باساکا
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-16
یەکێکە لە مزگەوتە کۆنەکانی شارەدێی (تەوێڵە). کەوتووەتە گەڕەکی خەمەکاوەی لە مالێدەر دروستکراوە. بەردی قورس و گەورە لە دروستکردنیدا بەکارهاتووە. چەند بۆچونێک سەبارەت بەناوەکەی باسدەکرێن. سۆفی محەممەد باساکی و چەند هاوڕێیەکی لە تەوێڵە بازرگانی دەکەن و قازانجی زۆر دەکەن. ئەم مزگەوتە دروستدەکەن و پێیدەڵێن مزگەوتی باساکییەکان، دواتر بووەتە باساکا. یان وەستای دروستکردنی مزگەوتەکە وەستایەکی باساکی بووە. دوو برای باساکی(عەلی و محەممەد سادق) لە تەوێڵە دەخوێنن. خەڵکی تەوێڵە لەگەڵیاندا باش بوون و مامۆستای باشیان هەبووە. دوای مۆڵەت وەرگرتنیان باوکیان ئەم مزگەوتە وەک دیاری بۆ تەوێڵە دروستدەکات. مەلا عەبدولڕەحمانی یەکەم، دەرسی بەم دوو برایە وتووە. حەرەمی مزگەوتەکە هەتا ڕادەیەک گەورەیە. بە پلیکانە دەچیتە سەرەوە. حەوزێک و شەش ئاودەست و مردووشۆری هەیە. جاران ژێر مزگەوتەکە نانەواخانە بووە. لە سەرەتاوە شێخ شەهابەدیینی دزاوەری مامۆستا و پێشنوێژى لێکردووە. بنەماڵەی مەلا عەبدوڵڵای مالێدەر پشتاوپشت مەلای بوون. ساڵی ١٩٧٠ بەدواوە مامۆستایان (سەید عەبدلوڕەحمانی سەید تەها و سەید ڕەشادی سەید محەممەد) ئیمامی مزگەوتەکە بوون. بە هۆی شەڕی عێراق و ئێرانەوە ڕووخاوە. ساڵی ١٩٩٣ خەڵکی تەوێڵە بە تایبەتی ئەهلی گەڕەک بەسەرپەرشتی سەعدی حاجی ئەحمەد وەک خۆی دروستیانکردەوە و ڕابیتەی ئیسلامی پڕۆژەی ئاوەکەی بۆ ڕاکێشاوە. نوێژی هەینیی لێناکرێت.
سەرچاوەکان:
- سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٠٥، ل٥٣٦.
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (فاروق ئەحمەد)ی لێپرسراوی بنکەی تەوێڵەی اقرا، لەدایکبوو: ١٩٧٦، لە ١٥ی ٧ی ٢٠٢٣.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم