قەیتەران

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


گیایەکی سروشتیی و دەرمانییە.‌ لە خێزانی ڕووەکە پەڕدارەکان (سەرخەسییەکان)ـە. لاسک باریک و مەیلەو ڕەشە. گەڵاکانی سەوز و سافن. بەزۆری لە ئەشکەوت و قەراخ ئەو بەردانە دەڕوێت، کە بەردەوام تکە و تنۆکی ئاو بەسەریدا بڕژێت. دژە ئاوە و تەڕ نابێت. نزیکەی ٣٠٠ جۆری هەیە. دەچێتە پیشەسازیی دەرمان و ئارایشتەوە. لە سنورى پارێزگای هەڵەبجە بەگشتی و بەتایبەتی لە گوندی (هانەیدن، سەرگەت، چەمى هەمەشوانە) بریکى زۆر لەم گیایەی لێیە.

سەرچاوەکان:

  1. کەڵەفەرهەنگی ڕووەکە ئابوورییەکان بەتایبەتی لە کوردستاندا، (کوردی –عەرەبی –ئینگلیزی)، کەمال جەلال غەریب، چاپی دووەم، چاپخانەی ئاراس، هەولێر ٢٠١٢، ل٣٠٣-٣٠٥.
  2. هونەری ژیان لە هەوراماندا، ئەیوب کوێخا ڕۆستەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، ل٢٨٩.
  3. مێژووى گوندى هانەیدن، عەرەب ئەمین عوسمان، چاپى یەکەم، چاپخانەی ناوەندى سارا، سلێمانى، ٢٠٢٢، ل٧٣.
  4. چاوپێکەوتنى ئامادەکار (سەلام هانەدنی) لەگەڵ (عبدوڵڵا شەریف حەمەخان)ی شارەزایی بوارى گژووگیا، لەدایکبوو: ١٩٦٤، بڕوانامە: ناوەندى، پیشە: خانەنشین، لە ١٤ی ٦ی ٢٠٢٣.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم,سەلام هانەدنی

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

کنیواڵ

گیاییەکی بەهاریی خۆڕسکە. شێوەی لەنێوان تەڕەپیاز و سیری سەوز و کەورەردایە. لە تەڵان و دەشت و چیاکان دەوربەری هەڵەبجە و هەورامان دەڕوێت. وەک سەوزە دەخورێت و هاوشێوەی پیاز و پیچک لە هەندێک شوێنی ناوچەکە گەر پیاز و پیچک نەبن، کەلانەی لێ دروستدەکرێت.

گەبڵە

گیایەکی بەهارانەیە. دوای توانەوەی بەفر دەردێت. تەمەن کورتە. گوڵی بچووکی زەردو سووری هەیە. لە چیا و شاخەکانی هەوراماندا زۆرە. پێش پشکوتنی گوڵەکانی سەرەتای دەرهاتنی، لێدەکرێتەوە. دەکوڵێنرێت و سووردەکرێتەوە، هێلکە و کاکڵەی گوێزی تێدەکرێت. (گەوڵە)شی پێدەڵێن.

گەزنە

جۆرە گیایەکە. نزیکەی نیو مەتر بەرز دەبێتەوە. مووی تیژی پێوەیە و خارشتدارە. گوڵی نێر و مێی هەیە. لە نێوان تەمووز و ئەیلولدا گوڵدەکات. لەناوچەکەدا ناسێنراوە. چارەسەری چەند نەخۆشیەکی وەک (گورچیلە و پرۆستات و شەلەل و تەنگەنەفەسی و. . هتد) پێکراوە. کوردەواری بایەخێکی زۆری بەم ڕووەکە داوە.

گنۆڕ

گیایەکی سروشتیی بەهارەیە. زیاتر لە شاخی شاهۆ و داڵانی و بێستوون و کوێستانەکانی هەورامان و گوندی دەرەتوێ دەڕوێت. هەورامییەکان پێیدەڵێن (نینۆر). ساقەکەی و وەک ڕیواس پاکدەکرێت و ڕەگەکەی ژێر خاکییە، وەک پەتاتە وایە، بەڵام درێژکۆلەیە و لە شێوەی توری درێژکۆلەدایە. تۆوەکەی نزیکە لە تۆوی بامیەوە. لە کۆندا وەک چارەسەر بۆ گەدە و ڕیخۆڵە ڕێڕەوی میز و میزڵدان و گورچیلە ناسێنراوە و خۆیشی وەک خۆراکێکی تێرکەریش کراوە بە ئارەدەوە و یان وەک پەتاتە خواردویانە. بە لێنراویش تێکەڵی دۆ و برنج کراوە و وەک دۆخەوا لێدەنرێت. بە کوڵاوی و سوورەکراویش دەخورێت. لە هەوراماندا زیاتر گوندە کاکەیی نشینەکانی ناوچەی هاوار بەکاریدەهێنن و تەنیا ڕەگەکەی دەخۆن. لە ئێستادا لە ساق و ڕەگەکەشی جۆرێک ترشیات دروستدەکرێت.

گوڵەفەقێ

گیایەکی بەهاریی بەربڵاوی ناوچەی شارەزور و هەڵەبجە و هەورامانە، پەلەکانی سپین و ناوەڕاستیان هەڵاڵەی زەردە. نزیکەی ٢٠-٣٠ سم بەرزە، لە کۆنەوە وەک گیا دەرمانی ناسراوە و چارەسەری گەلێک نەخۆشی پێدەکرێت. لە بەر ئەوەی شێوەکەی و زۆرییەکەی لە جلوبەرگ و کڵاو و جامانەی فەقێ دەچێت، بە گوڵە فەقێ ناسراوە. وشکدەکرێتەوە و لە بازارەکانی هەڵەبجە و خورماڵدا فرۆشی هەیە.

گونەسەگانە

گیایەکی خشۆکی تەمەندرێژە. قەدی لوولەییە، ڕەگی سەلکدارە. گەڵاکەی لەتیغ دەچێت، گوڵەکەی لە زوڕنا. ڕەنگی ژەنگدارە و پەڵەی زەردی پێوەیە. لە مارتەوە بۆ نیسان گوڵدەکات. بەرەکەی لە بەری لفکەشامی دەچێت. دەچێتە پیشەسازیی دەرمانەوە. لەبەرزایی (٩١٤م) دەڕوێت. لە بەرزاییەکانی هەڵەبجە و خورماڵدا هەیە. (مارسکە) و (پێکەلەشێر)شی پێ دەوترێت.