بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
نەریتێکی ئاینیی پیرشالیارییە. هەتا ئێستاش ئامادەکردن و لێنانی و کەرەستەکانی دێرینە و ناوچەیین. پێکهاتەکانی (بڕوێشی کاڵ، لەتکەنۆک، تشەهەنار، سی و جگەر و هەندێک چەوری لە گۆشتی حەیوانە قوربانییەکان) لە نێو ماڵەکەی پیشالیار لە دوکاتدا لێدەنرێت، جاری یەکەم بۆ بەشی ماڵان و منداڵان بە دەفری خۆیانەوە دێن و بەشی ماڵەوەیان دەبەنەوە، بەشێکیش بۆ شەوی هەینی و جەمبەستنی ماڵی پیر لێدەنرێت و هەڵدەگیرێت و لەو شەوەا بەسەر دانیشتواندا دابەشدەکرێت. خواردنی ئەم چێشتە و دابەشکردنی جاڕدەری یەکسانی و جیاوازینەکردنی پلەوپایەی مرۆڤەکانە.
نەریتێکی دێرینی جوانکاریی ناوچەکەیە، ڕیشەیەکی فەرهەنگیی ئایینی هەیە. لە هونەری میللی و گۆرانی ناوچەی هەڵەبجە و هەوراماندا شوێنی خۆی گرتووە و تایبەت بۆ ژنان ناوی هاتووە. هەندێک لە پیاوانیش وەک سونەت پەیڕەویانکردووە. تۆزێکی ڕەشی وردکراوە، لە بەردێکی ڕەشی بریقەدار لەناو تورەکەیەکی بچووکی لە پێست یان لە کەتان دووراو، لوولدەکرێت و هەڵدەگیرێت و پێیدەڵێن (کل)، کە بۆ ماوەی چل ڕۆژ خراوەتە نێو ئاو و پاشان وردکراوە و لە گەڵ چەوری و زەردێنەی هێلکەدا داخکراوە و ئامادەکراوە لەگەڵ میلێکدا، کە لە ئێسقان یان زیو دروستکراوە، بەکلەکەدا دەهێنرێت و چاوی پێدەڕەژن. بەردی کل(سورمە) لە کێوی سوتاوی(تور) دەهێنرێت. لەناو هەندێک خەڵکی ناوچەکەدا، چاوی حەیوانی قوربانیش پێش سەربڕین دەڕەژن.
نەریتێکی باوی ناو دەروێشانە، دەروێشانی تۆبەکار لە تەکیە و خانەقا و گۆڕەپانی ناوچەکانی هەڵەبجە و هەورامان، دوای حاڵلێهاتن هەندێک هەڵسوکەوتی سەیر سەیر ئەنجامدەدەن. هەندێک لەم دەروێشانە لە ڕۆژهەڵاتەوە بە تایبەت لە تەکیەی نجارەوە دەهاتن و دەستیاندەدایە سیخ لێدان و شووشە و پشکۆ خواردن و یاریکردن بە گڕ و مار و ..هتد. بە وتنی لا الە الا اللە و ئەڵڵا ئەڵا و ناوبردنی مراد و مورشدێک کارەکەیان ئەنجامدەدا. بە هەرە چالاکەکانیان دەوترا دێوانە. خەلکی دەچوونە سەیریان. زۆر جار وەک پێشبڕکێی لێدەهات و تۆبەکاری هەر شوێنێک ڕەوشتی زیاتری دەنواند.
کارێکی ڕازانەوە و چنین و هۆنینەوەیە. پەڕەی گوڵەباخ و پەنجەخانم و گۆزروان و هەزبێلە و شەوبۆ و توێکڵی پرتەقاڵ و مێخەک و هێل... هتد وشکدەکرێن. تێکەڵدەکرێن و دەهاڕرێن و هاڕاوەکە دەکەنە تورکەی بچووک بچووکی شێوە سێگۆشەیی ئاڵ و واڵاوە، بە شێوەی ملوانەکە دەهۆنرێنەوە بۆ جوانی. ئەم حەتحەتۆکانە دەکرێنە مل و بە بێشکەی ساواوە هەڵدەواسرێن، دەشخرێنە ناو سندوق و دۆڵابی جلوبەرگ. بە مەبەستی بۆنخۆشی و پاراستنیان لە مۆرانە. بۆ ڕازاندنەوە دەکرێت بە گۆشە و دەسکی هەگبەوە.
یەکەم هەنگاوی نەریتە نەگۆڕەکانی جەژنی پیرشالیارە، یەکەم ڕۆژی هەینی بەر لەناوەڕاستی زستان، مقۆمقۆ کەوتووەتە نێو خەڵک و ماڵان، کە گوزارشتە لە هاتنەوە و ساڵوەگەڕی جەژنی پیر، هەتا وتاری نوێژی هەینی دێت و خەبەر و بانگی جەژن دەدەن. وەک نەریتی ئەم کارە، گوێزەکانی باخی پیر، لە لایەن خیڵی گزیرانەوە وەک یەک و بەپێی ژمارە دەکرێنە وەزەبان و بەسەر ماڵاندا دابەشدەکرێن. بنەماڵەکانیش پارە یان شتێک وەک خۆبەخش لە بەرامبەردا دەخەنە کاسەکانەوە و پێشکەشی زەماوەندەکەی دەکەن. بەم هەنگاوە خەبەری هاتنەوەی جەژن بڵاودەکەنەوە. بەشێک لە هەورامییەکان ئەم گوێزەبانە بە بەخشینی لە دایکبوونی پیر محەممەدی وردیکڵەی کوڕی پیر محەممەدی غەیبی دەزانن، کە بابا خوادادی باوکی پیرشالیار یەکەم گوێزەبانەی بۆ دەکات و ناو لە منداڵەکە دەنێت. گێڕانەوەکی ئەفسانەییشی دەدەنە پاڵ. هەندێکیش بە هەواڵی هاتنی جەژنی دەزانن و بڕێکیش مانای قوڵتر و دورتری مێژویی پێ دەدەن و وەک هەواڵ و مژدەی ڕسکان لە خەتەری زستان لە قەڵەمی دەدەن. لە نوسەرانی یارسانیش هەن بە نزیکی جەژنی قەوڵتاسی یارسانی دەزانن. بە قسەی بەساڵاچوانی هەورامان ساڵانی زوو کەسانی خێڵی (جاڕچیان) بە گوندەکاندا گەڕاون و خەڵکیان لەوادەی جەژنەکە ئاگادارکردووەتەوە. پاش تەواوبوونی گوێزەبانەی خەبەر، تـاسێشەممەی دادێ، هـیچ ڕەسـمێک بەڕێوەناچێت.
نەریتی سونەتکردنی منداڵی کوڕە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بە زۆری لە بەهاردا ئەنجامدراوە، هەفتەی یەکەم تا چل و لە لادێکاندا بۆ چەند ساڵیش دوا کەوتووە. لە سوتاوی گیای چراوگەی شاخەکان بۆ تەداوی کەڵک وەرگیراوە. لە سوننەتکردنی منداڵی شێخ و بەگزادەو دەسەڵاتداران، یان منداڵی تاقانە و خەڵکی تریش بە کۆمەڵ و پێکەوە، لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە لە دوای خەتەنەکردنەکە، نان و ئاو و شیرینی و میوەیان گێڕاوە، لە هەندێک شوێن هێلەکەیان بەڕەنگی سور ڕەنگکردووە و شایی و گۆرانیان تێدا وتووە. لەکۆندا کەسێکی شارەزا، کە فرمانەکە ماڵەوماڵ گەڕاوە بۆ خەتەنەکردن، لە ئێستادا یاریدەدری پزیشکی یان کەسێکی خاوەن بڕوانامە خەتەنە دەکات و ڕەسمەکە لەو نەریتە کۆمەڵایەتییە کەوتووە.
نەریتێکی کۆمەڵایەتی و لە ڕێوشوێنەکانی گواستنەوەی بووکە. بە زۆری لە شەوی پێش گواستنەوە دەکرێت و هۆنراوە و گۆرانی تێدا پێشکەش دەکرێت. گەڵای گوێز لە کاتی تێگرتنی خەنەکەدا بەکاردێنن. دەستەی کیژانی خزم و هاوڕێیانی بووک پێش گواستنەوەی بووکێ، دوانیان (پاوێو، پێخەسوو)یان پێدەوترێت، بووکە دەبەنە گەرما و دەست و قاچی لە خەنە دەگرن. جلوبەرگی کوردی دەپۆشن، کە هی بوکێ مەرجە ڕەنگی سوور بێت. مێزیک یان سفرەیەک بە کەرەستەی سروشتی لە پەڕەی گوڵ و گیای بۆنخۆش و مۆم و چاوەزار و کەرەستەی شیرینی لە میوەی وشککراو... دەڕازێننەوە. سەر و دەست و پەنجەی پێیان لە خەنە دەگرن، بووکێ خەنە لە دەستی هاوڕێکانی دەدات.
یەکێکە لەنەریت و چەمکە کۆمەڵایەتییەکانی گەلکاری و ئیشکردن بە هەرەوەزی. لە کۆن و هەتا ئێستاش لە شارەزوور و هەوراماندا پەیڕەوکراوە. بریتییە لە کارکردنی پێکەوەیی لەو کاروبارانەی کشتوکاڵ و باخدارییدا، کە بەتەنها زەحمەتبوون. وەک: پاککردنەوەی باخ و تەڵان_دانان و گوێز_تەکاندن و هەنار_ڕنین و توو_چنیینەوە و مێو_بڕین و لۆکەندن و... هتد لە هەورامان. کاری (پاچەکۆڵە و پەموو_چنین و بستەدەرهێنان و گەڵاشکێن و شریت لێدانی توتن) لە شارەزوور. هەرکەس یارمەتیدرابێت (دەسەوامی) کەوتووەتەوە سەرو بە ژمارە و ڕۆژی کار و کرێکار، چووتەوە بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی، کە یارمەتیانداوە. لەم نەریتەدا شێوازی کارکردن بە ڕێکوپێکی و بەرنامە داڕێژراوە و کاتی بۆ تەرخانکراوە. وەک (کارکردن، دانیشتن و پشوودان، نانخواردن، نوێژکردن، گۆرانی و هەڵپەڕکێ و یاری). بەمەش کارە گرانەکان ئاسانکراون و لەماوەی دیاریکراودا تەواوکراون.
نەریتێکی کۆکردنەوەی خۆراکی فەقێیانە. فەقێی هەر گەڕەکێک لە ناو شار یان حوجرەی لادێکاندا کۆدەبنەوە و پێکەوە دوای نوێژی شێوان ڕوو دەکەنە ماڵان و پێکەوە لە دەرگا دەدەن و دەچنە حەوشە و یەکێکیان بە دەنگی بەرز دەڵێت: دەقنەی فەقێ. ئیتر ماڵەکە چیان لە دانەوێڵە و نیسک و نۆک و برنج و ساوەر و شەکر و چاو..هتد هەبێت، ئەندازەیەکیان پێدەدەن و هەمووی کۆدەکەنەوە و دەیکەنە گۆزە یان دەفری هەڵگرتن. ئەمەش پیتاکی خوێندنی زستانانی فەقێیە. لە سنوری هەڵەبجە و هەورامان پیتاکی زیاتر بە فەقێ دراوە و خەڵکی باوەڕیوابووە، بەو بەخشینە لەڕێ زانستدا، بەرەکەت دەکەوێتە ڕزق و ڕۆزییانەوە.
لە بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتنی گوێزدا بەکاردێت. پێوەر و کێشانەی فرۆشتنی گوێزە لە هەڵەبجە و هەورامان، بە پەنجەکانی دەست و دە دە ڕۆشتووە و هەتا هەزار، وەک نەریتی بەربڵاوی ژماردن، واتای زۆریی دەدات، لە هەوراماندا لە کۆنەوە ناسراوە و گوێزی پێ ژمێردراوە، هەتا ئێستاش جێگەی بۆ کێشانەکانی تری وەک کیلۆ چۆڵنەکردووە. پێوەرێکیشە بۆ نرخی باخە گوێزەکان و دەوترێت فڵانە باخ ئەوەندە هەزار گوێزی هەیە. هەندێکجار نرخی تەکاندنی ئەو شەنیەرەی باخە گوێز دەتەکێنێت، بە هەزارە گوێز دیاریدەکرێت. واتە کرێی ڕۆژێکی ئیشەکەی هەزار گوێزە، یان نرخی هەزار گوێز بە پارە.
دابونەریتێکی کوردەوارییە. بۆ بەیەکگەشتن و هاوسەرگیری نێوان نێر و مێ، چەند ڕێوڕەسم و مەرجێک ئەنجامدەدرێت. بەگشتی لە هەڵەبجە و هەورامان و شارەزووردا، لە ڕۆژگاری پێشتردا ئەمانە بووە: ١- دۆزینەوە و تەما: دۆزینەوە دیاریکردنی کچێک لە لایەن کوڕ خۆی یان کەسوکارییەوە. ٢- پرسیار و دوداچوون: زانینی ئەوەیه، کە ئایا ئەو کچە شوو دەکات یان بە تەمای کەسێکی تر نییە؟ ٣- ڕاماڵی: ڕێگە پاککردنەوەی کارەکە بە ڕاسپێریی کەسێک، کە بە ناڕاستەوخۆ نیاز بە گوێی کەسوکاری کچەکە دەدات و وەسفی ماڵی کوڕ بە باوانی کچە دەگەیەنێت و لە هەنگاوەکانی تر دڵنایی وەردەگرێت. ٤- خوازبێنی: چەند کەسێکی ژیر و پێگەداری ناو کۆمەڵ لە ماڵە کوڕەکە دەنێررێن بۆ داخوازیکردن لە ماڵی کچەکە. ٥- ماڵبڕینەوە و ڕێککەوتن: چەند کەسێک لە کەسوکاری کوڕ سەردانی ماڵە کچە دەکەن و لەسەر مارەیی و ماڵ و پەڵپی ئەوان ڕێکدەکەون. (گەر داوای پارە و شتی نەختنەی پێشوەختە بکەن، پێیدەوترێت شیربایی). ٦- مارەبڕین: زانایەکی ئایینی لەسەر ئەو ماڵەی، کە لەسەری ڕێککەوتن کراوە، مارەیاندەکات. ٧- شیرینی خواردنەوە: خۆشەویستان و کەسوکاری هەردوولا کۆدەبنەوە شیرینی دەخۆنەوە. ٨- دەستگیرانداری (ڕەسێکێشان): ماوەی نێوان مارەبڕین و کاتی گواستنەوەی بووکە، کە کوڕ یان کەسوکاری کوڕ سەردانی ماڵی کچەدەکەن و دەستودیاری بۆ دەبەن. ٩- بەربووکی: ڕۆژێک پێش گواستنەوە لە مأڵە زاواوە ژنێک یان دووژنی نزیک لە کوڕ دەنێرنە ماڵە بووک. ١٠- خەنەبەندان: لە خەنەگرتنی دەستوپەنجەی کچانە شەوی پێش گواستنەوە. ١١- گواستنەوە: بووک دەبرێتە ماڵی زاوا. هەر ناوچەیەک بەزم و ڕەزمی بووک گواستنەوەی خۆی هەیە. بۆ نموونە لە هەوراماندا بە ئاوازێکی تایبەت و ناسراو بووک دەبرێت کە بە بەزمی (یادەوبادە) ناسراوە. ١٢- تەلبردن و تەلهێنان: نەریت و ڕەسمێکی کۆمەڵایەتییە. بریتییە لە (تەلبردن: توێشووبردن) ئەو شیرینی و کەلوپەل و پێداویستییانەن، کە ماڵی بووک دەیبەن بۆ ماڵی زاوا، لە کاتی چونیان بۆ بەرەو باوانکردنەوە بووک. (تەلهێنان) ئەو شیرینی و دەستودیارییانەن، کە ماڵی زاوا دەیبەن بۆ ماڵی بووک لە چوون بەشوێن بووکدا بۆ هێنانەوەی دوای باوانکردنەوەی. ١٣- زەماخوانە: ئەو خۆراک و خوانەیە پێش بەرەو باوانکردنەوەی بووک، ڕۆژانە لە ماڵی باوکی بووکەوە دەچێت بۆ ماڵی زاوا. بەو خوانە دەوترێت (زەما خوان -زاوا خوان) ئەو نان و چێشتەیە بۆماوەی (٣یان ٧) ڕۆژ لە ماڵی بووکەوە دەبرێت بۆ ماڵی زاوا.
نەرتی باوی ناو کاروکەسابەتە. فرۆشیارانی ناوچەکە، یەکەم موشتەری و ئەو پارەیەی لێی وەردەگرێت بە خێر بەرەکەت پیشوازیلێدەکات. ڕەسمی سفتاحکردن و وەرگرتنی پارەکە چەند جۆرێکە، کڕیار پارەکە دەخاتە زەوی یان سەرمێز، ڕاستەوخۆ نادرێت بەدەست دوکاندارەوە و دوکاندار لەسەر زەوی هەڵیدەگرێتەوە. بە باوەڕی ئەوەی زەوی پاکە و کینە و بەغیلی و حەسادەتی نییە. خۆ ئەگەر موشتەری بیدایەتە دەست فرۆشیارەوە، ئەو کات فرۆشیار پارەکەی وەردەگرت و دەیخستە سەرچاوی و ماچیدەکرد و ناوی خوای دەهێنا. گەر ئەو ڕۆژە خێری زۆری بکردایە، دەیوت سفتاحی بەیانیم بە دەستی فڵان بووە و دەستی بەخێرە. لە بێ بازاڕیشدا دەیانگوت: سفتاحم نەکردووە. سفتاحکردن خێری کەمتری لەسەر دانراوە و بە دەستپێکی ڕسق و ڕۆزی دانراوە.
قسەیەکی باوی نێو گوندی (قەدەفەری)یە. دەدرێتە پاڵ (حاجی سەمینی حەمەی ئەحمەد فەرک ١٩٢٧-٢٠٠٧)، کە بە (مامۆ) ناسراوە. مەبەست لە ڕەتنەکردنەوەی خواردنەوەی چایە. چونکە لەکاتی خۆیدا مامۆ وتوویەتی ئەگەر چوویتە هەر کۆگا و ماڵ و شوێنێک، جواننییە بڵێی هیچ ناخۆم، وەک باویش زیاتر چا پێشکەشکراوە، بۆیە لەگەڵ دانانی هەر چایەک، گەر زۆریش خورابێت، وتراوە سوننەت و ئوسوڵی مامۆیە دەبێت هەر بخورێت. بۆیە گەر لە قەدەفەری بژیت، فێری چاخواردنەوەیەکی زۆر دەبیت.
پەیمانێکی بەستراوە بۆ ساڵانەی شوان. هەرکەسێک دەبێتە شوان بە پێی (شەرت) لەگەڵ خەڵکی دێدا لەسەر ساڵانە و پارەی کڵاشدڕانە و نانی ڕۆژانە ڕێکدەکەوێت. بۆ نمونە لەوەڕاندنی هەرسەرێک (مەڕ، بزن، مانگا، گوێرەکە) بە بڕە پارەیهک دیاریدەکرێت و لەپاڵ خزمەتەکانی تردا بە شوان دەدرێت.
نەریتێکی ئاژەڵداری گوندەکانی سنوری شارۆچکەی بەمۆیە. لە کۆندا ساڵانە لە کۆتاییەکانی بەهاردا ئاژەڵەکانیان لە لەوەڕگە دوورەکانەوە هێشتووەتەوە و نەیانهێناونەتەوە بۆناو گوند. مەنزڵیان لە نزیک لەوەڕگەکان گرتووە و شەوانە ئاژەڵەکانیان بردووەتە لەوەڕگە، چونکە ڕۆژانی وەرزی بەهار زۆر گەرم بووە. بەو شەوە خواردنەی ئاژەڵەکانیش وتراوە (شەواژۆ).
جۆرێکە لە ڕاوکردنی پەلەوەری وەک کۆتر و سوێسکە و چۆلەکە و ڕیشۆڵەو.. هتد. لە شەوی زستان یان بەهاردا چەند کەسێک کۆدەبنەوە و لە چۆم و دەوەنی گوندەکاندا دەچن بۆ ڕاو، کە نابێت لە دوو کەس کەمتر بن. وەل و دەستە چیلەی وشک دەبەن و گەشتنە دەوەنەکان گڕی دەدەن، یان لایت و چرا برقی دەگرنە دەوەنەکان. بەم جۆە مەلەکان لانەکەیان لێ تیکدەچێت و بەر شەوارە دەکەون و دەیانگرن، لە چەم و دەونەکانی زەڵم و باوەکۆچەک و پێدەشتەکانی خورماڵدا باوبووە.
نەریتێکی ئایینیی کۆمەڵایەتییە، ڕێکەوتی شەوی ١٥ شەعبانی مانگی عەرەبییە. لە زۆربەی ناوچەکانی کوردەواریدا یاددەکرێتەوە. لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و هەورامان گرنگی و بایەخی پێدراوە و ئەو ئێوارەیە خواردنی خۆش لێنراوە، کە تاریک داهاتووە منداڵان بە کۆڵاندا گەڕاون و وتویانە (بەراتی کە، شەو تاریکە)، (شەوی بەراتێ، خوا کوڕ و کچتان باتێ)... لە هەوراماندا گوێز، توو، میوەی وشککراو، مێوژ، لەبری نوقڵ و چکلێت بەخشراوەتەوە.
دواشەو و درێژترین شەوی پایز و ساڵە. لە بنەڕەتدا بۆنەیەکی میتراییە و مێژوویەکی چەند هەزار ساڵەی هەیە. هاتووەتە کلتوری گەلانی ناوچەکەوە. وشەی (یەڵدا) ڕیشەیەکی سریانی هەیە و بە واتای لەدایکبوون دێت، کە لە کوردستان شەوی ٢١ لەسەر ٢٢ی مانگی ١٢ یاددەکرێتەوە و لەناو گەلی کورددا بە (شەوچلە - شەوی چلە) ناسراوە. لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە هەڵەبجە و هەورامانیش یاددەکرێتەوە و ئەو شەوە خواردنی تایبەت و چالاکیی هونەری و ئەدەبی تێدا پێشکەشدەکرێت.
نەریتێکی ئاینیی پیرشالیارییە. هەندێک پێیانوایە دەگەڕێتەوە بۆ لەدایکبوونی پیرشالیار و مزگێنی لە دایکبوونی ئەوە. هەندێکیش بە لەدایکبوونی کوڕی پیرشالیاری دەزانن. هاوکاتی نەریتی (کۆتە کۆتە)ی منداڵانە، لە گوندی (سەروپیری) منداڵان بە بەردەرگا و پەنجەرەی ماڵاندا دەگەڕێن و نزایەک لە شێوەی هاوار دەکەن: قەڵاڕۆچنێ، بە کوڕ و کناچە شادی بیدێ. بە کوڕ و کچ شادبن. خاوەن ماڵان وەکو بەرات ئەو منداڵانە بێبەشناکەن. مێوژ، گوێز، توو، یان پرەیان پێدەبەخشن. هەورامییەکان باوەڕیانوایە بێبەشکردنی منداڵانی قەڵاڕۆچنێ، دەبێتە هۆی کەمیی ڕزق و بەشدانیان دەبێتە هۆی خێر و بەرەکەت و ڕەزامەندیی پیران. لەم نەریتە کوڕ و کچ بەشدارن و ترس و تۆقانی تێدانییە، لە کۆندا لە زۆربەی لادێکانی هەوراماندا بە ناوی جیاجیاوە کراوە. لە ئێستادا تەنیا لە گوندی سەروپیری دەکرێت.
نەریتێکی ئاینیی پیرشالیارییە. لە دوای نەریتی (قەڵاڕۆچنێ) بەڕێوەدەچێت. لە نەریتەکانی زەماوەندی پیرە و بە سەربڕینی کاوڕەکان بەناوبانگە. لە تایبەتمەندییەکانی: ئاژەڵەکان دەدرێنە دەست گزیرەکان و لە جاڕەلۆی تایبەتی پیرشالیاردا تاڕۆژی قوربانی دەلەوەڕرێن، یەکەم سەر، کە دەکرێتە قوربانی، دەبێت لەلایەن کەسێکی بنەماڵەی (هاڵیشا-پاشایا)وە سەرببڕرێت. بەو باوەڕەی یەکەم کەس لە زەماوەندی پیر و شابارە خاتوندا، کەسیکی ئەو خێڵە یەکەم حەیوانی سەربڕیوە. لە گەڵ سەربڕینەکەدا دەنگی یاپیر بە دەوری ماڵی پیرشالیاردا بەرزدەبێتەوە و لاکەکان دەدرێنە زیرگەوانی ماڵی پیر و بە یاریدەی دەستوپێوەندەکانی، گۆشتەکە بەپشک دەکرێت و بەشدەکرێت. هەر تایفەیەک لەیەکەم جەژندا چ جۆرە گۆشتێکی پێدرابێت، هەر ئەو جۆرەی پێدراوە. لەبەرامبەر ئەو بەشە گۆشتەی، کە دەبرێت، خەڵک (ترشەهەنار، بڕوێش، لەتکە، گەنم، پارە) دەدەنەوە. ئەمەش وەک مامەڵە و نرخ نییە، نەریتە و ئاڵوگۆڕەکە بە باوەڕی پیرۆزیی لێکدەدەنەوە. لە ئێستادا بەهۆی ئاپۆرە و گەشتیار و زۆبوونی میوانەوە، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ژمارەی حەیوان و خەرجی زیادیکردووە، کە تێکڕای خەرجی بەڕێوەچوون و پێشکەشکردنی حەیوانەکان هیممەت و بەخشینی خەڵکە.