مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

30 بابەت

ئینگلیسان

بە دووریی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین) لە ناوچەی قنردۆڵ. باوباپیرانی گوندەکە دەڵێن زیاتر لە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئینگلیزەکان لەوێ سەربازگە و مەخفەریان هەبووە. شوێنەوارەکەی ماوە و بەهۆی ستراتیجیی شوێنەکە و گرنگیی پێگەکەی، پاشان بووەتە پێگەی سەربازیی حکومەتە یەکلەدواییەکەکانی عێراق. بەسەر گوندەکانی بۆین و گریانە و ڕوباری سیروان و خۆرهەڵاتی شاخی شنروێ و هەورامانیشدا دەڕوانێت.

باجگیرا

کەوتووەتە باکوری (سۆسەکان) و لە پشتی ڕێگەی سەرەکیی سۆسەکان لە شارەدێی تەوێڵە. تایبەت بووە بە مەئمورانی باج و باجی تێدا وەرگیراوە، بۆیە بەو ناوەوە ناسراوە، ڕێگەیەک دادەبەزێتە نێو باخەکانی چەمی خواروو، درەختێکی لێیە ئەویش هەر بەناوی قەڵاکە و شوێنی باج سەندنەوە ناونراوە (نەرۆ باجگیرای) واتە بەڕووی باجگیران.

بەرزەڵن

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی یاڵانپێ و باکوری گوندی زەڵم و سنوری هەورامانی دیوی عێراق و هەورامانی خۆرهەڵاتی دیوی وڵاتی ئێران پێکدەهنێت. (٢١٣٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. یەکێکە لە قەڵاکانی چیای سێخڕان. بەهۆی سەختی و زۆری بەرزییەکەیەوە هەموو کەس ناتوانێت سەردانیبکات، هەربۆیە گەیشتن بەم لوتکەیە پێویستی بە شارەزایی و لێهاتوویی جەستەیی هەیە، بەڵام لە دیوی وڵاتی ئێرانەوە ڕێگای تێکەڵەڕێژکراو لە دووریی تەنها (٣٨٠م) هەیە.

بیارە

کەوتووەتە خۆرئاوای شارۆچکەی (بیارە) و باشوری ملەگای چنار و گەڕەکی گەناوڵەی بیارە، بەرامبەر قوتابخانەی پیرشالیاری بنەڕەتی. (١١٥٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە سەر ڕێگای سەرەکیی بیارە، چەندین دامودەزگای حکومی و ئەمنی تێدایە، لەوانە لە لوتکەکەیدا بنکەی پاسەوانی سەرسنور هەیە، لە دامێنی قەڵاکەشدا سەرۆکایەتیی شارەوانیی بیارە و ئاسایشی بیارە هەیە. بەسەر دۆڵی بیارە شارۆچکەی (بیارە) و گوندی دەگاشێخاندا دەڕوانێت. لە باشورەوە دۆڵی بیارە و لە باکورەوە چیای کڵاوەی ئاشوور و لە خۆرهەڵاتەوە شارۆچکەی (بیارە) و لە خۆرئاواوە ملەی چنار و تەپی خاتوو ئامینە و نەخۆشخانەی هەورامان دەورەیانداوە.

پەژمانە

قەڵایەکی سروشتییە. کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (کانی گوێز). دەڕوانێت بەسەر شاخی کەسرەتە و کانی ڕەسوڵ. زەوی پەژمانە لەبەردەمیدا هەڵکەوتووە. لە پایزدا وەک هەوارگەیەکی ئەو ئاژەڵدارانە بەکارهاتووە، کە لە شاخی شنروێ گەڕاونەتەوە و لەوێ پشوویان داوە.

خان ئەحمەدخان

کەوتووەتە یەک کیلۆمەتری باکوری خۆرهەڵاتی گوندی ئەحمەدئاوا و دەڕوانێت بەسەر دەشتی شارەزووردا. لە دەربەندی شیوی زەڵم بە درێژایی (٣٠٠م) بۆ بناری شاخەکە هەڵکەوتووە. ئەگەرچی شوێنەوارێکی مێژوویی و دێرینە، بەڵام زیاتر بەناوی خان ئەحمەدخانی کوڕی هەڵۆخانی میری ئەردەڵانی بەناوبانگە، چونکە لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتیدا زۆرترین گرنگی پێداوە و ئاوەدانیکردووەتەوە. وەک ناوەندێکی سەربازی بەکاریهێناوە. بەناو سنگی چیادا پلە و قادرمەی پێچاوپێچ هەڵکۆڵراوە لە دوو شوێنی شاخەکەدا بە بەرزیی دە مەتر، پەیژە بۆ سەرکەوتن دانراوە. لە بەردەم قەڵاکەدا کۆشک و باڵەخانە هەبووە و شوێنەوار و پاشماوەکانیان بەڕوونی دیارە. لە بەشی سەرەوەیدا، سێ تاقی گەورەی داتاشراوی تێدایە، کە یەکێکیان زەحمەتە دەست بیگاتێ. ئەمەش بۆ سەردەمی ئایینی میترایی دەگەڕێتەوە، کە ئایینی ماددەکان مابووە و بۆ ڕێوڕەسمی ناشتنی مردووەکان بەکاریانهێناوە. هەروەها ساسانییەکانیش، کە لە پەیڕەوانی زەردەشت بوون، هەمان ڕێوڕەسمیان تێدا ئەنجامداوە. پاش هاتنی ئاینی ئیسلام، بووەتە شوێنی سەربازی و خۆحەشاردان. هەتا لەسەردەمی بابائەردەڵان، کە دامەزرێنەری میرنشینی ئەردەڵانییەکان بووە لە سەدەی دوازدەی زایینی، قەڵای زەڵمی ئاوەدانکردووەتەوە و کردوویەتی بە جێگەی فەرمانڕەوایی خۆی. (قەڵای زەڵم)ـیشی پێدەوترێت.

دەربەند خوگان

کەوتووەتە بانی زەڵم. شوێنەواری ئاوەدانی تێدا دۆزراوەتەوە. بە قوڕی سورەوەکراو جۆگەی ئاوی بۆ ڕاکێشراوە. بە یەکێک لە شوێنەوارە کۆنەکانی ناوچەکە دادەنرێت.

دەگاکۆنێ

کەوتووەتە بەرانبەر شوێنی ئێستای گوندی (زەڵم)، کە هەردوو ئەشکەوتی (مەڕەتاریکێ و مەڕی شەهیدا)ی لێوە نزیکن. خەڵکی بۆ ژیان هەتا سەرەتای سەدەی بیستەم بەکاریانهێناون، لەکاتی خۆیدا گەورەترین گوندی سنورەکە بووە. ساڵی ١٨٧٢ لەلایەن عوسمانییەکانەوە سوتێنراوە. دەوترێت لە دوای ساڵی ١٩١٣وە هاتوونەتە ئەم شوێنەی ئێستای.

زوحاک

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی نەوێ. لە ناوەڕاستی شاخی مەرجۆڵا و پەچەپایەردا هەڵکەوتووە. مێژووکەی زۆر کۆنە. شوورای ماوە و بە بەرد دروستکراوە و خشتی سوری تێدا دۆزراوەتەوە. لەبەردەمیدا بەردێکی هەڵکۆڵڕاو هەیە. هەندێکجار بە زیندانی ناوی دەبەن، زۆرجاریش دەڵێن ئەو سەرکردانەی، کە دەمردن، لەنێو بەرد دایانناون. زیندانێکی تێدایە لەشێوەی تاشە بەردێکدایە، کە کونێکی گەورەی تێدایە، بۆچوونەکان دەڵێن ئەو کونە وەک زیندانی بەکارهاتووە لە سەردەمی زوحاکدا.

سازان

بە (قەدى قەڵا)ش بەناوبانگە. کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتى شاری هەڵەبجه. نزیکەى دوو کیلۆمەتر لە ڕوبارى سیروانەوە دوورە. شوێنەواری زۆرى تێدایه. بەشێکی زۆری ‌دیوارى قەڵاکە لە بەرد و قسڵ دروستکراوە. لەسەر قەڵاکە کانییەک هەیە و دەسەڵاتداران بە بۆری ئاوەکەیان نزیک کردووەتەوە. چەند جۆرە سکەیەکی لێ دۆزراوەتەوه،‌ که بۆ سەردەمی دەوڵەتى ساسانى دەگەڕێتەوە. هەروەها ‌چەندین مۆرى بە نرخیشی لێ دۆزراوەتەوە.

سمۆران

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی تاڤگە و گوندی (زەڵم). (١٢٢٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای کەرەس، قەڵایەکی دێرین و کۆنە و دەڕوانێتە سەر گوندی زەڵم و هاوینەهەواری تاڤگەی زەڵم و باخ و باخاتی دۆڵی زەڵم و وشکەناو. لە باکورەوە دۆڵی ماسناویی و کانی کەڕەجاڵ و دۆڵی کەڕەجاڵ و پلەی مەلا مسەفای و ئەشکەوتی مەڕە بەرزە و لوتکەی مڵەخورد و چیای سێخڕان و هانە کەکەوان و تکەکە و دۆڵە پلاو و دەروازەی نافەرمی مڵەخورد، لە باشورەوە قەڵای سوللێ و دۆڵی گۆڕیچە و بانی دەرەیمەڕ و دۆڵی دەرەیمەڕ و ئەشکەوتەکانی، لە خۆرهەڵاتەوە بەرزانە دۆڵ و وڵە هەش و لوتکەی کەمایەکا، لە خۆرئاواوە دۆڵی وشکەناو و بانی سوسێ و گوندی زەڵم و قەڵای زەڵم دەوریانداوە.

سۆسەکان

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی سۆسەکان و باشوری گوندی بەڵخە. (١٣٨٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەسەر دۆڵی سۆسەکان و پاڵنیا و جاوردا دەڕوانێت. لە لوتکەی قەڵاکەدا بنکەی پاسەوانی سنور(ناسراو بە مارێنز)ی تێدایە، لە باکورەوە چیای هەوارە بەرزە و دۆڵی بلە و یاریگای سۆسەکان و لە باشورەوە دەرە قازان و تەڵانە گەورێ و لە خۆرهەڵاتەوە دۆڵی کانی وەزە زەرد و دەرەی وارین و دەروازەی شۆشمێ تەوێڵەیی و لە خۆرئاواوە پاڵانیان و جاور دەورەیانداوە. ڕێگایەکی چەوڕێژکراوی هەیە و شوێنێکی گونجاوە بۆ دانانی تەلەفریک و دەڕوانێتە سەر دۆڵێکی پڕ لە دارو درەختی فێنک، کە سەرتاپا شوێنێکی گەشتیاری دڵگیرە.

عەبابەيلێ

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (عەبابەیلێ) لەنێوان گەڕەکی (هەوراگەی ئەرخەوان و مەخۆڵێ)دایە. لە تاشە بەرد پێکهاتووە و لە شێوەی قەڵادایە و هەر لەبەرئەوەشە ئەو ناوەی لێنراوە. لە هەرچوارلای گوندەکەوە دیارە. شاخی (سەرسارایی) کەوتووەتە بەرانبەری و لە ڕابردوودا ئاگری نەورۆزی لەسەر کراوەتەوە.

قەڵا

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی ملەی چنارە لە سنوری ناحیەی (بیارە). (١١٥١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. چەندین فەرمانگە و دامەزراوەی حکومی تێدایە وەک (بنکەی پاسەوانی سەرسنور و ئاسایشی بیارە و شارەوانی و تاوەری پەیوەندی)، ملەی چنار لە خۆرئاوا و دۆڵی بیارە لە باشور و شارۆچکەی بیارە لە خۆرهەڵات و پشت جۆ لە باکور دەورەیانداوە.

قەڵاتۆقرتەی

کەوتووەتە بەرانبەر سۆسەکان لەسەر سنوری ئێران بەرانبەر (قەڵای شاتر). دەوترێت کەسێک دروستیکردووە ناو یان نازناوی قرتە بووە. هەربۆیە بە قەڵای قرتە ناسراوە، دوای جیاکردنەوەی سنور ئەودیوی کەوتووەتە ئێران و لە ساڵی ١٩٥٠ بە دواوە کردی بە قەڵایەکی سەرسنور.

قەڵا ڕووەینێ

کەوتووەتە پشتی گوندی قەڵبەزە و سەر بە سنوری گوندی بەردەبەلە لە بناری چیای سورێن. لەگەڵ قەڵای شاخە بەڕەزا بەرامبەر یەکترن و دەڕوانن بەسەر دەشتەکانی بەردەمیاندا. هەردووکیان لەسەر سەختەن و ما هەڵکەوتوون. بەردی گەورە لە دروستکردنیاندا بەکارهاتووە.

قەڵاسولێ

بە دووریی چوار کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ). به قسەی دانیشتوانی گوندەکە، قەڵاکە لە ڕۆژگارێکدا گوندنشین بووە. بەرزی (٧٠م) دەبێت. لەبەر ئەوەی ڕەنگی تاشەبەردەکانی مەیلەو سوورە ئەو ناوەی لێنراوە.

قەڵاکانی گوندی کانی ئاسکان

زنجیرە قەڵایەکی یەکلەدواییەکی سروشتین. لە خۆرهەڵاتی گوندی کانی ئاسکان لە زنجیرە چیای سورێن هەڵکەوتوون. دەڕوانن بەسەر ناوەندی گوندەکەدا. شوێنەواری ئاوەدانیی سەردەمی کۆنی پێوە دیارە و پاشماوەی بەردەکانی ماونەتەوە. لە سێ قەڵای سەرەکی پێکهاتوون، کە بریتین لە قەڵای خواروو، ناوەڕاست و سەروو.

قەڵاگە

کەوتووەتە سنوری گوندی (میریسوور). قەڵایەکی دێرینە و دەستکردی مرۆڤەکانی چەرخی زەمانەیە و لەشاخێکی بەرزی باکوری گوندەکەدایە.

قەڵاوکەوڵەی

بە دووریی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری گوندی (یاڵانپی)ی سەر به ناحیەی (خورماڵ). بەرانبەر شاخی خۆرنەوەزان هەڵکەوتووە‌. بەردەم قەڵاکە دەشتاییەکى فراوانە و ژمارەیەک دارقەزاونى تێدایە ناسراوه بە (وە‌نەکاو مامە هاجە)ى. نزیکەى (٥٠٠م) لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بە زۆرى تاشەبەردە.

1 2 دواتر