مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

30 بابەت

قەڵای داڵ

کەوتووەتە بەرزیی (١٤١٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە، سەر بە گوندی (هانەیدن)ە و باخێکی گوێز لە دامێنەکەیدایە و هەسار و ئاوێکی سازگاری هەیە، بۆ ئاودێریکردنی باخەکە بەکاردەهێنرێت. ناوەناوەش خەڵکی دێ و ناوچەکانی دیکەی هەورامان بە تایبەتی لە وەرزی بەهار و هاویندا سەردانیدەکەن. شوێنی دانیشتن و مانەوەی هەیە و لە ڕاستیدا شوێنێکی گەشتیاریی خۆشە، ئەمەیش بەهۆی بەرزی و فێنکیی ئاووهەواکەی بە تایبەتی لە وەرزی گەرمای هاویندا.

قەڵای عوسمانی

کەوتووەتە ملەگای چنار لە بیارە. بەقەڵای (ملەی چنار)یش ناودەبرێت. قەڵایەکی دێرینە. بە هەرچوارلادا دەڕوانێت بەسەر بیارە و چەم و دۆڵەکانی بەردەمیدا. شوێنێکی ستراتیجی بووە، عوسمانییەکان کردوویانە بە سەربازگە. لەسەردەمی حکومەتی بەعسیشدا کراوەتە سەربازگەو بە دالەشی تێداجێگیر کراوە. بە قەدپاڵیەوە لە کۆندا تەنها توولەڕێیەک هەبووە بۆ (کەمەر سەلارە). لە ئێستادا کراوەتە ڕێگەی ئۆتۆمبێل. لە ئێستادا شوێنی فەرماتگەی شارەوانی و نزیکەی ٢٠ خانووی نیشتەجێبوونە.

قەڵاى گەڕاو

کەوتووەتە باکوری شارۆچکەی خورماڵ، کیلۆمەتر و نیوێک لە شارۆچکەکەوە دوورە. (٥٥٨م) لە ئاستى ڕووى دەریاوە بەرزە. قەڵایەکى کۆن ‌و دێرینى ناوچەکەیە و کەوتووەتە ناو شارى خورماڵەوە، سەرچاوەى ئاوى گەورەى (گەنجان)، لە قەڵاى مەرکەز جیایدەکاتەوە. شایانى باسە هۆى ناولێنانى ئەم قەڵایە بە (گەڕاو)، دەگەڕێتەوە بۆ بوونى ئەو کانیاوە کانزایەى، کە لەبەردەمیدایە لە ڕووى خۆرئاوایەوە هەڵدەقوڵێت، هۆکارى دروستبوونى ئەم قەڵایەش سروشتییە و ئەوەى تێبینی دەکرێت بوونى دیاردەى کارست و ئەشکەوتە لەم قەڵایەدا، کە دیمەنێکى ناوازەى بە ناوچەکە بەخشیووە و لەشێوەى تونێلى سروشتى لەژێر قەڵاکەدا درێژبوونەتەوه.

قەوی قەڵا

کەوتووەتە نێوان گوندەکانی (سازان، ڕێشاو). قەڵایەکی بەرز و سەختە. پێکهاتەکەی بەردە و شوێنەواری تێدا ماوە. لە سەردەمی شەڕی عێراق و ئێراندا بووەتە سەربازگەی عێراق. تەنها لە یەک ڕێگەوە دەتوانرێت بگەیتە سەر قەڵاکە، ئەویش لە نێوان باوەخەمان و ڕێشاوەوە. لە کۆندا بە گۆزەی گڵین ئاویان بۆ هێناوە و گۆزەکانیان بە خاک داپۆشیوە. دواتر بە پاشماوەی گۆزەکاندا دەرکەوتووە ئەو ئاوە لە کانییەکانی کەسرەتە و بەڵخییەوە هێنراون. لە فتوحاتی ئیسلامیدا بەهۆی نەزانینی سەرچاوەی ئاوەکەی، پارێزگاری لە قەڵاکە کراوە و بەرگریان لەخۆیان کردووە. ئاوەکەی لە (٥٠م) خوار قەڵاکە، چووەتە ناو حەوزێکەوە، کە بە قسڵ دروستکراوە. قەبارەکەی لە (١٢م) چوارگۆشە کەمتر بووە. پاشماوەی شوێنەواری و پارچە ئاسنی وەک نوکی شمشێر لە قەدپاڵەکانیدا دۆزراوەتەوە.

گەچی

شوێنەواری قەڵایەکی دێرینە. کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (بۆین). پێکهاتەی خاکەکەی گەچە و هەر لەبەر ئەوەیە ئەو ناوەی لێنراوە. لەپاش ڕاگواستنی ساڵی ١٩٧٨ی گوندە سنورییەکان، خەڵکی گوندەکە گەچەکەیان هێناوەتەوە بۆ شاری هەڵەبجە و دروستکردنی خانو و هەندێک کاری تر بەکاریانهێناوە.

لنگەلەرز

کەوتووەتە باکوری گوندی (هانەیدن)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). گوندەکە پاڵیداوە بە لاپاڵی شاخی لینگەلەرز و قەڵاکەش لە لوتکەی شاخەکەدایە. بەرزیی شاخەکە (١٠٠٠م) زیاترە‌ و لوتکەکەی لە چەند تاشەبەردێکی گەورە پێکهاتووە و شێوەی قەڵایەکیان دروستکردووە. خەڵکی ناوچەکە پێیانوایە لە کۆندا جێگەی پادشایەک بووە. قەڵاکە لە باشورەوە بەسەر گوندەکەنی (هانەیدن و سەرگەت) و دەشتی (سەبان)دا دەڕوانێت، لە باکوریشەوە شاخەکانی (حاجیەڕا و چاڵاوا) و لە خۆرهەڵاتیشەوە کانی و شاخەکانی (نسار تاریک و هانەی تێ و بزڵەقاڕە) و لە خۆرئاواوە بەسەر گوندی (دەرەیمەڕ)دا دەڕوانێت.

مۆرتکە

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەشیشی ژووروو). لوتکەیەکی بەرزە، دەڕوانێت بەسەر چەم و دۆڵەکانی بەردەمیدا. قەڵاکانی (مەنێنە) و (قەڵا ڕێزێن) دەکەونە پشتیەوە. شوێنی (مەسیحی)ەکان بووە. دەڵێن شوێنەواری تێدا دۆزراوەتەوە. بەهەمان ناوەوە کانییەکی تێدایە.

مۆردین

کەوتووەتە سنوری گوندی (مۆردین). قەڵاکەش هەر بەناوی گوندەکەوە ناونراوە.

میریسوور

کەوتووەتە سنوری گوندی (میریسوور). بە شاخێکی بەرز و سەختەوەیە و بە دیوارێکی سەختدا سەردەکەویت، کە مرۆڤ بە ئاسانی ناتوانێت بگاتە ناو قەڵاکە. بەشێوەیەک ڕێگەی شاخەکە کراوەتە ٢٧ پلیکانە لە بەرزیی (١٠م)دایە. پاش بڕینی ١٥ پلیکانەی سەرەتا، پێویستت بە پەیژە دەبێت بۆ ئەوەی بگەیت بە ١٢ پلیکانەکەی سەرەوە. لەدوو ژووری بچوکی داتاشراو پێکهاتووە. قەبارەی ژوورەکان یەکیان (٢.٣٠م) بە (٢.١٠م)ـە و ژوورەکەی دیکەش (٣.٥٠م) بە (٢.٢٠م) دەبێت. لە ژووری دووەمدا کونێکی بازنەیی بوونی هەیە، کونەکە کەوتووەتە گۆشەی پێشەوەی بنمیچی ژوورەکە. پێدەچێت بۆ بردنە دەرەوەی دووکەڵ و گازی ناو ژوورەکە بووبێت لە کاتی ئاگرکردنەوە، هەتا ئاگرەکە بە باشی بسوتێ و هەواگۆڕکێ بکات. لە نێوان ئەم دوو ژوورەدا سێکوچکەی زەردەشتی دەبینرێت، کە بەشێوەی سێ کۆڵەکە هاتونەتە خوارەوە و لە دیوارەکە هەڵکۆڵراون. لە ڕێگای سەرکەوتن بۆ قەڵاکە دوو ئاگردان و لە نزیک لوتکەی شاخەکەش ئاگردانێکی دیکە هەیە. ئەگەر هەرسێکیان پێکەوە دابگیرسێن، لە دەشتی شارەزوورەوە دەبینرێن. سەرچاوەیەکی ئاوی وەک کانی هەیە، کە بۆ بەکارهێنان سوودیلێوەرگیراوە. هەروەها لەنێو قەڵاکەدا ژوورێکی نهێنی هەیە. لەم قەڵایەدا شوێنەواری ژیان، کە بۆ سەردەمی ساسانیەکان دەگەڕێتەوە، دۆزراوەتەوە. لەبەردەم قەڵاکەدا و دامێنی چیاکەدا شوێنەواری ژیان و پاشماوەی کەلاوەی کۆن ماوەتەوە. چەندین دنگ دەبینرێن، کە بۆ هاڕین و کوتانی دانەوێڵە بەکارهاتوون.

هاوارەکۆن

لە گوندی (هاوارەکۆن)ـە. لە سەردەمی (ئەردەڵانییەکان)دا حوکمڕانی ناوچەکە لەوێدابووە. بەسەر کۆمەڵێکک باخدا دەڕوانێت و شوێنەکەی تاڕادەیەک سەختە. بە پلیکانە دابەزیونەتە خوارەوە و ئاویان لە کانی (هاوارەکۆن)ەوە هەڵکێشاوەتە سەرەوە. شوێنەواری پلیکانەکان ماون‌، بەڵام شوێنەواری قەڵاکە نەماوە. تەنها وەک ناو ماوەتەوە.

پێشتر 1 2