کونە چەور
دوو ئەشکەوتن، بە دووریی یەک کیلۆمەتر لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (بۆین) هەڵکەوتوون. درێژییەکەیان زیاتر لە ٢٠ مەتر دەبێت و پانتاییەکی فراوانیان هەیە. ناو ئەشکەوتەکە بە باڵندەی کێوی دەوڵەمەندە، بەهۆی ئەوەی ڕاوچییەکان ئەو نێچیرەی، کە گرتویانە یان کوشتویانن، لەم ئەشکەوتەدا خواردویانن، یان ئەگەر هاتبنە ئەم ئەشکەوتە بە دەستی بەتاڵ نەگەڕاونەتەوە و دەمیان چەور بووە، ناونراوە ئەشکـەوتی کـونە چـەور.
کونەشەڵم
به دووریی (٢٠٠م) لە گوندی (ڕیشێن)ی سەر به ناحیەی (خورماڵ) دوورە. ڕووبەرەکەی نزیکەی (٤ بە ٤م) دەبێت. سەرچاوەی ئاوێکی گەرمی تیدایە. دانیشتوانی گوندەکە (بەتایبەت ژنان)، تا پێش داگیرانی گوندەکە و ساڵی ١٩٧٨ وەک گەرماو بەکاریانهێناوە.
کونەکەمتيار ٢
کەوتووەتە باشورى خۆرئاواى گوندى (ئيمامى زامن) و کيلۆمەترێک لە گوندەکە دوورە و کەمتيارى تێدا بينراوە و بەوناوەوە ناونراوە.
کونەکەمتیار ٣
دوو ئەشکەوتن. به دووریی کیلۆمەترێک کەوتوونەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (ڕیشێن)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەری ئەشکەوتەکە هەریەکەیان (٣ بە ٤م) دەبێت. دەرگاکەی ڕووە و قیبلەیە. ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کەمتیار لە ئەشکەوتەکەدا. جاران خاوەن ئاژەڵەکان بەکاریانهێناوە.
کونەکۆتران
سێ ئەشکەوتن لە تەنیشت یەکترن و لە قەدپاڵی شاخی شنروێ هەڵکەوتوون. لەنێوان هەردوو گوندی دەڵەمەڕ و عەبابەیلێن. بەهۆی بوونی چەند کونێک، کە کۆتریان تێدابووە، بە ئەشکەوتی کونەکۆترەکان ناودەبرێن. ڕاوچیەکی زۆر بۆ مەبەستی ڕاوکردنی کۆترەکان سەردانیاندەکەن.
کونیل
کەوتووەتە بەشی خۆرئاوای زنجیرە کێوەکانی کەوتێ لە گریانە. ناوەکەی بۆ بوونی چەند (کون)ێک دەگەڕێتەوە، کە لەناو ئەشکەوتەکەدا بوونیان هەیە. یەک لەو کونانە دوو مەتر درێژە و بەرەو دەستەچەپ لار دەبێتەوە و پانی و بەرزیەکەی لەنێوان (٤٠ بۆ ٤٥سم) دەبێت. یەکێک لە دانیشتوانی گوندەکە ویستویەتی ئەم کونە فراوان بکات. لە پاش دوو مەتر گەیشتووە بە خۆڵەکەوە، کە سەلمێنەری ئەوەیە، کە ژیان لەم ئەشکەوتەدا بوونی هەبووە.