باسک

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-11


لاپەڕەی 54

بەرزایی

کەوتووەتە سنوری هەردوو گوندی (چنار و چاوگ). (١١٢٠م) بەرزە لە ئاستی ڕووی دەریاوە. ئەم بەرزاییە لە کۆندا شوێنی چاڵەبەفر بووە، چونکە ئاوهەوای ئەم بەرزاییە زۆر گونجاو بووە. هەروەها دانیشتوانی ناوچەی کۆکۆیی وەک شوێنێک بۆ پشوودان لەکاتی گواستنەوەی کۆڵ و باردا بۆ شاری هەڵەبجە سوودیانلێوەرگرتوە. ناوەکەی لە باسکی دەستەوە هاتووە. لەم بەرزاییەدا داری سروشتی وەک قەزوان، بەڕوو، گۆییژ، ڕووەکی بەهارەی وەک کنگر و گیاکانی دیکە هەن، هەروەها بۆ دۆزینەوەی قارچک، زۆرێک لە خەڵکان سەردانیدەکەن. لە ئێستادا بە لەوەڕگایەکی سروشتی گرنگ و پڕبایەخی ناوچەی کۆکۆیی دادەنرێت.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (سەردەشت میر ئەحمەد محەممەد)ی لەدایکبووی ١٩٨٤، بڕوانامەی دبلۆم، پیشەی مامۆستا، لە ڕۆژی ٢٠ی ١٢ی ٢٠٢٢.

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید

7

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

هۆبە

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (خەرپانی) و تەنیشت بەرزایی (ڕێزەخاڵ). زیاتر وەک هاوینەهەوارێک بەکارهاتووە و ژمارەیەک باخ و کانی و ئاوی سازگاری تێدایە. شوێنی حەوانەوە و پشوودانی (شێخ عەبدوڵای خەرپانی) بووە. دەوڵەمەندە بە ئاوی ژێرزەوی و خاکێکی بەپیتی هەیە. لە لێژایی و قەدپاڵیدا گۆڕستانی شێخەکانی خەرپانی لێیە.

قولەی فەقێیان

دەڕوانێت بەسەر شوێنە نزیکەکانی گوندی (چنار)دا. بەرزاییەکە بەناوی فەقێکانی گوندی (چنار)ەوە ناونراوە و فەقێکان لەوێ دانیشتوون و خوێندوویانە. لە ژێر ئەم بەرزاییەدا، دوو ئەشکەوتی بەناوبانگ هەیە، کە پێیاندەوترێت کەورگی زوڵفەقار و ڕەحمان جۆڵەک. پلەکانی کەوگێزە لەبەردەمیدایە و زەوی مەلا عەلی و کۆڵیتان دەکەونە بەرانبەریەوە.

کەکەوان

کەوتووەتە سەر ڕێگای مڵەخورد و کانییەکی تێدایە، کە ڕێبواران و کەسانی دیکە دەچنە سەردانی چیاکانی ناوچەکە. (١٨٥٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و دەڕوانێت بەسەر دۆڵی زەڵم و کەڕەجاڵ و دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

کڵاشدڕ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (دەڵەمەڕ) لە بناری شاخی شنروێ. لە ڕووی تۆپۆگرافیەوە بەرز و ئەندازەيەک سەختە، بەهۆی سەختی و پێکهاتەی تاوێر و بەردەکانییەوە، بە کڵاشدڕ ناونراوە. دۆڵ و شیوی تێدایە و زیاتر وەک لەوەڕگا بەکارهاتووە.

گێجێ

کەوتووەتە دەشتی سازان و لە بەشی کۆتایی دەشتەکەیە. دەڕوانێت بەسەر ڕوباری سیروان و چەمی ئاوەمار. هۆکاری ناوهێنانەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە قولەیەکی بەرزی هەیە، ئەگەر سەیری چەمی سیروان کرابێت لەسەریەوە، سەر گێژی خواردووە.

لاهاڵی

کەوتووەتە نێوان کەورگی (ئەیاڵە مەڕ و تەپی ترجان)ەوە. لە گوندی (دەرەتوێ) هەڵکەوتووە. شوێنەکە لمی سوری تێدایە، کە بەهۆی ڕاماڵینی بارانەوە لەوێدا دروستبووە. ئەم شوێنە زیاتر وەک ناونیشانێکی ناوچەکە بەکاردێت.