قەڵاى گەڕاو

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


کەوتووەتە باکوری شارۆچکەی خورماڵ، کیلۆمەتر و نیوێک لە شارۆچکەکەوە دوورە. (٥٥٨م) لە ئاستى ڕووى دەریاوە بەرزە. قەڵایەکى کۆن ‌و دێرینى ناوچەکەیە و کەوتووەتە ناو شارى خورماڵەوە، سەرچاوەى ئاوى گەورەى (گەنجان)، لە قەڵاى مەرکەز جیایدەکاتەوە. شایانى باسە هۆى ناولێنانى ئەم قەڵایە بە (گەڕاو)، دەگەڕێتەوە بۆ بوونى ئەو کانیاوە کانزایەى، کە لەبەردەمیدایە لە ڕووى خۆرئاوایەوە هەڵدەقوڵێت، هۆکارى دروستبوونى ئەم قەڵایەش سروشتییە و ئەوەى تێبینی دەکرێت بوونى دیاردەى کارست و ئەشکەوتە لەم قەڵایەدا، کە دیمەنێکى ناوازەى بە ناوچەکە بەخشیووە و لەشێوەى تونێلى سروشتى لەژێر قەڵاکەدا درێژبوونەتەوه.

سەرچاوەکان:

  1. سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ ناوچەکە، لە ١ی ١١ی ٢٠٢٢.

ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئینگلیسان

بە دووریی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین) لە ناوچەی قنردۆڵ. باوباپیرانی گوندەکە دەڵێن زیاتر لە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئینگلیزەکان لەوێ سەربازگە و مەخفەریان هەبووە. شوێنەوارەکەی ماوە و بەهۆی ستراتیجیی شوێنەکە و گرنگیی پێگەکەی، پاشان بووەتە پێگەی سەربازیی حکومەتە یەکلەدواییەکەکانی عێراق. بەسەر گوندەکانی بۆین و گریانە و ڕوباری سیروان و خۆرهەڵاتی شاخی شنروێ و هەورامانیشدا دەڕوانێت.

باجگیرا

کەوتووەتە باکوری (سۆسەکان) و لە پشتی ڕێگەی سەرەکیی سۆسەکان لە شارەدێی تەوێڵە. تایبەت بووە بە مەئمورانی باج و باجی تێدا وەرگیراوە، بۆیە بەو ناوەوە ناسراوە، ڕێگەیەک دادەبەزێتە نێو باخەکانی چەمی خواروو، درەختێکی لێیە ئەویش هەر بەناوی قەڵاکە و شوێنی باج سەندنەوە ناونراوە (نەرۆ باجگیرای) واتە بەڕووی باجگیران.

بەرزەڵن

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی یاڵانپێ و باکوری گوندی زەڵم و سنوری هەورامانی دیوی عێراق و هەورامانی خۆرهەڵاتی دیوی وڵاتی ئێران پێکدەهنێت. (٢١٣٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. یەکێکە لە قەڵاکانی چیای سێخڕان. بەهۆی سەختی و زۆری بەرزییەکەیەوە هەموو کەس ناتوانێت سەردانیبکات، هەربۆیە گەیشتن بەم لوتکەیە پێویستی بە شارەزایی و لێهاتوویی جەستەیی هەیە، بەڵام لە دیوی وڵاتی ئێرانەوە ڕێگای تێکەڵەڕێژکراو لە دووریی تەنها (٣٨٠م) هەیە.

بیارە

کەوتووەتە خۆرئاوای شارۆچکەی (بیارە) و باشوری ملەگای چنار و گەڕەکی گەناوڵەی بیارە، بەرامبەر قوتابخانەی پیرشالیاری بنەڕەتی. (١١٥٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە سەر ڕێگای سەرەکیی بیارە، چەندین دامودەزگای حکومی و ئەمنی تێدایە، لەوانە لە لوتکەکەیدا بنکەی پاسەوانی سەرسنور هەیە، لە دامێنی قەڵاکەشدا سەرۆکایەتیی شارەوانیی بیارە و ئاسایشی بیارە هەیە. بەسەر دۆڵی بیارە شارۆچکەی (بیارە) و گوندی دەگاشێخاندا دەڕوانێت. لە باشورەوە دۆڵی بیارە و لە باکورەوە چیای کڵاوەی ئاشوور و لە خۆرهەڵاتەوە شارۆچکەی (بیارە) و لە خۆرئاواوە ملەی چنار و تەپی خاتوو ئامینە و نەخۆشخانەی هەورامان دەورەیانداوە.

پەژمانە

قەڵایەکی سروشتییە. کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (کانی گوێز). دەڕوانێت بەسەر شاخی کەسرەتە و کانی ڕەسوڵ. زەوی پەژمانە لەبەردەمیدا هەڵکەوتووە. لە پایزدا وەک هەوارگەیەکی ئەو ئاژەڵدارانە بەکارهاتووە، کە لە شاخی شنروێ گەڕاونەتەوە و لەوێ پشوویان داوە.

خان ئەحمەدخان

کەوتووەتە یەک کیلۆمەتری باکوری خۆرهەڵاتی گوندی ئەحمەدئاوا و دەڕوانێت بەسەر دەشتی شارەزووردا. لە دەربەندی شیوی زەڵم بە درێژایی (٣٠٠م) بۆ بناری شاخەکە هەڵکەوتووە. ئەگەرچی شوێنەوارێکی مێژوویی و دێرینە، بەڵام زیاتر بەناوی خان ئەحمەدخانی کوڕی هەڵۆخانی میری ئەردەڵانی بەناوبانگە، چونکە لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتیدا زۆرترین گرنگی پێداوە و ئاوەدانیکردووەتەوە. وەک ناوەندێکی سەربازی بەکاریهێناوە. بەناو سنگی چیادا پلە و قادرمەی پێچاوپێچ هەڵکۆڵراوە لە دوو شوێنی شاخەکەدا بە بەرزیی دە مەتر، پەیژە بۆ سەرکەوتن دانراوە. لە بەردەم قەڵاکەدا کۆشک و باڵەخانە هەبووە و شوێنەوار و پاشماوەکانیان بەڕوونی دیارە. لە بەشی سەرەوەیدا، سێ تاقی گەورەی داتاشراوی تێدایە، کە یەکێکیان زەحمەتە دەست بیگاتێ. ئەمەش بۆ سەردەمی ئایینی میترایی دەگەڕێتەوە، کە ئایینی ماددەکان مابووە و بۆ ڕێوڕەسمی ناشتنی مردووەکان بەکاریانهێناوە. هەروەها ساسانییەکانیش، کە لە پەیڕەوانی زەردەشت بوون، هەمان ڕێوڕەسمیان تێدا ئەنجامداوە. پاش هاتنی ئاینی ئیسلام، بووەتە شوێنی سەربازی و خۆحەشاردان. هەتا لەسەردەمی بابائەردەڵان، کە دامەزرێنەری میرنشینی ئەردەڵانییەکان بووە لە سەدەی دوازدەی زایینی، قەڵای زەڵمی ئاوەدانکردووەتەوە و کردوویەتی بە جێگەی فەرمانڕەوایی خۆی. (قەڵای زەڵم)ـیشی پێدەوترێت.