شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

142 بابەت

شەمشەمەکوێران

بە دووریی نزیکەی کیلۆمەترێک کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین) لە نزیک ئەشکەوتی کونەچەور لە شاخی شنروێ. بەهۆی ئەوەی تیشکی خۆر ناڕواتە ناوی و بەوهۆیەوە تاریکە و شەمشەمەکوێرەی زۆری تێدایە. ڕووی ناوەوەی چەند مەترێک بەرزە، کونێکی تێدایە، کە لەوێوە گوندی (بۆین) دیارە و لەکۆندا ئەو کەسانەی، کە لەم ئەشکەوتەدا خۆیان حەشارداوە، لەڕێگەی ئەو کونەوە چاودێری گوندەکەیان کردووە. بە کەورگی (شەمشەلەکوێران) یش ناودەبرێت.

شەمشەمەکوێرەکە

کەوتووەتە دامێنی چیای بانی شێرانە لە بناری چیای سورێن و لە سنوری گوندی (نەوێ). زۆر گەورەیە و بە شەمشەمەکوێرە بەناوبانگ بووە.

شوڕتەکان

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی چنارەی زێروون لە بناری چیای سورێن. لەسەردەمی مودیرە سوور، کە بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ بووە، ئەو ناوەی لێنراوە.

عەوڵایان: عەوداڵان

لە ناوی عەودالانەوە هاتووە، یارانێک بۆ خواپەرستی و دوورکەوتنەوە بۆ عیبادەت ڕێیان تێیکەوتووە، لە سەرووی ئەشکەوتی (مەڕۆ جنا)وەیە لە سنوری گوندی (ئەحمەدئاوا).

عەلی ئاغە

کەوتووەتە گوندی ڕێشاو لە نزیک سەنتەری گوندەکەیە لە دامێنی چیای قولە ڕەش لە شاخی شنروێ. کۆمەڵێک گۆڕ لەبەردەمیدا هەیە. خەڵکی ناوچەکە بە عەلیاغە ناوی دەهێنن. ڕووبەرێکی فراوانی هەیە. بە ئاسانی ڕێگای هاتوچۆی دەچێتەوە سەر.

عەلی ماجە

کەوتووەتە شاخی وەرانوەر و بەسەر بیارەدا دەڕوانێت. لە ناوەوە زۆر گەورە نییە. بە ئەشکەوتی (مەڕە و ماجێ)ش دەناسرێت. بەڵام ناوبانگی هەیە و لە شۆڕشی ئەیلولدا بەهۆی بەرزیی شوێنەکەوە ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە.

قادرسان

کەوتووەتە سنوری گوندی (میری سوور) لەدامێنی دۆڵی هەییاندایە و ڕووی لە خۆرهەڵاتە. بە زۆری ڕاوچی بۆ حەوانەوە سوودیلێدەبینێت. بەناوی قادرسانی نەوەی بەگەکانی هەورامان ناونراوە.

قاڵوگولە

کەوتووەتە چیای قولەڕەش لە باکوری گوندی (ڕێشاو)، ئەشکەوتێکی گەورەیە، دەروازەکەی خڕە و لە نێو ئاوایی گوندەکەوە زۆر بە جوانی وەک پەنجەرەیەک دیارە، بەهۆی هەڵکەوتەی لە مایەکی بەرزدا، توانای چونە ناو ئەشکەوتەکە زۆر زەحمەتە، هێلانەی چەندین باڵندەی کێوی تێدایە.

قەڵا سمۆران

سێ ئەشکەوتن لەتەنیشت یەکتر هەڵکەوتوون. دەکەونە سنوری باشوری گوندی بانیبنۆک لە بناری چیای سورێن. بەسەر گوندەکەدا دەڕوانێت. لە نێوان شاخی زەردەیەرە و کانیەکەی مێوڵی هەڵکەوتووە. سمۆرەی زۆری تێدابووە. بۆیە بەو ناوە ناونراون.

قەڵاگە

کەوتووەتە باکوری گوندی (میری سوور). لەشوێنێکی بەرز و سەختی ناوچە شاخاوییەکاندا هەڵکەوتووە. لەناو ئەشکەوتەکەدا قەڵای لەمێژینەی میری سوور، یان قەڵای سوڵتانی ساق بوونی هەیە.

قنەرەینی

کەوتووەتە گوندی (نەیجەڵە). لە نزیک ڕوباری سیروان. لە بەشی کۆتایی شاخی بەردەڕەشان هەڵکەوتووە و بۆ ئاژەڵداری بەکارهاتووە. لە بەشی سەرەوەی ئەم ئەشکەوتەدا، زەویەکی تەختی تێدایە بەناوی زەوی قنەرەینی. کراوەتە گەنم و دانەوێڵە. زیاتر لە سێ دۆنم دەبێت.

قوڵنەچین

کەوتووەتە شاخی مەڕمانگان لە گوندی (بۆین). لە ژێر ئەشکەوتی چەمچەتاش و لوتکەی تلی کوڕ دەڕوانێت بەسەریدا، پیاوەکانی جافرسان کاتێک لەم گوندە ماونەتەوە بە قوڵنگه شاخەکەیان چین چین کردووە و لەشێوەی پلیکانە چنیویانە و تاکو گەیشتوونەتە ناو ئەشکەوتەکە، ئیدی ئەو ناوەی بەسەردا نراوە. لە ئێستادا شوێنەواری هەندێک لە پلیکانەکان شێوێنراون و بە ئەستەم دەگەیتە ناو کەورگەکە.

کانی چەیگ

کەوتوەتە سنوری گوندی (تاوێرە) لە دۆڵی ڕەش. بە ناوی ئەو کانییەوە ناونراوه،‌ کە لە ئەشکەوتەکەدایە. کانییەکی تێدایە. چەیگ واتە سارد. نزیکەی پێنج بە شەش مەتر دەبێت. لەکاتی تەنگانەدا هەڵهاتووانی سەربازی و مەفرەزەکانی پێشمەگە و ڕێبواران لە ناویدا ماونەتەوە.

کاوەدەرێ

ئەشکەوتێکی گەورەی دەمکراوەیە، کەوتووتە پشت گوندی (ئەحمەدئاوا). دەڕوانێت بەسەر شارەزوور و شیوی زەڵمدا، ئاژەڵدارەکان بەهاران ئاژەڵیان تێکردووە.

کەرەماڵی

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (هاوار) لە چیای شنروێ. لە کۆندا ڕاوچیەکان ئەشکەوتەکەیان بۆ ڕاوکردنی پەلەوەر و ئاژەڵی کێوی بەکارهێناوە.

کەلگەی هەنجیرەزەرد

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای شارۆچکەی سیروان و گوندی نوەر و لەباکوری چیای نوەر هەڵکەوتووە. (‌١٠١٩م) له ‌ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

کەورمانگا

کەوتووەتە بناری چیای خوشک لە خۆرئاوای گوندی (گڵێجاڵ). بەرزیی نزیکەی دوو مەتر و پانیی (١٠م) و درێژییەکەی (١٥م) دەبێت. لە وەرزی زستاندا ئاژەڵدارەکان بۆ پاراستنی ئاژەڵەکانییان لە تاوەباران و بەفر و سەرما پەنایان بۆ بردووە بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

کوڕ و کچ

دوو ئەشکەوتی ڕوو بەرانبەر یەکترین. پێنج کیلۆمەتر لە شارۆچکەی (خورماڵ)ـەوە دوورن‌. لەبەرزیى (٩١٩م) لە ئاستى ڕووى دەریاوەن‌. (٧.١کم) لە قەڵاى زەڵم و ئەشکەوتى خان ئەحمەدخانەوە دوورن‌. لە خورهەڵاتەوە بە گوندى زەڵم و لە باکورەوە گوندى یاڵانپێ و لە خۆرئاواوە هانەى قوڵ، دەورەدراوه. هەردوو ئەشکەوتەکە‌ دەکەونە ناو دۆڵی وشکەناو. ئەشکەوتی کچ لەلای ڕاستی دۆڵەکە و ئەشکەوتی کوڕ لە لای چەپ بەرانبەر بە ئەشکەوتی کچە‌. ئەشکەوتی کچ لە قەدپاڵی چیاکەوەیە و لە شوێنێکی بەرز و سەخت لە بەرزایی (١٠٠م) لە ئاستی ڕووی دۆڵی وشکەناو بە کرداری هەڵکۆڵین دروستکراوه. لەناو ئەم ئەشکەوتەدا حەوزێک دروستکراوه،‌ کە خەڵکی ناوچەکە بە (کۆشک) ناویدەبەن.

کولێن دەشت

کەوتووەتە کۆتایی زنجیرەچیاکانی (کەوتێ) لە خۆرهەڵاتی‌ گریانە هەڵکەوتووە. لە بەردەمیدا ئاوی سیروان و چەمی گریانە دەڕوات. (کولێن) بە واتای (کولانە) دێت. ئەمەیش بەهۆی بوونی چەند کونێکی گەورە لە قەدپاڵەکانیەوە. لە (١٩٧٠)دا بەهۆی ئاژەڵدارییەوە خەڵکی تێدا ژیاوە. هەروەها لە سەردەمی (شۆڕشی نوێ)دا، شوێنی حەوانەی پێشمەرگە بووە.

کونە چەور

دوو ئەشکەوتن، بە دووریی یەک کیلۆمەتر لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین) هەڵکەوتوون. درێژییەکەیان زیاتر لە ٢٠ مەتر دەبێت و پانتاییەکی فراوانیان هەیە. ناو ئەشکەوتەکە بە باڵندەی کێوی دەوڵەمەندە، بەهۆی ئەوەی ڕاوچییەکان ئەو نێچیرەی، کە گرتویانە یان کوشتویانن، لەم ئەشکەوتەدا خواردویانن، یان ئەگەر هاتبنە ئەم ئەشکەوتە بە دەستی بەتاڵ نەگەڕاونەتەوە و دەمیان چەور بووە، ناونراوە ئەشکـەوتی کـونە چـەور.

پێشتر 1
...
3 4 5
...
8 دواتر