بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
ڕۆژنامەوان و شاعيرە. ناوی (ئارام ناجی محەممەد)ە. ساڵی ١٩٨١ لە هەڵەبجه لەدایکبووە. دیراساتی ئیسلامی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٩٨ دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە. سەرنوسەری گۆڤاری (پرێس) و بەڕێوەبەری نوسینی ڕۆژنامەی (بزووتنەوەی ئیسلامی)بووە. ساڵی ٢٠١١ بە ئەندامی دەستەی لقی سلێمانی (سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستان) هەڵبژێرراوە. خاوەنی چەند کتێبێکی چاپکراوە، لەوانە (گەشتی زاهیدانەی خەیاڵ، ئەمەوێ لای سادەیی بم، ئایدیای خۆشەویستی، خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجەدا). دەیان وتاری لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوە کوردییەکاندا بڵاوکردووەتەوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کراوە. لە ئێستادا لە سەرۆکایەتیی (زانکۆی هەڵەبجه) فەرمانبەرە.
ڕۆژنامەوان و شاعیرە. ناوی (ئارام حسێن قادر)ە و بە (ئارام شەمێرانی) ناسراوە. ساڵی ١٩٨٤ لە کۆمەڵگەی (عەنەب)ی نزیک هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی بەشی وەرزشیی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی هەڵەبجەیە. وەک سەرنوسەر و دەستەی نوسەران و پەیامنێر، کاری بۆ بڵاوکراوەکانی (لڤین، شەن، ڕێچکە، تام، ئەستێرە، گۆران، چەتر، بارین و... ) کردووە. کاری لە ئامادەکردن و کۆکردنەوەی بۆ هۆنراوەی ١٠ شاعیری هەڵەبجەدا کردووە. لە کتێبە چاکراوەکانی (هەڵەبجەناسی "شەش بەرگ"، پیاوێک لە دوکەڵی تەقینەوەدا). ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر ئەرکی خۆی گەلەرییەکی فۆتۆگرافی لە شاری هەڵەبجە کردووەتەوە و بەڕێوەیدەبأت، کە بووەتە ناوەندێکی ڕۆشنبیری و چالاکی تێدا ئەنجامدەدرێت. خاوەنی چەندین خەڵات و ڕێزلێنانە.
ساڵی ١٩٩٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ڕاگەیاندکار و کارمەندی تەندروستی بووە. دبلۆمی لە بەشی شیکاری نەخۆشیەکان هەیە. پێشکەشکار و ئامادەکاری چەندان بەرنامە بووە لە کەناڵی هەڵەبجەتیڤی. چالاکوان و ڕێکخەری دەیان چالاکی بووە. بڕوانامەی TOT هەیە. وەک ڕاهێنەر و لە ئەکادیمای بونیاد خولی گوتوەتەوە. ئەندامی کۆڕی خوێنەرانی شار بووە. دامەزرێنەری کەناڵی ناوخۆیی (UK٤) بووە لە بەریتانیا دەژی.
ڕۆژنامەوان و فۆتۆگرافەرێکی ئێرانییە. ساڵی ١٩٥٢ لە شاری (ساوە) لەدایکبووە. لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ئێراندا دەستی بەکاری هونەری کردووە. شارەزایەکی ئەکادیمیی هونەری فۆتۆگرافییە. لە ماوەی شەڕی هەشت ساڵەدا وەک فۆتۆگرافەری جەنگ لە زۆربەی بەرەکانی شەڕدا ئامادەبووە. زۆربەی وێنەکانی لە(بنیاد اندیشە ئیسلامی) و گۆڤاری سروس و کتێبەکانی بەرگریی پیرۆز و بە زمانە بیانییەکان چاپ و بڵاوکراونەتەوە. یەکێکە لەوانەی لە ڕوماڵکردنی کیمیابارانی هەڵەبجەدا بە یاوەری تیمێکی ڕاگەیاندنی ئێرانی لە ١٨ی ٣ی ١٩٨٨ سەردانی هەڵەبجەی کردووە. چەندین وێنەی گرنگ و سەرنج ڕاکێشەری دیمەنەکانی ئەو تاوانەی بۆ ڕۆژنامە و کەناڵەکان گواستووەتەوە. ئەندامی کارای وێنەگرانی شۆڕش و بەرگریی ئێرانە. چەندین پێشانگای وێنەیی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێراندا کردووەتەوە. خانەنشینە و سەربەخۆ کاردەکات.
ڕۆژنامەوان و ڕاگەیاندکارە. ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی (بەڵخە)ی هەورامان لەدایکبووە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوە. سەرنوسەر و بەڕێوەبەری نوسین، سەرنوسەر لە گۆڤاری هێشتا، بەڕێوەبەری نوسین و سەرنوسەری ڕۆژنامەی ئەحمەد موختار، دەستەی ئامادەکاری بڵاوکراوەی خواست بووە. بەشداری و دەستپێشخەری و سەرپەرشتیاری زۆر لە کار و چالاکییەکانی کردووە و چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە. لە ساڵی ٢٠١١ـەوە تا ئێستا سەرۆکی تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە، پیشەی مامۆستایە لە هەڵەبجە.
ڕۆژنامەوانێکی نەرویجییە. کاری بۆ ڕۆژنامەی(کلاسی کامین) کردووە. لەسەر بانگهێشتی باڵوێزی ئیران لە نەرویج لەگەڵ چەند ڕۆژنامەوانێکی ڕۆژئاوایی و ئێرانی لە ٢٢ی ٣ی ١٩٨٨ دەگاتە شاری هەڵەبجە. هەشت کاتژمێر لە شاردا دەمینێتەوە. ڕاپۆرتێکی گرنگ بۆ ڕۆژنامەکەی دەنوسێت و بڵاویدەکاتەوە. کاریگەری دەبێت لە گەیاندنی تاوانەکە بە دونیای دەرەوە. بۆ کیمیابارانی ١٩٨٨ی هەڵەبجە وتوویەتی: گەرمترین دۆزەخی سەر زەوی. ساڵی ٢٠٠٩ وەک شایەتحاڵ لە دادگای تاوانەکان دەبێتە شایەت لەسەر تاوانەکە.
لەساڵى ١٩٨٢ لە هەڵەبجەى شەهيد لە دايکبووە، بڕوانامەى سەرەتايی هەيە، لە ساڵەکانى ١٩٩٧دەستى بەکارى وێنەگرتن کردووە، لە تەلەفزيونى بزوتنەوەى ئيسلامى، چەندين بەرنامەى تۆمارکردووە. دواتر بووەتە وێنەگر لە کەناڵى ئاسمانیى پەيام، لە نوسينگەى هەڵەبجەى کەناڵەکە کاریکردووە، وێنەگرى بەرنامەى بە هۆرامى بووە، کە لەلايەن کۆچکردوو مهدى هەوراميیەوە پێشکەشدەکرا. جگە لەوە دەيان ڕاپۆرت و هەواڵی بۆ کەناڵی پەیام تۆمارکردوە. بەردەوامە لە کارى وێنەگرى لە کەناڵى ئاسمانیى پەيام. ئەندامى کاراى سەنديکاى ڕۆژنامەنوسانە. خێزاندارە و خاوەنى دوو منداڵە.
بە(امداد تاوگۆزی) ناسراوە. ساڵی ١٩٨٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆسە لە بواری ڕاگەیاندن. سەرەتای ساڵی ٢٠٠٨ دەستی بەکاری ڕۆژنامەوانی کردووە. سەرەتا لە ڕۆژنامەی ڕێبازی ئازادی، پاشان ساڵی٢٠١٠ بووتە پەیامنێری سەتەلایتی جەماوەر. لە هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان، هەواڵ و ڕاپۆرت و دیداری تایبەت و فیچەر و بەرنامەی ژینی لادێی، ئامادەکردووە. خێزانی پێکهێناوە سێ منداڵی هەیە.
ساڵی ١٩٨١ لەدایکبووە. خەڵکی گوندی (هانەیدن)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە)یە. بەشی کوردی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. ماوەی ١٥ ساڵە لە بواری ڕۆژنامەوانیدا کاردەکات و لە ماوەی جیاوازدا: وەک ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر، ئەندامی دەستەی نوسەران و ڕیپۆرتەر لە گۆڤاری لڤین، لە ڕۆژنامەی ڕێبازی ئازادی، گۆڤاری ئەهلی شەقام، پەیامنێر لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی، ئامادەکاری بەرنامە و هەواڵساز لە ڕادوێی دەنگی نوێ، لە ڕادوێی سپێدە ئێف ئێم، هەواڵساز لە کەناڵی ئێن ئار تی، کاریکردووه.
خەڵکی گوندی (هانەیدن)ی ناوچەی هەورامانە. ساڵی ١٩٩٢ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی لە خورماڵ تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠١٢وە وەک پەیامنێر و ئامادەکاری کۆشەی چەتر لە ڕۆژنامەی (چەتر) دەستی بەکارکردن کردووە. وەک هەڵەچن لە ڕۆژنامەی (وەرچەرخان)، وەک پەیامنێر لە کەناڵی (پەیام) و ڕۆژنامەی (ئاوێنە) کاریکردووە و لە ئێستادا لەگەڵ کەناڵی نالیا NRT بەردەوامە.
ڕۆژنامەوانی ئابورییە. ساڵی ١٩٩٢ لەدایکبووە. خەڵکی گوندی (گوڵپی) سەر شارۆچکەی (بیارە)ە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی بەدەستهێناوە. لە بواری کاری ڕۆژنامەوانی و توێژینەوەدا ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە کاردەکات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکه. سەرپەرشتیاری سەکۆی گەنجانی کوردستانە. لە دەزگاکانی (خەندان، ژیان، کەی ئێن ئێن و کوردستان٢٤)دا کاریکردووە و لە ئێستادا لە کەناڵی کوردستان٢٤ پرۆدیوسەری ئابورییە. ئەندامی بۆردی ئەکادیمیای سیاسەت بووە. لەگەڵ ڕێکخراوی (بی ئێف زیتی) ئەڵمانی و ئینتەرنیوزی ئەمەریکی کاریکردووە. ساڵی ٢٠١٩ ڕێکخراوی (بی ئێف زێتی) ئەڵمانی بەسەرپەرشتی ناوبراو توێژینەوەیەکی لەسەر دۆخی ئابوریی هەڵەبجە ئەنجامداوە.
ڕۆژنامەوانێکی ئازادی نێودەوڵەتیی فۆتۆگرافەری ئوسترالییە. ناوی (پۆڵ ویلیەم مۆران Paul William Moran)ـه. ساڵی ١٩٦٣ لە شاری (ئەدلاید)ی ئوسترالیا لەدایکبووە. لە سأڵی ١٩٩٠ەوە ڕووی لە شاری لەندەن کردووە و لێرەوە شارەزایی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیداکردووە. ساڵی ٢٠٠٣ لە سنوری شارۆچکەی خورماڵ بەهۆی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە گیانیلەدەستداوە و به یەکەم قوربانیی ڕۆژنامەوانیی نێودەوڵەتی دادەنرێت لە جەنگی عێراقدا. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی یەک منداڵە. لە کەناڵی abc وەک کامێرامان کاریکردووە. بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاریی تایبەت بە کەوتنەخوارەوەی موشەکێکی ئەمەریکی لەو شوێنە ڕوویکردبووە ناوچەکە.
ڕۆژنامەوان و شیکەرەوەی سیاسییە. ساڵی ١٩٨٨ لە خۆرهەڵاتی کوردستان لەدایکبووه. بڕوانامەی دبلۆمی لە پەیمانگای تەکنیکیی هەولێر بەشی کشتوکاڵ بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠٩وە لە ڕۆژنامەی وەرچەرخان دەستى بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە. ماوەی ١٣ ساڵ لە کەناڵی ئاسمانیی پەیام وەک پەیامنێر کاریکردووە و چەند بەرنامەیەکیشی هەبووە. ساڵی ٢٠٢٢ ئەندامی دامەزرێنەری دامەزراوەی میدیایی ڕوون بووه و ماوەی سێ ساڵ لە ڕوون میدیا شیکاری بۆ ڕووداوە سیاسی و گۆڕانکارییە ناوچەییەکان کردووە و بەرنامە و دیداری سیاسی پێشکەشکردووه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
ناوی (ستار عەلی حسێن محەممەد)ە. ساڵی ١٩٧٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەییە. لە ڕادوێ و تەلەفزیۆندا کاریکردووە. لە چەندین فیستیڤأڵ و شانۆدا بەشداربووە. ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ڕادوێی دەنگی ئیسلام، تیپی هونەریی مەشخەڵ، تیپی هونەریی گزنگ، قوتابخانەی هونەریی هاوکار و ماوەیەکیش بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش بووە. کاری بێژەری لە ڕادوێ و تەلەفزیۆن کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ئێستادا لە وڵاتی سوید دەژی.
ڕۆژنامەوان و شاعیرە. ساڵى ١٩٧٩ لە گوندى (زەمەقیی خواروو) لەدایکبووە. ٢٠ ساڵە کاری ڕۆژنامەوانی دەکات. لە دەزگا و میدیاکانی: ڕادوێی شارەزوور، ڕادوێی دەنگی نوێ، ڕادوێی خاک، کاریکردووە. وەک ئامادەکار و پێشکەشکاری (شنەی مۆردانە)، کە بەرنامەیەکی (مێژوویی و ڕۆشنبیری)ی تایبەت بوو بە شاری هەڵەبجە، ئاژانسی هەواڵ و ڕادوێی ناوخۆ، ڕۆژنامەی ئاڵای ئازادی، ڕادوێی نەوا، ماڵپەڕی PUKMEDIA، ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز، کەناڵی KNN، کەناڵی ئاسمانیی (ستێرک تی ڤی)، لەئێستاشدا لە دەزگای میدیایی پۆڵەتیک پرێس، کاردەکات. خاوەنى بەرهەمێکى چاپکراوى شيعريي بەناونیشانی: (نيشتمانى ئەوينى من جێمەهێڵە) هەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە.
ساڵی ١٩٨٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی کوردی لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بەدەستهێناوە. لە چەندین دەزگای ڕاگەیاندن و بڵاوکراوەدا کاریکردووە، لەوانە (ڕۆژنامەی هاوڵاتی، ڕادوێی گۆڕان، ماڵپەری دیپلۆماتیک مەگەزین، گۆڤاری ستاندارد، گۆڤاری لڤین، ئاژانسی فورات نیوز، ئاکانیوز، شار پرێس)، هەروەها وتار و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و سیاسی بڵاوکردووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى دوو منداڵە. لە ئێستادا لە شارى سلێمانى دەژی و پیشەی مامۆستايە.
ساڵی ١٩٨٩ لە شارى سلێمانى لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٥ لە تەلەڤزيۆنى imk دەستى بەکارى ڕاگەياندن کردووە و تا ساڵى ٢٠١٣ لەو کەناڵە بەردەوامبووە. ساڵی ٢٠١٣ لە تۆڕى ميدياى ڕووداو کارى کامێرامانى و سەرنوسەرى کردووە. ماوەى ١٢ ساڵ لە تۆرى ميديایى ڕووداو کاردەکات. چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی لە بواری ڕاگەیاندندا وەرگرتووە.
ساڵی ١٩٨٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی ئامادەیی بازرگانیی هەڵەبجەی تەواوکردووە. لەکاری ڕێکخراوەیی و ڕاگەیاندندا خزمەتدەکات. ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٢ وێنەگری تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بووە. ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٢٢ ئامادەکاری بەرنامە بووە لە ڕادوێی دەنگی نوێ، لە ساڵی ٢٠١٢وە تا ئێستا لە تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی، کە ٧ کەناڵی بینراو، ٢ بیستراو، ١ نوسراوە، کاردەکات. لەوانە عێراقیە، ڕادوێ جمهوری، شباب، ڕۆژنامەی صباح. لەئێستادا وەک بەر پرسی نوسینگە و کامێرامانی ئەو تۆڕە لە هەڵەبجە کاردەکات.
ڕۆژنامەوان و شاعیرە. بە (ڕاستگۆ خورماڵی و گوڵعەنبەری) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٩ لە خورماڵ لەدایکبووە. زمانی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سلێمانی خوێندووە. ئەندامی تیپی پێشەنگی خورماڵ بووە و لە چەند شانۆیەکدا بەشداربووە. خاوەنی بیرۆکە و بەڕێوەبەری فیستیڤاڵی ستاییش بۆ شیعری ئایینی و موناجات و میهر بۆ بانگدان بووە. بەڕێوەبەری زۆرێک لە فیستیڤاڵەکانی گوڵعەنبەر و سەرپەرشتیاری حەوت فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی خاڵ بووە. لە دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ئێرانناسی و پڕۆژە و پەنجەرە بووە. نوسینەکانی لە ڕۆژنامەکانی داهێنان، یەکگرتوو، سلێمانی، خورماڵ و خوێندنی لیبراڵ و سۆلیدارێتی و گۆڤارەکانی هەورامان و چاوی هەژان و شرام و ئێرانناسیدا بڵاوکردووەتەوە. شەش کتێبی چاپکردووە، لەوانە: پەندی پێشینان لە ئەدەبی کوردیدا، هاوڕاز، نەسیمی سەوزی موناجات، میهری دڵان، چۆن دەبیتە دەسگیرانی شایستە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
ڕۆژنامەوان و کامێرامانە. ناوی(ڕەمەزان ئۆزتورک)ە. ساڵی ١٩٥٦ لە شاری ماڵاتی ناوچەی پیتورگی کوردستانی باکور لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە کارگێریدا لە زانکۆی ئەستەنبوڵ وەرگرتووە. لە ١٦ساڵیيەوە لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاردا کاریکردووە، وەک(گیون ئادن، سەباح، ستار، یەنی شەفەق، یەنی بینین) کاری ڕۆژنامەوانی کردووە. وەک ڕۆژنامەوانی جەنگی لە ڕۆژی ١٨ی ٣ی ١٩٨٨ هاتووەتە شاری هەڵەبجە. توانیویەتی (٧٥) وێنەی ڕوداوەکە بگرێت. دیارترینیان وێنەی شەهید(عومەری خاوەر و کۆرپەکەی) بووە، کە لە ڕۆژنامەی سەباح و دواتر لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی بڵاوبوویەوە و خەڵاتی یەکەمی یەکێتی ڕۆژنامەوانانی ئەمریکا و چەندین خەڵاتی تری ئەوروپی پێ وەرگرتووە. دوای ٢١ ساڵ بۆ جارێکی تر هاتووەتەوە هەڵەبجە. ئەو کامێرایەی وێنەکانی پێ گرتووە، بەخشیویەتی بە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و وەک بەڵگە پارێزراوە. بەدەر لەو وێنانە کارێکی تری وەک فلیم لەسەر هەڵەبجە بۆ کەناڵی(TRT) بەرهەمهێناوە.