مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

58 بابەت

کاسەدراوسێ

ناردنی بەشە خۆراکی ماڵێکە بۆ ماڵە دراوسێکەی، بە تایبەتی لە خواردنە دانسقە و خۆشەکاندا، لە هەڵەبجە و هەوراماندا بایەخی پێدراوە و تائێستاش پەیڕەودەکرێت، دەبێتە نەریتی چەند دراوسێ و بەردەوام کاسە، قاپێک لە نێویاندا دێت و دەچێت، لە ناردنی خواردن بۆ یەکتری، گەر خواردنەکە زۆر بێت و لە دراوسێیەک زیاتر دەگرێتەوە. زۆرجار دراوسێی دووەم، کە قاپەکەی بۆ چووە، نەیهێشتووە قاپەکە بە خاڵی بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکە. نەریتەکە چووەتە ناو پەند و ئیدیەمی کوردییەوە.

کەپرە هەوارگە

کەپر و ساباتی هەوارگەکانی ئەو خەڵکانەن، کە لە گوندەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە، بە تایبەت ناحیەی بەمۆ و شوێنە گەرمەکاندا بوون. هەموو ساڵێک لە سەرەتای وەرزی هاوین بۆ خۆڕزگارکردن لە گەرمای هاوین دروستیانکردووە و کۆچییان بۆ کردووە. هەتا وەرزی پایز لەو کەپرانەدا ماونەتەوە و لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی باراندا، کۆچیانکردووەتەوە بۆ ناو ئاواییەکان. لە هەورامان کۆچ بۆ ناو باخەکان بووە و هەندێک جاریش بۆ هەوارەکان.

کەڵەشاخ

کارێکی نەریتی و سوننەتی نێو موسڵمانانی ناوچەکەیە. باوەڕ وەهایه،‌ کە خوێنی پیس و کۆبووەوە لە جەستە دەردەکات. ئێش و ئازاری شان و مل و قاچ و قول ناهێڵێت. دوو جۆری هەیە: تەڕ و وشک. تەڕەکەی بەهۆی موس یان بڕەرێکەوە دەبێت، کە پێستی کەسەکەی بە زۆری لە نێوان شان و مل و پشتی پێ شەقارشەقار دەکرێت و مژەری بۆ کۆکردنەوەی خوێنە پیسەکە پێوە دەنرێت. لە کۆندا کەسانێک لە باوان یان لە خۆیانەوە فێری کارەکە بوون، بەڵام لە ئێستادا عیادەی پزیشکی تایبەت لە هەڵەبجە و شارۆچکەکانی بۆ ئەم مەبەستە کراونەتەوە و لەژێر چاودێریی لایەنی تەندروستیدا دەکرێت.

کۆتەکۆتە

نەریتێکی ئاینیی پیرشالیارییە. دووەم هەنگاوی نەریتییە لە زەماوندی پیرشالیاردا. لەگەڵ تاریک داگەڕانی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، کوڕوکاڵ بە هەڵبەستنی دەمامک و ڕەنگکردنی دەموچاویان لە پشت دەرگای ماڵانەوە خۆ دادەگرن و دەڵێن: کۆتە کۆتە. لەگەڵ کردنەوەی دەرگادا بە کەسەکەدا هەڵدەبەزن و دەیترسێنن بە تایبەت ئافرەتان، پاشان ڕاودەنرێن و دەگەڕێنرێنەوە بە وەرگرتنی کیسەیەک ڕازیدەکرێن. بە باوەڕی هەورامییەکان ڕیشە و بنەوانێکی نییە و بۆ گاڵتە و تامبەخشین خراوەتە نێو ڕەسمەکەوە.

کۆتەڵ گێڕان

باوێکی ماتەمگێڕی و شیوەنی کۆنی کوردییە، کە تەدارەکێکی دینیی و درامی هەیە. کارێکی پێکەوەیی و هونەرییە لە نەریتەکانی پرسەیە بۆ هەندێک کەسی بەناوبانگ. دوای مردنی کەسێکی گەورە و سەردار، دەگێڕدرێت. کات و شوێن و کەسایەتی و کەلوپەل و میوزیک، لە پێویستییەکانی کۆتەڵگێڕانن. ئەم شێوازە ماتەم و نواندنە پێویستی بە گروپێکی ڕاهاتوو شارەزای جموجوڵەکان هەیە. دەکرێت هەڵەبەستی تایبەتی (چەمەری) لەگەڵ نمایش و جوڵەی کەسەکاندا بوترێت. زوڕناژەن و دەهۆڵ کوت و گۆرانیبێژی شارەزا بە ئاوازی لاوانەوە و شین، بەشداردەبێت. کەلوپەلی تایبەتی مردووەکە لە جلوبەرگ و پۆشاک و ئەسپ و خەنجەر و تەسبیح و هتد، لە کۆتەڵگێراندا دادەنرێنەوە. هەندێک جار کۆتەڵگێران بۆ ماوەیەکی زۆر وەک عەزاداری و پرسە درێژەی دەبێت. لە هەڵەبجە و هەوراماندا کۆتەڵگێڕان بۆ (ئەحمەدموختاری شاعیر و کەریم سان) گێڕراوە.

گەلەبێرە

نەریت و کردەکەی شوانە. بریتییە لە هێنانەوەی (ڕان) لە لایەن شوانەوە لە کەژ و شوێنی لەوەڕگاوە، بۆ شوێنیکی نزیک لە ئاوایی. بە مەبەستی دۆشینیان لە لایەن بێری و خاوەنەکانیانەوە. بەهاران دووجار و هاوین و پاییزان جارێک. ئەم کردەیە بەپەڵەدان کۆتاییدێت.

گوێزەبان: وەزەبان

شایی و ئاهەنگ و موژدەدان و بەشکردنەوەی شیرینییە، بە زۆری لە کاتی لە دایکبوونی منداڵی نێرینەدا کراوە. لە هەورامان گوێز لەبری شیرینی بەسەر ئامادەبووندا دەبەخشرێتەوە یان دەنێررێت بۆ ماڵان. زیاتر لە بۆنەکانی (گەڕانەوەی کاروان، هاتنەوەی حاجیان، چاکبوونەوەی نەخۆش، بوون بە گەورەیی و ئەنجام بەدەستهێنانێکی گەورە، لە دایکبوونی منداڵ دوای چەند ساڵ لەدایکبوونی برای کچان... هد) ڕێکدەخرێت. لە هەوراماندا (وەزەبان)یشی پێدەوترێت.

گوێزشکاندن و سەرسپاردن

مەراسیم و ڕەسمێکی ئایینیی یارسانەکانە. بۆ هەرکەسێکی یارسانی زۆر پێویستە هەر خێزانێکی یارسانی، کە منداڵیان دەبێت، پێویستە سەرسپوردەی بۆ بەجێبهێنن هەتا منداڵەکەیان بێتە ڕیزی یارسانەوە. پەیوەندی_بەستنی نێوان کەسێکی یارسان و دوو پێشەوای دینییە. ئەو شتانەی بۆ سەرسپاردن پێویستن: (گرتنی پیر و دەلیل، لەو بنەماڵەی، کە باوکی منداڵەکە سەرسپوردەیان بووە، یەک دانە گوێزی ساخ، قوماشێکی سپی درێژی و پانی یەک مەتر کەمتر نەبێت، نیاز (بڕێک نەبات) کەڵەشێرێکی باڵق، بڕێک پارە، سکەی محەمەدی، لای پیرەکان هەیە، چەقۆیەک بۆ بڕینی سەری گوێزەکە، دەفتەر بۆ خوێندنی دوعا. وەک هێمایەک بۆ دەفتەری پیر موسا، کولیچە (کولێرەی ڕەمزبار) دوای سەرسپاردن ژن و ژنخوازی لە نێوان سەر سپێرەکەو پیر و دەلیلەکەدا نامێنێت.

لەیلەتولقەدر

لە بیروباوەڕی موسڵماناندا، شەوێکی پیرۆزە. قورئانی تێدا هاتووەتەخوارەوە و قورسایی و سەنگینییەکەی لە هەزار مانگ زیاترە. چەندین فەرمودەشی لە بارەیەوە هەیە. ئەو شەوە دەکەوێتە دە شەوی کۆتایی مانگی ڕەمەزان. زانایان بەگشتی بۆ شەوە تاکەکانی ٢١، ٢٣، ٢٥، ٢٧، ٢٩ دەچن. لەو شەوانەدا موسوڵمانان لە مزگەوت دەمێننەوە و قورئان دەخوێنن و شەونوێژ دەکەن و خوداپەرستی ئەنجامدەدەن. لە هەڵەبجە و ناوچەکانیدا، لەو دە ڕۆژەدا خێر دەکەن و خواردن و شیرینی دەبەخشنەوە.

مەلای ڕەمەزان. یان مەلای جەژن

نەریتێکی مانگی ڕەمەزانی نێو کوردەوارییە. لە ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوور باوبووە. بریتیییە لە چوونی فەقێ یان موستەعید بۆ ناو ئەو هۆبە و هەوار و گوندانەی، کە مزگەوتیان نەبووە، یان مزگەوتیان بێ مەلا بووە. بە زۆری لە مانگی ڕەمەزاندا پەیڕەوکراوە. لە بەرانبەر نوێژ و تەراویح و نوێژی جەژندا، فەقێ سەرفیترە و زەکاتی پێدەدەن و جاری وا هەیە فەقێ، گفت بەو شوێنە دەدات، کە دوای مۆڵەت ببێنە مەلایان. بەو مامۆستایانە وتراوە مەلای ڕەمەزانی.

مزگێنی-مژدانە

بریتییە لە گەیاندنی هەواڵی خۆش و شاد لە لایەن کەسێکەوە بە ئەوانی تر و لە کاتی گەیاندنی هەواڵەکەدا، هەواڵدەر دەڵیت: مزگێنیم بدەرێ. ئەم نەریتە زیاتر لە کاتی گەیاندنی هەواڵی منداڵ بوون و گەڕانەوەی کەسی دوور و تەواوکردنی خوێندن و چاکبوونەوەی نەخۆش و ...هتدا بووە. مژدەدەر بۆ وەرگرتنی مزگێنییەکەی، لە گەیاندنی هەواڵەکەدا، هەل لەدەستنادات. ڕیشەیەکی کۆنی هەیە و لە ئایینەکاندا مژدەدەر و مزگێنی باسکراوە و چووەتە ناو ئەدەبی کوردییەوە.

مریشک خەواندن

نەریتیکی فۆلکلۆری منداڵانەی زۆربەی گوندەکانی هەورامانە. بریتییە لە خەواندنی مریشک. لە ئەنجامی پەیوەندیگرتنی منداڵان بە گیانلەبەرە ماڵییەکانەوە. زیاتر لە بەهار و هاویناندا دەکرێت. سەروملی مریشکەکە بە شیوازێک لار دەکرێتەوە و دەخرێتە بن باڵێکی مریشکەکە و تف دەکرێتە سەر باڵی و بە هێمنی دەست دەهێنرێت بەپشتیدا و جارجار بە ڕاست و چەپدا دەخرێت و دەوترێت (ئیلا چاڵ و ئۆ لا چاڵ، کەرگەکێ بووسە، چەقەڵ ئاما، ئەملا چاڵ و ئەولا چاڵ مریشکەکە بنوو چەقەڵ هات). بەم شێوەیە مریشکەکە شل دەبێت و دەخەوێت.

نوێژەبارانە

نەریتیکی ئایینی ئیسلامە. موسڵمانانی ناوچەکە بڕوایانپێیەتی و لە کاتی کەم_ئاوی و وشکەساڵیدا، نوێژ بە مەبەستی بارینی باران دەکەن. پێغەمبەری ئێسلام و هاوەڵانی چەند جارێک ئەنجامیانداوە. بە شێوازی نوێژی جەژنە و دوو ڕکاتە و بە کۆمەڵ دەکرێت. قامەت و بانگی نییە. باش وایە لە دەرەوە و لە دەشتدا بکرێت، هەموو موسڵمانان بە منداڵ و ئافرەتەوە دەربچن بۆ نوێژەکە، نزا بۆ ڕەحمەت بکرێت. جلەکان هەڵبەگەڕێنرێتەوە. پیاوچاکێکی پارێزکار و دڵپاک ببێتە ئیمام.

نۆباو

سەرە و نۆرەی ئاودانی باخە. لە هەوراماندا پێیدەوترێت نۆباو. وەک نەریتێکی کۆمەڵایەتی دامەزراوە و بەرێکوپێکترین شێوە بەڕێوەدەچێت. دابەشکردنی ئاو لە هەوراماندا یان بە پێی سەعات بووە، یان بەپێی جوڵە و تیشکی خۆر. لەکاتی ئاودان و نۆباودا، میراو بۆ دابەشکردنەکە و سەرپەرشتی جۆگەکان دادەنرێت.

نیاز

نەریتێکی ئاینیی یارسانەکانە. بە واتای زاراوەیی (نیەت، قەست، ئارەزوو، مەبەست) دێت. لای یارسانەکان داب و دەستورێکی دیینیە بۆ (سفرەی گشتـی) و یەکێک لە ڕێنوێنی و دابینکراوەکانی (جەم)ە. نیاز پێکهاتووە لە (یەک شاخە نەبات، قەند، مێوژ...) خوێندنی یەکەم دوعایە، کە لە یەکەم جەمدا بە فەرمانی سوڵتان لەلایەن سەید محەممەدی گەورە سوارەوە.

هەڵپەڕکێ

لە بۆنە کۆمەڵایەتی و ئایینی و نەتەوەییەکانی وەک سەیران و ژنهێنان و لە دایکبوون و زەماوەند و ئازادیی لە دیلی و سەرکەوتنی شەڕ و تەواوکردنی خوێندن و ئیجازەدانی فەقێ و زەماوەندی پیرشالیار و کۆبوونەوەکانی نێو تەکیە و خانەقا و زکری دەروێشان و نەورۆز و ئایار و...هتددا دەکرێت. لەگەڵ شمشاڵ و دەهۆڵ و تەپڵ و زوڕنا و دەنگی گۆرانیبێژاندا ڕێکخراوە. گیانی شادی و پێکەوەیی و ڕەوینەی خەم و ئاشتی و دڵپاکی دەخاتە نێو تاکەکانی کۆمەڵەوە. ژن و پیاو بەجیاو ڕەشبەڵەکیش بە تێکەڵی هەردوو ڕەگەز بەڕێوەدەچێت، لە هەڵەبجە و هەوراماندا جۆرەکانی: چەپی و سێپیی و فەتاح پاشایی و گەڕیان و گێڵای و دێرەکانێ و عرفانی و حاڵ و شێخانی لە مێژودا باوبوون، لە ئێستاشدا مەریوانی و سەقزی و چەند جۆرێکی تری بوونەتە باو. بە هۆی جیاوازی جوڵە و پێکهاتە و ژمارە و ڕابەرەکانییەوە، نزیکەی پەنجا جۆری هەیە و گروپ و فێرگەی تایبەتی بۆ دروستکراوە و بۆ پارێزگاریکردنی وەک نەریت و سیما و ناسنامەیی نەتەوەیی. بە ڕیز و بازنە و جوڵە لە هەمان شوێندا بەڕێوەدەچێت و بەسەرکردە و ڕابەری جوڵەکان دەوترێت (سەرچۆپی)، کە دەسماڵ و دەسڕی پێیە و جوڵە و ئاماژەی هونەری پێدەکات و بە کۆتا کەسیش وتراوە (گاوانی)، کە پێگەی بەرز و نزمیان هەبووە، گاوان قوفڵی ڕیزی هەڵپەڕکێکە بووە و پارێزگاری لە ڕیز کردووە، کە بێگانەی تێکەڵنەکرێت و لە هەوراماندا ژن نەخراوەتە گاوانییەوە. لە فۆلکلۆردا گەلێکی بەسەردا وتراوەو چووەتە ناو شیعری نوسراوی شاعیرانیشەوە. گەلێک کەس بەو هونەرە لە ناوچەکەدا ناوبراون و جوانیی جوڵەیان سەرنجی دەوروبەری بردووە. لە بۆنەکاندا شاباش و دیاری دابەشکراوە و خەڵکی چووەتە ڕیزەوە، بۆیە وتراوە شاباشی خۆت بەو قنج هەڵپەرە.

هەڵگرتنی شەوە

هەڵگرتن و لەمل یان لە دەستکردنی موروویەکی مەحکەمی ڕەشە، لەناو ژنانی هەڵەبجە و هەوراماندا باوبووە، بەهای مورووەکە لە مورووەکانی تر گرانترە. بە بیانوی خۆپارستن لەو ژنە ئەفسانەییە نەزۆکەی، کە لە تۆرەمەی جنۆکەیە. دەچێتە گیانی زەیسان و منداڵی تازە لەدایکبوو، دەیگرێت و دەیگوشێت و شینومۆری دەکاتەوە و هەوڵی خنکاندنی دەدات، بۆ ڕزگاربوون لەو بەڵایە مورووی شەوە هەڵدەگرن و و لە ملیدەکەن یان بەداری بێشکە و ژێرسەری منداڵ و دایکەکەی دادەنێن و حەوت شەو حەوت ڕۆژ باسی منداڵ دەکەن و هەندێک شتی وەک (سیر، پیاز، سوژن و دەرزی و..هتد) بە چواردەوری منداڵدا دادەنێن.

هەڵگرتنی مورووی کارەبا

هەڵگرتن و لە دەستکردنی موروویەکی زەردباوە، کە بە مورووی کارەبا ناسراوە. نزیک بکرێتەوە لە پەل و پوش و کاغەز ڕایدەکێشێت. لە جەوی و کەتیرەی هەندێک دار دروستدەبێت. ڕەنگی سور و زەردی هەیە. لە باوەڕی ناوچەکەدا بۆ سەلامەتی و دورکەوتنەوە لەهێزی نادیاری شەڕانی، بایەخی پێدراوە و لەبەرئەوە کراوە بە بەروبێشکە و دار و کۆڵەکەی ماڵانەوە. کەسێک ئاوساویی یان تەنگەنەفەسی هەبێت، یان دڵی تەنگ و شێواو بوو، موری کارەبا بۆی باشە. هەروەها دەکرێتە دەستی ئەو کەسانەی تووشی زەردوویی دەبن و ژنی سکپڕیش بۆ سەلامەتیی سکەکەی بایەخی پێداوە. شاعیرانی گەورەش باسی ئەم باوەڕ و نەریتەیان کردووە.

پێشتر 1 2 3