باڵامبۆ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09
یەکێکە لە زنجیرە شاخە بەناوبانگەکانی سنورەکە. کەوتووەتە باشور و باشوری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە. لێوارەکانی لە باشوری خۆرهەڵاتی دۆڵی سازانەوە دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا، لە گوندی (چرۆستانە) و لە دۆڵی ئاشان کۆتاییپێدێت. درێژییەکەی نزیکەى (١٨کم) دەبێت. (١٦٠٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بە ئاڕاستەی ڕوباری سیروان لێژدەبێـەوە. بە تایبەتی لە بەشەکانی باشور و باشوری خۆرئاوایدا، بەڵام لە باکوری خۆرئاواوە، تا گوندی (چرۆستانە) نزم دەبێتەوه، تا دەگاتە (٨٣٨م). لە بەشەکانی باکوریەوە لێوارەکانی دەشتی شارەزوور پێکدەهێنێت. نزمترین بەشەکانی چیاکە بە ئاڕاستەی ئەم دەشتەیە، بەڵام بەرزترین بەشەکانی دەکەوێتە سەر ڕوباری سیروان و بەسەر چەندین گوندی ناوچەکەدا دەڕوانێت، وەک: گوندەکانی چنار، نەیجەڵە، مۆردین و چەندین گوندی تریش لە قەدپاڵیدا هەڵکەوتوون، وەک گوندەکانی: گوندە، سەراو، هانەژاڵە، تەوەنەبەل. بە گشتی چیاکە بە نەبوونی دارودرەختە لە قەدپاڵیدا ناسراوە و تاڕادەیەک ڕووتەنە، سەرەڕای بوونی چەند جۆرێک داری سروشتی وەک قەزوان و بەڕوو. چەندین دۆڵی سەوزی ئاودار و پڕ لە باخی تێدایە، وەک چەمی باوەکۆچەک، گوڵان، گردەناوێ و سازان.
سەرچاوەکان:
- قضاء هەڵەبجە دراسة فی الجغرافیة الأقلیمیة، عطا محمد علاءالدین، مطبعة تیشک، السلیمانیة، الطبعة الاولی، ٢٠٠٨، ص٣٦.
- لێکۆڵينەوەى مەيدانى ئامادەکار، لە ٢٥ی ١٢ی ٢٠٢٢.
- بەرنامەى Google earth pro.
ئامادەکردنی: ڕێباز حەمەغەریب