بزنکوژی مچەی باوا

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15


لاپەڕەی 70

بەرزایی

کەوتووەتە چیاکانی بەشی نزاری گریانە بەرانبەر (وژەکەرە). بە ناوی (مستەفای باوکی کوێخا عەلی) ناونراوە. مستەفا کراوەتە (مچە) بەهۆی ئەوەی بەتەمەن بووە وەک ڕێزێک پاشگری (باوا)ی پێوە لکێنراوە. لەم بەرزاییەدا بزنەکێویەک دەکوژێت و ئەو ناوەی بەسەردا بڕاوە. ناوچەیەکی سەختە و دەوڵەمەندە بە ئاژەڵی کێوی.

سەرچاوەکان:

  1. گوندی گریانە لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا، وەزگێڵ نوری حەمەعەلی، چاپی یەکەم، چاپخانەی پیرەمێرد، سلێمانی، ٢٠١٦، ل٢٦.

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید

6

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

هۆبە

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (خەرپانی) و تەنیشت بەرزایی (ڕێزەخاڵ). زیاتر وەک هاوینەهەوارێک بەکارهاتووە و ژمارەیەک باخ و کانی و ئاوی سازگاری تێدایە. شوێنی حەوانەوە و پشوودانی (شێخ عەبدوڵای خەرپانی) بووە. دەوڵەمەندە بە ئاوی ژێرزەوی و خاکێکی بەپیتی هەیە. لە لێژایی و قەدپاڵیدا گۆڕستانی شێخەکانی خەرپانی لێیە.

قولەی فەقێیان

دەڕوانێت بەسەر شوێنە نزیکەکانی گوندی (چنار)دا. بەرزاییەکە بەناوی فەقێکانی گوندی (چنار)ەوە ناونراوە و فەقێکان لەوێ دانیشتوون و خوێندوویانە. لە ژێر ئەم بەرزاییەدا، دوو ئەشکەوتی بەناوبانگ هەیە، کە پێیاندەوترێت کەورگی زوڵفەقار و ڕەحمان جۆڵەک. پلەکانی کەوگێزە لەبەردەمیدایە و زەوی مەلا عەلی و کۆڵیتان دەکەونە بەرانبەریەوە.

کەکەوان

کەوتووەتە سەر ڕێگای مڵەخورد و کانییەکی تێدایە، کە ڕێبواران و کەسانی دیکە دەچنە سەردانی چیاکانی ناوچەکە. (١٨٥٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و دەڕوانێت بەسەر دۆڵی زەڵم و کەڕەجاڵ و دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

کڵاشدڕ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (دەڵەمەڕ) لە بناری شاخی شنروێ. لە ڕووی تۆپۆگرافیەوە بەرز و ئەندازەيەک سەختە، بەهۆی سەختی و پێکهاتەی تاوێر و بەردەکانییەوە، بە کڵاشدڕ ناونراوە. دۆڵ و شیوی تێدایە و زیاتر وەک لەوەڕگا بەکارهاتووە.

گێجێ

کەوتووەتە دەشتی سازان و لە بەشی کۆتایی دەشتەکەیە. دەڕوانێت بەسەر ڕوباری سیروان و چەمی ئاوەمار. هۆکاری ناوهێنانەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە قولەیەکی بەرزی هەیە، ئەگەر سەیری چەمی سیروان کرابێت لەسەریەوە، سەر گێژی خواردووە.

لاهاڵی

کەوتووەتە نێوان کەورگی (ئەیاڵە مەڕ و تەپی ترجان)ەوە. لە گوندی (دەرەتوێ) هەڵکەوتووە. شوێنەکە لمی سوری تێدایە، کە بەهۆی ڕاماڵینی بارانەوە لەوێدا دروستبووە. ئەم شوێنە زیاتر وەک ناونیشانێکی ناوچەکە بەکاردێت.