کۆشکی کچێ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09
کەوتووەتە ناوەڕاستی شیوی زەڵمەوە، شوێنیکی بەرز و دیاری هەیە، دەڕوانێت بەسەر سێڕیانی وشکەناو و زەڵم و ئەحمەدئاوادا. لەبەشی باکوری خۆرهەڵاتی شیوەکە، کە پشتەوەی بانی زەڵمە، لە قوڵایی شیوەکەوە بۆ سەرەوە زیاتر لە ٦٠٠م بە ستونی بەرزە. ڕێی سەرکەوتنی زەحمەت و دژوارە، مرۆڤ دەتوانێت لە ناویدا ڕاوەستێت و چوار کەس لە ناویدا دەخەون. لە هەرچوارلاوە بەشێوەیەکی جوان و ڕێک بە قوڵەنگ تاشراوە. لە ناویدا حەوز و ئاوی هەبووە، سەرەتا وەک گۆڕ و دەخمە بە کارهاتووە، لە پەلاماری ئاشوورییەکاندا کراوەتە حەشارگەی خێزانی پاشاکان. خەڵکی ناوچەکە باوەڕیانوایە: تایبەتبووە بە کچی پاشای گاورەکان و لە بەرانبەریدا کۆشکی کوڕی پاشای گاورانیش هەبووە. لە لاشانی ئەشکەوتەکەوە کۆمەڵە ئەشکەوتیکی تری بە قسڵ سواقدراو هەن.
سەرچاوەکان:
- چەردەیەک لە مێژووی ئەحمەدئاوا، محەمەد سابیر ئەحمەدئاوایی، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕێدار، ٢٠٢١، ل١٢.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (محەمەد یاسین محەمەد ئەمین)، لەدایکبوو: ١٩٦٧، ئاستی خویندن: ناوەندی، پیشە: خانەنشین، لە ٢٦ی ١ی ٢٠٢٤، لە خورماڵ.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (عەلی حاجی زەڵمی)، لەدایکبوو: ١٩٧٥، بروانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: مامۆستا، لە ٣٦ی ١ی ٢٠٢٤، لە خورماڵ.
ئامادەکردنی: همایون ساحیب کەریم