ژنهێنان
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
دابونەریتێکی کوردەوارییە. بۆ بەیەکگەشتن و هاوسەرگیری نێوان نێر و مێ، چەند ڕێوڕەسم و مەرجێک ئەنجامدەدرێت. بەگشتی لە هەڵەبجە و هەورامان و شارەزووردا، لە ڕۆژگاری پێشتردا ئەمانە بووە:
١- دۆزینەوە و تەما: دۆزینەوە دیاریکردنی کچێک لە لایەن کوڕ خۆی یان کەسوکارییەوە.
٢- پرسیار و دوداچوون: زانینی ئەوەیه، کە ئایا ئەو کچە شوو دەکات یان بە تەمای کەسێکی تر نییە؟
٣- ڕاماڵی: ڕێگە پاککردنەوەی کارەکە بە ڕاسپێریی کەسێک، کە بە ناڕاستەوخۆ نیاز بە گوێی کەسوکاری کچەکە دەدات و وەسفی ماڵی کوڕ بە باوانی کچە دەگەیەنێت و لە هەنگاوەکانی تر دڵنایی وەردەگرێت.
٤- خوازبێنی: چەند کەسێکی ژیر و پێگەداری ناو کۆمەڵ لە ماڵە کوڕەکە دەنێررێن بۆ داخوازیکردن لە ماڵی کچەکە.
٥- ماڵبڕینەوە و ڕێککەوتن: چەند کەسێک لە کەسوکاری کوڕ سەردانی ماڵە کچە دەکەن و لەسەر مارەیی و ماڵ و پەڵپی ئەوان ڕێکدەکەون. (گەر داوای پارە و شتی نەختنەی پێشوەختە بکەن، پێیدەوترێت شیربایی).
٦- مارەبڕین: زانایەکی ئایینی لەسەر ئەو ماڵەی، کە لەسەری ڕێککەوتن کراوە، مارەیاندەکات.
٧- شیرینی خواردنەوە: خۆشەویستان و کەسوکاری هەردوولا کۆدەبنەوە شیرینی دەخۆنەوە.
٨- دەستگیرانداری (ڕەسێکێشان): ماوەی نێوان مارەبڕین و کاتی گواستنەوەی بووکە، کە کوڕ یان کەسوکاری کوڕ سەردانی ماڵی کچەدەکەن و دەستودیاری بۆ دەبەن.
٩- بەربووکی: ڕۆژێک پێش گواستنەوە لە مأڵە زاواوە ژنێک یان دووژنی نزیک لە کوڕ دەنێرنە ماڵە بووک.
١٠- خەنەبەندان: لە خەنەگرتنی دەستوپەنجەی کچانە شەوی پێش گواستنەوە.
١١- گواستنەوە: بووک دەبرێتە ماڵی زاوا. هەر ناوچەیەک بەزم و ڕەزمی بووک گواستنەوەی خۆی هەیە. بۆ نموونە لە هەوراماندا بە ئاوازێکی تایبەت و ناسراو بووک دەبرێت کە بە بەزمی (یادەوبادە) ناسراوە.
١٢- تەلبردن و تەلهێنان: نەریت و ڕەسمێکی کۆمەڵایەتییە. بریتییە لە (تەلبردن: توێشووبردن) ئەو شیرینی و کەلوپەل و پێداویستییانەن، کە ماڵی بووک دەیبەن بۆ ماڵی زاوا، لە کاتی چونیان بۆ بەرەو باوانکردنەوە بووک. (تەلهێنان) ئەو شیرینی و دەستودیارییانەن، کە ماڵی زاوا دەیبەن بۆ ماڵی بووک لە چوون بەشوێن بووکدا بۆ هێنانەوەی دوای باوانکردنەوەی.
١٣- زەماخوانە: ئەو خۆراک و خوانەیە پێش بەرەو باوانکردنەوەی بووک، ڕۆژانە لە ماڵی باوکی بووکەوە دەچێت بۆ ماڵی زاوا. بەو خوانە دەوترێت (زەما خوان -زاوا خوان) ئەو نان و چێشتەیە بۆماوەی (٣یان ٧) ڕۆژ لە ماڵی بووکەوە دەبرێت بۆ ماڵی زاوا.
سەرچاوەکان:
- سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٠٥، ل٨٤٥.
- هەورامان، ئەیوب ڕۆستەم، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، ئۆفسێتی قانیع، سلێمانی، ٢٠٠٤، ل٢٧٦-٢٧٧.
- کوردەواری، حەمید ڕەشاش، چاپی دوووم، چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدین، هەولێر، ٢٠١٧، ل١٢١-١٢٢.
- مێژووی هەورامان، د. محمد امین هورامانی، انتشارات بلخ، ٢٠٠٠، ل١٠١٧ و ١٠٤٤.
- هونەری ژیان لە هەوراماندا، ئەیوب کوێخا ڕۆستەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ل٢١٤.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم