وێنەی لە کتێبی هەڵەبجە بەرگی شەشەم و شەڕی سەپێنراو و نیگای ئێران چاپی فەڕەنسا، چاپکراوە، بڵاوکراوەتەوە. لە کاتی ڕوماڵکردنی هەواڵەکان لە شارى هەڵەبجە، بەر کیمیایی دەکەوێت و ١٥ساڵ پێوەی دەتلێتەوە. ساڵی ٢٠٠٢ گیانلەدەستدەدات.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

سەعید سادقی

ڕۆژنامەوان، فۆتۆگرافەر و فلیمسازە. ساڵی ١٩٥٣ لە تەبرێز لەدایکبووە. لەگەڵ شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا ساڵی ١٩٧٩ دەستی بەکاری وێنەگرتن کردووە. ساڵی ١٩٨٠ لە ڕۆژنامەی جمهوری ئیسلامی کاریکردووە. لە بواری سینەمادا لە فلیمەکانی (کۆتایی منداڵی و مەرگی سیاوەش و دواڕۆژی هاوین) کاریکردووە. لە ماوەی جەنگی هەشت ساڵەدا سەردانی زۆربەی بەرەکانی جەنگی کردووە. چەندین هەواڵی وێنەیی گرنگی بۆ ڕۆژنامەکان گواستووەتەوە. ڕۆژێک بەر لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە هەمەدانەوە لەگەڵ (ناتقی و بهبودی)دا بە یاوەری سوپا، دێتە نزیک هەڵەبجە و سەرلەبەیانی ١٦ی ٣ی ١٩٨٨چەندین وێنەی ئارام و ئازادی شار دەگرێت. یەکەم فۆتۆگرافەرە، کە وێنەی تاوانەکەی تۆمارکردووە. لەپاڵ کاری ڕۆژنامەوانییەکەیدا یارمەتی زۆرێک لە برینداران و بەرکەوتوانی داوە. بەهۆی نزیکیی لە ژەهربارانەکەوە بریندار دەبێت و دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی کرماشان و لەوێش وێنەی چەندین برینداری هەڵەبجەیی دەگرێت. زۆرێک لە کەناڵ و ڕۆژنامە و کتێبەکان سوودیان لە وێنەکانی وەرگرتووە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

سەلاح جەمیل جەعفەر محەممەد

ساڵی ١٩٨٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە. بەشداری چەندین شانۆ و پێشانگا و فیستیڤاڵەکانی یادی هەڵەبجەی کردووە. لە١ی ٦ی ٢٠١١ەوە تا ئێستا وەک پەیامنێری دەزگای میدیایی کوردسات کاردەکات. لە دوای کردنەوەی نوسینگەی دەزگاکە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە هەڵەبجە لەگەڵ سەردار مەحموود کارەکانی کەناڵی کوردسات و کوردسات نیوز لەو نوسینگەوە وەک فیچەر و ڕاپۆرت و هەواڵ و دیکۆمێنتاری و بەرنامەی تایبەت، ڕادەپەڕێنێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

سەلام کەریم عەبدوڵا عەلی

ساڵی ١٩٨٣ لە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووە. بەشی کۆمەڵایەتی لە پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی هەڵەبجە تەواوکردووە. بەکالۆریۆسی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی هەڵەبجە بەدەستهێناوە. له ‌ساڵی ٢٠٠٠ەوە بێژەر و پێشکەشکاری تەلەفزیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی بووە. چەندین بەرنامە و دیدار و چاوپێکەوتی ئەنجامداوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

سەلام هانەدنی

ناوی (سەلام ڕەشید ئەحمەد)ە و بە (سەلام هانەدنی) ناسراوە. ساڵی ١٩٩٠ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوندی هانەیدن و ئامادەیی لە خورماڵ تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی سلێمانی بەشی ڕاگەیاندن بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. لە ساڵی ٢٠١٠ەوە دەستی بەکاری ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندن کردووە. کاری بۆ ڕۆژنامەکانی (خورماڵ، هاوڵاتی، وشە، ئاژانس) و سایتی کوردیو، ڕادوێی دەنگی گەلی کوردستان، ئاژانسى ئەنادۆڵ، نیقاشى ئەڵمانى، کردووە. نزیکەى ساڵێک سەرنوسەرى بەشى هەواڵ بووە لە ڕادوێى (دەنگى گەلى کوردستان). لە دەستەى نوسەرانى ڕۆژنامەى (ڕووماڵ)بووە، کە خوێندکارانى بەشى ڕاگەیانى زانکۆى سلێمانى دەریانکردووە. دوو ساڵە وەک ئامادەکاری بەرنامەی (ڕۆجیار)، کە بەرنامەیەکی هەورامییە، کاریکردووە. یەکێکە لە شەش ئەندامەکەى شوراى گوندى (هانەیدن).

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

سەمیر هەورامی

ڕۆژنامەوان و وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمە. ناوی (سەمیر تۆفیق جافر)ە. ساڵی ١٩٧٨ لەدایکبووە. دەرچووی بەشی زمانی عەرەبیی زانکۆی سلێمانییە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لەساڵی ١٩٩٩ەوە دەستیکردووە بە کاری ڕۆژنامەوانی و لە چەندین ڕۆژنامە و دامەزراوەی میدیایی کاریکردووە، لەوانە (ئیلاف، ئیتیحادی، کوردستانی نوێ، هاوڵاتی). ماوەی سێ ساڵ سەرپەرشتیاری بەشی عەرەبیی سایتی (PUK میدیا) بووە، زیاتر لە چوار ساڵ جێگری سەرنوسەر و ماوەیەکیش سکرتێری نوسین بووە لە هەمان دامەزراوەدا. دەیان بابەت و وتاری بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی لە ڕۆژنامە و سایتەکاندا بڵاوکردووەتەوە. لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بووتە سکرتێری ڕۆژنامەوانیی (قوباد تاڵەبانی). ساڵی ٢٠١٨ بووەتە ڕاوێژکار و وتەبێژی فەرمیی جێگری سەرۆکی حکومەت. لە ئێستادا جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی (قوبادتاڵەبانی)یە و بەردەوامە لە کارەکانی.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

شاخەوان سدیق شەفیع

نوسەر، شێوەکار و ڕۆژنامەوانی ئەدەبییە. ساڵی ١٩٨٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی شێوەکاری لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی تەواوکردووە. چوار پێشانگای تایبەتی لە هەڵەبجە و شارەکانی تری کوردستان کردووەتەوە. لە ١١ پێشانگای هاوبەشدا بەشداریکردووە. چەندین بەرنامەی هونەری و پیشەیی و شوێنەوار و پیشەکان و بەروبومەکانی وەک ڕاگەیاندکار ئامادەکردووە. لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا بزوتنەوەی ڕوناکبیریی نیشتمانییان دامەزراندووە. لە ڕۆژنامەکانی زادگە، ئاسۆ، ڕۆژنامە، هاوڵاتی، کاریکردووە. سەرنوسەری ڕۆژنامەی هەشتاوهەشت بووە. لە تەلەڤزیونی گەلی کوردستان و KNN کاریکردووە. سەرنوسەری گۆڤاری ئەدەبیی (باران) و(وانەر) بووە. سەرپەرشتیار و ڕێکخەری گروپی هاوڕێیانی خوێنەرە. خاوەنی ١٤ کتێبی چاپکراوە. سەرپەرشتیی چەندین دیداری ئەدەبی و کلتوری لە شارەکانی کوردستاندا کردووە. لەوانە دیدارەکانی تایبەت بە ئەدەب و کلتوری هەورامان لە هەڵەبجە. لە ئێستادا بەڕێوەبەری دامەزراوەی کەریمی عەلەکەیە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

شاخەوان عەلی دەروێش

ناوی (شاخەوان عەلی دەروێش تالیب)ـە. ساڵی ١٩٨١ لەدایکبووە، خەڵکی گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە. بەشی میدیای لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. لەماوەی جیاوازدا: وەک بەڕێوەبەری کەناڵی NRT، پەروەردە، سەرنوسەری ڕۆژنامەی وەرچەرخان، وەک وێنەگر و پەیامنێر لە کەناڵی کۆمەڵ تی ڤی، وەک سەرنوسەر و بەڕێوەبەری سایتی زانکۆکورد، وەک پەیامنێری (ئاژانسی هەواڵی ناوخۆ)ی وەزارەتی ناوخۆ، وەک سەرنوسەر و خاوەنی ئیمتیازی ماڵپەڕی هەورامان نیوز، بەرپرسی لاپەڕە لە ڕۆژنامەی کۆمەڵ و ڕۆژنامەی بەیان، کاریکردووە. لە ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیا دەژی.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

شاخەوان کەریم

ساڵی ١٩٧٣ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی ناوەندی لە شاری سلێمانی خوێندووە. لە بواری چالاکی هونەری و بەرنامەی ڕادوێیدا کاریکردووە. لە ساڵی ٢٠١٣وە تا ئێستا بەڕێوەبەری دەنگی کوردستان/ڕادوێی هەڵەبجەیە. چەند خەڵاتێکی پێبەخشراوە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

شوان سدیق مەحمود

ساڵی ١٩٨٢ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. ١٩٨٨ ئاوارەی ئێران بوون، لە گەڕانەوەیاندا بروانەتە نوگرەسەلمان، پاش ئازادبوون دەبرێنە بەرحوشتر و لەوێ دەچیتە بەرخوێندن، پەیامنێری ڕۆژنامەی پرس، هاوڵاتی، ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی، بووە. بۆ ڕۆژنامە ناوخۆیی و بیانییەکان، فۆتۆگرافەری سەربەخۆبووە. ڕاپۆرتی لە ئیتاڵیاوە بۆ ڕۆژنامەی ڕووداو ئامادەکردووە. نوسینەکانی لە ڕۆژنامەی هەواڵ، جەماوەر، ڕێگای کوردستان، هاوپشتی، هاوڵاتی، ئاوێنە، خەندان، دەستور، چەتر، بڵاوکردووەتەوە. ئەندامی دەستەی نوسەرانی سیڤیل و سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و ڕۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتی بووە. بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان وەرگرتووە. بێجگە لە کوردی، عەرەبی و ئیتاڵی دەزانێت.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان
پێشتر 1 2 3 4 دواتر