بەرگی شەشەم
کەسەکان بەپێی پۆست
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەرگی شەشەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
جێگرى پارێزگارى هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٧١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. بەکالۆریۆسی لە (ئەندازیاریی شارستانی)دا هەیە. ماستەری لە (ئەندازیاری ژینگە) لە ئەمەریکا بەدەستهێناوە. ساڵى ١٩٩٨ لە (بەڕێوەبەرايەتیى ڕێگاوبانى سلێمانى) دامەزراوه و دواتر بووە بە (جێگرى سەرۆک)ى شارەوانیى هەڵەبجە و ساڵى ٢٠١٥ بووە بە (جێگرى پارێزگارى هەڵەبجه/ بۆ کاروبارى هونەرى). لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ پەرلەمانی کوردستان لەسەر بازنەی هەڵەبجە بووە بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان.
مەحموود حەمەئەمین عەبدوڵا. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی هانەسوورەی ناوچەی نەورۆڵی لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە گوندی پریس و ئامادەیی لە شاری هەڵەبجە و بەکالۆریۆسی لە بەغدادی پایتەخت تەواوکردوە، ساڵی ١٩٩٧ بەڕێوبەری کۆمەڵەی سەلامی خێرخوازی بووە، لە خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراقدا ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٠ ئەندامی پەرلەمان بووە ئەندامی دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی ڕاپەرین و بزوتنەوەی یەکبوون و کۆمەڵی ئیسلامی بووە، لە بواری نوسیندا کۆمەڵێک کتێبی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی وەک: بنەما سەرەکییەکانی شەریعەتی ئیسلامی، ڤالانتاین، ماڵ بەخشین، القواعد المثلي في اسماء اللە و صفاتە الحسنی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە.
پەرلەمانتا، وتاربێژ و نوسەرە. ناوی (عوزێر حافز مەلا نەزیری بچوک)ـە. لە ساڵی ١٩٥٧ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. خوێندنی ئایینی لای باوکی و چەند مامۆستای تر لە هەورامان و هەڵەبجە و سلێمانی خوێندووە. کۆلیژی شەریعەی لە زانکۆی بەغدادی تەواوکردووە و بڕانامەی ماستەر و دکتۆرای بەدەستهێناوە. لە وتاربێژە ناودارەکان بووە و تێکەڵی کاری سیاسی و ئیسلامی بووە و لە وتاردان دوورخراوەتەوە. چەند بەرهەمێکی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە. چەند کتێبی بە چاپ گەیاندووە، لەوانە (درەختی نەوەکانی بنەماڵەی حاجی مەلا نەزیری گەورە، مافی گەلی کورد لە ئیسلامدا، زانای پایەبەرز ئیبنولحاجی ئالانی کوردی). لە چەند شوێن و مزگەوتێک پێشنوێژی و وتاربێژی کردووە. لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٠ بووە بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. لە ئێستادا خانەنشینە و لە شاری سلێمانی دەژی.
زاناى ئاينى و بیرمەند، وەرگێڕە. ناوی (عەبدوللەتیف مەولود عەبدولکەریم عەلی ئیسماعیل)ـە. ساڵی ١٩٣٩ لە گوندی (بامۆک) لەدایکبووە. بە (مەلا لەتیفی بامۆکی) ناسراوە. خوێندنی زانستە شەرعییەکانی تەواوکردووە و ساڵی ١٩٥٩ ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. مامۆستای زمانی عەرەبی و وانەی پەروەردەی ئیسلامی بووە. ژیانی ھاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتيی مامۆستایانی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٩٢ ماوەیەک بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی بووە. سەرنوسەری گۆڤاری (خۆری ئیسلام) و بەڕێوەبەری نوسینى گۆڤاری (دەنگی زانا) بووە. ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە. لە شەریعەتی ئیسلام و بنەماکانیدا زانیاریی باشی هەبووە و خاوەنی فتوا و بۆچوونی جیاوازی خۆی بووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسی زانیوە و هەر لەم بوارەدا چەندین کتێبى لە فارسی و عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لەوانە: (سراج القلوب، فتنە الکبری و شرح المثنوی المولانا جلال الدین الرومی، معلقات..هتد). کتێبی (بانگەوازێک لە محرابی عەبابەیلێوە، هانەسوورە بنەماڵەی سەییدی هانەسوورە لە مێژودا)ی نوسیوە. ساڵی ٢٠٢٠ کۆچیدواییکردووە.
ئەندامی پەلەمانە. ساڵی ١٩٦١ لە گوندى (چنارەى زێڕونە)ی سەر بە شارۆچکەى (خورماڵ) لەدایکبووە. لە عەشیرەتی (قەویلەیی)یە. ساڵی ١٩٩٠ کۆلیژی پزیشکیی ڤێتەرنەری و ساڵ ٢٠٠١ کۆلیژی یاسای تەواوکردووە. بە (دکتۆر محەممەد ئەحمەد) ناسراوە. لە دامەزرێنەرانی (یەکگرتووى ئيسلامى کوردستان)ـه. ساڵی ٢٠٠٥ بووە بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق. چەندين بەرهەمى چاپکراوى هەيە، لەوانه: (هەمواری دەستوری عێراق بە (زمانی عەرەبی)، ئەزمونێکی پەرلەمانی، یەکگرتوو یەکەم حیزبی نیشتمانی بە باکگراوندێکی ئیسلامی).
ئەندامی پەلەمانە. ناوی (محەممەد ئەحمەد عەلی)یە و بە (محەممەد شارەزووری) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٨ له گوندی (تەپی سەفای خواروو)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووه. قۆناغی سەرەتایی لە گوندەکە و ناوەندی لە شارۆچکەی خورماڵ و ئامادهیی پیشەسازی لە سلێمانی خوێندووە. دەرچووی کۆلێژی زانستە سياسیيەکانی زانکۆی سلێمانییە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی ليژنەی پێشمەرگە و شەهيدان و ئەنفال و جينۆسايد بووە.
سیاسی و ئەندامی پەرلەمان و ئەمیداری گشتیی حیزب بووە. ساڵی ١٩٥٣ لە شاری هەڵەبجه لەدایکبووە. پەيمانگاى ئيسلامى لە هەڵەبجە تەواوکردووە. ساڵی ١٩٦٥وە کارى ئيسلامی و سیاسی دەستپێکردووە. ساڵى ١٩٧٤ پەیوەندی بە شۆڕشەوە کردووە. دوای نسکۆ و ساڵى ١٩٧٩ (کۆلێژى نەجەفى)ی سەر به (زانکۆى موستەنسيريە)ى تەواوکردووه. لە دامەزرێنەرانى (يەکگرتووى ئيسلامى)یه و ئەندامى مەکتەبى سياسى و بۆ ماوەی چوار ساڵیش ئەمینداری گشتی ئەو حیزبە بووە. ئەندامى خولى دووەمى پەرلەمانى کوردستان بووە. سەردانى دادگاى (لاها)ى کردووە و وەک شايەتحاڵێکى شارى هەڵەبجە، باسى کيميابارانى هەڵەبجە و کيميابارانيان کردووە. ساڵى ٢٠١٠ نامەی بۆ (باراک ئۆباما)ى سەرۆکى ئەمەريکا نوسیوە و باسی کارەساتی کيميابارانى هەڵەبجه و ئەنفالی کردووە ئەویش وەڵامی دراوەتەوە. (دەقی نامەی هەردوو لا لە مۆنۆمێنتى هەڵەبجەیە). خاوەنى ئيمتيازى گۆڤارى (پەيامى ڕاستى)يە. خاوەنی چەند کتێبێکی چاپکراوە، لەوانە: (العدالة الانتقالية)، (وێستگە و هەڵوێست) و (ڕوانگەى ئايينى و سياسى بۆ کۆمەڵێک ڕووداوى گرنگ) و چەندین وتار و دیدانەی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوبووەتەوە.
ناوی (عوسمان محەممەد عەبدولمحەممەد) و بە (ملازم سیروان نەوڕۆڵی) ناسراوە. ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی (خێڵی حەمە)ی سەر بە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە خورماڵ و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی سەربازی تەواوکردووه. کاری ڕێکخستنی نهێنی کردووە و پەیوەندی بە شۆڕشەوە کردووە و چەندین پۆستی وەرگرتووه. ساڵی ١٩٩٢ بووە بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان. لە پاش کۆچیدوایی میرزا حەسەنی براگەورەی، ساڵی ١٩٨٨ بووە بە سەرۆک عەشیرەتی نەوڕۆڵی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ساڵی ١٩٩٧ شەهیدبووە.
پەرلەمانتار و چالاکەوانە. ناوی (مهاباد شێخ حەمەئەمین شێخ عەبدوڵا بەرزنجی)یە. ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە. لە هەڵەبجە خراوەتە قوتابخانە و دواتر خێزانەکەیان چوونەتە شاری بەغداد. پەیمانگای پیشەسازی لە سلێمانی تەواوکردووە. بەهۆی ئەوەی لە یەکەمەکانی بەشەکەی بووە لە هەمان پەیمانگا بووەتەوە بە مامۆستا. پەیوەندیکردووە بە شۆڕشەوە و چووەتە شاخ، ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ دکتۆر فایەق گوڵپی پێکهێناوە. لەکاتی ئەنفالی دووەم، لە ناوچەکانی قەرەداغ بە چەکی کیمیایی بریندار بووە. ڕۆڵی هەبووە لە دروستکردنی ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستان کە لە ١٤ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩ لە شاری سەقز دامەزراوە. لە یەکەمین کۆنگرەی یەکێتیی ژنانی کوردستاندا بووە بە ئەندامی سکرتاریەت. ئەندامی دامەزرێنەری هێزی پێشمەرگەی ژنان بووە. ساڵی ٢٠٠٥-٢٠٠٦ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا و سیاسەتدا لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە ساڵی ٢٠٠٥ بووە بە ئەندامی پەرلەمانی عیراق. خاوەنی چوار منداڵە.
سیاسی، ئەکادیمی و ئەندامی پەرلەمانە. ساڵی ١٩٧٢ لەشارەزوور لەدایکبووە و لەشاری ھەڵەبجە گەورەبووە. ساڵی ١٩٨٥ەوە کاری ئيسلامى و سیاسی دەستپێکردووە. ساڵی ١٩٨٨ ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە و لەوێ لای مامی (مامۆستا حەمەئەمین کڵاشی) و چەند زانایەکی تر زانستە شەرعییەکانی خوێندووە. ساڵی ١٩٩٢ گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و تاقیکردنەوەی پۆلی دوازدەی (خوێندنی ئیسلامی) و لە کۆلێژی (زانستە شەرعییەکان) لە (دھۆک) وەردەگیرێت و ھەر چوار ساڵەکە لە یەکەمەکانی کۆلێژ بووە. لە وڵاتی سودان ماستەر و دکتۆرا لە (فەلسەفەی ئیسلامی)دا خوێندووە. بۆ ماوەی چوار ساڵ لە زانکۆی سلێمانی وانەى وتووەتەوە. ژیانی هاسەری پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. (ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوو) بووە. ئەندامی دامەزرێنەری (یەکێتیی جیھانی زانایانی موسوڵمان)ـە. شەش کتێبی بەچاپ گەیاندووە. سێ خول لەسەر یەک ئەندامی پەرلەمانی عێراقە. بەشداری دەیان کۆنگرە و کۆنفڕانسی زانستی و سیاسی ناوخۆیی و دەرەوەی وڵاتی کردووە.
ساڵی ١٩٦٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. کۆلێژی زانست، بەشی فیزیای تەواوکردووە. وەک مامۆستا شازدە ساڵ وانەی وتووەتەوە. ماستەری لە (بیرکاری)دا خوێندووە. کاری ڕێکخراوەیی لەناو توێژى قوتابیان و (خوشکان)دا کردووە. ساڵی ٢٠٠٩ بووە بە ئەندامى پەرلەمانى کوردستان. ساڵی ٢٠١٢ بووە بە ئەندامی سەرکردایەتیی(یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان)، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
سیاسی و پەرلەمانتارە. ساڵی ١٩٥٧ لە گوندی (بامۆک)ی نزیک شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و بەکالۆریۆسی لە بەغدا تەواوکردووە، چەند ساڵێک مامۆستای قوتابخانە بووە، پاشان گواستراوەتەوە بۆ وەزارەتی نیشتەجێبوون، چەند ساڵێک وتارخوێنی خۆبەخشی مزگەوتی نالی بووە لە هەڵەبجەی تازە، لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی و مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە بووە، پاشان ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی یەکبوون و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بووە، ساڵی ٢٠٠٥ بووەتە ئەندام پەرلەمانی عێراق و هاوکات خوێندکاری ماستەر بووه لە زانکۆی بەغدا. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. ساڵی ٢٠٠٥ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی بامۆک نێژراوە.
پەرلەمانتار، نوسەر، ڕۆژنامەنوس و چالاکەوانە. ناوی (ھەڵاڵە محەممەد ئەڵماس ھەمزە)یە. نازناوی (ئەڵماس)ـە. ساڵی ١٩٧٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. کولێژی زانستە ئیسلامییەکانی تەواوکردووە. لە بواری مافەکانی ژناندا و کتێبەکانی (خەتەنەی کچان لەنێوان دابونەریتی کۆمەڵگە و یاسای ئیسلامدا، ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت لە ئیسلامدا، بۆ کچ و کوڕە لاوەکەم، ئایا ھاوسەرێکی نمونەییت؟)ی بەچاپ گەیاندووە. لە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بووە بە ئەندامی پەرلەمان.
ناوی (هەورامان حەمەشەریف حەمەڕەشید)ە. ساڵی ١٩٨٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری شەریعەتدا هەیە. ئەندامی خولی چوارەم ٢٠١٣ و پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بووە. دامەزرێنەری ڕادیۆی سونەت و قورئان بووەو چەندین بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنی پێشکەشکردووە. دوو کتێبی چاپکردووە. کلمە المثل فی احادیث، جیهاد و سیاسەتی تێگەیشتن لە جیهاد. هاوسەرگیری کردووەو خاوەنی چوار منداڵە.
ناوى (مەحموود هۆشمەند کوڕى حەسەن بەگ کوڕى عەلى بەگ مەحموود پاشاى جاف کوڕى محەممەد پاشاى جاف)ـە، بەناوى باپيرييەوە ناونراوە، بەڵام زياتر بە هۆشمەند ناوى ڕۆيشتووە. ساڵی ١٩٤٥ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. ساڵى ١٩٤٨ ماڵيان چووەتە بەغدا، قۆناغەکانى خوێندنى لە بەغدا تەواوکردووە. بەشى فيزياى کۆلێژى زانستى زانکۆى بەغداى خوێندووە و بڕوانامەى بەکالۆريۆسى بەدەستهێناوە. ساڵى ١٩٧١ ژيانى هاوسەرگيرى لەگەڵ سومەيەى کچى حەمەڕەشيد بەگى حەسەن بەگى سلێمان بەگى محەممەد پاشاى جاف پێکهێناوە، بەهۆى ئەو موڵکە زۆرەى، کە لە باوکييەوە بۆى ماوەتەوە يەکێکە لە خاوەن موڵکدارە گەورەکانى کوردستان، موڵکەکانيان جگە لە ناو شارى هەڵەبجه، دەکەونە ناوچەکانى شارەزوور و دەربەنديخان و گەرميانەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ساڵى ٢٠١٦ بەغداى بەيەکجارى بەجێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و ئێستا لە شارى هەولێرە دادەنيشێت. قورئانەکەى کەيخەسرەوبەگى باپيرە گەورەيان، دواى مردنى کەيخەسرەوبەگ لەنێو بنەماڵەکەياندا چەند دەستێکى ناسيوە، دواتر کەوتووەتە لاى حەسەن فەهمى و ئـێستا لاى هۆشمەند بەگ پارێزراوە..
سیاسی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، نوسەرە. ناوی (هێمن ئەحمەد حەمەساڵح)ـە. ساڵی ١٩٧٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی دکتۆرای لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە. ساڵی ٢٠١٩ تا کۆتایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بووە. ئەندامی مەکتەبی سیاسی (پ.د.ک)ـە. خاوەنی ئەم کتێبانەیە: (ئازادی و بەرپرسیاری ڕۆشنبیران/ ٢٠٠٤، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە تاقیکردنەوەیەکی دیموکراسیدا/ ٢٠١١، کوردستان لە هاوکێشە تازەکاندا هەرێمێکی کارتێکەر و لە دیدگیراو/ ٢٠١٣، سەرۆک بارزانی و پێشکەوتن و سەرکەوتنەکانی کوردستان لە هەشت ساڵی ڕابردودا/ ٢٠١٣، کۆنتێکستی نوێی ناوچەکە و پانۆرامای هەڵوێستەکان/ ٢٠١٤، کوردستان و جوڵەی ڕیالیستی بۆ ئاییندە داینامیکییەتی سیاسی ناوچەکە و پێگەی کورد و ئاسۆکانی خانەی موکریان/ ٢٠١٤، فکری کادر و مارکێتینگی سیاسی/ ٢٠١٥، سیاسەتی مەحاڵ لە هاوکێشە داینامیکییەکاندا/ ٢٠١٦، حیزبی سیاسی و ستراتیژی ڕێکخستن/ ٢٠٢٤).
پەرلەمانتارە. ناوی (یارئەحمەد بەگی ئەفراسیاو بەگی ڕۆسەم سانی حەمەسەعید سان)ـە. ساڵی ١٩٢٦ لە شارۆچکەی بیارە لەدایکبووە. کەسێکی قسەخۆش و کۆمەڵایەتی و جێمتمانەی ناوچەکە بووە. تێکەڵی و پەیوەندیی سیاسی لەگەڵ بەگزادە و ماڵە شێخان و سەردارانی جافدا پەرەپێداوە و ئاگاداری مێژوویان بووە. ساڵی ١٩٨٢ ڕووی لە خۆرهەڵات کردووە و پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە. بووە بە ئەندامی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان. دووجار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی نۆ منداڵە. ساڵی ٢٠٠٥ کۆچیدواییکردووە و لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.
ناوی (یوسف محەممەد سادق عەبدولقادر)ـە. ساڵی ١٩٧٨ لە شارۆچکەى (خورماڵ) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. بڕوانامەی ماستەری لە (سیاسەتی نێودەوڵەتی) و دکتۆرای لە (فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان) هەیە. مامۆستای زانکۆ و سەرۆکی بەش بووە لە (زانکۆی سلێمانی). ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٨ سەرۆکی پەرلەمان بووە. لە سەردەمی سەرۆکایەتییدا پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی ٥- ٢- ٢٠١٥ بۆ یەکەم جار لە شاری هەڵەبجە کۆبویەوە و یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەی پەسەندکرد. هەروەها بڕیاری ژمارە (٢٣)ی ساڵی ٢٠١٤ی دەرکرد بۆ ناونانی پارێزگای هەڵەبجە وەک پایتەختی ئاشتیی کوردستان. ئەندامی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بووە لە ٢٠١٨ - ٢٠٢١، جێگری سەرۆکی لیژنەی هەمواری دەستوری عێراق بوە لە ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢١، سەرۆکی دامەزراوەی میزۆپۆتامیا بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژییە. نوسەر و وەرگێڕی چەند کتێب و لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمییە لەوانە: الإرهاب والصراع الدولي، ط ١: ٢٠١٢، ط٢: ٢٠٢٠. ظهور المعارضة السياسية في إقليم کوردستان - العراق، ٢٠١٠، تحديات العملية الديمقراطية في إقليم کوردستان العراق، ٢٠١٢.، المتغيرات المؤثرة على الواقع السياسي لإقليم کردستان العراق، ٢٠١٤، أطروحة جامعية غير منشورة. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
بەگزادەی جاف، وەزیرە. ناوی (ئەکرەم کوڕى حاميد بەگ کوڕى مەجيد بەگ کوڕى عوسمان پاشا کوڕى محەممەد پاشاى جاف)ـه. ساڵى ١٩٢٨ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنى سەرەتايى لە هەڵەبجە و ناوەندى لە (سلێمانى) تەواوکردووه. ساڵى ١٩٥١ بڕوانامەى بەکالۆريۆسى له بوارى کشتوکاڵ لە زانکۆى (کۆلۆرادۆ)ى ويلايەتە يەکگرتووەکانى ئەمريکا و ساڵى ١٩٥٢ بڕوانامەى ماستەرى لە ئەندازياريى کشتوکاڵى لە زانکۆى (کنتاکى) لە ئەمريکا و ساڵى ١٩٥٦ بڕوانامەى دکتۆراى لە هەمان پسپۆڕيدا لە زانکۆى (ئورکيون) لە ئەمريکا بەدەستهێناوە. گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و کۆمەڵێک پۆستى زانستى و ئيدارى وەرگرتووە. سەرۆکايەتى ژمارەيەک شاندى کشتوکاڵى کردووە بۆ وڵاتانى سۆڤيەت، ئەمريکا، يوگسلافيا، ڕۆمانيا، ميسر، سوريا و ئەردەن. لە سەردەمی (عەبدولسەلام عارف) و لە کابینەی فەرمانڕەوایەتی (عارف عەبدولڕەزاق)، کە لە ماوەی ٦ی ٩ی ١٩٦٥ بۆ ٢١ی ٩ی ١٩٦٥دا بۆ ماوەی ١٠٥ ڕۆژ وەک وەزیری کشتوکاڵ کاریکردووە. ساڵى ١٩٦٩ لە بەشى کشتوکاڵى زانکۆى بەغدا وانەى وتووەتەوە. ساڵى ١٩٧٠ کراوە بە نوێنەرى ڕێکخراوى کشتوکاڵى و خۆراکى نێودەوڵەتى (فاو) لە سۆماڵ و ساڵى ١٩٧٤ هەمان پۆستى پێدراوە لە ميسر. ساڵى ١٩٩١ کراوە بەڕاويژکارى هەمان ڕێکخراو لە ڕۆما، ساڵى ٢٠١٠ کۆچیدواییکردووە.
پزیشک، وەزیری تەندروستی و خێرخوازە. ناوی (تاهیر عەبدوڵا حسین)ـە. ساڵی ١٩٥٥ لە شارەدێێ (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە تەوێڵە و هەڵەبجە و قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی و کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی موسڵ تەواوکردووە. بڕوانامەی دبلۆمی باڵا و بۆردی عەرەبی لە بەغداد وەرگرتووە. گەورە پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی و کۆئەندامی هەرس و جگەر و شێرپەنجەیە. سەرۆکی بەشی نەشتەرگەرییە لە کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی. سەرپەرشتیاری قوتابیانی بۆردی کوردستان و عێراقه. بەڕێوەبەری پرۆگرامی خوێندنی نەشتەرگەرییە لە فاکەڵتی پزیشکی. ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٤ وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێم بووە. بە پزیشکێکی خێرخواز ناسراوە و خزمەتی زۆری بە ناوچەی هەورامان و بە تایبەتی تەوێڵە کردووە. بەشدار بووە لە یارمەتیدانی نەخۆش و گەڕانەوەی کرێی نەشتەرگەری و دانیشتن لە ڕۆژانی هەینی و بینینی نەخۆشی تەوێڵە بێبەرانبەر.